سەرەکی » ئاراستە » ژن و رۆڵی لە قوربانی بوونیدا

ژن و رۆڵی لە قوربانی بوونیدا

ئاشتی عەبدوڵڵا

ژن و رۆڵی لە قوربانی بوونیدا ناونیشانی پانێلێك بوو، كە سەرۆكایەتی زانكۆی چەرموو ئەنجامی دا، لەو پانێلەدا بەشی ژنانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بەشداربوو بە بابەتێك و لە گفتووگۆیەكی كراوەدا لەوبارەیەوە تیشك خرایەسەر زۆر لایەنی شاراوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنیك لەلایەنە ژنێكی ترەوە، كە ئەم لایەنە تائێستا كەمترین قسەی لەسەركراوە.
بەندە كە وەك بەشی ژنانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بەشداری پانێلەكەبووم، لە بەشێكی بابەتەكەماندا قسەمان كرد لەسەر بوونی ئەم حاڵەتە و هۆكارەكانی و چەند هەنگاوێكیش بۆ كەمكردنەوەو چارەسەر.
بەبۆچوونی ئێمە توندوتیژی بەرامبەر ژنان چ لەلایەن پیاوەو و چ لەلایەن ژنێكیترەوە پەیوەندی بە عەقڵیەتی پیاوسالارەوە هەیە، كە رەهەندێكی قووڵی مێژووی هەیە و بۆتە كلتوورێك كە سەرچاوەكەی بۆ خێزان و كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە و بەهۆی كاریگەرییەكانی پەروەردەو ئایین و دواتر سیستمی سیاسی و هەروەها لایەنی رۆشنبیریەكەش بێ‌ بەش نییە لەم حاڵەتە.
وردتربینەوە هەر كات باس لە توندوتیژی بكرێت ئێمە وێنای پیاوێكمان كێشاوە و پیاوێك بە ئەنجامدەری توندوتیژییەكە دەبینین، بەڵام گەر بەلۆژیك لەم بابەتە بكۆڵینەوە هەندێ‌ جار لە پشت توندوتیژی بەرامبەر ژنێك ژنێكیتر بوونی هەیە و لەم بارەیەوە بۆچوونێكمان هەبوو (ژن ھەیە بەجەستە مێینەیە، بەڵام بەبیرکردنەوە ھەڵگری زھنێکی پیاو سالارییە، لەم حاڵەتەدا زۆرجار ژنێک دەبێتە قوربانی لەسەر دەستی ژنێکیتر، کەدەوترێت ژن زیاتر لەپیاو سالارێک دوژمنی ژنێکیترە، مەبەست لەم جۆرە ژنەیە کەئاماژەمان پێکرد)
گەر بە نموونەیەك قسە لەسەر ئەم واقیعە بكەین، دەبینین لە خێزانیدا دایك بە جیاوازی كردن لەنیوان كوڕو كچەكەیدا توندو تیژی ئەنجام دەدات بەرامبەر كچەكەی، زۆرجار كچەكەی دەخاتە خزمەتی كوڕەكەی و رێگە نادات ببێتە خاوەنی هیچ بڕیارێك لەسەر ژیان و داهاتووی خۆی و بەپێچەوانەوە پیاوەكانی نێو خێزان دەكاتە باڵادەست بڕیارەكان بەوان دەسپێرێت بێگومان ئەم دایكەش خۆی دیسان بەهۆی هەمان كلتوور عەقڵیەتی پیاوسالارەوە قوربانییەكی ترە و پێشتر لە ژینگەیەكی تری هاوشێوەدا ئەو عەقڵیەتە كە بیركردنەوەی داگیركردوە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەری بەجەستە ژن و دایك بووە، بەڵام بە زهنییەتێكی پیاو سالارانە بیری كردۆتەوە، سەرەنجام ژنان خۆشیان دەبنەوە بە بەشێك لە توندوتیژییەكانی كەبوونی هەبووەو هەیە. ئەم نموونەی ئاماژەمان پێكرد شۆردەبێتەوە بۆ زۆر جۆریتر لە بەكارهێنانی توندوتیژی ژنێك بەرامبەر ژنێكیتر، كە لە پانێلەكەدا چەندین لایەن و نموونەی ترمان باسكرد.
داننان بەم راستیانەدا هۆشیاركردنەوە هەنگاوێكە بۆ كەم كردنەوەی ئەم حاڵەتانە.
سەرلەنوێ‌ بونیادی سیستمی پەروەردە كاریگەرترین رێگە و چارەیە، بەڵام ئەم رێگەیە درێژخایەنە و دەكرێت بەوردی كاری لەسەر بكرێت و دەرئەنجامەكانی لەداهاتوودا كاریگەری باشی دەبێت، بۆ كاركردنی خێرا لەسەر حاڵتەكە هۆشیاركردنەوە لە رێگەی میدیاوە بەئاڕاستەیەكی تەندروست و رۆچوونە نێو قووڵایی بیركردەوەی تاكەكان و كاركردن لەسەر خێزان، بە بەرنامەی هەمەجۆری پەروەردەیی و هۆشیاری بەجۆرێك بینەر ئامادەیی هەبێت وەریگرێت و بینەری بێت، شێوازی بەرنامەو جۆری گەیاندنەكە زۆر گرنگە تا پەیامەكان وەرگری باشی هەبێت راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كەپێشتر كاركراوە، بەڵام بەهۆی خراپی جۆری گەیاندن و ئاڵۆزی پەیامەكان و ووشكی بەرنامەكان نەگیشتۆتە قووڵاییی بیركردنەوەی تاك و كاریگەری نەبووە لەسە بیركردنەوەیان.
ئەم بابەتە قسەیتر زۆر هەڵدەگرێت و لایەنی تری هەیە دەكرێت لەجێیەكیترو نووسین و چالاكییەكیتر زیاتر وردبینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

5 × one =

x

هەواڵێ هاوشێوە

هێزی‌ بڕیاری‌ عیراقی‌ سه‌ربه‌خۆ

یونس العراف له‌ هه‌موو وڵاتێكدا سه‌رچاوه‌ی‌ هێز بۆ بڕیاری‌ حكومه‌ت ...