سەرەکی » دۆسێ » به‌هۆی وێرانیی شنگالەوە، سنون بووه‌ به‌ سه‌نته‌ری‌ ئێزیدخان

هێشتا نزیكه‌ی‌ 14 هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر شاخی شنگال ماون

به‌هۆی وێرانیی شنگالەوە، سنون بووه‌ به‌ سه‌نته‌ری‌ ئێزیدخان

چوار ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگه‌سات و كۆمه‌ڵكوژیی شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری‌ تێده‌په‌ڕێت و هێشتا ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئاسایی و ئاوه‌دان نه‌بۆته‌وه‌، شوێنه‌واری وێرانبون و مه‌رگه‌ساتی هێرش و په‌لاماری تیرۆرستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی به‌ڕوونی به‌ناوچه‌كه‌وه‌ دیاره‌، هێشتا كاولكاریی و خانوه‌ روخاوه‌كان وه‌كو خۆیانن و ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆری دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شنگال كه‌ وێران بون به‌هۆی بۆمبارانی هاوپه‌یمانان و ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ تیرۆرستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی وه‌كوخۆی ماوه‌، دانیشتوانی شاره‌كه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، شارو لادیكانی دیكه‌ش به‌هۆكاری جیاواز هێشتا دانیشتوانه‌كانیان به‌ته‌واوی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و پێویستیان به‌ئارامیی و ئاوه‌دانیی هه‌یه‌ تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ دۆخی پێش هێرش و په‌لاماری تیرۆرستان.
به‌هۆی په‌لاماری دڕندانه‌ی‌ تیرۆرستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی (داعش) سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ناوچه‌كانی شنگال و ئێزیدخان ناوچه‌كانیان جێهێشت و ئاواره‌ی‌ شاره‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان بوون، هه‌زاران ژن و منداڵ و كچ و كوڕ و مێری كورد كه‌وتنه‌ ده‌ست تیرۆرستان، هاوكات له‌ناوچه‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی كه‌م كوردو عه‌ره‌بی موسڵمان هه‌بوون، ئه‌وانیش ناوچه‌كه‌یان جێهێشت و زۆرینه‌ی‌ كورده‌كان هاتنه‌ شاره‌كانی كوردستان و عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش روویان له‌موسڵ و ده‌وروبه‌ری‌ كرد.
ئێستا دوای‌ چوار ساڵ، هێشتا ناوچه‌كه‌ بۆنی دوكه‌ڵ و بۆمبا بارانی لێدێت و تارمایی ترسێكی گه‌وره‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت، له‌لایه‌ك هێشتا 17 كه‌مپی ئاواره‌ی‌ ئێزدی و خه‌ڵكی ئێزدخان و ناوچه‌كه‌ له‌سنوری هه‌ولێرو دهۆك ماون و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر وارو شوێنی خۆیان، له‌لایه‌كی دیكه‌ هێشتا كاولكاریی و خانوه‌ روخاوه‌كانی شنگال و گوندو شارۆچكه‌كانی ناوچه‌كه‌ وه‌كو خۆیانن و هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.
له‌گه‌ڵ هاتنی داعش، نزیكه‌ی‌ نیو ملیۆن دانیشتوانی ناوچه‌كانی شنگال و خوار شنگال و ده‌وره‌به‌ری‌ ئاواره‌بوون، ئه‌وانه‌ی‌ هاتنه‌ كوردستان زۆربه‌یان له‌كه‌مپه‌كانی دهۆك و زاخۆو هه‌ولێر نیشته‌جێ بوون، به‌شێكی كه‌میشیان روویان له‌شاره‌كان كردو له‌خانوی تایبه‌ت نیشته‌جێ بوون، هه‌ندێكیشیان به‌ناچاریی و به‌په‌له‌ خۆیان گه‌یانده‌ شاخی شنگال و له‌سه‌ر شاخ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌رده‌شتێ و ئیداره‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان فریایان كه‌وتن.
رۆژانی یه‌كه‌می ئاواره‌بونیان له‌گه‌رمای ئابی 2014 رۆژانێكی ره‌ش بوو له‌مێژووی ناوچه‌كه‌و ئێزدییه‌كان، خۆیان ناویان نا فه‌رمانی 73 جینۆسایدكردن له‌سه‌رده‌ستی گروپێكی ئیسلامیی، ئه‌وانه‌ی‌ هاتنه‌ شاره‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر شه‌قام و باڵه‌خانه‌ی ته‌واو نه‌كراو و ناو مزگه‌وت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت رۆژیان به‌ڕێكرد، ئه‌وانه‌ی‌ چوونه‌ سه‌ر شاخیش له‌تاو گه‌رماو نه‌بونی ئاوی خواردنه‌وه‌و ترسی قه‌تلوعامكردنیان، دۆزه‌خیان به‌چاوی خۆیانه‌وه‌ بینی.

هۆكاره‌كانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌
ئێستا دوای‌ چوار ساڵ هێشتا ئاواره‌و لێقه‌وماوانی شنگال و ئێزدخان زۆربه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هۆكاری زۆر هه‌ن كه‌ رێگره‌ له‌دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئاواره‌كانی شنگال و ئێزدخان، كه‌ ده‌كرێت بیكه‌ین به‌ دوو به‌ش، یه‌كه‌میان هۆكاره‌كانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كوردانی ئێزدیی:
یه‌كه‌م: هێشتا به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئێزدییه‌كان لێی‌ نیشته‌جێبون به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ كاولبون و خانو شوێنی نیشته‌جێبونیان نییه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر واری خۆیان! بۆیه‌ ناچار له‌كه‌مپه‌كان ماونه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕێی‌ بارودۆخێكی نوێ‌ ده‌كه‌ن تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر خانو واری خۆیان.
دووه‌م: به‌شێك له‌دانیشتوانی ناوچه‌كان، هێشتا له‌كه‌مپه‌كان ماون، متمانه‌یان ئه‌منی ناوچه‌كه‌ نییه‌و ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ دوباره‌ روبه‌ڕوی مه‌رگه‌ساتێكی دیكه‌ ببنه‌وه‌، نه‌خاسمه‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ندین هێزی جیاوازی سه‌ربازیی و میلیشیایی لێیه‌و ماوه‌ ماوه‌ به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون و شه‌ڕو ئاژاوه‌و هه‌ندێجار هێرش و په‌لاماری فرۆكه‌ش له‌ناوچه‌كه‌ روده‌دات، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن توركیاوه‌. له‌هه‌ندێ حاله‌تدا ده‌بینین به‌شێك له‌دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ دوو بنه‌گه‌یان (ماڵ) یان داناوه‌، یه‌كێك له‌دهۆك یان له‌هه‌ولێر، ئه‌ویدیكه‌ له‌سه‌ر خانو واری خۆیان له‌ شنگال یان ده‌وروبه‌ری‌، ده‌توانین بڵێین كوردانی ئێزدی متمانه‌یان نه‌ به‌حكومه‌تی عیراق هه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ریان هات دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، نه‌ به‌حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ بتوانێت ژیانێكی شایسته‌یان بۆ دابین بكات، بۆیه‌ له‌جۆرێك دڕدۆنگیدا ده‌ژین.
سێیه‌م: به‌شێك له‌وانه‌ی‌ ئاواره‌بوون بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان، بونه‌ته‌ خاوه‌ن كاری خۆیان و بۆئه‌وان زه‌حمه‌ته‌ له‌ئێستادا بگه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال چونكه‌ له‌وێ‌ كاركردن زه‌حمه‌ته‌، به‌شێكیشیان كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كانیان به‌هۆی بونی موچه‌یانه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌هێزی ئه‌منی و میلیشیاكانی شیعه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن.
چواره‌م: به‌شێك له‌دانیشتوانی كه‌مپه‌كان، زیانێكی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتوه‌، خه‌ڵكێكی زۆریان له‌ده‌ستداوه‌، له‌رووی ده‌رونییه‌وه‌ بۆئه‌وان ئاسان نییه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان، به‌تایبه‌ت ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كه‌سوكاریان له‌ده‌ستداوه‌، پێویستیان به‌كاتی زیاتره‌ تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.
جگه‌ له‌ئاواره‌ی‌ كه‌مپه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌دانیشتوانی شنگال و ده‌وروبه‌ری‌ له‌سه‌ر شاخ له‌سه‌رده‌شتێ خانو ماڵی نوێیان داناوه‌، ئێستا سه‌رده‌شتێ بووه‌ به‌شارێكی نوێ و ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا شارێكی نوێ‌ دروست ده‌بێت و به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كان له‌وێ‌ درێژه‌ به‌ژیان ده‌ده‌ن، ئێستا نزیكه‌ی‌ 2070 خێزان له‌سه‌ر شاخن كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 13765 كه‌س، خوێندنگاو نه‌خۆشخانه‌و ته‌نانه‌ت شاره‌وانیشیان دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام هێشتا شێوه‌ی‌ ژیانیان ئاواره‌ییه‌و نه‌بووه‌ به‌شارێك نه‌خشه‌و كۆڵان و سیمای شارستانی نوێی‌ بۆ دروست ببێت.

جگه‌ له‌شیعه‌كان، سوننه‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌
به‌شی دووه‌می ئاواره‌كانی شنگال و ناوچه‌كانی ئێزدخان كوردو عه‌ره‌ب و توركمانی موسڵمانن، ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر واری خۆیان له‌ شنگال و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری، جگه‌ له‌وانه‌ی‌ شیعه‌ن و هیچ تۆمه‌تێكیان له‌سه‌ر نه‌بوو گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌شنگال و ده‌وروبه‌ری‌ جگه‌ له‌عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌، كه‌مینه‌یه‌كی كوردی موسڵمانی شیعه‌ش هه‌ن، ئه‌وانه‌ به‌شیێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال و ناوچه‌كه‌.
له‌كاتی هاتنی تیرۆرستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی (داعش) زۆربه‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌ سوننه‌كان هاوكاری ئه‌و گروپه‌ تیرۆرسته‌یان كرد، به‌شێك له‌كوردانی موسڵمانیش هاوكاربوون، دوای‌ رزگاركردنی شنگال و ناوچه‌كه‌، له‌ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئێزدییه‌كان.
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی شنگال به‌پێی‌ دوایین ئامار له‌ 2013 گه‌یشتۆته‌ 88 هه‌زار كه‌س، له‌و رێژه‌یه‌ له‌ 60%ی نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ دانیشتوانی قه‌زاكه‌ موسڵمانن كه‌ كوردانی ئێزیدی پێیان ده‌ڵێن كرمانج و له‌ 40% كوردانی ئێزیدیی و ئه‌وانیدیكه‌ش عه‌ره‌ب و مه‌سیحیی. تائێستا دیار نییه‌ چه‌ند خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ زانیاریی ناڕه‌سمیی له‌نێوان 12 بۆ 15 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
تائێستا دیار نییه‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شنگال و ئێزدخان له‌ناوچه‌كانی له‌شاره‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان كه‌ی‌ داده‌خرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یۆنامی بڕیاربدات دابخرێت وه‌ك چۆن بڕیاری راگراتنی هه‌موو هاوكارییه‌كی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی موسڵیدا، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئیداره‌ی‌ كه‌مپه‌كان بدات، واته‌ هاوكاری پێویستیان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام تائێستا ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی یۆنامی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان نه‌دراوه‌.
ئێستا قه‌زای شنگال ژماره‌یه‌كی كه‌می دانیشتوانی لێی‌ ده‌ژییت، به‌شێك له‌كوردانی ئێزدی به‌هۆی روخانی خانوه‌كانیان له‌خانوی گه‌ڕه‌كه‌ موسڵمانه‌كان نیشته‌جێبوون، چونكه‌ گه‌ڕه‌كه‌ ئێزدی نشینه‌كان به‌ته‌واوی وێران بوون، بۆنمونه‌ گه‌ڕه‌كی به‌ربه‌رۆژك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین گه‌ڕه‌كه‌كان نزیكه‌ی‌ له‌ 90%ی به‌ته‌واوی وێران بووه‌. به‌شێك له‌خه‌ڵكی ناوچه‌كانی باشوری شنگال وه‌ك ته‌ل عوزێرو ته‌ل به‌نات و كۆچۆو شوێنه‌كانی دیكه‌ به‌هۆی وێرانبونی ناوچه‌كانیان و پاكنه‌كردنه‌وه‌یان له‌بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی، ناچار هاتونه‌ته‌ شنگال و سنونێ‌ له‌وێ نیشته‌جێبون.
ئێستا ناحیه‌ی‌ سنون قه‌ره‌بالغیه‌كی زۆری تێكه‌وتووه‌، بووه‌ به‌سه‌نته‌ری‌ ئێزدخان و هه‌م ئاوه‌دانیی و هه‌میش ناوه‌ندی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ بۆ هاوكاریكردنی ئێزدییه‌كان و شوێنی گردبونه‌وه‌ی‌ رێكخراو و داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌كانه‌. هاوكات جموجۆڵێكی ئابوریش هه‌ستی پێده‌كرێت به‌تایبه‌ت به‌هۆی نزیكی ئه‌وناوچانه‌ له‌سنوری رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌.
ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ن
له‌ناوچه‌ی‌ ئێزدخان ژماره‌یه‌ك هێزی سه‌ربازیی و میلیشیایی جیاواز هه‌ن، ئاسایشی ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ له‌لایه‌ن یه‌كینه‌ی‌ به‌رخۆدانی شنگاله‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن، حزبێكی سیاسیشیان به‌ناوی پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزدی دروستكردووه‌، بنكه‌ی‌ سه‌ره‌كی ئه‌و حزبه‌ له‌ ناحیه‌ی‌ خانه‌سۆره‌ له‌سه‌ر سنوری رۆژئاوای كوردستان.
ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌وێن یه‌كینه‌ی‌ به‌رخۆدانی شنگاله‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ 1500 چه‌كدار ده‌بێت و له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ هاوكاری دارایی ده‌كرێن و به‌ناوی دوو فه‌وجی سه‌ربازییه‌وه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن (فتح المبین 1-2).
هێزه‌كه‌ی‌ حه‌یده‌ر شه‌شۆ به‌ناوی هێزی پاراستنی ئێزدخان هاوكات قاسم شه‌شۆ كه‌ مامی حه‌یده‌ر شه‌شۆیه‌و له‌ مه‌زارگه‌ی‌ شه‌رفه‌دین نیشته‌جێیه‌ به‌خۆی ژماره‌یه‌كی سنوردار چه‌كدار.
هاوكات چه‌ند هێزێكی دیكه‌ی‌ چه‌كداری میلیشیایی لێیه‌ به‌تایبه‌ت حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام نایه‌نه‌ سنوری شنگال و سنون و تا گوندی ئوم شه‌بابیك ده‌ستیان ده‌ڕوات و له‌وه‌ زیاتر نایه‌نه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وانه‌ عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ن.
له‌رووی ئیدارییه‌وه‌
له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌، قه‌زای شنگال و ناحیه‌ی‌ سنون و ناحیه‌ی‌ خانه‌سۆر به‌وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن دوو كه‌سی نزیك له‌ هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، نایانه‌وێ‌ ئیداره‌ی‌ پێشتری ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی‌ مه‌رگه‌ساتی شنگالیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ به‌ر له‌چه‌ند مانگێك هه‌وڵی زۆر درا له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ناوچه‌ی‌ نفوزی خۆی ده‌زانێت قایمقامی پێشتری شنگال و به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی‌ سنون بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو! هه‌رچه‌نده‌ تائێستا له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ كه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی كورد سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانن، به‌ڵام پێده‌چی ئاسان نه‌بێت ئه‌و كاره‌ بۆ ئه‌وان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

two × one =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە زۆر ڕەهەندی ئابووری و ئەمنی ...