عزیز حكیمی
با وایدابنێین چیرۆكی لاوێك ده‌نووسین كه رووبه‌ڕووی مه‌ترسیی ئالووده‌بوون به ماده‌ی بێهۆشكه‌ر بۆته‌وه. ئه‌م چیرۆكه چه‌ند كاره‌كته‌رێكی دیكه‌شی ده‌بێت. بۆ نموونه هاوڕێیه‌كی خراپ كه هانیده‌دات ماده‌ی بێهۆشكه‌ر به‌كاربهێنێت و چه‌ند هاوڕێیه‌ك كه ده‌توانن سیمبولی كوڕه‌كه بن. پێش نووسینی چیرۆكه‌كه ده‌بێت ئه‌وه دیاری بكه‌ین كه گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه كێیه؟ خودی لاوهكهیه؟ دایك و باوكی لاوهكهیه؟ فرۆشیاری ماده‌ی هۆشبه‌ره له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان؟ یان له روانگه‌ی ئه‌و كاربه‌ده‌سته پۆلیسه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه كه له كاتی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ردا كوڕه لاوه‌كه‌ی ده‌ستگیركردووه؟
ده‌شێ ئه‌م چیرۆكه چه‌ند گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی جیاواز بیگێڕنه‌وه و هه‌ر یه‌كێكیان ده‌توانن له روانگه‌ی خۆیانه‌وه چیرۆكه‌كه بگێڕنه‌وه، هه‌ڵبژاردنی گێڕه‌ره‌وه و گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه چیرۆكنووس ده‌یه‌وێ له چیرۆكه‌كه‌دا جێگای چ ره‌گه‌زێ بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه له روانگه‌ی كوڕه لاوهكهوه بگێڕدرێته‌وه، بێگومان چیرۆكنووس ناتوانێ باسی ئه‌و كێشانه بكات كه فرۆشیارهكهی ماده‌ی بێهۆشكه‌ری سه‌ر شه‌قامه‌كان تووشی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی فرۆشیارهكهوه بگێڕدرێته‌وه، له چیرۆكه‌كه‌دا ورده‌كاریی كه‌متر سه‌باره‌ت به ژیانی تایبه‌تی كوڕه لاوه‌كه باسده‌كرێت.
به‌م پێیه، دیاریكردنی گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه سه‌ره‌تاییترین به‌ڵام گرنگترین بنه‌مای چیرۆكنووسین یان رۆماننووسینه. جیاوازیی نییه پلۆتی كورته‌چیرۆك یان رۆمانه‌كه‌ت چه‌نده ئاڵۆزه و نووسینه‌كه‌ی تا چ راده‌یه‌ك داهێنه‌رانه‌یه، ئه‌گه‌ر بایه‌خی ته‌واو به گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌كه‌ی نه‌درابێت، بڵاوكه‌ره‌وه‌یه‌ك یان ئهیتۆرێكی كۆمپانیاكانی بڵاكردنه‌وه، به خوێندنه‌وه‌ی ته‌نیا یه‌ك دوو لاپه‌ڕه له رۆمانه (500) لاپهڕهییهكهت ده‌یخاته لاوه و ئه‌گه‌ر به‌ختت هه‌بێت نامه‌یه‌كت بۆ ده‌نووسێت و به‌بێ باسكردنی هۆكاره‌كه‌ی داوای لێبووردنت لێده‌كات كه ناتوانێت رۆمانه‌كه‌ت چاپ بكات.
بایه‌خنه‌دان به گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه یه‌كێكه له كێشه جدییه‌كانی زۆربه‌ی نووسه‌ره تازه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له نووسه‌ره پرۆفیشناڵهكانیش. ئه‌وه راسته كه ره‌نگه زۆربه‌ی خوێنه‌ران هه‌ست به بایه‌خنه‌دان به‌م بنه‌مایه نه‌كه‌ن، رۆمانه‌كه ده‌خوێننه‌وه و چێژی لێده‌بینن. (هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر وایدابنێین رۆمانێكی ئاوا چاپ ده‌كرێت). به‌ڵام له‌وه‌ناچێت به‌رهه‌مێكی ئاوا له ناو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه دیاره‌كاندا جێگای خۆی بكاته‌وه.
نووسینی رۆمانێك یان چیرۆكێك ئیشێكی تاقهتپڕوكێنه و كاتێكی زۆری ده‌وێت. كه‌واته باشتر وایه پێش ده‌ستكردن به نووسین بڕیار له‌سه‌ر گێڕه‌ره‌وه و گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه بده‌ین. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه گۆشه‌نیگا جیاوازه‌كانی گێڕانه‌وه‌ن:
گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان:
كاتێ چیرۆكێك یان رۆمانێك له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزانه‌وه ده‌نووسرێت كه به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت
(God,s Point of View یان Omnicient) ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه گێڕه‌ره‌وه ئاگای له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان و ژیانی كاره‌كته‌ره‌كان و ورده‌كاریی رووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه یان رۆمانه‌كه‌یه. زیاتر به‌رهه‌مه كلاسیكییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا به‌م گۆشه‌نیگایه نووسراون. گرنگی هه‌ندێ له‌م به‌رهه‌مانه به هۆی شێوازی نووسینی داهێنه‌رانه و رووداوه مێژووییهكانهوهیه. ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌ده‌بی خۆرئاوا به شێوه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو ته‌رجه‌مه‌كراون. هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی نووسه‌ره ئه‌فغانی و ئێرانییه‌كان زیاتر شاره‌زای گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی ههمووشتزانن. به‌لای نووسه‌رێكی ئه‌فغانییه‌وه زۆر ئاساییه كه بتوانێت له گۆشه‌نیگای هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌یه‌وه به‌سه‌رهاته‌كان بگێڕێته‌وه و هه‌ست و نه‌ستی كاره‌كته‌ره‌كان سه‌باره‌ت به رووداوه‌كان بنووسێت. به‌ڵام گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان پێودانگ و بنه‌مای ناسكی خۆی هه‌یه كه ده‌بێت ره‌چاو بكرێت. ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای شێوازی نووسینی نایاب و كارهكتهركاریی و فه‌زاسازیی باش، ناكامڵیی گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه ده‌توانێت رۆمانه‌كه بكات به ده‌قێكی سه‌رلێتێكده‌ر و سه‌ره‌تایی.
له ئه‌ده‌بی نوێی خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتدا هێشتا گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان یه‌كێكه له شێوازه گرنگه‌كانی نووسینی رۆمان و چیرۆك. شاكاری وه‌كو (شالیماری لێبووك)ی (سه‌لمان روشدی) و (هه‌موو شتێك له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت)ی (چینوا ئهچبێ)، به گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان نووسراون. نووسین به‌م گۆشه‌نیگایه پێویستی به‌وه‌یه پێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه له چیرۆك و رۆمان‌دا دیاریبكرێ و خوێنه‌ر له‌وه تێبگه‌یه‌نرێت كه بۆچی گێڕه‌ره‌وه ئاگای له هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان و رووداوه‌كانه. ئایا گێڕه‌ره‌وه كاره‌كته‌رێكه په‌یوه‌سته به رۆمانه‌كه‌وه؟ واته كه‌سێكه به‌سه‌رهاته‌كانی رۆمانه‌كه كاری تێكردووه و له‌ناو رووداوهكاندانهیه؟ یان ته‌نیا چاودێرێكه به‌سه‌ر رووداوه‌كانه‌وه؟
له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی ههمووشتزاندا ده‌توانرێت ورده‌كاریی ژیانی هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی به‌سه‌ریان دێت، بنووسرێت. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی كه ده‌بێت نووسه‌ر وه‌ڵامی بداته‌وه ئه‌وه‌یه، بۆچی گێڕه‌ره‌وه ئاگای له هه‌موو شتێكه.
له‌ڕاستیدا گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان واقیعی نییه، به‌ڵكو مه‌جازییه. نووسه‌ر ده‌بێت بتوانێت قه‌ناعه‌ت به خوێنه‌ر بكات كه به هۆشیارییه‌وه ئه‌م گۆشه‌نیگایه‌ی هه‌ڵبژاردووه و هۆكاری خۆی هه‌یه بۆ ئه‌مه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وا ده‌كات خوێنه‌ر باوه‌ڕ به‌وه بكات بۆچی گێڕه‌ره‌وه ئاگای له ورد و درشتی شته‌كانه یان وه‌ك ده‌ڵێن ئاگای له خشه‌ی مار و مێرووه.
بۆ نموونه رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) گابرێل گارسیا ماركیز به‌م رستانه ده‌ستیپێكردووه:
(پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵه‌های ساڵ، له كاتێكدا سه‌رهه‌نگ (ئایۆرلیانۆ بویندیا) له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سته سه‌ربازه‌دا وه‌ستابوو كه بڕیاربوو گولله‌بارانی بكه‌ن، ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه‌ی هاته‌وه‌یاد كه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا چووبوو بۆ سه‌یركردنی به‌فر. له‌و كاته‌دا، گوندی ماكۆندۆ ته‌نیا بیست خانووی قوڕ و خشتی كاڵ بوو … )
خوێنه‌ر له‌م رستانه‌ی سه‌ره‌تاوه ده‌زانێت گێڕه‌ره‌وه كه‌سێكه ئاگای له هه‌موو شتێكی رۆمانه‌كه‌یه، به‌م پێیه به‌لایه‌وه سه‌یر نییه كه گێڕه‌ره‌وه له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه (دیاره به ره‌چاوكردنی چه‌ند بنه‌مایه‌كی دیاریكراو) ئه‌م رۆمانه ئاڵۆز و سه‌رسوڕهێنه‌ره ده‌گێڕێته‌وه.
گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نیایی چیرۆكی رۆمانێك ده‌گێڕێته‌وه كه له مێشكی سه‌رهه‌نگ (ئایۆرلینانۆ بۆیندیا)دا له هه‌مان ساتدا كه چاوه‌ڕێی سێداره‌یه، رووده‌دات. ماركیز له فه‌سڵه‌كانی دوایی ئه‌م رۆمانه‌دا، چه‌ند جارێك به شاره‌زاییه‌وه هه‌مان رسته‌ی سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌ك دووباره ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بیری نه‌چێته‌وه كه گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆكی رۆمانه‌كه هێشتا چاوه‌ڕێی سێداره‌یه.
نووسهرانێكیش هه‌ن كه هه‌ر فه‌سڵێك یان هه‌ر به‌شه‌ی فه‌سڵێك له گۆشه‌نیگای كاره‌كته‌رێكه‌وه ده‌نووسن. رۆمانی (من ناوم سووره)ی ئۆرهان پاموك، گه‌لێ گێڕه‌وه‌ی هه‌یه: له‌وانه: جه‌سته‌یه‌ك، پاره‌یه‌ك، سه‌گێكی ره‌ش، تابلۆیه‌ك، و ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان فه‌سڵێك یان زیاتر ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌م شاكاره كه ئۆرهان پاموك له ساڵی 2006دا خه‌ڵاتی نۆبڵی له‌سه‌ر وه‌رگرت، نموونه‌یه‌كی نایابه بۆ به‌كارهێنانی گۆشه‌نیگا جیاوازه‌كانی گێڕانه‌وه له رۆمان‌دا.
به‌م پێیه، گۆشه‌نیگای هه‌مووشتزان به مانای ئه‌وه نییه نووسه‌ر به ساده‌یی رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه‌ی له گۆشه‌نیگا یان له زمانی هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌یه‌وه بنووسێت. ئه‌گه‌ر وابكات ئه‌وا گورزی قورس له ده‌قه‌كه‌ی ده‌دات و له به‌های ئه‌ده‌بیی كه‌م ده‌كاته‌وه. نووسین له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزانه‌وه ئیشێكی قورسه و پێویستی به كامڵبوون و بایه‌خدانی باشه به چیرۆك و رۆمان.
گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌م، کەسی سێیه‌م:
له‌و نموونه‌یه‌ی پێشوودا، ئه‌و لاوه‌ی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ئالووده‌بوون به ماده‌ی بێهۆشكه‌ر بۆته‌وه، نووسه‌ر ده‌بێت بڕیار بدات پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆك بێت یان نا. ئه‌گه‌ر خودی لاوه‌كه گێڕه‌ره‌وه بێت، چیرۆكه‌كه له گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌م (من) ه‌وه ده‌نووسرێت. له‌و حاڵه‌ته‌دا، جێگۆڕكێ به گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان چیرۆكه‌كه له بینای لۆجیكی خۆی ده‌رده‌كات. ئاشكرایه له‌م حاڵه‌ته‌دا كوڕه‌كه ده‌توانێت ته‌نیا باسی رووداو و حاڵه‌ته ده‌روونییه‌كانی خۆی بكات و باسی رووداو و حاڵه‌ته رووكه‌شه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كانی تری چیرۆكه‌كه‌ش بكات.
گێڕه‌ره‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌م (First Person) ناتوانێت بیروبۆچوونی كه‌سانی تر بخوێنێته‌وه. به‌م پێیه، ناتوانێت بڵێت له مێشكی كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه‌دا چی ده‌گوزه‌رێت. به‌ڵام ده‌توانێت كاردانه‌وه‌كانی ئه‌وان ببینێت و باسی بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه نووسین له گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه هه‌م بۆ نووسه‌ر و هه‌م خوێنه‌ر، كه‌متر سه‌رلێشێوانی تیایه. به‌ڵام له‌م گۆشه‌نیگایه‌دا، نووسه‌ر، پێویستی به‌جوانیی داهێنه‌رانه‌ی زیاتره بۆ گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان و پێچ و په‌ناكانی چیرۆكه‌كه، كه خۆی نایانبینێت.
هه‌مان چیرۆك ده‌توانرێت له گۆشه‌نیگای كه‌سی سێیه‌مه‌وه (Third Person) بنووسرێت. له‌و حاڵه‌ته‌دا گێڕه‌ره‌وه چیرۆكێك ده‌نووسێت كه به‌سه‌ر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی دێت و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌بێته (ئه‌و). له‌وانه‌یه هه‌ندێ كه‌س گێڕانه‌وه‌یان له گۆشه‌نیگای كه‌سی سێیه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی ههمووشتزاندا لێ تێك بچێت و له‌وێوه كه هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان (ئه‌و)ن، ره‌نگه رووداو و حاڵه‌ته‌كانی هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان به هه‌مان ورده‌كاریی كه‌سی یه‌كه‌م بنووسن.
له‌ڕاستیدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه له گۆشه‌نیگای كه‌سی سێیه‌مه‌وه ده‌نووسرێت، نووسه‌ر ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌وه‌ی كه له گۆشه‌نیگای كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه‌وه ده‌یبینێت. گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆك هێشتا هه‌ر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه، ئیشی نووسه‌ر نووسینی گۆشه‌نیگا و هه‌ست و ئه‌زموونه‌كانی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه. ئه‌و خاڵه‌ی كه نابێت فه‌رامۆش بكرێت ئه‌وه‌یه گێڕه‌ره‌وه و گۆشه‌نیگا بێ چه‌ند وچوون یه‌ك شت نین. گێڕه‌ره‌وه كه‌سێكه یان ده‌نگێكه چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه كه به‌سه‌ر كه‌سێكی تر هاتووه. له گێڕه‌ره‌وه‌ی ههمووشتزاندا ئه‌و ده‌نگه (Voice) یان ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه چیرۆكه‌كه له گۆشه‌نیگای هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی چیرۆكه‌كه یان رۆمانه‌كه‌وه ده‌بینێت و به‌م پێیه ده‌توانێت هه‌ست و نه‌ست و كاردانه‌وه و بیروبۆچوونی هه‌موویان بخوێنێته‌وه.
له كه‌سی یه‌كه‌مدا، گێڕه‌ره‌وه هه‌مان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه كه چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه به‌سه‌ر خۆی هاتووه، به‌م پێیه گۆشه‌نیگای ئه‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خۆی ده‌یبینێ و هه‌ستی پێده‌كات و ئه‌زموونی ده‌كات، سنوورداره.
له كه‌سی سێیه‌مدا، گێڕه‌ره‌وه چاو و گوێ و هه‌ستی كه‌سی یه‌كه‌می به قه‌رز وه‌رگرتووه و گۆشه‌نیگای ئه‌وه بهسنوورداریی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك ده‌یبینێ و هه‌ستی پێده‌كات و ئه‌زموونی ده‌كات.
دیاریكردنی گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك یان رۆمان، بناغه‌ی بینای پلۆتی چیرۆك یان رۆمانه. ده‌توانرێت گه‌لێ تازه‌گه‌ریی له گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك یان رۆمان‌دا بكرێت. بۆ نموونه چیرۆك ده‌توانرێت به كه‌سی یه‌كه‌م بنووسرێت، به‌ڵام باسی به‌سه‌رهاتێك بكات كه به‌سه‌ر كه‌سێكی تر هاتووه و گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك نییه. بۆ نموونه چیرۆكی (خوێنی ئه‌مریكایی) له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه نووسراوه. چیرۆكی (په‌نجه‌ره‌یه‌كی دیكه)ی (حه‌مید عه‌بیدی)یش گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوازی هه‌یه.
نووسهرانێكیش هه‌ن كه چیرۆكیان به به‌كارهێنانی گۆشه‌نیگای كه‌سی دووه‌م و به شێوه‌ی (وتار-خیتاب) نووسیوه. چیرۆكی (ناشاد)ی (حسێن محه‌مه‌دی) نووسه‌ری ئه‌فغانی به‌م گۆشه‌نیگایه نووسراوه. نووسینی چیرۆك به‌م گۆشه‌نیگایه ده‌كرێ داهێنه‌رانه بێت، به‌ڵام به كرده‌وه كه‌موكووڕیی زۆری هه‌یه و له چیرۆكی درێژدا خوێنه‌ر ماندوو ده‌كات.
ئه‌م هێڵکارییەی خواره‌وه ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندی نێوان گۆشه‌نیگا و گێڕه‌ره‌وه و شێوازی نووسینه‌كه.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: nebesht.com