سەرەکی » ئابووری » فراكسیۆنی سەوز چەندین پڕۆژەیاسا لـــــــــە خزمەتی هاووڵاتیان ئامادە دەكات

پرسی دەستوور و سەرۆكایــــــــــــــــەتی هەرێم لە خۆدەگرێت

فراكسیۆنی سەوز چەندین پڕۆژەیاسا لـــــــــە خزمەتی هاووڵاتیان ئامادە دەكات

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان چەندین پڕۆژەیاسا ئامادە دەكات كە پەیوەندی بە پرۆسەی حوكمڕانی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیەو بڕیاریشە دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، پێشكەشی سەرۆكایەتی بكات، ئەندامانی ئەو فراكسیۆنەش جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە داهاتوودا هەماهەنگی تەواو لەگەڵ تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم دەكەن‌و بەدواداچوون‌و چاودێری داموودەزگاكانی حكومەت دەبن.

پڕۆژەیاساكان چین؟
لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێمە وەك فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان كار لەسەر دەركردنی هەموو ئەو پڕۆژەیاساو بڕیارانە دەكەین كە دەچێتە خزمەت خەڵكی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش فراكسیۆنی سەوز ژمارەیەك پڕۆژەیاسای ئامادە كردوەو دوای دەسپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان پێشكەشی سەرۆكایەتی دەكەن.
وتیشی: «لە گرنگترین ئەو پڕۆژەیاسایانەی فراكسیۆنی سەوز كاری لەسەر كردووەو كە هەندێكیان بە هاوبەشی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە بووە، پڕۆژەیاسای چاكسازی‌و پڕۆژەیاسای دەستوری هەرێم‌و پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ چەندین پڕۆژەیاسای تر كە پەیوەندی بە ژیان و خزمەگوزارییەكانەوە هەیە».

كاراكردنی سندوقەكە
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانە، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كار لەسەر جێبەجێكردنی هەموو ئەو یاساو بڕیارانە دەكات كە لە خولەكانی رابردوو دەرچووە، لەنێوانیشیاندا ئەوانەی پەیوەندی بە باشكردنی باری دارایی‌و ئابووریی خەڵكی كوردستانەوە هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو: دانانی سندوقی داهاتە نەوتیەكان لەگرنگترین ئەو یاسایانە دەبێت كە فراكسیۆنی یەكێتی جەخت لەسەر جێبەجێكردنی دەكاتەوە، بەو پێیەی نەوت سەرچاوەیەكی سەرەكی‌و گرنگی دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی سەوز كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەكەین بۆ كاراكردنی سندوقەكە، وەك دامەزراوەیەكی سەربەخۆ كە لە ژێر چاودێری پەرلەمان دەبێت.

(ئارامی و هەلی كار و خزمەت)
لای خۆیەوە، هەژان حەسەن كوێستانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای سوێندخواردنمان وەك ئەندامی پەرلەمان ئێمە لە فراكسیۆنی سەوز بەردەوام لە خۆئامادەكردنداین تا دەستنیشانی هەموو ئەو كەموكوڕیانە بكەین‌و لەداهاتوودا كاری بۆ بكرێت، بە تایبەتی ئەوانەی پێویستیان بە دەركردن یان هەمواركردنی یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان هەیە.
وتیشی: «جگە لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسا، ئێمە لە فراكسیۆنی سەوز بەردەوام پێشوازی لە چین‌و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین و گوێ لەكێشەو گرفتەكانیان دەگرین، چونكە ئێمە هەموو كات خۆمان بە نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان دەزانین‌و ژمارەی كورسیەكانیشمان ناكرێتە پێوەر تا ئێمە چەند كاری بەرژەوەندی هاووڵاتیان بكەین، وەك بەڵینیشمان داوە كار دەكەین تا دروشمەكانی هەڵبژاردن (ئارامی و هەلی كار و خزمەت) لە بواری جێبەجێكردن رەنگ بداتەوە».
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد: راستە دەركردنی یاسا و بڕیار لە پەرلەمان گرنگ و پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێكردنیان گرنگترە، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم هەبێت‌و بەدواداچوون‌و چاودێری دامودەزگاكانی حكومەت بكەین، بۆئەوەی ئەو یاساو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەردەچێت شوێنی خۆیان بگرن.

دوو لەسەر سێی یاساكان
هەر پەیوەست بەو بابەتە، سەعید مەسیفی ئەندامی خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: فراكسیۆنی سەوز بەردەوام وەك فراكسیۆنێكی چالاك لە پەرلەمان دەركەوتووەو كاری لەسەر هەموو ئەو پڕۆژەیاساو بڕیارانە كردوە كە بۆ ئەو كاتانە پێویست بووە.
وتیشی: «بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا هات كەمترین پڕۆژەیاسا و بڕیار بەراورد بە خولەكانی تر پەسەند كران‌و ژمارەیان نزیكەی 35 پڕۆژەیاسا بوو، لەو ژمارەیە نزیكەی 12 پڕۆژەیاسا لەلایەن فراكسیۆنی سەوزەوە پێشكەشكرابوون، واتا دوو لەسەر سێی یاساكان لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە ئامادە كرابوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

4 + two =

x

هەواڵێ هاوشێوە

مۆدێلی ئاهەنگی دەرچوون

فەیسەل عەلی* بەر لەكوتایی هەموو ساڵێكی خوێندن و پێش دەستپێكردنی ...