کورتەچیرۆک

حه‌یوان

حسێن عارف

ئەم چیرۆکەی مامۆستا حسێن عارف بە مەنەلۆجی راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ نووسراوە، وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتووی چیرۆکنووسین پێمان باش بوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە.
ئەدەب و هونەر

{ئه‌مڕۆ رووی خۆشه‌. زه‌رده‌خه‌نه‌ی له‌ لێو هه‌ڵده‌وه‌رێ. فرسه‌ته‌. له‌ كیس خۆتی مه‌ده.‌ ره‌نگه‌ تا هه‌فته‌یه‌كی تر ئه‌م فرسه‌ته‌ت بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وێته‌وه‌. له‌ ده‌ستی مه‌ده‌}

خۆی گورج كرده‌وه‌. قۆپچه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ی داخست. به‌ ئحم ئحمێك قوڕگی بۆ قسه‌كردن ساز كرد. زۆر به‌ نه‌زاكه‌ته‌وه‌ لێی چووه‌ به‌ره‌وه‌. له‌ دووری دوو-سێ هه‌نگاوه‌وه‌ راوه‌ستا، بڕیاره‌كه‌ی دابوو، هه‌نگاویشی بۆ نا، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كه‌ی چه‌قی ((چۆنی پێ بڵێم؟!. به‌ چی ده‌ست پێ بكه‌م؟.

هه‌ر یه‌كسه‌ر؟!. زه‌حمه‌ته‌! نابێ! چاكتر وایه‌ پێشه‌كی تۆزێ راووڕێوی بۆ بێنمه‌وه‌. ئا یه‌عنی هه‌ندێ مۆم و بوغوردی بۆ بسووتێنم.. كه‌مێ گوڵاوی به‌سه‌ردا بپرژێنم. سێ-چوار چه‌پك گوڵی پێشكێش بكه‌م. ئه‌وساش ئینجا ورده‌ ورده‌ داخوازییه‌كه‌می لێ ئاشكرا بكه‌م. ئه‌وه‌ڵ جار وای نیشان ده‌ده‌م كه‌ من هیچ داخوازییه‌كم نییه‌. ئه‌و هه‌موو قسانه‌شم هه‌ر بۆ ده‌ربڕینی ره‌زامه‌ندی و خۆشحاڵیی خۆمه‌، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێی رابگه‌یه‌نم كه‌ من چه‌ند به‌خته‌وه‌ر و شادمانم. چه‌نده‌ سه‌ربه‌رز و دڵ پڕ له‌ ئارامم، دوایی ئینجا دێمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك-دوو قسه‌ی به‌ مانای بۆ فڕێ بده‌م، به‌ڵام ده‌بێ نه‌یه‌ڵم قسه‌ به‌ماناكانم زه‌ق و ناقۆڵا بن. ده‌بێ زۆر ناسك، بن. ده‌بێ له‌ شه‌كر شیرینتر بن. ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌م ریسه‌كه‌م لێ ده‌بێته‌وه‌ به‌ خوری، خۆ ده‌یناسم چ ماڵێكه‌. شاره‌زای نه‌ك شا، بگره‌ ده‌ماره‌ هه‌ره‌ ورده‌كانیشیم. ده‌زانم هه‌ر ورده‌ ده‌ماره‌ و چ جۆره‌ میكرۆبێ، چ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك كردوێتییه‌ لانه‌ی خۆی، ده‌زانم هه‌ر شاده‌ماره‌ و به‌ به‌چكه‌ی چ بابه‌ته‌ ئه‌ژدیهایه‌ك ئاوسه‌، ده‌یزانم.. چاكی ده‌زانم، بۆیه‌ ده‌بێ پێش ئه‌وه‌ی ده‌م هه‌ڵبێنمه‌وه‌، هه‌زار و یه‌ك حساب بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك بكه‌م كه‌ له‌ ده‌می ده‌رده‌چێ، چی بكه‌م!.. كه‌ ئه‌و وابێ، ناچار ده‌بێ منیش وابم چی بكه‌م!.. وام له‌ چاره‌ نووسراوه‌. هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ وام به‌ نه‌سیب كراوه‌. له‌ له‌وحی وجودایه‌ و من هیچم له‌ ده‌ستدا نییه‌. پێم خۆش بوو مرۆڤێكی ئاسایی بووایه‌، پێم خۆش بوو ئه‌و ده‌ستپێشكه‌ری بكردایه‌ و بیوتایه‌: ئه‌رێ برا.. چیت له‌ دڵدایه‌ ده‌ری بڕه‌.. چیت گه‌ره‌كه‌ بیڵێ. پێم خۆش بوو ئه‌و له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌ر زوو قورتمی بگرتمایه‌ و بیوتایه‌!
شتێك له‌ روخسارتدا.. له‌سه‌ر و سه‌كوتتدا ده‌خوێنمه‌وه‌. زووكه‌ پێم بڵێ بزانم چییه‌؟!.
به‌ڵام چی بكه‌م.. وا نییه‌ ئه‌وه‌ دوو مانگه‌ من به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ ده‌تلێمه‌وه‌. دوو مانگه‌ ئه‌م فرسه‌ت به‌م فرسه‌تمه‌ له‌گه‌ڵیدا. له‌ هه‌موو فرسه‌تێكیشدا خۆمی له‌ به‌رده‌مدا ده‌كه‌م به‌ سواڵكه‌ر.. به‌ نۆكه‌ر.. سه‌ركز، ملكه‌چ، خه‌مناك له‌ به‌رده‌میدا ده‌وه‌ستم. خۆم ده‌خه‌مه‌ سه‌رپێ كه‌ هه‌ر هێنده‌ی بڵێ: چ خێرته‌؟!..چیت ده‌وێ؟. كه‌چی خوانه‌كا شتی وای له‌ ده‌م ده‌رچێ. دیاره‌ له‌ ده‌می ده‌رناچێ. چۆنی له‌ ده‌م ده‌رچێ؟!. مه‌گه‌ر نه‌یناسم چ ماڵێكه‌.. مه‌گه‌ر نه‌یناسم ده‌ماره‌كانی چییان تێدایه‌!. به‌ڕاست ده‌بێ چییان تێدابێ؟! بڵێم چی !. له‌وه‌ زیاتر نییه‌. هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. ورده‌ ده‌ماره‌كان میكرۆبی جۆره‌ها نه‌خۆشی!. شاده‌ماره‌كان به‌چكه‌ی چه‌نده‌ها ئه‌ژدیها!. ده‌نا فه‌رموو ئه‌وه‌تا من له‌ ده‌قیقه‌یه‌ك زیاتر ده‌بێ وه‌ك عه‌بدێك له‌ حزووریدا راوه‌ستاوم، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌رێك هه‌ڵبڕێ و سه‌یرێكم بكا!..
بپرسێ و بڵێ: ئه‌رێ كابرا چیت ده‌وێ؟!. گوایه‌ هه‌ست به‌ وجودم ناكا؟!. بۆچی؟!. خۆ ئه‌وه‌ش نییه‌ بڵێی وه‌ڵڵا به‌ جه‌سته‌ زۆر بچووك و سیسه‌ڵه‌م و سه‌رنجی راناكێشم!.
وه‌زنم نه‌وه‌د و دوو كیلۆیه‌. درێژایی باڵام سه‌د و هه‌شتا و سێ سه‌نتیمه‌. یه‌عنی هه‌م پانوپۆڕم و هه‌م درێژ، كه‌چی هه‌ستم پێ ناكا. كابرایه‌كی سه‌یره‌!. ئه‌گه‌ر حساب بۆ سه‌ر و هه‌یكه‌ل ده‌كا، ئه‌وه‌ سه‌ر و هه‌یكه‌ل. ئه‌گه‌ر شاره‌زایی له‌ ئیشه‌كه‌دا، خۆ به‌خوا حه‌وت سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وی لێ ده‌زانم. ئه‌گه‌ر وه‌كو دڵسۆزی و خۆماندووكردنیش، ئه‌وا هێسترێكم و كام بار قورسه‌ لێمی بنێن سه‌ری ده‌خه‌مه‌ سه‌ر كام شاخ كه‌ زۆر سه‌خته‌ و ناڵێم نه‌ء!. قه‌تیش نه‌مووتوه‌ نه‌ء!..به‌ڕاستی كابرایه‌كی سه‌یره‌!.. نازانم حساب بۆچی ده‌كا؟.. نازانم گا به‌ چیدا ده‌ناسێته‌وه‌؟! نازانم چۆنی تێ بگه‌یه‌نم كه‌ من گام!.. من گام!.. من گام.!..))
هێنده‌ حیرس گرتبووی ئاگای له‌ خۆی بڕابوو، دوا رسته‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز وت. هه‌ر ئان و ساتیش له‌ كه‌تنه‌كه‌ی خۆی به‌ ئاگا هات، به‌ڵام له‌ پاش چی؟! كار له‌ كار ترازابوو، به‌گ سه‌ری لێ هه‌ڵبڕیبوو. دوو چاوی ئه‌بڵه‌قی ئاڕاسته‌ كردبوون. نیشانه‌ی پرسیارێكی سامناكیان ده‌دا به‌ روویدا. دڵی خورپه‌یه‌كی كرد به‌ دوایدا دایه‌ ترپه‌ترپێكی بێ ئامان له‌ ناو قه‌فه‌زی سنگیدا وه‌ك مریشكی سه‌ربڕاو هه‌ڵده‌په‌ڕی..
((چیت كرد خواگرتوو !.. بۆ ریش هاتیت و سمێڵیشت به‌ بانی، چی پێ ده‌ڵێی؟! چۆن خۆت ده‌رباز ده‌كه‌یت؟! هه‌ر له‌ هیچی نه‌بوو وه‌ك فیشه‌كه‌ شێته‌ ده‌ته‌قییه‌وه‌. له‌ هیچی نه‌بو داك و بابی له‌ گۆڕ ده‌رده‌هێنایت. نایناسیت ؟!. ئێستا چی ده‌كه‌یت؟.))
جارێ وا حه‌په‌ساوه‌، بڕوانه‌ چۆن چاوی ئه‌بڵه‌ق بووه‌ جارێ هێشتا سڕه‌، كاره‌ساته‌كه‌ سڕی كردووه‌. به‌ڵام هاكا ته‌قییه‌وه‌، كه‌ ته‌قیشه‌وه‌ ده‌زانێت چی ده‌كا؟. ده‌زانیت چی له‌ ده‌م هه‌ڵده‌وه‌رێ؟!. چ دوڕ و گه‌وهه‌رێك؟! خۆ بۆی بكرێت په‌لاماریشت ده‌دا و ده‌تداته‌ به‌ر ته‌كان. به‌ڵام بۆی ناكرێ. باشه‌ له‌و جاره‌وه‌ ته‌مێ خواردوو بوو . ئه‌و تۆی دایه‌ به‌ر ته‌كان و كه‌چی خۆی به‌ پشتدا كه‌وت، ئه‌و فیڕنه‌گوله‌یه‌ك و تۆ نه‌ڕه‌ دێوێك، هه‌ر باشه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ ترست نییه‌، ده‌توانیت ده‌مه‌كه‌ت لێ بخاته‌ كار. با بیخا، پێی راهاتوویت، دوڕ و گه‌وهه‌ره‌ و هه‌ڵیان ده‌وه‌رێنێ، با هێنده‌ هه‌ڵیان وه‌رێنێ تا عه‌رش و قورش پڕ ده‌كا، چ ده‌ربه‌سم، ته‌ڕ ته‌ڕ نه‌باشه‌ت. لێ بكه‌م. من دوو مانگه‌ ده‌مه‌وێ بۆی باس بكه‌م. ئێستا و ئه‌وسا فرسه‌تێكی هه‌ر نه‌دامێ. له‌ دڵمدا بوو به‌ سه‌ره‌تان، چی لێ بكه‌م، خه‌تای خۆیه‌تی، خۆی خستمیه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌، قسه‌ بكا قیروسیای لێ ده‌كه‌م و ده‌یده‌م به‌ روویدا، قیروسیای لێ ده‌كه‌م و لێی ناخۆمه‌وه‌. هه‌رچیم له‌ دڵدایه‌ بۆی هه‌ڵده‌ڕێژم، ئینجا پێشی ده‌ڵێم: تۆ ئاده‌میزادنیت.. تۆ جانه‌وه‌ریت، پێی ده‌ڵێم: تۆ مار و دووپشكیت.. جاڵجاڵۆكه‌یت.. تۆ قالۆنچه‌ی ئاوده‌ستخانه‌یت.. چی ده‌كا.. ها.. یه‌عنی چی ده‌كا؟! ئه‌و فیڕنه‌گوله‌یه‌ك و من نه‌ڕه‌ دێوێك. ده‌توانم هه‌ر وا ده‌س به‌رم بیگرمه‌ ناو هه‌ردوو ده‌ستم وه‌ك.. چیلكه‌یه‌كی وشك پشتی له‌ ئه‌ژنۆم گیر بكه‌م و بیكه‌م به‌ دوو كه‌رته‌وه‌. ئا قیروسیای لێ ده‌كه‌م و هه‌ر هێنده‌ی دەمە پیسه‌كه‌ی هه‌ڵهێنایه‌وه‌ به‌و ده‌رده‌ی ده‌به‌م خۆ من…
-حه‌…یوا… ن
ئه‌م قیژه‌یه‌ی به‌گ ده‌رگه‌ و په‌نجه‌ره‌كانی ژووره‌كه‌ی كرده‌وه‌ ئه‌میشی وه‌ك كێچ هه‌ڵبڵووقانده‌وه‌، كه‌ بینایی به‌ به‌گدا روون بووه‌وه‌، روانی به‌گ لێی هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌ هه‌ردوو چاوی بوونه‌ته‌ دوو كڵپه‌ی ئاگر، ده‌می كه‌ف، دانی به‌سه‌ر یه‌كدا جیڕه‌ ده‌كه‌ن، له‌شیشی وه‌ك بینی ئاو ده‌له‌رزێ، ئه‌و دیمه‌نه‌، له‌شی ئه‌میشی خسته‌ له‌رزین، چاوی به‌سه‌ردا پێ ئه‌بڵه‌ق كردن. ئه‌بڵه‌قه‌كان بینییان وا له‌شه‌ له‌رزیوه‌كه‌ی به‌گ به‌ر ده‌بزوێ. بیری كرده‌وه‌.
((ئاخۆ چی ده‌كا؟! نیازی چی هه‌یه‌؟!.. به‌ ته‌كان؟!.. بڕواناكه‌م. نایكا. جاره‌كه‌ی پێشوو. ئه‌ی زلله‌؟!. ره‌نگه‌، به‌ڵام به‌ ئاسانی ده‌ستی ناگاته‌ سه‌رم ده‌ترسم تفم لێ بكا، ئه‌مه‌م زۆر پێ ناخۆشه‌. ئیمانم له‌لا ناهێڵێ، ئه‌و جاره‌ وه‌ختابوو بیقه‌ومێنم. وه‌ختابوو. به‌ ده‌ست ئه‌م قالۆنچه‌ی ئاوده‌ستخانه‌یه‌وه‌ چاك گیرم خواردووه‌ نازانم چی بكه‌م؟!. چاره‌ڕه‌شم به‌دبه‌ختم، كڵۆڵم. ئه‌مه‌ چاره‌نووسمه‌. به‌ میراتی بۆم ماوه‌ته‌وه‌ ده‌توانم ئێستا ده‌ست به‌رم وه‌ك ئه‌سپێیه‌ك هه‌ڵی فلیقێنم به‌ڵام بۆم ناكرێ، ئه‌و به‌گ و من مسكێن. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار من بێ ده‌سه‌ڵات. ئه‌و ده‌توانێ بڵێ بیبه‌ن به‌ زیندوویی بینێژن.. بیبه‌ن ریشه‌كێشی بكه‌ن.. بیبه‌ن پارچه‌یه‌ك گۆشت له‌ گیانی داتاشن.. كوڕه‌ ده‌توانێ بڵێ له‌ مه‌یدانێكی ناوه‌ڕاستی شاردا رووتی بكه‌نه‌وه‌ و تێڵایه‌كی…
_حه‌…یوا… ن
قیژه‌ ئه‌م جاره‌ په‌ڕه‌ی گوێی ئه‌می ده‌دڕاند.. كه‌ هه‌ر خۆی به‌ ئاگا هاته‌وه‌، بینی به‌گ له‌ ته‌نیشتییه‌و ده‌می ناوه‌ته‌ به‌ر كونی گوێی، سه‌رسام بوو. واقی وڕما.
((ئای!.. به‌گ درێژ بووه‌!.. به‌گ باڵای به‌رز بووه‌ به‌گ ده‌ستی نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌رم زلله‌م لێ بدا!. كه‌چی به‌گ ده‌می ناوه‌ به‌ گوێمه‌وه‌!))
هه‌موو شتێكی تری له‌بیر چووه‌وه‌. ئه‌و مه‌سه‌له‌ سه‌راپای بیر و هۆشی داگیر كرد. ده‌یویست به‌ په‌له‌ نهێنییه‌كه‌ تێ بگا. هه‌نگاوێك كشایه‌ دواوه‌. هه‌ڵی روانی، ساتێ حه‌په‌سا، چاوی به‌سه‌ر دیمه‌نه‌كه‌دا روا، به‌گ كورسی هێنابووه‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ و چووبووه‌ سه‌ری، به‌گ به‌وه‌ی گه‌یاندبووه‌ ئاستی گوێچكه‌ی و قیژه‌كه‌ی خۆی راست تێ ده‌ئاخنی. ئه‌م هه‌موو شتێكی تری له‌بیر چووبووه‌وه‌. له‌ دڵدا پێكه‌نینی به‌ دیمه‌نه‌كه‌ ده‌هات. ده‌شیوت:
((ده‌ك داوه‌شێیت بۆ خۆت و ئه‌توارت)) تۆ چۆن به‌گێكیت به‌گ چۆن وا خۆی ده‌كا به‌ مه‌سخه‌ره‌؟!. فه‌رموو ئێستا یه‌كێك به‌و شێوه‌یه‌ بتبینێ چی ده‌ڵێ؟! ناڵێ به‌گ تێك چووه‌ ؟! با هه‌ر هیچ نه‌بێ ناڵێ به‌گ هێنده‌ سیسه‌ڵه‌ و نابووته‌ كه‌ تا نه‌چێته‌ سه‌ر كورسییه‌ك ناتوانێ به‌ گوێی به‌رده‌سته‌كه‌یدا بقیژێنێ؟ به‌خوا برا به‌گێكی قۆڕ و بێ نمووده‌. وه‌ڵڵا ده‌ڵێیی شه‌قێك له‌ كورسییه‌كه‌ هه‌ڵده‌م و وه‌ك بووكه‌ سه‌ماكه‌ره‌یه‌ك به‌ری بده‌مه‌ خواره‌وه‌.. ده‌ڵێی..
_حه‌…یوا… ن
به‌گ له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ هاتبووه‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام هاتبووه‌وه‌ بن ده‌ستی، خۆی خستبووه‌ سه‌ر نووكی پێ و به‌ گوێیدا ده‌یقیژاند، هێشتا له‌شیشی هه‌ر وه‌كو بینی ئاو ده‌له‌رزی، چاوی هه‌ردوو كڵپه‌ی ئاگر بوون، ده‌می هه‌ر كه‌فی ده‌چاند و دانی به‌سه‌ر یه‌كدا جیڕ ده‌كردنه‌وه‌. ئه‌م هه‌نگاوێكی تر كشایه‌ دواوه‌. ئه‌و به‌ دوایدا هات. هه‌نگاوێكی تریش و هه‌ر به‌ دوایدا هات. بیری لێ كرده‌وه‌. له‌ دڵی خۆیدا وتی!
((ده‌ترسم بیقه‌ومێنێ و تفه‌كه‌م لێ بكاته‌وه‌. ئه‌م جاره‌ لێی ناخۆمه‌وه‌. ده‌س ده‌نێمه‌ بینی و تا نه‌یخنكێنم به‌ری ناده‌م. جا بۆ!.. هه‌روا ده‌ست به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ و یه‌ك مشت ده‌ده‌م به‌ ته‌وقی سه‌ریدا و به‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌دا ده‌یكه‌م به‌ توێژاڵێك ئاوو زوڵزوڵه‌! به‌ڵام نایكا. ده‌زانم زات ناكا تفم لێ بكاته‌وه‌. جاری پێشوو روخساری خۆم وه‌ها لێ گرژ كرد كه‌ بۆ حه‌وت پشتیم ئاقڵ كرد. ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ی كشایه‌ دواوه‌ ئیتر هاتنه‌ پێشه‌وه‌ نه‌بوو. بگره‌ چووه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ و ئه‌و پشته‌ی تێی كردم ئیتر ئاوڕلێدانه‌وه‌ی بۆ نه‌بوو..
منیش خێسه‌یه‌كی ئاگراوی پڕ ڕق و كینه‌م له‌ پشتی كرد و هه‌ر یه‌كسه‌ر سنگم ده‌رپه‌ڕاند و چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، ناتوانێ تفم لێ بكاته‌وه‌. نه‌ء ناتوانێ.. زات ناكا. له‌و جاره‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت من چه‌نده‌ به‌ تف لێكردن قارس ده‌بم. چی تر ده‌كا بابیكا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌یان نه‌بێ، هه‌ر ئه‌مه‌یان..
_تفوو…حه‌یوان..
به‌گ قه‌وماندی. تفه‌كه‌ی لێ كرده‌وه‌، ئه‌م یه‌كه‌م سات له‌ جێی خۆی سست بوو، دووه‌م سات هه‌ستی به‌ تفه‌كه‌ی به‌گ كرد كه‌ به‌ ته‌ختی ناوچه‌وانیدا وه‌ك دڵۆپه‌ سرێشێك به‌ره‌و خوار داده‌چۆڕێ. سێییه‌م سات گڕی ئاگرێك له‌ سه‌رو روخساریدا كڵپه‌ی سه‌ند و به‌ خێرایی به‌ سه‌راپای جه‌سته‌یدا تا كه‌ڵه‌موستی پێی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند. له‌ چواره‌م ساتدا گڕه‌كه‌ی ناو سه‌راپای جه‌سته‌ی كشایه‌وه‌ ناو ده‌می و په‌نگی تێدا خوارده‌وه‌. له‌ پێنجه‌م ساتدا لێی بووه‌ تۆپه‌ڵێك تف و له‌ودیو هه‌ردوو لێوییه‌وه‌ بۆ تووڕهه‌ڵدان كه‌وته‌ سه‌رپێ. له‌ شه‌شه‌م ساتدا تووڕهه‌ڵدرا:
_تفوو له‌ خۆت و خۆت حه‌یوان هه‌ی حه‌یوان.

سەرچاوە: چای شیرین ل ٢٧٢- ٢٧٦ سەرجەمی کورتە چیرۆکەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆمانی ئه‌سپه‌ره‌، چیرۆكی كه‌لله‌سه‌ره‌كان

عومه‌ر سه‌ید نووسه‌رێكی كه‌ركوكییه‌ و له‌م رۆژانه‌دا نوێترین رۆمانی خۆی ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort