سەرەکی » ئابووری » رۆڵی زانكۆ لە دیزاینی سیاسەتی گەشەپێداندا

رۆڵی زانكۆ لە دیزاینی سیاسەتی گەشەپێداندا

فەیسەل عەلی*

وشەی سیاسەت Policy، لە رووی زمانەوە چەندین مانای تەواوكاری یەك وەردەگرێت، وەك ئەوەی لە فەرهەنگە ئینگلیزییەكاندا هاتووە، وشەی سیاسەت ئەم مانایانەی هەیە، رێنوێنی، ئاراستەكردنی، رەفتار، بەدەستهێنانی ئەدەبی مامەڵەكردن، حیكمەت لە ئیدارەدان و بەڵگەنامەی رێككەوتنێك كە دەخوازرێ بەجێبهێنرێت، هەموو ئەم مانایانە نەك هەر لێكترەوە نزیكن، بەڵكو تەواوكاری یەكیتریشن.

رەوتێكی زانستی بابەتیانە وەربگرێت
تێبینی دەكرێت كە ئەم مانایانە وەسفی حاڵەتێكی چەقبەستووی نەگۆڕ ناكات، بەڵكو لە ناوەڕۆكدا «هەستێكی بزوێنەرە»، واتە بوونی ئاراستەیەكە بۆ ئەنجامدانی ئەركێك، كە لە بوارێكی بوارەكانی ژیاندا پێویستە ئەنجام بدرێت، وێڕای ئەوانەش ئەو ئەركە خوازراوە هەڕەمەكی نییە، بەڵكو ئەركێكە پێشوەخت ئاراستەكراو و رێكخراوە، ئەمەش بۆ گەیشتنە بە بەدیهێنانی ئامانجێكی ئایندەیە.
لەگەڵ ئەو هەموو مانایەدا، وشەی سیاسەت لەخۆیدا وشەیەكی سەربەخۆ نییە، بەڵكو پێویستی بە پرسێكە پێوەی بلكێندرێت، وەك ئابووری، خوێندن، تەندروستی یان ژینگە، یان هەر پرسێكی تری ژیانی گشتی كە پێویستی بە سیاسەتێكە بەرەو ئامانجێك بیبات كە هەوڵی بەدیهێنانی ئایندەیەكی باشتر بدات.
بێگومان، زۆربەی پرسەكانی ژیان لەپێناوی ئایندەیەكی باشتردا، پێویستیان بە گەشەپێدان و پەرەپێدان هەیە، بەتایبەتی لەم سەردەمی بەجیهانیبونەی تێیداین، كە كێبڕكێیەكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، لەبەرئەوە ئەم پرسانە پێویستیان بە سیاسەت هەیە، ئەم سیاسەتەش پێویستی بە رێنوێنی و ئاراستەكردن هەیە، هەروەها پێویستی بە لێكۆڵینەوەو توێژینەوە هەیە كە رەوتێكی زانستی بابەتیانە وەربگرێت، تا باشترین دەرئەنجامی لێبكەوێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركانە، ئەو زانكۆیانە باشن كە ئەو ئەركان بە خاوەن مەعریفەو كەسە پسپۆڕە ناودارەكان دەسپێرێت، كە نەوە و عەقڵە هەمەجۆرەكان كۆدەكاتەوە لە توێژرە پسپۆڕو راهێنراوەكانی بوارە جیاوازەكانی ژیان.

ئیدارەدان و بەڵگەنامەكردن
لە جیهان، زانكۆی لەو جۆرە هەن كە بایەخ بە پێدانی ئەو سیاسەتی گەشەپێدانە دەدات لە هەموو ئەو بوارانەی جێ بایەخی هەمووانن، نەك هەر لە چوارچیوەی ئەو دەوڵەتەی زانكۆكەی تێدایە، بەڵكو بۆ دەوڵەتانی تری جیهانیش، نمونەی ئەو زانكۆیانە، زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا كە لێرەدا باس لە رۆڵیكی لەم بوارەدا دەكەین.
زانكۆی هارڤارد پێگەیەكی پێشكەوتووی لەناو زانكۆكانی جیهاندا هەیە، ئەم زانكۆیە خاوەنی بەرزترین داهاتە لەناو زانكۆكانی جیهان، كۆلیجێكی تایبەتی بەناوی سیاسەتە حكومییەكان هەیە بە ناوی «كنەیدی» Kennedy ، یەك لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكاو یەك لەدەرچووانی ئەو زانكۆیەیە، لەم كۆلیجە یەكەیەك هەیە بە ناوی «رێنوێنی بۆ دیزاینكردنی سیاسەت Evidence for Policy Design: EpoD، ئەم یەكەیە دیدگایەكی هەیە وەسفی توموحاتەكانی دەكات بەوەی كە «جیهانێكە كە بەڵگەكانی پەرەپێدانی بەردەوامی دەوڵەتان و سیستم و كۆمەڵگە بەرەو ژیانیكی باشتر دەبات» ئەم یەكەیە پێداگیری لەسەر «دیزاینی سیاسەتی گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرسە گشتییەكان» دەكات. لەپێناوی ئەوەدا خولی راهێنان و وانەی خوێندن، لێكۆڵینەوەو توێژینەوە پێشكەش دەكات، وێڕای پێشكەش كردنی دەستپێشخەری و گرێدانی رێككەوتنامە لەگەڵ دەوڵەتاندا، نەك هەر بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە سیاسەتی گەشەپێدان و پەرەپێداندا، بەڵكو بۆ ئیدارەدان و بەڵگەنامەكردنی ئەو جۆرە لێكۆڵینەوانە لەڕێی هاوكاری لەگەڵ توێژەرانی تری سەر بە زانكۆ و لایەنە حكومی و تایبەتەكانیش.

توێژینەوەكە لە ئەرزی واقیع
ئەو پرسانەی جێ بایەخی ئەم یەكەیەن، خوێندن، تەندروستی، ژینگە، پارێزەری كۆمەڵایەتی، دارایی، تواناكان، گەشەدان بە وەزیفە، دەستپێشخەری كار، حەوكەمە و رۆڵی هاووڵاتیان‌و چەندین پرسی تری گشتی. ئەم یەكەیە پێداگیرە لەسەر ئەوەی كارەكانی نزیك بێت لەوانەی كە ئیدارەو ئەو پرسانە بەڕێوەدەبەن لەو دەوڵەتانەی دەیانەوێ لێكۆڵینەوەكەیان بۆ ئەنجام بدرێت، لەم رووەوە، ئەم وتەیان هەیە، «ئەوانەی لەم یەكەیە ئەركەكان بەجێدەهێنن لە مامۆستاو خوێندكارو توێژەران پێیان وایە باشترین رێگە بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن، ئەوەیە كە ئەو ئەركەی ئەنجامی دەدەن راستەوخۆ لەگەڵ بڕیار بەدەستانی ئەو سیاسەتە و ئەوانەی بەرپرسن لە جێبەجێكردنیدا، ئەنجامی بدەن».
لەم روانگەیەوە، ئەم یەكەیە بایەخ بە دوو تەوەری سەرەكی دەدات «تەوەری توێژینەوەكە لە ئەرزی واقیعە سەرچاوەی گرتبێت، ئەویتریش، تەوەری داهێنان و بونیاتنانی توانا مرۆییەكانە».
سودی نزیكبونەوە لە ئەرزی واقیع لەوەدایە كە لەو گریمانانەی كە دەیەوێ لە واقیع نزیك بێتەوە لە راستیشدا لێی دوورە، دوور بكەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر كار بەو گریمانانەش دەست پێبكرێت. هەروەها سودی بونیاتنانی توانا مرۆییەكان، بۆ زامنكردنی كاركردنی بەردەوامی بێ پچڕانە لە ئایندە. ئەگەر سیاسەتێكی دیاریكراو لە ماوەیەكی دیاریكراو جێبەجێكرا، ئەوا سیاسەتێكی تەواوكاری ئەو سیاسەتە دەشێ بۆ درێژەدان بەو پەرەسەندنە دابڕێژرێت، ئەویش لەڕێی ئەو توانا مرۆییانەی كار بۆ بونیاتنایان دەكرێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم یەكەیە ئیدارەی ئەو پڕۆژانە دەدات كە بایەخ بە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەكای دەوڵەتە جیاوازەكانی جیهان دەدەن، لەڕێی زانكۆ و دامەزراوەكانی تر بەڵام بە سەرپرشتی ئەمان، ئەو سەرپەرشتیكردنە پەسەندكردنی توێژینەوە، وردبینی دەرئەنجامەكانی لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەپێی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دیاریكراوەی پڕۆژەكەی دەوێت، هەروەها لەڕێی رێككەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەی ئەركی جێبەجێكردنی توێژینەوەكە دەكات، رەنگە دیارتری پڕۆژەی ئێستای ئەم یەكەیە، «كێشە داراییەكانی هیندستان‌و نیپالە»، كە هەوڵی دیزاینكردنی سیاسەتێكی بۆ دەدەن، هەروەها پڕۆژەیەكی تریان لەگەڵ پاكستان هەیە تایبەتە بە كاروباری خوێندن، پڕۆژەیەكی تریان هەیە بۆ سعودیە كە بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی كارە لەو دەوڵەتە.

مەعریفە لەسەر ئاستێكی فراوان بڵاودەكاتەوە
ئەو چالاكییانەی زانكۆی هارڤارد پێی هەڵدەستێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هێزێكی كاریگەریی فراوانتری نەك هەر لەسەر ئاستی ئەمریكا كە زانكۆكەیانی تێدایە، بەڵكو لەسەر ئاستی تەواوی جیهان پێ دەبەخشێت، بێگومان ئەو زانكۆیە بەو چالاكییانەی دڵخۆشە، نەك لەبەر ئەوەی دەستهاتێكی دارایی زۆری لێوە مسۆگەر دەكات، بەڵكو ئەو چالاكییانە بەشداری لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا دەكات وەك دامەزراوەیەكی مەعریفی جیهانی، كە مەعریفە لەسەر ئاستێكی فراوان بڵاودەكاتەوە، بەمەش كاریگەریی لەسەر عەقڵە ناوازەكان و كۆمەڵگە جیاوازەكانی جیهان دەكات.
ئەوەی دەكرێ لێرەدا تێبینی بكەین ئەو رۆڵەی زانكۆی هارڤاد پێی هەڵدەستێت، رەنگە زانكۆی تریش لە جیهان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو رۆڵە بگێڕن، ئەو زانكۆیانە شانسیان هەبێت، چونكە زانكۆكانی تری دەوڵەتان ئەرك و چالاكییەكی لەو جۆرە نە لەناو دەوڵەتەكانی خۆیان و نە لەسەر ئاستی جیهان ئەنجام نادەن، گۆڕەپانەكەیان بە كراوەیی بەبێ كێبڕكێیەكی كارای ناوخۆیی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەوان بەجێ هێشتبێت. ئەمە لە كاتێكدایە، كە زانكۆكانی خودی دەوڵەتان لە ئەرزی واقیعی خۆیان نزیكترن و هەروەها لە پەیوەندیدارانی بونیاتنای توانا مرۆییەكانەوە نزیكن. بەو هیوایە زانكۆكانمان هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە تاوەكو بتوانن رۆڵێكی گەورەتر و باشتر لە دیزاینكردن و داڕشتنی سیاسەتی گەشەپێدان و پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان بگێڕن و كار بۆ پراكتیزەكردنیش بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

1 × 5 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێگای دەوڵەتداری

فەلاح كەریم 1 بە بیرەوەری سەدان پشتی ئەم گەلانەی خاكی ...