سەرەکی » راپۆرت » دۆزی كورد‌ بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەی SI بوو

دۆزی كورد‌ بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەی SI بوو

* راپۆرتی عیماد عەبدولقادر فەرهادی

رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالSocialist International كە رێكخراوێكی جیهانییە، ١٦٢ حزب‌و رێكخراوی سۆسیالیستی‌و سۆشیال دیموكراتەكان تێیدا ئەندامن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئەندامێكی هەمیشەیی رێكخراوەكەیە.
ئەم رێكخراوە لەساڵی ١٩٥١ دامەزراوەو بارەگای سەرەكی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە. لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی كێشەی ناوخۆییەوە بەشێك لە ئەندامەكانی جیابوونەوە، كە زیاتریان حزبە سۆسیالیست‌و سۆسیال دیموكراتەكانی ئەوروپا بوون، رێكخراوێكی جیهانیی تریان دامەزراند بەناوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز Progressive Alliance. (ی.ن.ك) بۆئەوەی نەبێتە لایەن لەناكۆكییەكانی هەردوولا، بڕیاریدا لە هەردوو رێكخراودا وەك ئەندامی هەمیشەیی كاربكات، لەڕێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال جگە لەوەی ئەندامی هەمیشەییە، ساڵانێكی زۆر خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال جێگری سەرۆكی رێكخراوەكەبوو، دواتریش وەك سەرۆكی فەخری دەستنیشانكرا. لەڕێكخراوی هاوپەیمانیی پێشكەوتنخواز Progressive Allince یش سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی (ی.ن.ك) ئەندامی بۆردی رێكخراوەكەیە.

یەكێتی وەك ئەندامی هەمیشەیی بەشداربوو
رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونال هەر چوارساڵ جارێك كۆنگرەیەك دەبەستێت‌و ساڵانەش لە دوو كاتی جیاوازدا دوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێكخراوەكە دەكات. لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی رێكخراوەكە كە رۆژی 28/1/2019 لەشاری (سانتۆ دۆمینگۆ)ی كۆماری دۆمەنیكان بە ئامادەبوونی سەرۆك‌و سكرتێری گشتی SI‌و سەرۆك كۆماری دۆمەنیكان‌و سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیاو وەزیری دەرەوەی دۆمەنیكان‌و ئەندامانی SI دەستی بەكارەكانی كرد‌و سێ رۆژی خایاند. عیماد عەبدولقادر فەرهادی ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە وەك نوێنەری (ی.ن.ك) بەشداریی كرد. ئەمەی خوارەوەش پانۆرامای كارەكانی هەر سێ رۆژی كۆبوونەوەكە‌و كارو چالاكییەكانی نوێنەری (ی.ن.ك)ە لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا.
رۆژانی 28 تا 31/1/2019، كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی رێكخراوی SI بە بەشداریی 62 پارتی جیاوازی جیهان لەكیشوەرەكانی ئاسیاو ئەفریقیاو ئەوروپاو ئەمریكای باكوورو باشوور بەڕێوەچوو. (ی.ن.ك)یش وەك ئەندامی هەمیشەیی SI بەنوێنەرێكی رەسمیی بەشداریكرد، هاوكات هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) وەك چاودێرو تەماشاكار بەشداربوون.
دانیلۆ مەنیلی سەرۆك كۆماری دۆمەنیكان كۆبوونەوەكانی SI بەوتارێك دەستیپێكردو ئاماژەی بەو مەترسییانە كرد كە بەهۆی لافاوی بزووتنەوەی پۆپۆلیزمەوە دووچاری پرۆسەی سیاسی لەجیهاندا بوونەتەوە.
پاشان میگێل ڤاركەس سەرۆك وەزیرانی دەرەوەی دۆمەنیكان، وتاری پارتی شۆڕشگێڕی دۆمەنیكان PRD پێشكەشكرد. PRD لەساڵی 1939 دامەزراوەو ئێستا حزبی دەسەڵاتدارە، دواتر وتاری جۆرج پاپاندریۆس سەرۆكی سۆشیال ئینتەرناسیونال پێشكەشكرا، دوا وتاری سەرەكیش لەلایەن لویس ئایالا سكرتێری گشتی SI وە پێشكەشكرا.

گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر
كۆبوونەوەكان لەسەر سێ تەوەری جیاواز گفتوگۆی دەربارەی كێشەكانی جیهان كرد. یەكەمیان بریتیبوو لەچۆنێتی پاراستنی ئەو دیموكراسییەی تا ئێستا لەجیهان بەدەستهێنراوە لە مەترسی هێرشەكانی پۆپۆلیزم، كە سوود وەردەگرێ لەهەواڵی دەستكرد Fake news‌و سەندنەوەی متمانە لە دامودەزگا حكومی‌و دەزگاكانی میدیاو بەكارهێنانی هێرشی ئەلیكترۆنی cyber attack‌و چەندین جۆری تر لە پێشێلكارییە تەكنەلۆژییەكان.
تەوەرێكی تری باسەكان بریتیبوو لەهاندانی فرە تەوەری لە حوكمڕانیدا بۆ زامنكردنی ئاشتی‌و گەشەسەندنی بەردەوام، بە مەبەستی بەشداریی پێكردنی زۆرترین چین‌و توێژی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەپاراستنی هاوسەنگی بەشداریكردنی ژن‌و پیاو. سێیەم تەوەریش بابەتێكی هەستیاری لەخۆگرتبوو، ئەویش داكۆكیكردن بوو لەمافەكانی گشت مرۆڤێك بە هەموو جیاوازییەك‌و بەرەنگاربوونەوەی زینۆفۆبیا دژ بە رەگەزو ئایین‌و كەمایەتییە نەتەوەییەكان.

پشتگیری لە دۆزی كورد بكرێت
(ی.ن.ك) تاكە حزبی كوردی ئامادەی كۆبوونەوەكان بوو، كە بتوانێ دەنگ بدات لەسەر بڕیارەكانی SI‌و پرۆپۆزەلی بەیاننامە لەسەر پرسی كورد پێشكەش بەسەركردایەتی SI بكات، بە مەبەستی دەنگدان لەسەری‌و پەسەندكردنی. دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردییەكانی تر كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، نوێنەری (ی.ن.ك) رەشنووسی پرۆپۆزەلی بەیاننامەی SI پێشكەش بە سەركردایەتیی SI كرد. هەروەها عیماد فەرهادی نوێنەری یەكێتی كۆبوونەوەیەكی راستەوخۆی لەگەڵ جۆرج پاپاندریۆس سەرۆكی SI ئەنجامدا، بەمەبەستی گەیشتن بە دوا رەشنووسی بەیاننامەكە. لەڕۆژی سێیەم‌و كۆتایی كۆبوونەوەكان بەكۆی دەنگی ئامادەبووان پەسەندكراو خرایە ناو دۆسێی كاری SI.
لەبەیاننامەكەی SI دا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا كە پشتگیری لەدۆزی كورد بكرێت‌و هەوڵ بدرێت دەست تێوەردانی هێزە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەكانی دراوسێی ناوچە كوردییەكان كەم بكرێتەوە.
لەهەمان بەیاننامەدا، SI داوا دەكات زلهێزەكانی وەك ئەمریكا سوپایان لە رۆژئاوای كوردستان نەكشێننەوە، لەبەرئەوەی هەر كشانەوەیەكی سەربازی لەو شێوەیە دەبێتە دروستبوونی هەلی نوێ بۆ سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆرستی لەبابەتی داعش.

نوێنەری یەكێتی‌و چەندین دیدار‌و كۆبوونەوە
لەپەراوێزی كۆبوونەوە گشتییەكاندا، عیماد عەبدولقادر فەرهادی چەندین كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرانی هەریەك لەحزبە سۆسیالیستەكان، (پارتی خەڵكی پاكستان بەئامادەبوونی خاتوو شازیە مارر‌و حەیدەر قوڕەیشی ئەندام پەرلەمانی پاكستان لە حزبەكەی سەرۆك بەنازیر بۆتۆ. خاتوو ئێلسا ئیسپەنۆزا لەپارتی شۆڕشگێڕی مەكسیك‌و جێگری سەرۆكی SI. پۆلینا لامپسا بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆكی SI. ئەلیخاندرۆ ناهێرە سكرتێری پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی سۆسیالیستی كرێكارانی ئیسپانیا. ماكسیمۆ مۆرینۆ بەڕێوەبەری دەستەی ئیداری پارتی ئاسۆ دۆری دۆمەنیكان. ریكاردۆ چافاورا-پارتی لیبراسیۆنی كۆستاریكا. لۆرینا ئیجاتومی-بزووتنەوەی فەتحی فەلەستین. ئەبو ڤیلان-پارتی مێریتنزی ئیسرائیلی. نەبیل شەعس-حزبی فەتحی فەلەستینی. ئوگۆ ئینتینی-پارتی سۆسیالیس ئیتاڵی PSI وەفا حاجی سەرۆكی كۆمیتەی ژنانی SI، كە داوای هاوكاری‌و هەماهەنگی‌و پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان ژنانی (ی.ن.ك)‌و ژنانی SI كردو ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكی دەربڕی).
رۆژی دووەمی كۆبوونەوەكە، سەردانی پیدرۆ سانشێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیای بەخۆوەبینی، كە لەحزبی سۆسیالی كرێكارانی ئیسپانیا ئەندامە‌و بەر لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، یەكێكبوو لەجێگرەكانی سەرۆكی SI. سانشێز وتارێكی خوێندەوە‌و تیایدا جەختیكردەوە كە دەبێت حزبە سۆسیالیستەكانی جیهان هەوڵبدەن یەكگرتووتربن تابتوانن دیموكراسیەت لەجیهاندا بەردەوامی پێبدەن.
كۆبوونەوەكان چەندین بڕیارو بەیاننامەی لێكەوتەوە، یەكێك لە بڕیارە هەرە گرنگەكانی ئەم كۆبوونەوەیە ئەوەبوو كە بەكۆی دەنگی ئەندامە هەمیشەییەكان، مافی ئەندامێتی‌و متمانە لە بەرەی ساندەنیستای وڵاتی نیكاراگوا سەندرایەوە. هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی بەیاننامەی SI سەبارەت بە دۆزی كورد، چەندین بەیاننامەی تر بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكران، ئەوانیش بریتیبوون لە بەیاننامە لەسەر رەوشی فەنزوێللا، (هۆلۆكۆست)، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، رەوش‌و بارودۆخەكانی (سەهارا)و بەرەی بۆلیساریا.

كۆبوونەوەی كۆمیتەی كوردی SI بكرێت
بەیاننامەكەی SI سەبارەت بە كورد داوا دەكات بە زووترین كات كۆبوونەوەی كۆمیتەی كورد ئەنجام بدرێت.
شایەنی ئاماژەیە، لەدواترین كۆبوونەوەی SI كە لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2018 لە جنێڤ بەڕێوەچوو، كۆمیتەی كوردی SI زیندووكرایەوە‌و (ی.ن.ك)یش هەوڵ دەدات كە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەكە لە هەرێمی كوردستان بكرێت‌و ئەو پێشنیازەی خستۆتە بەردەم سەرۆكایەتی‌و سكرتاریەتی گشتیی SI.
بڕیاریشە هەریەك لە جۆرج پاپاندریۆڤ‌و لویس ئایالا دۆستی دێرینی یەكێتی‌و دۆستی نزیكی هەڤاڵ مام جەلال، لەئایندەیەكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

*ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (ی.ن.ك)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

seventeen − 10 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

14 ساڵ پێش ئێستا بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیـــەك بوو بە ‌سەرۆك كۆمار

6/4/2005 ئەو رۆژەی هەڤاڵ مام جەلال بوو بە یەكەم سەرۆك ...