سەرۆك مام جەلال، لە مورافەعە گەورەكەیدا، كە 15 ساڵ پێش ئێستا لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوكمی ئەوكاتی عیراقدا بەڵگەنامەو دۆكیومێنتە گرنگەكانی لەسەر كوردستانیبوونی كەركوكو نەخشەی كوردستان، خستەڕوو، ئەو رووداوە مێژووییە، جگە لەكاردانەوەكانی ناوخۆ، لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهانیش دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو و جارێكی تر نەخشەی كوردستانی بەبیر هەمووان هێنایەوەو ئەو راستییەی سەلماندەوە كە كەركوك بەشێكە لەخاكی كوردستان.
یەكێك لەشاكارەكانی سەرۆك مام جەلال
لەبارەی مورافەعە مێژووییەكەی سەرۆك مام جەلال، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) بەكوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژی 9ی شوباتی 2004 لەسەروبەندی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا، سەرۆك مام جەلال لەو مورافەعە مێژووییو گەورەیەدا لەبارەی نەخشەی كوردستانو مێژوو و جوگرافیای كەركوكەوە ئەو بەڵگەنامانەی خستەڕوو، كە نەك تەنیا لەكوردستانو عیراقدا، بەڵكو لەهەموو جیهاندا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، ئەوەش یەكێكە لەمورافەعە هەرە گرنگەكانو یەكێك بووە لەشاكارەكانی سەرۆك مام جەلال، وتیشی: سەرۆك مام جەلال، لەمورافەعەكەیدا دەریخست كە ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر كەركوك دەكرێن، هەمووی گفتوگۆی سەرزارەكینو بەهەمووانی وت ئەگەر دەتانەوێ بزانن دانیشتووانی كەركوك كێ بوون، دەتوانن بڕۆن بەدوای تۆماری 1947و 1957دا بگەڕێنو بزانن دانیشتووانی ئەو شارەو پێكهاتەكانی كێ بوونو چۆن بوون؟.
وەرچارخانێكی مێژوویی لەمێژووی نەتەوەییماندا
هەر لەوبارەیەوە، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی سەوز، بۆ كوردستانی نوێ وتی: مورافەعەكەی سەرۆك مام جەلال، وەرچارخانێكی مێژوویی بوو لەمێژووی نەتەوەییماندا، وتیشی: سەرۆك مام جەلال، لەو مورافەعەیەدا لەبەرچاوی ژمارەیەكی زۆر لەنوێنەرو بەرپرسانی لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی عیراق لەناو ئەنجومەنی حوكمدا، بەبەڵگەو دۆكیومێنت سنووری كوردستانی دیاریكردو سەلماندی ئەو ناوچانەش بەشێكن لێی. هەر ئەو كاتەش ئامادەبووانی نێو ئەنجومەنی حوكم هیچ كاردانەوەو وەڵامێكیان نەبوو، كە دواتر بەهۆی بەهێزیی ئەو بەڵگەو دۆكیۆمێنتانەوە بەشێكی زۆر لەمافەكانی كورد لەدەستووری هەمیشەیی عیراقدا جێگیركرانو نەیانتوانی نكوڵی لێبكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە، بەمانای ئەوە نییە كورد نەتەوەكانی تر رەتبكاتەوە، بەڵكو وەك لەفەلسەفەی سەرۆك مام جەلال-دا هاتووە: «پێكەوەژیان تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ كەركوكو ناوچە كوردستانییەكانی تر، كە تائێستا لەسەر هەرێم نین، ئارام بنو ئایندەیەكی گەشیان هەبێت».
یەكێك لە كارە هەرە گەورەو پرشنگدارەكان
هەر پەیوەست بەو پرسە، بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەوەی كە سەرۆك مام جەلال لەمورافەعەكەی ئەنجومەنی حوكمی ئەوكاتی عیراقدا لەڕوونكردنەوەی نەخشەی جوگرافیای كەركوك، خستیەسەر مێزی هێزو لایەنە عیراقییەكان، یەكێكبوو لەكارە هەرە گەورەو پرشنگدارەكانی سەرۆك مام جەلال، كە لەمێژوودا هەمیشە باسی لێ دەكرێو دەوترێتەوە، وتیشی: لەو مورافەعەیەدا، سەرۆك مام جەلال، چۆنێتی كوردستانیبوونو مێژووی پێكهاتەكانی كەركوك رووندەكاتەوە، كە ئەو شارە شارێكی كوردستانییەو پێكهاتە رەسەنەكانی هەمووان تێیدا وەك برا دەژینو هەر لەسەرەتاشەوە سەرۆك مام جەلال لەپاڵ ئەوەی داكۆكیكارێكی سەرسەخت بوو لەسەلماندنی كوردستانیبوونی كەركوك، لەهەمانكاتدا بڕوای وابوو كە پێكهاتەكانی كەركوك بەیەكەوە دەتوانن لەناو ئەو شارەدا بژین، بۆیە مام جەلالو یەكێتی، رۆڵی گەورەیان لەكۆكردنەوەی پێكهاتەكاندا گێڕاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد كە سەرۆک مام جەلال، هەمیشە داكۆكیكارێكی سەرسەختی كەركوكو ئەو ناوچانە بووە، كە پێیانوتراوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمو لەماوەی كاركردنی خۆیدا وەك سەرۆك كۆماری عیراق، هەروەها وەك سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)و لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە، هەمیشە دروشمێكی هەبووە كە لەگوێی هەموو تاكێكی كورددا دەزرنگێتەوە، كە دەڵێت «كلیلی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد، كەركوكەو فەقەت كەركوكەو هەر كەركوكیش دەبێت».