سەرەکی » دۆسێ » گەشتێکی کورت بەناو مێژووی خوێناوی نەوت لە جیهاندا

نەوت نیعمەتە یان نەهامەتییە بۆ گەلان؟!

گەشتێکی کورت بەناو مێژووی خوێناوی نەوت لە جیهاندا

ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

نەوت ئەو ماددەیەی کە پێی دەڵێن ئاڵتوونی ڕەش،ئەو شـمەکەیە کە هەموو دەوڵەتانی جیهان ، چ گەورەبن یان بچووک ، بە دوایدا وێڵن . وا بۆ ماوەی نزیکەی زیاتر لە سەدەیەک دەچێت، نەوت بە بڕبڕەی پشتی ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی دادەنرێت. نەوت ماددەیەکی سروشتییە، کە دەتوانرێت نزیکەی 500 شـمەکی جۆراوجۆری لێ دروستبکرێت، بەشێوەیەک کە زۆرێک لە پسپۆرانی بواری ئابووری بە دایکی هەموو بەرهەمە پیشەشازییەکانی دادەنێن.
هەمووکاتێکیش چ لە سەدەی رابردووە چ لە ئێستاشدا، نەوت کاریگەری گەورەی بەسەر چارەنووسی گەلی کوردەوە هەبووە، زۆرجاریش ئێمەی کورد بوینەتە قووربانی نەوت، بەڵام لە ئێستادا زۆرکەس، سامانی نەوتی کوردستان، وەکو هیوایەک دادەنێن بۆ سەربەخۆبوونی گەلی کورد لە چنگی داگیرکەرانی.
ئێمە لەم دۆسێ تایبەتەدا هەوڵدەدەین مێژووی پیشەشازی نەوت لەسەد ساڵی پێشوودا بخەینە ڕوو، لەهەمانکاتیشدا کێشەو گرفتەکانی ، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی پیشان بددەین. هەروەها تیشکێکیش دەخەینە سەر مێژووی سامانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی باس دەکەین.

نەوت لە پیرە داری مێژوودا
به ‌پێی بۆچوونی زۆرێک له‌ پسپۆرانی نه‌وت، پێیان وایه‌ که‌ نه‌وت، له‌ ئه‌نجامی له‌ناوچوونی ئه‌و دارستان و گیانله‌به‌رانه‌ دروستبووه‌، که‌ پێش هه‌زارانساڵ له‌سه‌ر زه‌وی ژیاون پاشان که‌وتوونه‌ته‌ ژێرزه‌وییه‌وه‌. له ‌ئه‌نجامی تێکه‌ڵاوبوونی ئه‌و ماددانه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆری پێچووه‌، ‌ بۆته‌ ئه‌م نه‌وته‌ ڕه‌شه‌ی ئه‌مڕۆ.
بۆ یه‌که‌مجار ووشه‌ی نه‌وت، له‌ لایه‌ن بابلیه ‌کۆنه‌کانه‌وه‌ به‌کارهات و پێیان ده‌گووت (Naphtha)نەفتا. جێگەی ئاماژەیە ووشه‌ی (نفت)ی عه‌ره‌بیش له‌ وشه‌ سریانیه‌که‌وه‌ هاتووه‌. پاشان ووشه‌یPetroleum به‌کارهێنرا، که‌ ووشه‌یه‌کی لاتینی کۆنه‌، به‌ مانای ( به‌ردی نه‌وت، یان زه‌یت) دێت.
بۆ یه‌که‌مجاریش بابلیه‌کان نه‌وتیان به‌کارهێنا، به ‌تایبه‌ت له‌ ڕێگاوبانه‌کاندا، پاشان له‌ زۆر شتی تریش به‌کاریانهێنا. حاموورابی کاتێک ساڵی 1875 پێش زایین بۆ نووسینی ده‌ستووره‌که‌ی، مره‌که‌بی نه‌وتی بۆ به‌کارهێناوە. پاشان له‌ ئیمپراتۆریه‌تی بیزه‌نته‌و یۆنانیدا وه‌کو گووله‌ تۆپ به‌کارده‌هێنرا. لێ یه‌که‌مجار نه‌وت وه‌کو مادده‌یه‌کی گرنگی ژیانی خه‌ڵکی له‌ ئه‌مریکا به‌کارهێنرا.
کاتێک دکتۆرێکی بایلۆژی که‌نه‌دی ناوی» ئەبراهام گێسنەر Abraham P. Gesner «ساڵی 1845 له‌ ولایه‌تی په‌نسلڤانیا، توانی له‌ نه‌وت مادده‌یKerosin بدۆزێته‌وه‌و پاشان ‌بۆ چرای رووناکی به‌کارهێنرا. ئەبراهام گێسنەر لە 2 مای ساڵی 1797 لە کەنەدا لەدایک بووەو لە 29 ئەپریلی 1864 کۆچی دواییکردووە. سەرەتای بەکارهێنانی نەوت وەکو وزە لەلایەن ئەم پیاوەوە بوو. ساڵی 1850 گێسنەر کۆمپانیاییەک بەناوی» Kerosene Gaslight Company « دادەمەزرێنێت. ئەم کۆمپانیاییە تایبەت بوو بە فرۆشتنی «گیرۆسین» کە ئەوکاتە تەنها بۆ چرای ڕووناکی بەکاردەهات. بەتایبەتی حکومەتی ئەمریکا و کەنەدا، شەقام و ڕیگاکانیان بەم چرایانە ڕووناک دەکردەوە.
ئەم کۆمپانیایە بەردەوام بوو هەتا ساڵی 1856، پاشان ئەم کۆمپنیایایە فرۆشڕا بە کۆمپانیای «Standard Oil Company «، لێرەشەوە سەرەتایەکی نوێ بۆ پیشەشازی و بازرگانی نەوت دروست دەبێت.

Standard Oil Company دایکی هەموو کۆمپانیا نەوتیەکانی جیهان
ساڵی 1863 جۆن دی ڕۆکەفێڵەر John D. Rockefeller بۆ یەکەمجار پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ولایەتی «پەنسلڤانیا «لە ئەمریکا دامەزراند. لێرەوە گەڕان و پشكنین بە دوای نەوت سەریهەڵدا. سەرەتا ئەم کۆمپانیایە تەنها گازی «گیرۆسین» ی دەفرۆشت، کە بۆ ڕووناکردنەوە بەتایبەتی چرا بەکاردەهات. پاش ئەوەی زانای بەناوبانگی ئەمریکی «تۆماس ئەدیسۆن» ساڵی 1880 کارەبا و گڵۆپی داهێنا، کۆمپانیای ستاندەر ئۆیل هێندەی تر بەرەوپێشەوە چوو، چونکە نەوت بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕووناککردنەوە لە ئەمریکا و جیهان.
کاتێکیش ساڵی 1907 هنری فۆرد، گەورەترین شۆڕشی لە پیشەشازی ئۆتۆمبێل بەرپاکرد، بە شێوەیەک کە وایلێهات بەشێکی زۆری خەڵکی بتوانن ئۆتۆمبێل بکڕن، ئەمەش هێندەی تر پیشەشازی نەوت پێشخست. لەم پێشکەوتنەشدا، کۆمپانیاکەی ڕۆکەڤێڵەر، سوودمەندی سەرەکی بوو.
لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەشازی ئۆتۆمبیل لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، لە نەوت کۆمەڵێک ماددەی تری لێ بەرهەمهێنرا وەکو: «بەنزین، نەوتی ئاسایی، گیرۆسین» .
رۆکەفێلدەر هەر لەسەرەتاوە گرینگی سامانی نەوتی بۆ دەرکەوت، دەیزانی کە ئەم سامانە سروشتییە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە نەخشەی سیاسی و ئابووری جیهاندا. سەرەتا رۆکەفێڵەر تەنها گیرۆسینی دەفرۆشت، ئەو هات چرای بە خۆرایی دەدا بە خەڵکی بە مەرجێک گیرۆسین لە کۆمپانیای ستاندەر ئۆیل بکڕن، ئەمەش سیاسەتێکی بازرگانی گەورە بوو، لە ماوەیەکی کەمدا، سامانێکی زۆری کۆکردەوە.
رۆکەفێڵەر بەمەش نەوەستا، ئەو هات جگە لە دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت، دەستیشی بەسەر تەواوی گواستنەوەی نەوت دا لە ئەمریکادا گرت. هیچ کۆمپانیاییەکی تری ئەمریکی نەیدەتوانی مونافەسەی ستاندەر ئۆیل بکات. لە سەرەتای ساڵی 1900 ستاندەر ئۆیل کۆنترۆڵی 90% پیشەشازی نەوتی ئەمریکای کرد. هەتا ئەوکاتە نەوت تەنها بۆ مەبەستی ڕووناککردنەوە بەکاردەهات. بەڵام لە پاش ساڵی 1907 کاتێک هنری فۆرد، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری ئۆتۆمبیلدا کرد، شانسێکی گەورەتری بە رۆکەفێڵەر و کۆمپانیاکەی دا، هەر زوو هاوپەیمانییەک لە نێوان فۆرد و رۆکەفێڵدا دروست بوو. گەشەسەندنی پیشەشازی ئۆتۆمبیل وایکرد کە پیشەشازی نەوت بەهێزتر بکات، چونکە ئۆتۆمبیل پێویستی بە بەنزین هەیە، ئەویش یەکێکە لە مشتەقاتی نەوت، بەمەش بارزگانی ستاندەر ئۆیل بەهێزتر بوو.

نارەزایبوونی خەڵكی
گەورەبوونی ستاندەر ئۆیل بوو بە مایەی ناڕەزایی زۆرێک لە کۆمپانیاکان و خەڵکی ئاسایی ئەمریکی، هەرچەندە رۆکەفێلەر بە هەموو شێوەیەک دژی هەر سیاسەتێک دەوەستایەوە کە دژ بە بەرژەوەندی ئەو بێت، زۆرجاریش هانای بۆ توندوتیژیش دەبرد، بەڵام ئەم حاڵەتە نەیتوانی بەردەوام بێت، ساڵی 1911 کۆنگرێستی ئەمریکی یاسای «قەدەغەکردنی کارتێل و مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕ لەلایەن کۆمپانیایەکەوە «دەردەکات. کە ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایەش، هەوڵدان بوو بۆ لەناوبردنی مۆنۆپۆلی ستاندەر ئۆیل. بەڵام یەکسەر رۆکەفێلەر بیری لەسیاسەتێکی تر کردەوە، ئەوەبوو کۆمپانیاکەی بۆ چەند کۆمپانیایەکی بچووک دابەشکرد لەوانە: ستاندەر ئۆیل ئۆف کالیڤۆرنیا، ستاندەر ئۆیل ئۆف ئیندیانا» چەند کۆمپانیاییەکی تری بچووکی دروستکرد، بەڵام هەر خۆی خاوەنی هەموویان بوو.
بیرۆکەی نوێ بۆ کارکردن
کاتێک ساڵی 1911 ستاندەر ئۆیل گەورەترین زەربەی بەرکەوت و بۆیدەرکەوت کە ناتوانێت وەکو جاران بەردەوام بێت، هەربۆیە بیریان لە دەرەوەی ئەمریکا کردەوە، سەرەتا ستاندەر ئۆیل هانای بۆ ناوچە نەوتییەکانی ئەمریکای لاتین برد، سەرەتا لە مەکسیک و پاشان ڤێنزیوێلا، بۆ گرتنە دەستی ئەم ناوچە نەوتیانەش، هاوپەیمانییەکی لەگەڵ چەند جەنەڕال و بازرگانە چاوچنۆکەکانی ئەو ناوچانە بەستبوو، بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی دەکرد، کە زۆرجار هانایان بۆ شێوازی نا مۆڕاڵی و عەسکەرتاری دەبرد.

کێبڕکێی زلهێزەکان بۆ نەوت لە جیهاندا
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا جگە لە کۆمپانیای ستاندەر ئۆیل، لە چەندین شوێنی تری جیهان، پیشەشازی نەوت پێشکەوت و کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی گەورە دروستبوو.
کۆمپانیای شێل
دوو بازرگانی هۆڵەندی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە بازرگانی نەوتدا، یەکەمیان «مارکوس ساموێڵ» کە بازرگانێکی جوولەکەی هۆڵەندی بوو، ئەو سەرەتا لەگەڵ حکومەتی روسیای قەیسەری ڕێكەوت، بۆ دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتی قەوقاز بەتایبەتی لە ئازەرباینجان.
بازرگانێکی تری هۆڵەندی کە ئەویش «Henri Deterding، هنری دێتەردینگ» ئەمیش بە تەواوەتی نەوتی وڵاتی ئەندەنووسیای کۆنترۆڵکردبوو. پاشان لەگەڵ مارکوس ساموێل پێکەوە یەکدەگرن و کۆمپانیای «ڕۆیال شێڵ دویتچ» دروست دەکەن، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش یەکێکە لە هەر گەوەرە کۆمپانیاکانی نەوت لە جیهاندا.
لەپاش ئەمە ئیتر کۆمپانیای شێل، دەبێتە گەورەترین مونافیسی ستاندەر ئۆیل لە جیهاندا.

ئینگلیز و نەوت
ئینگلتەرا کە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی کۆڵۆنی بوو لە جیهاندا بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، راستە لەوکاتەدا لەناو ئینگلتەرا هیچ نەوت نەبوو، بەڵام لە ناو کۆڵۆنیاکانی ئینگلتەرادا، سامانێکی زۆری نەوت هەبوو، بەتایبەتی لە کەنداوی فارسیدا.
ساڵی 1901 بارزگانی ئینگلیزی «ولیەم نۆرس دارس» توانی لەگەڵ شای ئێران ڕێکەوتنێک مۆربکات بۆ ماوەی شەست ساڵ، کە مافی گەڕان و پشکنین و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت لە ئێران دەستکەوت. بۆ یه‌که‌مجار له‌ ئایاری 1908، کۆمپانیای به‌ریتانی و فارسی دروست ده‌کرێت., جێگەی ئاماژەیە ئەمڕۆ ئەم کۆمپانیایە ناوی «BP» بی پی.
ساڵی 1909 / 1910 ده‌ست ده‌که‌ن به‌ دروستکردنی پاڵاوگه‌ی نه‌وتی عه‌بادان . ساڵی 1913 به‌رهه‌می ئه‌م پاڵاوگایه‌ گه‌یشته‌ 400 هه‌زار ته‌ن، بەمشێوەیەش ئینگلیزەکان جێپێی خۆیان لە وڵاتی ئێران قایمکرد.

بڕیاڕە گرنگەکەی چڕچڵ
ساڵی 1911 چرچڵ کە ئەوکات وەزیری بەرگری بەریتانیا بوو، بڕیارێکی ستراتیژی و سەربازی گەورە دەدات، کاتێک بڕیاریدا کە هەموو کەشتیگەلی بەریتانی، لەجیاتی پشت بەستن بە خەڵوزی بەردەین، پشت بە نەوت ببەستن، ئەمەش لە ڕووی عەسکەرییەوە زۆر گرنگ بوو، توانی کەشتیگەلی بەریتانی بەهێزتر بکات، ئەو کاتە هەردوو کەشتیگەلی ئەڵمانی و ئەمریکی گەورەترین مونافیسی بەریتانیا بوون. لێرەشەوە نەوت وەکو سیاسەتێکی ستراتیژی گرینگ لە لایەن زلهێزەکانی جیهانەوە دانرا.
ساڵی 1933 ئینگلیزه‌کان له‌گه‌ڵ ڕه‌زا شای ئێراندا دووەم ڕێکه‌وتنیان مۆرکرد. به‌پێی ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌، ئینگلیزه‌کان مافی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی ئێرانیان وه‌رگرت . له‌به‌رامبه‌ردا ده‌بوایه‌ ساڵانه‌ 4 ملیۆن پاوه‌ند به‌ حکومه‌تی ئێران بدده‌ن، ساڵانه‌ش به‌رهه‌می نه‌وت به‌رزبکرێته‌وه‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش تاساڵی 1950 بۆ 16 ملیۆن پاوه‌ند زیادبکرێت. دیاره‌ ئه‌م کۆمپانیایه‌ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی له‌ باری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێراندا بینی . له‌ شاری عه‌بادان گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ی نه‌وتی له‌ جیهاندا دروستکرد. زیاتر له‌ 53 هه‌زار کرێکار کاری تێدا ده‌کرد. به‌ڵام له‌ باری سیاسیه‌وه‌، هه‌موو ئێرانیه‌کان به‌ چاوی ڕقه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م کۆمپانیایه‌یان ده‌کرد.

ئینگلیز و نه‌وتی عیراق و کوردستان
پاش کۆتایی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان، له‌ ڕێگای ڕێکه‌وتننامه‌ی سایک بیکۆ، هه‌موو رۆژهه‌ڵات له‌ نێوان ئینگلیز و فه‌ره‌نسا دابه‌شکرا. سه‌ره‌تا ولایه‌تی موسڵ به‌ر فه‌ره‌نسیه‌کان ده‌که‌وت، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌ نه‌وتی تێدا دۆزرایه‌وه‌، ئینگلیزه‌کان توانیان له‌ فه‌ره‌نسای بستێننه‌وه‌و بیخه‌نه‌ سه‌ر عیراق. بەڵام دەبوایە ئەم نەوتە لە ڕێگەی بۆریەکی نەوتیەوە بە وڵاتی سوریا بگوێزرێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دیارە ئەوکاتە سوریا کۆڵۆنیای فەرەنسا بوو. پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهان، به‌ هاوبه‌شی کۆمپانیایه‌کی ئه‌مه‌ریکی، ساڵی 1929 کۆمپانیای نه‌وتی عیراق دروست ده‌کرێت. له‌ 27 ئۆکتۆبه‌ری 1930، بۆ یه‌که‌مجار ده‌ست به‌ ده‌رهێنانی نه‌وتی که‌رکووک ده‌کرێت.

نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و زلهێزانی جیهان
دیارە جگە لە ئینگلیزەکان، کۆمەڵێک زلهێزی گەورەی تری جیهانیش چاوییان بڕیبووە سامانی نەوتی لە ڕۆژهەڵات، بەتایبەتی وڵاتی ئەڵمانیا و ئەمریکا.

ئەڵمانیا و نەوتی ڕۆژهەڵات
ساڵی 1889،سوڵتان عه‌بدالحمید فه‌رمانێکی بۆ مافی گه‌ڕان و پشکنینی نه‌وت له‌ عیراق و کوردستان ده‌رکرد. ئه‌م مافه‌ش ته‌نها به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بوو، واته‌ ئه‌و خاوه‌نی سه‌ره‌کی کۆمپانیاکە بوو. یه‌که‌م ده‌وڵه‌تیش که‌ هه‌وڵی سوود وه‌رگرتنی له‌م فه‌رمانه‌ کرد، ئه‌مه‌ریکیه‌کان بوون . یه‌کسه‌ر ئەمریکا ئه‌دمیڕاڵێکی ده‌ریاوانی ئه‌مه‌ریکی به‌ناوی ئه‌دمیرال شوستەر، نارد بۆ ئه‌ستانه‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عوسمانی که‌وته‌ گفتووگۆ. به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌ڵمانیه‌کان هه‌وڵی باشتریان دا. ئه‌وه‌بوو ئیمپراتۆری ئه‌ڵمانی غلیوم، سه‌ردانی ئه‌ستانه‌ی کرد و پاشانیش سه‌ردانی دیمه‌شقی کرد و چووه‌ سه‌ر مه‌زارگه‌ی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی و چه‌پکه‌ گوڵێکی له‌سه‌ر دانا. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌ڵمانیه‌کان چوونه‌ دڵی جیهانی ئیسلامه‌وه‌.
ساڵی 1911 کۆمپانیای نه‌وتی توورکی دامه‌زرا. پاش ساڵێک واته‌ 1912 بۆ یه‌که‌مجار تیمێکی ئه‌ڵمانی، له‌ قه‌راج نزیکی که‌رکووک، نه‌وت ده‌دۆزنه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ش نه‌وتی کوردستان که‌وته‌ به‌رچاوی جیهان.

هێڵی ئاسنی رۆژهه‌ڵات( هێڵی / به‌غداد)
‌ هێڵی ئاسنی رۆژهه‌ڵات(هێڵی /به‌غداد- بەرلین) به‌ یه‌کێک له‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو ده‌ژمێرێت. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م هێڵه‌ش نه‌وت بوو. ئه‌وه‌بوو ساڵی 1903به ‌پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عوسمانی کرابوو. ئه‌ڵمانیاکان بۆیان هه‌بوو، 20 کم به‌هه‌ردوو دیوی هێڵه‌که‌دا بۆ نه‌وت بگه‌ڕێن . ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه‌ پشتگیری ده‌کراو، بانکی ئه‌ڵمانیش Deutsche Bank، له‌ڕووی دارایه‌وه‌ پشتگیری ده‌کرد. ئه‌م هێڵه‌ نزیکه‌ی 1600 کم درێژ بوو. هه‌تا سنووری ده‌وڵه‌تی کوه‌یتی ده‌گرته‌وه‌.
دیارە ئامانجی عوسمانیه‌کانیش زیاتر سه‌ربازی بوو تا ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، ئامانجی ئەڵمانەکانیش لەم پڕۆژەیە دوو مەبەست بوو، یەکەمیان: دەستگرتن بەسەر نەوتی ڕۆژهەڵات، دووەمیان: بەهێزکردنی دەوڵەتی عوسمانی، کەئەو کاتە هاوپەیمانی سەرەکیان بوو لە ناوچەکە و لە جیهاندا. عوسمانییەکانیش دەیانویست لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە هه‌موو ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان کۆنترۆل بکه‌ن. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ نه‌وتی عیراق و کوردستان بوو به‌ یه‌کێک له‌ شوێنه‌ گرنگه‌کانی جیهانی نه‌وت .

ئەمریکا و نەوتی ڕۆژهەڵات
هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمریکیەکان چاویان بڕیبووە نەوتی ڕۆژهەڵات، بەڵام هەمیشە ئینگلیزیەکان ڕێگری گەورەیان بوون، بۆ ئەوەی بگەنە نەوتی ڕۆژهەڵات. بەڵام لەپاش جەنگی دووەمی جیهانیەوە، کاتێک ئەمریکا وەکو زلهێزێکی گەورەی جیهان دەرکەوت، ووردە ووردە نەوتی ڕۆژهەڵات کەوتە ژێر دەستی ئەمریکاوە. سەرەتا لە عەرەبستانی سعودی دەستیانپێکرد.

ئەمریکا و هاوپەیمانی لەگەڵ ئال سعود و نەوت
ساڵی 1933 کۆمپانیای ستاندەر ئۆیلی ئەمریکی دێتە سعودییە و دەستدەکات بە دەرهێنانی نەوت لەم وڵاتەدا، دیارە ئەمەش لە ڕێگەی دیبلۆماتێکی ئینگلیزی کەناوی «هینری جۆن فیلدە»، ئەم پیاوە ڕاوێژکاری مەلیک سعودەو، وازی لە ناسنامەی ئینگیلیزی خۆی هێناوەو تەنانەت بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی بۆ عەبدوڵڵا گۆڕیبوو. هەر زوو ئەمریکیەکان هەست دەکەن کەئەم وڵاتە نەوتێکی زۆری تێدایە، بۆیە گرینگی زۆر دەدەن بەم وڵاتە.
لە 5 ڤێبراوەری ساڵی 1945، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا «رۆزڵڤێڵد» لە کۆبوونەی دوورگەی یاڵتا دەگەڕێتەوە، ئەو کۆبوونەوەیەی کە «ستالین و چرچل و ڕۆزڵڤێلد» تێیدا ئوروپا و جیهانیان لە نێوان خۆیان دابەشكرد، لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەر یەکێک لە کەشتیە سەربازیەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور، کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڕۆزڵڤێلد و مەلیکی سعودی «عەبدول عەزیز بن سعود» دەکرێت. لەم کۆبوونەوەیەدا رۆزڵڤێلد و مەلیک سعود ڕێکەوتنێک پێکەوە دەکەن، کە تێیدا دەبێت ئەمریکا بەرگری لە وڵاتی سعودیەو بنەماڵەی ئال سعود بکات، لە بەرامبەریشدا دەبێت سعودیە نەوتی هەرزان بە ئەمریکا بفرۆشێت. زۆرێک لە مێژوونوسان ئەم کۆبوونەوەیە بە بەردی بناغەی پەیوەندی پتەوی نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنێن.
بەڵام ئەمریکیەکان تەنها چاویان لە نەوتی سعودییە نەبوو، بەڵکە چاویان لە نەوتی ئێرانیش بوو.

کودەتاکەی CIA سیای ئەمریکا دژ بە حکومەتەکەی مصدق لە ئێران

هه‌موو ئێرانیه‌کان به‌ چاوی ڕقه‌وه‌ سه‌یری ئینگلیز و کۆمپانیای نەوتی ئینگلزی و فارسیان دەکرد. پرسی خۆماڵیکردنی نه‌وتی ئێران، بوو به‌ باسی گرنگی هه‌موو سیاسیه‌کانی ئێران. ئه‌وه‌بوو سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێران محمد مصدق ساڵی 1951 سیاسه‌تی خۆماڵیکردنی ئیعلان کرد. بۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ش پارتی کۆمۆنیستی ئێران ( توده‌) و باڵی ئایینیش به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئایه‌ته‌ الله ابو قاسم کاشانی پشتگیریان کرد. ئەم تەنگەژەیە شانسێکی گەورەی بە ئەمریکادا،کە بێتە ناو ئێرانەوە، ئینگلیزه‌کان داوای یارمەتیان لە ئه‌مه‌ریکا کرد، بۆئەوەی کوده‌تایه‌ک دژی مصدق بکه‌ن و هه‌وڵه‌که‌ی پووچ بکه‌نه‌وه‌.
جێگای ئاماژه‌یه‌ ئه‌وکات زیاتر له‌ 28 هه‌زار عه‌سکه‌ری ئه‌مه‌ریکی له‌ ئێران بوون. که‌ جه‌نه‌ڕاڵ ( نۆرمان شوارتس کۆپف) سه‌رۆکایه‌تی ده‌کردن. له‌ 11 ئۆگوستی 1953 CIA ئه‌مه‌ریکا، له‌ڕێگای جه‌نه‌ڕال شوارتس کۆپفه‌وه‌، کۆتایی به‌ حکومه‌ته‌که‌ی مصدق هێنا. ئه‌مه‌ش یه‌که‌مین کووده‌تای سه‌ربازی بوو که‌ CIA له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا کردی.

زاڵبوونی هەژموونی ئەمریکا لە ئێران
لە پاش ئەم کودەتایە، ئەمریکیەکان شای ئێرانیان گەڕاندەوە بۆ وڵات و بوو بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لەهەمانکاتیشدا ئەمریکیەکان دەستیان گرت بەسەر نەوتی ئێرانیشدا. لەوکاتەدا ڕێکەوتننامەیەکی نهێنی لە نێوان کۆمپانیای «بی پی» ئینگلیزی و سیای ئەمریکا دەکرێت، کە نەوتی ئێران لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن. بەپێی ئەم ڕێکەوتنە 40% ی نەوتی ئێران بۆ «بی پی» و لە 40% بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەبێت، 20% یش دەدەنە کۆمپانیا فەرەنسییەکان.

حه‌وت خوشکه‌ هاوپه‌یمانه‌که‌ی نەوت
بۆ کۆنترۆڵکردنی نه‌وت، کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان به ‌تایبه‌ت ( ئینگلیزی و ئه‌مه‌ریکی) له‌ شه‌ڕێکی به‌رده‌وامدا بوون. ئه‌م شه‌ڕه‌ تاساڵی 1928 به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام له‌ 17 سێپته‌مبه‌ری 1928 له‌ سکۆتلاند به‌ ده‌ستپێشخه‌ری Henri Deterding هنری دێتەردینگ سه‌رۆکی کۆمپانیای Shell، ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ک له‌نێوان هه‌ر 7 کۆمپانیا گه‌وره‌کانی جیهان مۆرکرا، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی جیهان له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌شبکه‌ن و کۆتایی به‌ شه‌ڕی کۆمپانیاکان بهێنرێت. ئه‌و 7 کۆمپانیایه‌ش بریتی بوون له‌ Shell, BP, Esso. Mobil, Texaco, Chevron,Gulf Oil. ) ) لە مێژووی نەوتدا بە رێکەوتنی حەوت خوشکەکە دەناسرێت . ئه‌م 7 کۆمپانیایه‌ش هه‌موویان ئینگلیزی و ئه‌مه‌ریکی بوون. دیاره‌ له‌وکاته‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش، ئه‌م کۆمپانیایانه‌ زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌وتی جیهاندا و ڕۆڵی سه‌ره‌کیشیان له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌.

ڕۆڵی نه‌وت له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووه‌م دا
یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهان، هه‌وڵی زلهێزه‌کانی ئه‌وکاتی جیهان ( ئه‌ڵمانیا، ئینگلیز، فه‌ره‌نسا، رووسیا) بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر چاوگه‌ نه‌وتیه‌کانی جیهان بوو. له‌پاش ساڵی 1860 وه‌، ڕۆڵی نه‌وت زیادی کرد . ڕێژه‌ی به‌کارهێنانی سالانه‌ بۆ نه‌وت ساڵی 1861 له‌ هه‌موو جیهاندا ته‌نها 300 هه‌زار تەن بوو. پاش ده‌ ساڵی تر واته‌ ساڵی 1871 گه‌یشته‌ 800 هه‌زار ته‌ن . رۆژ به‌رۆژیش زیادیکرد، ساڵی 1914 گه‌یشته‌54.3 ملیۆن ته‌ن . هه‌ربۆیه‌ زلهێزه‌کانی جیهان هه‌وڵی ته‌واویان بۆ ده‌ستکه‌وتنی نه‌وت ده‌دا.

نه‌وت وه‌کو چه‌کێکی کوشندە
لۆرد فیشه‌ر، که‌ سه‌رۆک ئه‌رکانی ده‌ریاوانی ئینگلیزبوو له‌کاتی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا،ووتی:( قووڕ به‌سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که‌ جه‌نگ ده‌کات و خاوه‌نی نه‌وت نییه) .
ئاریک لۆندۆرف یه‌کێک بوو له‌ جه‌نه‌ڕاڵه‌ناسراوە‌کانی ئه‌ڵمانیا، لەبارەی گرنگی نەوتەوە ده‌ڵێت:
( ئه‌گه‌ر نه‌وت له‌ژێر ده‌ستی هاوپه‌یمانه‌کاندا نه‌بووایه‌، نه‌یانده‌توانی له‌ جه‌نگدا به‌سه‌رماندا سه‌ربکه‌ون) پاشتر ده‌ڵێت( پێویستیه‌کانمان به‌ نه‌وت، یه‌کێک بوو له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی دۆڕاندنمان له‌ جه‌نگدا) .بۆ یه‌که‌مجار هاوپه‌یمانه‌کان نه‌وتیان وه‌کو چه‌کێک له‌ دژی ئه‌ڵمانه‌کان به‌کارهێنا، چونکه هه‌روه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌تی فه‌ره‌نسی( هنری بیرانجه‌) له‌ کۆنگره‌ی رۆمای ساڵی 1918 ووتی ( نه‌وت وه‌کو خوێن وابوو بۆ جه‌نگه‌که‌) . نه‌وت له‌پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیه‌وه‌، رۆڵی ته‌واوی له‌پرسی ئاشتی و جه‌نگدا گێڕا.
لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا نەوت و دەستگرتن بەسەر سەرچاوە نەوتییەکان، ئامانجی سەرەکی هەردوو بەرەکەی جەنگ بوو، هیتلەر خەونێکی گەورەی هەبوو، کە دەست بەسەر نەوتی قەوقاز بگرێت بەتایبەتی نەوتی ئازەرباینجان، بۆ ئەم مەبەستەشی هەڵمەتێکی گەورەی سەربازی دەستپێکرد، بەڵام لە شاری ستالینگرادا، ئەم خەونەی بوویە کابووسێکی گەورە بۆ لەشكرەکەی. هەندێک لە مێژوونوسانیش نەبوونی نەوت بە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی دادەنێن. هه‌ر له‌پاش جەنگی دووەمی جیهانەوە ‌ دورشمی ( کێ خاوه‌نی نه‌وت بێت، خاوه‌نی هه‌موو جیهانه‌) به‌رزکرایه‌وه‌.

شۆڕشی گەلان بۆ خۆماڵیکردنی نەوت
بۆیەکەمجار کاتێک نەوت لە جیهانی سێهەم دۆزرایەوە، کۆمپانیا ئوروپی و ئەمریکیەکان «عەقدی ئیمتیازیان» داهێنا، ئەم جۆرە عەقدە ماڤی گەڕان و پشکنین و پاشان گواستنەوەو فرۆشتن و قازانجی دەدا بە کۆمپانیاکە، بەڵام دەبوایە بڕێک لە قازانج بیدایە بەو وڵاتەی کە تێیدا نەوتەکە دۆزراوەتەوە. زۆرجار پشکی ئەو گەلانە لە داهاتی نەوتەکەی خۆیان، نەدەگەیشتە 30%، ئەمەش ببوبوە مایەی ناڕەزاییەکەی گەورە لەناو گەلانی جیهانی ئەفریکی و ئاسایی و ئەمریکای لاتین دا.

ڤێنزوێلا پێشڕەوی شۆڕشی گەلان لە دژی کۆمپانیاکانی نەوت
لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەلانی جیهان هۆشیارییەکی سیاسی گەورەیان بە خۆوە بینی، لەهەمانکاتیشدا ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت دەستیپێکرد. ساڵی 1948 لە وڵاتی ڤێنزوێلا، حکومەت و گەلی ڤێنزوێلی شۆڕشێک لەدژی کۆمپانیای ستاندەر ئۆیلی ئەمریکی بەرپا دەکەن، هەتاوەکو ئەم شۆرشە، کۆمپانیاکان تەنها 30% ی داهاتیان دەدا بەو وڵاتانە، بەڵام لە پاش ئەم شۆرشە، 50 % داهاتی کۆمپانیاکانی نەوت درا بە ڤێنزوێلا، ئەمەش بوو بەسەرەتایەکی باش بۆ گەلانی تر. بۆ نموونە ئەمە شانسێکی گەورەی بە سعودییەکان دا، چونکە ساڵێک پاشتر کۆمپانیای ستاندەر ئۆیلی ئەمریکی، هەمان ڕێژە دەداتە حکومەتی سعودییە، لەکاتێکدا بەتەواوی مێژووی سعودیە هیچ وەختێک دژی هیچ هێزێکی کۆڵۆنیالی و ئیمپریالی خەباتی نەکردووە، بگرە هەمووکاتێک داردەستی ئەوان بووە.
ئەوەبوو لە ئێرانیش لەلایەن مصدق هەوڵی خۆماڵیکردنی نەوت درا، لێ ئەم هەوڵە سەرینەگرت و کۆتایی بە حکومەتەکەی هێنرا، بەڵام لە عیراقی دراوسێی ئێران، دووبارە خەونی خۆماڵیکردن دەستیپێکردەوە.

قاسم و خەونی خۆماڵیکردنی نەوتی عیراق
لە عیراق لە پاش ئەوەی لە 14 تەموز 1958 شۆرش دژی ڕژێمی مەلیکی کراو، پێشەوایەکی مەزنی وەکو «عەبدول کەریم قاسم» پەیدابوو، خۆماڵیکردن بوو بە بەشێکی گرینگ لە سیاسەتی ئەم دەوڵەتە. لەوکاتەدا لە عیراق حزبی شیوعی رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕاو بەهێزترین حزبی عیراقی بوو، ئەوانیش زۆر پشتگیری ئەم سیاسەتی خۆماڵیکردنەیان دەکرد.
سەرەتا قاسم هەوڵ دەدات کە بەریتانیا و ئەمریکا لەم ترسە برەوێنێتەوە دەست بۆ خۆماڵیکردنی نەوت نەبات، بەڵام پاشان بەهۆی فشاری شیوعییەکانەوە باس لە خۆماڵیکردنی نەوت دەکات و لە ساڵی 1961 یاسای ژمارە 80 ی دەرکرد، کە بە بەردی بناغەی خۆماڵیکردنی نەوت لە عیراقدا دەژمێرێت، تەنانەت دەگووترێت کاتێک قاسم ئەم بڕیارەی پیشانی ئەنجومەنی وەزیران داوە، گووتیەتی: وەرن با ئیمزا لەسەر سێدارەدانی خۆمان بکەین. واتە قاسم سوور زانیویەتی، کە ئەم بڕیارە چ نەهامەتیی و ترسێکی گەورەی رووبەروی دەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، لە 7 شوباتی 1963 قاسم پرۆژە یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراقی دەرکرد، لە 8 شوباتدا کاتێک بەعسیەکان کودەتا خوێناویەکەیان دەکەن و قاسم لەسێدارە دەدەن، پرۆژە یاساکەی لە گیرفاندا بووە.
بەڵام ئەم هەوڵەی قاسم سەرینەگرت، چونکە لێرەش ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاو، توانی لە 8 شوباتی 1963، کودەتایەکی عەسکەری بکات بەسەر قاسم داو خەونی خۆماڵیکردن لە گۆڕ بنێت و بەعسیە فاشیستەکان بێنە سەرحوکم.
مێژوونوسی عەرەب «محمەمەد حەسەنین هەیکل» دەڵێت: دەزگای هەواڵگری ئەمریکاCIA لە کوەیتەوە لە ڕێگەی ئیزگەیەکەی تایبەتەوە ناوی 35 هەزار کۆمۆنیستی عیراقی داوەتە حکومەتی عەسکەری» . لەلایەکی ترەوە «عەلی سالح السعدي،» کە ئەمین سری قطری بەعسیەکان بوو بە ڕاشکاوانە گووتی : «ئێمە بە قطاری ئەمریکی هاتینە سەرحوکم»

ئەندەنوسیا تراژیدیا گەورەکەی نەوت
لە وڵاتی ئەندەنوسیاش کارەساتی گەورە ڕوویدا، کە دەتوانین بە خوێناویترین مێژووی نەوتی دابنێین. لە پاش ڕزگاربوونی ئەندەنوسیا لە ژێردەستی کۆڵۆنیای هۆڵەندیدا لە ساڵی 1945، خەونی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی هەموو وڵاتی گرتەوە. لەوکاتەدا حکومەتی ئەندەنوسیا لە خەباتی بەردەوام بوو بۆ خۆماڵیکردن یان باشکردنی جۆری عەقدەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان. ئەوەبوو لە ساڵی 1967 بۆیەکەمجار لە مێژوودا شێوازی» عقدی مشارکة، هاوبەش» داهێنرا، کە تێیدا حکومەتی نیشتمانی و کۆمپانیا نەوتییەکە، لە دەرهێنان و گواستنەوەو فرۆشتندا هاوبەشن، لەهەمانکاتیشدا پێویستە ئەو کۆمپانیایە لەڕووی تەکنیکی و پێگەیاندنی کادیری نیشتمانی و ئاوەدانکردنەوەدا، یارمەتی ئەو وڵاتە بدات، هەموو ئەمانەش شۆڕشێکی گەورەبوون لەمێژووی نەوتدا.بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئاستەش گەلی ئەندەنوسی قوربانی زۆریدا، ئەوەبوو لەوکاتەدا پارتی کۆمۆنیستی ئەندەنوسی، کە گەورەترین پارتی ئەندەنوسی بوو، لەهەمانکاتیشدا خۆماڵیکردنی نەوتی کردبووە ئارمانج، لەئەنجامدا لە ساڵی 1965 تا 1967هەڵمەتێکی گەورەی عەسکەری و کۆمەڵکوژی لەدژی کۆمۆنیستەکان دەستیپێکرد، ئەمەش لە مێژوودا بە کۆمەڵکوژی ئەندەنوسی ناودەبرێت، نزیکەی یەک ملیۆن مرۆڤ بوونە قووربانی ئەم هەڵمەتە عەسکەرییە. جێگەی گووتنە ئەم کۆمەڵکوژیەش بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاCIA کرا، ئەویش لە ڕێگەی جەنەڕاڵ سۆهارتۆ، کەلە ساڵی 1967 ەوە تاوەکو 1998 یەکێک بوو لە دیکتاتۆرەکانی جیهان و دۆستی نزیکی ئەمریکا بوو.
بەردەوامبوون لە خەونی خۆماڵیکردن نەوت لە جیهاندا
خەونی خۆماڵیکردن لەناو جیهاندا بڵاوبوو، هەتاوەکو لە ساڵانی حەفتادا لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیاو ئەفریکا و ئەمریکای لاتین، بەتەواوەتی ئەم گەلانە توانیان لە ژێر چنگی کۆمۆپانیا نەوتییەکان ڕزگاریان بێت و نەوتەکەیان خۆماڵی بکەن و دورشمی «نەوتی خۆمان بۆ خۆمان» بەرزبکەنەوە.

ڕێکخراوی ئۆپێک
لە 15. 20 سێپتەمبەری ساڵی 1960 لە بەغداد کۆبوونەوەیەکی گەورە بۆ وەزیرانی نەوتی «عەرەبستانی سعودیە، ئێران، ڤێنزوێلا، عیراق، ئەندەنووسیا» سازدەکرێت. لێرەشەوە یەکەمین ڕێکخراوی نەوتی بەناوی «ئۆپیك> لەدایک دەبێت، کە ئارمانجی سەرەکی لێی، بەرگریکردنە لە مافی ئەو دەوڵەتانەیە کە نەوتیان هەیە. لەپاش ئەوە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی کە نەوتیان هەیە، دەبنە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە .
ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئۆپێک 40% بەرهەمی نەوت لە جیهاندا لەژێر کۆنتڕۆلی دایە، هەروەها دەوڵەتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، خاوەنی 70% یەدەگی نەوتی جیهانن.
ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی گەورەی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت هەیە، هەربۆیە دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە، بە خاڵێکی گرینگی مێژووی نەوت دادەنرێت.

جەنگی نەوتی ساڵی 1973
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1973 میسر و سوریا پەلاماری وڵاتی ئیسرائیل دەدەن و جەنگی سێهەمی نێوان عەرەب و ئیسرائیل دەستپێدەکات، پاش ئەوەی ئیسرائیلیەکان سەرکەوتن لە مەیدانی جەنگدا تۆماردەکەن، وڵاتانی کەنداو عیراق، گەمارۆی ئابووری بەسەر ئەوروپا و ئەمریکا دەسەپێنن، بەمەش گرفتێکی گەورە ڕووبەروی جیهان دەبێتەوەو لە مێژوودا بە جەنگی نەوت ناودەبرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
لەپاش جەنگی 1973 نرخی نەوت بۆ 11 دۆلار زیاد دەکات، بەمەش داهاتێکی گەورە بۆ وڵاتانی نەوت فرۆش دابین دەبێت. بەڵام بە پێی هەندێک سەرچاوە،هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تەنها پەیوەندی بەم جەنگەوە نەبووە، بەڵکە لە ساڵی 1970 ەوە ئەمریکا یەدەگی نەوتی کەم بۆتەوە، لەهەمانکاتیشدا کۆمپانیا گەورەکانی نەوتیش سوودیان لەم بەرزبوونەوەیە وەرگرتووە، بەپێی لێدوانێکی وەزیری پێشووی نەوتی سعودی» شێخ ئەحمەد زەکی یەمانی» بۆ کەناڵیarte فەرەنسی، کیسینجەر لەپشت ئەم سیاسەتەوە بووە، چونکە هانی شای ئێرانی داوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبکاتەوە، چونکە لەم نێوەندەدا کۆمپنیا گەورەکان سوودمەندی سەرەکی بوون.

ڕۆڵی نەوت لە جەنگی ساردا
لە پاش تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی و رووخانی ئەڵمانیا و ژاپۆن، لەناو ئەو کەلاوانەی کە ئەڵمانیا و ژاپۆن بۆ جیهانیان دروستکردبوو، جەنگێکی تر لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت دەستیپێکرد. ئەم جەنگە بەرگێکی ئایدۆلۆژی لەبەرکرابوو، بەڵام لەژێرەوە بەرژوەندییە ئابووریەکان داینەمۆی بوون، قووربانی ئەم جەنگەش گەلانی ئاسیا وئەفریکا و ئەمریکای لاتین بوو.

کورد یەکەمین قوربانی جەنگی سارد
یەکەمین چەخماغەی ئەم جەنگەش لە کوردستان بوو. لەپاش داگیرکردنی وڵاتی ئێران لەلایەن روسیا و ئینگلتەراو ئەمریکا، لە ڕۆژئاوای وڵات، گەلی کورد و پاشان ئازەرییەکانیش، توانیان لە دژی زوڵمی حوکمی شا ڕاپەڕن و لە مهاباد بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی موحمەد کۆماری کوردستان ئیعلانکرا، لە تەبرێزیش کۆماری ئازەرباینجان ڕاگەینرا. ئەم دوو ناوچەیەش لە ژێر نفوزی روسیدا بوون. بەڵام پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا» ترومان» هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە دژی سۆڤێت کرد، هەروەها حکومەتی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی «قوام سەڵتەنە» لەگەڵ سۆڤێت ڕێککەوت کە نەوتی ئازەرباینجان بداتێ، پاشتر سۆڤێت هێزەکانی خۆی کشاندەوەو هەردوو کۆمارەکەش ڕووخێنران. ئەمەش سەرەتای جەنگی سارد بوو لە نێوان ئەمریکا و رووسیا. لێرەشدا کورد زەرەرمەندی یەکەم بوو.
لە تەواوی ساڵانی جەنگی ساردا هەتا کۆتایی ساڵی 1990، نەوت ڕۆڵێکی گەورەی لەم جەنگەدا گێڕا، هەردوولا دەیانویست بگەنە ناوچە نەوتییەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی لە وڵاتانی «ئەندەنووسیا، ڤێنزوێلا، عیراق، ئێران، کۆڵۆمبیا، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر» کۆمەڵێک کودەتای عەسکەری سازکرد، کە گەورەترین قەسابخانەی لە مێژوودا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە ئەندەنوسیاو عیراق.

ڕۆڵی نەوت لە رووخانی یەکێتی سۆڤێت
لە سەرەتای هەشتاکاندا بەتایبەتی پاش هەڵگیرسانی جەنگی ئەفغانیستان، ئابووری سۆڤێت بەرەو کزی هەنگاوی دەنا. لەوکاتەدا نەوت بەشێکی زۆری دراوی دەرەکی بۆ سۆڤێت پەیدا دەکرد. لە ساڵی 1985 سەرۆک ریگن لەگەڵ ولیەم کەیسی، دەزگای هەواڵگری ئەمریکاCIA کۆبوونەوەیەک دەکەن، ڕیگن داوا لە کەیسی دەکات، کە قەناعەت بە مەلیکی سعودییە بکات، بۆ ئەوەی بەرهەمی نەوت زیادبکەن و تاوەکو نرخی نەوت دابەزێت، پاش ماوەیەک مەلیک فەهد، سەردانی ئەمریکا دەکات و ئەم ڕێکەوتنە جێبەجێدەکرێت.
میخایل گۆرباتشۆف لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵیarte فەرەنسی دەڵێت: دابەزینی نرخی نەوت 2/3 دراوی بیانی لە وڵات کەمکردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە هانا بۆ یەدەگی ئاڵتونی نیشتمانی بەرین، بەڵام ئەمەش سەرینەگرت. دابەزینی نرخی نەوت گەورەترین زەربەی لە ئابووری یەکێتی سۆڤێت داو، بەم شێوەیەش هەنگاوی بەرەو نەمان و لەناوچوون خێراترکرد.
لەم سیاسەتەتەدا سعودییە ڕۆڵی گەورەی گێڕا، چونکە لە لایەک سعودیە گەورەترین یارمەتیدەری چەکدارە ئەفغانییەکان بوو، بەم شێوەیەش ئاگری جەنگی هێندەی تر گەرمتر دەکرد و جەنگەکە بەردەوام دەبوو، هەروەها ئابووری سۆڤێتیش گورزی کوشندەی بینی و تووشی داڕمانی کرد، لەلایەکی تریشەوە دابەزینی نرخی نەوتیش لەلایەک ئابووری سۆڤێتی داڕمان، لەلایەکی تریشەوە گەورەترین سوودی بە ئابووری ئەمریکا گەیاند، چونکە دابەزینی نرخی نەوت ئابووری ئەمریکای بوژاندەوە، کەلەوکاتەدا لەناو کێشەی گەورەدا بوو.
بە پێی هەندێک ئاماری جیهانی، بڕی ئەو نەوتەی کە لەلایەن سعودییەو وڵاتانی کەنداو خرایە بازارەوە، دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن بەرمیل، کەئەمەش گورزێکی گەورەی لە سامانی نیشتمانی ئەو وڵاتانە دا.
بەڵام دابەزینی نرخی نەوت ڕاستە کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا، بەڵام ئاگری جەنگێکی گەورەی لە جیهان نایەوە کە ئەویش جەنگی کوێت بوو.

جەنگی کوێت
پاش ئەوەی عیراق لە جەنگێکی هەشت ساڵی لەگەڵ ئێران هاتە دەرەوە، ئابووری وڵات تەواو وێران بوو، لەلایەکی تریشەوە نرخی نەوت گەیشتە ئاستێکی ترسناک، 7 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت. ئەمەش هێندەی تر ئابووری عیراقی وێرانکرد. لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە ساڵی 1989 لە بەغدا، سەدام بە ڕاشکاوانە باسی دابەزینی نرخی نەوتی کرد، دابەزینی نرخی نەوتیشی وەکو سیاسەتێکی شەڕەنگێزی دژ بە عیراق وەسفکرد، کەلەوکاتەدا کوێت و سعودییە و ئیمارات، رابەری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت بوون. زۆرێک لە پسپۆرانی مێژوو ئەم سیاسەتەی کوێت و سعودییە و ئیمارات، بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن بۆ هەڵگیرسانی ئەم جەنگە.
بەڵام لەلایەکی تریشەوە سەدام دەیویست دەست بەسەر نەوتی کوێتدا بگرێت، بەم شێوەیەش دەیتوانی دەست بەسەر نزیکەی 250 ملیارد بەرمیل نەوتی جیهان بگرێت. ئەمەش نیشانەیەکی ترسناک بوو بۆ جیهان و ناوچەکە.
هەربۆیە ئاگری جەنگێکی گەورە هەڵگیرسا، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش گەلانی عیراق باجی گەورەی دەدەن.
جێگەی ئاماژەی لەسەرەتای جەنگەکەدا، سەفیری ئەمریکی لەعیراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەدام، دەڵێت: کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک تەداخول لە مەسەلەی داگیرکردنی کوێت ناکات. ئەمەش هانی سەدامی دا بۆ داگیرکردنی کوەیت، بەڵام پاشان ئەمریکا لەم قسەیەی پەشیمان بوویەوەو بەهێزی عەسکەری سەدامی لە کوێت دەرکرد.

ئاسیای ناڤین بەنزینخانەی داهاتووی جیهان
لە پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤێت سەربەخۆبوونی زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناڤین، ئەم وڵاتانە بوونە جێگەی بایەخی جیهان،چونکە خاوەنی گاز و نەوتێکی زۆرن، بەپێی ئامارە جیهانییەکان، یەدەگی نەوت لەم ناوچەیەدا دەگاتە 21 ملیارد تۆن نەوت، نزیکەی 10 ملیارد کۆبیک مەتریش گازی سروشتیان هەیە. بۆ دەستگرتن بەسەر ئەم سامانە گەورەیە ئێستا دوو پرۆژەی گەورەی جیهانی هەیە. یەکەمیان: پرۆژەی نابۆکۆف، کە ئامانج لێی گواستنەوەی نەوت و گازی ئاسیای ناڤینە، لەڕێگەی وڵاتی تورکیاوە، کە ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیری دەکەن. پرۆژەی دووەم : راکێشانی هێڵی باشوورە، کەلەلایەن رووسیاوە ئەنجام دەدرێت، کە ئامانج لێی گواستنەوەی نەوت و گازی ئەم ناوچایەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
جەنگی روسیاو رۆژئاوا لەسەر ئاسیای ناڤین
بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم دوو پڕۆژەیەش، جەنگێکی گەورە لە نێوان روسیا و ئەمریکا و ئوروپا بەرپابووە، ئەمەش بە ڕوونی لە کێشەی ئۆکرانیا و جۆرجیا، بە ئاشكرا دەرکەوت، کەهەریەکەیان پشتگیری لایەنێکیان کرد. بە دڵنیاییەوە نەوت وگازی ئاسیای ناڤین، بۆتە جێگەی ململانێ و جەنگێکی ساردنی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، کەهەتاوەکو ئەمرۆش بەردەوامە .
لەلایەکی تریشەوە لە ساڵی 1995 دا ئەمریکا و پاکستان دەیانویست لە ڕێگەی ئەفغانیستان و پاکستانەوە، لە ڕێگەی بۆریەوە نەوت و گازی سروشتی ئاسیای ناڤین دەربهێنن، هەربۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی داگیرکردنی ئەفغانیستان لەلایەن طالیبانەوە ئەم پرۆژەیە بوو، جێگەی ئاماژەیە ئەمریکیەکان پێشتر لەگەڵ نوێنەری طالیبانەکان ڕێککەوتبوون بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆژەیە، بەڵام 11 سێپتەمبەر ئەم پرۆژەیەی لە گۆڕنا.

ڕۆڵی نه‌وت له‌ ئابووری جیهاندا
ئه‌مڕۆ نه‌وت به‌ یه‌کێک له‌ شا ده‌ماره‌کانی ئابووری جیهان ده‌ژمێرێت. هیچ ده‌وڵه‌تێک ناتوانێت ئابووریه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، گه‌ر بیر له‌ نه‌وت نه‌کاته‌وه‌. رۆژ له‌ دوای رۆژیش پێداویستی جیهانی زیاد ده‌کات . ئه‌مڕۆ پێداویستی جیهان رۆژانه‌ 97 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته‌. ئه‌مه‌ریکا زۆرترین رێژه‌ی به‌کارهێنه‌ری جیهانه‌. رۆژانه‌ 19.4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی پێویسته‌.لە دەکاتە نزیکەی 20% ی پێداویستی جیهان. پاشان کۆماری چین دێت رۆژانه‌ 12.2 ملیۆن به‌رمیل، وا مەزندەش دەکرێت، کەلە ساڵانی داهاتوودا ژمارەکە زۆرتر بێت، چونکە گەشەی ئابووری چین بەرزەو پیویستی بە نەوتێکی زۆر هەیە. . پاشان ژاپۆن 5.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت.
یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی هه‌نارده‌ی نه‌وتیش، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ یە، رۆژانە سەرو 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ڕێژه‌ی17.1% هه‌نارده‌ی نه‌وتی جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. پاشان رووسیا رێژه‌ی 11.4% جیهان. ئێران 5.7% ی جیهان. ئیماراتی عه‌ره‌بی 5.5% ی جیهان پێک ده‌هێنێت.

ڕۆڵی نه‌وت له‌ ئابووری عیراق

نه‌وت هه‌تا ساڵانی حه‌فتاکان، ڕۆڵی هێنده‌ نه‌بوو له‌ ئابووری عیراق دا. بۆ نموونه‌ ساڵی 1932 ته‌نها له‌ 12.4 % ئابووری عیراقی پێک ده‌هێنا. پاشان ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 14.4% ئابووری عیراق. به‌ڵام ساڵی 1979 گه‌یشته‌ 61.4 % . ئه‌مرۆ داهاتی سه‌ره‌کی عیراق نه‌وته‌. داهاتی ساڵی 1932 نه‌وت ته‌نها 524 هه‌زار دیناری عیراقی بوو. ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 1.463 هه‌زار . واته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و نیو دینار. به‌ڵام پاشتر رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ داهاتی عیراق گێرا، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ستکه‌وتنی دراوی گران به‌ها ( دۆلار). ساڵی 1977 گه‌یشته‌ 9.631 ملیۆن دۆلار. ساڵی 1979، 21.291 ملیۆن دۆلار . 1980، گه‌یشته‌ 25.281 ملیۆن دۆلار . ئه‌مه‌ش لووتکه‌ بوو بۆ ئه‌و ساڵانه‌. به‌ڵام پاشتر به‌هۆی جه‌نگی عیراق و ئێرانه‌وه‌، هاته‌ خواره‌وه‌، ساڵی 1986 ته‌نها 6.600 ملیۆن دۆلار . ساڵی 1988 واته‌ کۆتایی جه‌نگه‌که‌، 11.700 ملیۆن دۆلار بوو.
به‌ڵام رژێمی به‌عس له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت بۆ خۆشگوزه‌رانی و پێشکه‌وتنی عیراق به‌کاربهێنێت، نه‌وتی کرده‌ زووخاوو کردی به‌ قوورگی هه‌موو گه‌لانی عیراق دا. به‌شی زۆری داهاتی نه‌وت، خرایه‌ قوورگی کۆمپانیاکانی چه‌کو ته‌قه‌مه‌نی جیهانیه‌وه‌. گه‌لی عیراقیش جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و کووشتن و برسێتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی، هیچ سوودی له‌م ئاڵتوونه‌ ڕه‌شه‌ نه‌بینی.

گرنگی نەوت بۆ پێگەی دەوڵەتان
ئەو ده‌وڵه‌تانه‌ی‌ کە خاوەنی سامانی نەوتن، لەدوو لاوە سوودیان پێگەیشتووە. له‌لایه‌که‌وه‌ توانیویانه‌ داهاتێکی باش بۆ خۆیان په‌یدابکه‌ن، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌سیاسه‌تی جیهانیدا شوێن و پێگه‌یه‌کی باشیان هه‌بێت. بۆ نموونه‌ سعودیه‌، به‌هۆی نه‌وته‌وه‌ توانیویه‌تی پێگه‌یه‌کی باش له‌ سیاسه‌تی ناوچه‌که‌و جیهاندا هه‌بێت. ئه‌مڕۆ نه‌وت به ‌یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئابووری سعودیه‌ و عیراق و ئێران، وڵاتانی که‌نداو ده‌ژمێرێت. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ نه‌وت ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه‌، له‌ پیشه‌شازی پترۆکیمیاوی و کیمیاوی ده‌رمانسازی دا،ئه‌م پیشه‌شازیانه‌ش داهاتێکی باشیان ده‌ست ده‌که‌وێت. جگه‌له‌وه‌ی نه‌وت به‌شداری به‌شێکی زۆری به‌رهه‌مهێنانی کاڵاجۆربه‌جۆره‌کانی تر ده‌کات.

کێشه‌کانی نه‌وت
دیارە نەوتیش وەکو هەموو کاڵایەکی تری ئابووی،رووبەروی کۆمەڵێک کێشەوگرفتی هەمەجۆر دەبێتەوە، لێرەدا کورتەیەک لەو کێشانە دەخەینە ڕوو.

نرخێکی ناجێگیر
یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی نه‌وت نرخه‌که‌یه‌تی. هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش نرخی نه‌وت جێگیر نییه. زۆرجار کێشه‌ سیاسیه‌کانی ناوچه‌کانی بەرهەمهێنانی نەوت بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناڤین، کاریگەری دەکەنە سەر نرخی نه‌وت . کاتێک سەیر دەکەیت ساڵی 1864 نرخی یه‌ک به‌رمیل 8.4 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بوو. پاشان ساڵی 1876 دابه‌زیه‌ سه‌ر 2.5 دۆلار. ساڵی 1931 که‌مترین نرخی هه‌بوو کاتێک گه‌یشته‌ 65 سه‌نت بۆ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت. به‌ڵام نه‌وت له‌پاش ساڵی 1974 به‌تایبه‌ت پاش کێشه‌ی نه‌وت، نرخی به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ 11.48 دۆلار. به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ داهاتێکی باشیان ده‌ستکه‌وت و توانیان چه‌ندین نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدده‌ن. به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعودی سوودێکی زۆری له‌ به‌رزی نرخی نه‌وت بینی.
ساڵی 2007/2008 نرخی نه‌وت گه‌یشته لووتکه‌ی، کاتێک گه‌یشته‌ نزیکی 150 دۆلار بۆ به‌رمیلێک، بەلام پاشتر بۆ کەمتر لە 35 دۆلار دابەزی ‌. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، داهاتێکی زیاتریان له‌ ڕێگای باجه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وت ده‌ستده‌که‌وێت. به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا له‌رێگای باجی نه‌وته‌وه‌، داهاتێکی زۆری ده‌ستده‌که‌وێت.
بەرز و نزم کردنی نرخی نەوت، یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ئەم سامانە گرنگەی جیهان.

سەرمایە و تەکنەلۆژیای بێگانە
کێشه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه‌، نه‌وت بۆ گه‌ڕان و پشکننین، ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی، پێویستی به‌ سه‌رمایه‌یه‌کی زۆری بێگانه‌ هه‌یه. له‌هه‌مانکاتیشدا پێویستیه‌کی زۆریش به‌ ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێرن هه‌یه‌، که‌به‌شێکی زۆری ئه‌و وڵاتانه‌ نیانه‌. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت به‌ناچاری پشت به‌ وڵاتانی رۆژئاوا ببه‌ستن، چونکه‌ ئه‌وان له‌م بواره‌دا زۆر پێشکه‌وتوون.

ووزەی داهاتوو
کێشەیەکی تریش مەسەلەی «طاقة البدیلة، ووزەی ژینگە پارێزییە»، کەئەمڕۆ بە فشاری کۆمەڵەی ژینگەپارێزی لە جیهاندا، پیشەشازی وزەی ژینگەپارێزی زۆربووە بەتایبەتی لە «خۆر، هەوا، سووتاندی پاشەڕۆ، گەنم». هەروەها نەوتی بەردینیش، کە لەم چەند ساڵەی دوایییدا لە ئەمریکا گەشەی زۆری بەخۆوە بینی و کاریگەری گەورەشی هەبوو لەسەر دابەزینی نرخی نەوت. هەموو ئەمانەش وەکو ترسێکی گەورەن کە ڕووبەڕوی نەوت دەبنەوە.

داهاتووی نەوت لە جیهاندا
هەتاوەکو ئەمڕۆش نەوت گرنگی و بایەخییەکی ئێجگار گەورەی لە بواری ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەبینێت، وا بۆ ماوەی سەدەیەک زیاترە کە نەوت بۆتە شادەماری ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە، تۆ بڵێیت نەوت بەهەمان شێوەی سەدەی پێشوو رۆڵی هەبێت.
بە دڵنییایەوە نەوت لەماوەی سەد ساڵی پێشوودا، مێژوویەکی خوێناوی گەورەی تۆمارکردووە، بۆ دەرهێنانی ئەم سامانە سروشتییەی جیهان، خوێنی ملیۆنەها مرۆڤ لەسەر زەوی ڕژاوە، گەلی کوردیش لەسەدەی پێشوودا یەکێک بووە لە قووربانیە گەورەکانی سیاسەتی نەوتی لە جیهاندا. لەسەرەتاکانی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا، گەلی کورد بەوپەڕی گەشبینیەوە سەیری سامانی نەوتی دەکرد، لێ ئەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، کەهۆکاری سەرەکی دەرهێنانی نەوتە و ڕازی نەبوونی حکومەتی ناوەندە لەسەر ئەم سیاسەتەی هەرێم، وای لە زۆرێک هاوڵاتیانی کوردستان کردووە، کە نەک گەشبین نین بە سیاسەتی نەوتی هەرێم، بگرە بە هۆکاری نەهامەتی خۆیانیانی دادەنێن.

سامانی نەوت نیعمەتە یان نەگبەتییە بۆ گەلی کوردستان ؟
هەمیشە کورد لە مێژوودا وەکو قووربانییەکی گەورەی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی زلهێزەکانی دوونیا دانراوە، بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا، نەوت بوو بە نەگبەتییەکی گەورە بۆ گەلی کورد، بەشێکی زۆری مێژوونوسانیش پێیان وایە، کە نەوت هۆکاری سەرەکی دابەشکردنی خاکی کوردستان بووە، لەلایەن زلهێزەکانی ئەوکاتی دونیاوە.
بەڵام ئەمڕۆ لە کوردستاندا خەڵکانێکی زۆر بە گەشبینیەوە سەیری ئەم سامانە سروشتییە دەکەن و بە تاکە هیوای سەرکەوتنی کوردی دادەنێن، بەڵام ئاخۆ نەوت نەگبەتییە یان نیعمەتێکی گەورەیە کە خودا بە گەلی کوردی بەخشیوە.؟!
لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بددەینەوەو پیاسەیەکی خێراش بەناوی مێژووی بەرهەمهێنانی نەوت لەکوردستان و یەدەگی سامانی نەوت و گازی خەمڵێنراو بخەینە ڕوو. لەهەمانکاتیشدا هەوڵ دەدەین، تیشک بخەینە سەر کێشەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا

یەکەمین بیرە نەوت
کریستیان نیبور کە گەردەیەکی ئەڵمانیی بووە لە ساڵی 1766 دا بە کەرکووکدا تێدەپەڕێت و بەم شێوەیە وەسفی بابەگوور گور دەکات : (لە نزیک کەرکوکەوە سەرچاوەی قیر و نەوت هەیە، لەوێ جێگایەکی هەیە پێی دەڵێن بابە گوور گوور،ئەم شوێنە زۆر سەرسووڕهێنەرە بەتایبەتی زەوییەکی زۆر گەرمە بە شێوەیەک کە دەتوانرێت گۆشت و هێلکەی تێدا ببرژێت، پیاو پێویستیی بەهیچ نییە تەنها چاڵێکی بچووک هەڵبکەنێت و ئەو شتەی کە پێیەتی تێیبکات و بۆ خۆی دەیبرژێت. خەڵکی بۆیان گێڕامەوە کە لەم شوێنەوە ئاگرێکی گەورە بەرز دەبێتەوە ، کە زۆرجار خەڵکی بۆ خۆشی دەچن سەیری ئەو ئاگرەکە دەکەن.ل121)
واتە هەر لە زووەوە ئەوروپیەکان بۆنی نەوتی کوردیان کردووە، سەرەتا ئەڵمانەکان پرۆژەی هێڵی قطاری «بەرلین / بەغداد» هێنایە ئاراوە، کە بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیەی حکومەتی ئەڵمانی و دەوڵەتی عوسمانی کردبوویان، کۆمپانییا ئەڵمانییەکان بۆیان هەبوو بە پانی20 کیلۆمەتر لەمبەر و ئەوبەری هێڵەکەوە بە دوای نەوتدا بگەڕێن. بەڵام پاشان ئینگلیزەکان توانییان ئەو پرۆژەیە لەناوبەرن و نەوتی کوردستانیش بەر ئەڵمانەکان نەکەوت، بەڵکە بەر ئینگلیزەکان کەوت.

بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا
یەکەمین هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا، لەڕێگەی بازرگانی نەوتی ئینگلیزی «ولیەم نۆرس دارسی» بوو، ئەو سەرەتا لە ساڵی 1902 دەستیکرد بە هەڵکەندنی یەکەمین بیرە نەوت لە کوردستاندا، بەڵام ئەو بیرە نەوتە لە ڕووی بازرگانییەوە بەکەڵک نەدەهات، بەڵام دارسی لەهەوڵەکانی بەردەوام تا ساڵی 1908 لە ناوچەی «مسجد سولەیمان « کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، یەکەمین بیرە نەوتی دۆزیەوە، کە بە کەڵکی بازرگانی و فرۆشتن بێت، لە ساڵی 1912 شدا،دەستکرا بە فرۆشتنی بەرهەمی ئەم بیرە نەوتە، جێگەی ئاماژەیە ئەم بیرە بۆ ماوەی 15 ساڵ، تاکە بیری نەوتی بەرهەمهێن بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرکیس گولبنکیان و نەوتی کەرکوک
پاش ئەوەی ئینگلیزەکان عیراقیان داگیرکرد، هەوڵەکانی بۆ دەستگرتنە دەستی نەوتی عیراق چڕتر کردەوە. لەوکاتەدا بازرگانێکی ئەرمەنیی بەناوی( کالوست سەرکیس گولبنکیان) خزمەتێکی گەورەی ئینگلیز و کۆمپانیا جیهانییەکان نەوتی کرد. گولبنکیان لە 23 مارسی 1869 لە قووستەنتینۆبڵ ( ئەستەنبولی ئێستا) لە دایک بووە، باوکی بازرگانێکی گەورەی ئەرمەنیی بووە. لە کۆلیژی کنفنزی لە بەریتانیا بەشی هەندەسەی پترۆڵی خوێندووە. گولبنکیان ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لەدامەزراندانی کۆمپانیای نەوتی تورکی کە ساڵی 1912 دامەزراوە، هەر ئەم کۆمپانیایەش مافی دەرهێنانی نەوتی کەرکووکی هەبوو.
بەڵام پاش رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئینگلیزەوە، گولبنکیان زانی هەموو شتێکی لەدەستدەرچووە، هەربۆیە کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی جیهان. لە یۆلیۆی ساڵی 1928 ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان کرد کە ناوی «رێكەوتنی هێڵی سوور» لێدەنرێت. بە پێی ئەم ڕێکەوتنە گولبنکیان وازی لە مافی خۆی هێنا و تەنها 5% داهاتی نەوتی کەرکووکیان پێدا. هەربۆیە لە جیهاندا ئەم پیاوە بە «میستەر فایف پرۆسێن» ناو دەبرێت. بەم شێوەیە لە ساڵی 1929 کۆمپانیای نەوتی عیراقی دامەزراو مافی گەڕان و پشکنین و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی کەرکووکی پێدرا.
له‌ 27 ئۆکتۆبه‌ری 1930، بۆ یه‌که‌مجار ده‌ست به‌ ده‌رهێنانی نه‌وتی که‌رکووک ده‌کرێت. ئەمەش سەرەتای دەرهێنانی نەوتە لە کەرکووک و لە کوردستاندا.
جێگەی ئاماژە گولبنکیان پاشتر سامانێکی زۆری کۆکردەوەو بوو بەیەکێک لە پیاوە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پیاوە کۆمەڵێک کاری خێرخوازی و کولتووری زۆری لە عیراقدا ئەنجام داوە بۆ نموونە «مدینة الطب» کە باشترین نەخۆشخانەی عیراق بووە، هەروەها «ملعب الشعب لە بەغداد»، لەلایەن گولبنکیانەوە دروستکراون.

لە چ شوێنێکی هەرێمی کوردستاندا نەوت هەیە؟!
دیارە لە هەرێمی کوردستاندا لە کۆمەڵێک شوێن نەوت و گازی سروشتی تێدایە، بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە پێشتر دۆزراونەتەوە، بەشێکی تریشیان ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانییەوە خەریکی گەڕان پشکنینین بە دوای نەوت و گازدا.
هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا هیچ نەخشەیەکەی راست و دروست لەبارەی ئەو کێڵگە نەوتییانەوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەخراوەتە ڕوو، بەڵام لێرەو لەوێ هەندێک نەخشە هەیە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە چاپکراوەو بڵاوکراوەتەوە، من بە سوپاسەوە لە رێگەی مامۆستا فازیل لاوە، مامۆستای کۆلیژی جیۆلۆژی لە زانکۆی سلێمانی، کۆپییەکی ئەو چاڵە نەوتانەم بەردەست کەوت، هەرچەندە دەگوترێت کە هەندێک لەو کێڵگە نەوتییانە ئێستا ووشک بوون، لەچەند شوێنێکی تریش، کۆمەڵێک کێڵگەی نەوتی نوێ دۆزراوەتەوە، لەبەرئەوە زۆر ناتوانین پشت بەو نەخشەیەش ببەستین.
بەڵام ئەو کێڵگانەی کەلە ئێستادا نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
– کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە کۆمپانیان DNO نەرویجی بەرهەمی دەهێنیت رۆژانە ١٠٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
– کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە، رۆژانە ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتی تیادا بەرهەمدەهێنرێت.
– کێڵگەی شێخان بڕی ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
– کێڵگەی نەوتی ئەتروش بڕی ٤٤ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
– کێڵگەی ئاین سوفنی «هەولێر «بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
– کێڵگەی نەوتی تەق تەق، بڕی ١٦ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
– کێڵگەی حەسیرەکە بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنریت.

کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دەگاتە ٣٣٦ هەزار بەرمیل نەوت.

یەدەگی نەوت و گازی سروشتی لە کوردستاندا
هەتاوەکو ئێستا ژمارەیەی تەواو دروست نییە بۆ ئەوەی بگوترێت کە ئەوەندە نەوت یان گاز لە کوردستاندا هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کوردستاندا حکومەتی بەعس هەمیشە نەیهێشتووە بەتەواوەتی ئامارێکی تایبەتی لەمبارەیەوە بکرێت، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی گەمارۆی ئابووریەوە، کۆمپانیا جیهانییەکان نەهاتوونەتە کوردستانەوەو سەرمایەگوزاریان نەکردووە، هەمووی چەند ساڵێکە کۆمپانیاکان دەستیان بە گەڕان پشکنین بە دوای نەوتی کوردستاندا کردووە. بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە کۆی گشتی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان 45 بۆ 60 ملیارد بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، هەروەها یەدەگی گازی سروشتیش بە نزیکەی 6 ملیارد مەتر سێ جا دەخەمڵێنرێت.

یەکەمین هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا لە پاش ڕاپەڕین
لە پاش راپەڕین مەسەلەی نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆری کوردەوە هەوڵی بۆدراوە، ئەم هەوڵانەش سەرەتا بە نهێنی بووە و پاشان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1993 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان «کۆسرەت رەسول «بڕیاری دامەزراندنی «کۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتییەکان «دەدرێت. ئەم کۆمیتەیە کاری هەوڵدان بۆ دەرهێنانی نەوتی کوردستان بووە لەناوچەی تەق تەق و شێواشۆک، بەڵام لەوکاتەدا بەهۆی ئەوەی کە حکومەتی عیراقی دژی بەرهەمهێنانی نەوت بووە، هەروەها لایەنێکی کوردیش دژی ئەم هەوڵە بووە، بەو ناوەوە دانراوە.
ئەم کۆمیتەیە لەلایەن ئەندازیاری نەوت «حەمە جەزا ساڵح» سەرپەرشتیکراوەو کۆسرەت رەسوڵیش سەرۆکی کۆمیتەکە بووە. بە سوود وەرگرتن لەو مەکینە و موادە ئاسنییەی کەلە کارگەی شەکرەکە بووە لە شاری سلێمانی، وە بەدەستڕەنگینی کۆمەڵێک ئەندازیاری کوردی، توانرا پاڵاوگەیەکی بچووک دروستبکرێت.
لە 26 ./ 12/ 1994 یەکەمین گاڵۆن نەوت لە بیرە نەوتی شێواشۆک دەردەهێنرێت. لە 28/ 12/ 1994، ئەو گاڵۆنە لەلایەن لیژنەکەوە وەکو دیاری دەبرێت بۆ لای سەرۆک مام جەلال، پاشان نموونەیەک لەو نەوتە دەبرێتە ئێران و لە تاقیگەکانی ئێراندا دەپشکنرێت و پاش ماوەیەک نەتیجەکەی دەگاتەوە کوردستان، کە پۆزەتیڤ بووە.
ئەم پاڵاوگەیە لە سەرەتای ساڵی 1995 بە بڕیارێکی نهێنی «کۆسرەت رەسوڵ» دەستدەکرێت بە دەرهێنانی نەوت. لەوکاتەدا ئەو نەوتە بەشێکی دەبرێت بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی سەرچنار و بازیان، هەروەها بەشێکیش لە پێداویستییەکانی نەوت لە دەڤەری سلێمانی دابین دەکات، بە تایبەتی بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی لە بواری گەرمکردنەوەدا بەکاردەهێنرێت.
ئەم پاڵاوگە بچوکە بەسەرەتای دامەزراندانی پیشەشازی نەوت لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

دەرهێنانی نەوت لە پاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە

لەپاش داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکاوە، پاش ئەوەی گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان لابرا، حکومەتی هەرێم دەستی بە دەرهێنانی نەوت و پێشخستنی بواری پیشەشازی نەوت کرد. لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک عەقدی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بەستووە، بۆ گەڕان و پشکنین و دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا،بە تایبەتی لەپاش ساڵی 2007 ەوە. لێ ئەم عەقدەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆتە مایەی مشتومڕی زۆر لەناو ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان. هەربۆیە پێمباشبوو لێرەدا باسی جۆرەکانی عەقدی نەوتی بکەم، تاوەکو خوێنەری کورد ئاگاداری ئەو جۆرە عەقدانە بێت، کە کۆمپانیا نەوتییەکان لەجیهاندا لەگەڵ حکومەتەکان دەیکەن.

جۆرەکانی عەقدی نەوت لە جیهاندا
لە جیهاندا سێ جۆر عەقدی نەوتی هەن، کە حکومەتەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەیبەستن، ئەوانیش بریتین لە :
عەقدی ئیمتیازات.
عەقدی مشارکة» هاوبەش»
عەقدی خدمات «خزمەتگوزاری» .
ئەم سێ جۆرە عەقدانەش هەریەکەیان کۆمەڵێک خاڵی پۆزەتیف و نێگەتیفی هەیە.
عەقدی ئیمتیاز ئەوەیە کە کۆمپانیاکان ئیمتیازی گەڕان و پشكنین و گواستنەوەو فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکانیان لەلایەن حکوتەکانەوە پێدەدرێت و لەبەرامبەردا ئەوانیش بڕێک پارە دەدەنە ئەو دەوڵەتانە، ئەم جۆرە عەقدانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و لە دژی بەرژەوەندی گەلان بوو، هەرلەبەرئەمەش بوو لەجیهاندا کۆمەڵێک شۆڕش لە دژی کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجامدرا. بۆیە پاشان کۆمپانیاکان جۆرێکی عەقدی نوێ تر داهێنرا کە ئەویش عەقدی هاوبەشە.

عەقدی هاوبەش، بریتییە لەوەی کە حکومەت و کۆمپانیاکە، لە قازانجی سامانی نەوتدا هاوبەشن. لێ ئەمەش لە پاش شۆڕش گەلانی لەدژی کۆمپانیاکان، گۆڕانکاری بەسەردا هاتو جۆرێکی باشتر لە عەقدی نەوتی داهێنرا، کەئەویش عەقدی» خدمات» خزمەتگوزارییە.
عەقدی خزمەتگوزاری لەئێستادا لەزۆربەی دەوڵەتان پێڕەوی دەکەن، بە پێی ئەو عەقدە، حکومەتەکان لەبڕی ئەو خزمەتگوازرییەی کە کۆمپانیاکە پێشکەشی کردووە، بڕێک پارەی دەداتێ. لە بەرامبەردا کۆمپانیاکە، بڕێک پارەی دەداتە ئەو دەوڵەتە کە لە کوردستاندا بە «شیرینی» ناودەبرێت، هەروەها دەبێت کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ناوچانە بکات، کە نەوتەکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت. جگە لەراهێنانی کادیر و پسپۆری خۆماڵی، تاوەکو فێری پیشەشازی نەوتی ببن.
جێگەی ئاماژەیە، لەئێستادا لە تەواوی جیهاندا کار بەم جۆرە عەقدە دەکرێت و باشترین جۆریشە کە لە خزمەتی گەلانی جیهانی سێهەم بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان
ئەمڕۆ لە کوردستاندا زیاتر لە 35 کۆمپانیای جیهانی لە بواری گەڕان و پشکنین و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان کاردەکەن. بەشێکی زۆری ئەو عەقدانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بەستوویەتی دەچنە قاڵبی «عەقدی مشارکە» وە. لەسەر ئەم عەقدانەش ڕاوبۆچوونی جیاواز لەنێوان پسپۆرانی بواری نەوتدا هەیە. هەندێکیان بە باشی دەزانن، هەندێکیشیان بە خراپی دەزانن و پێیان وایە بەم جۆرە سامانی نەوتی کوردستان بەهەدەر دەچێت.

کێشەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا
ئەمڕۆ پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی و سیاسی و دەستووری بۆتەوە. لەڕووی تەکنیکیەوە هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمپانیایەکی حکومی نییە کە کاری دەرهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنی گاز و نەوتی کوردستان بکات، لەڕووی پسپۆری و تەکنیکیشەوە، هەرێمی کوردستان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەتەواوەتی پشت بە کادیر و تەکنیکی خۆماڵی ببەستێت.
لە ڕووی سیاسیشەوە، هەمیشە پرسی نەوت بۆتە خاڵێکی سەرەکی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە، بە هۆی ئەم کێشەیەوە کوردستان ڕووبەروی قەیرانێکی سیاسی و ئابووری گەورە بۆیەوە.

دەستوری عیراق و بەرهەمی نەوت
راستە لە دەستووری عیراقدا هیچ بڕگەیەکی تەواو ڕوونی تێدا نییە کە هەرێمی کوردستان بۆی نەبێت نەوتی خۆی بفرۆشیت، بەڵام کۆمەڵێک بڕگەی دەستووری هەیە، کەدەکرێت پەیوەست بن بە پرسی نەوتەوە بەتایبەتی بڕگەکانی 110.111.112.
لە بڕگەی 110 دەستووری عیراقیدا کە باس لە دەسەڵاتە حصریەکان دەکات، هاتووە : ( بوارەکانی، بەرگری، سیاسەتی دەرەکی، دارایی، ناسنامە، سامانی ئاو، پەناهەندەی سیاسی، پەیوەستن بە دەسەڵاتی ناوەندەوە) بەڵام لێرەشدا بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسێسی نەوتی تێدا نییە.
بەڵام لە بڕگەی 111 دەڵێت : سامانی نەوت وگازی عیراق، موڵکی هەموو گەلانی عیراقە . جێگەی ئاماژەیە زۆرجار دەسەڵاتی ناوەند هانا بۆ ئەم بڕگەیە دەبات. ناوکۆکیەکەش لەگەڵ بەغدا لەسەر مەسەلەی ئەوەیە کە کێ دەسەڵاتی واژۆکردنی عەقدە بازرگانییەکانی هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان، کەئەمە هەمووکاتێک جێگەی کێشە و ململانێ بووە.
لە بڕگەی 112 کە ئەمەیش لە دوو بەش پێکدێت :
یەکەمیان: باس لە بەڕێوبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا دەکات «لێرەدا مەبەست لێی ئەو کێڵگە نەوتیانەیە، کە تا ساڵی 2005، کاتی پەسەندکردنی دەستووری عیراق دۆزراونەتەوە «. لێرەدا بڕگە دەستووریەکە دەڵێت :
هەموو عەقدێکی دارایی بەهەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت بکرێت. ئەمەش بەپێی دوو مەرج دەبێت.
1. دابەشکردنی داهات بە شێوەیەکی عادیلانە لە نێوان هەرێم و بەغدا.
2. لەو داهاتە بڕێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرترین زەرەریان بەرکەوتووە لە دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤێنیانەی ڕژێمی پێشوو.
جێگەی ئاماژەیە لێرەشدا ئەم ماددەیە کوردستان دەگرێتەوە چونکە، هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی ڕژێمی پێشوو، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
دووەمیان: لە بەشی دووەمی بڕگەی 112 دەڵێت:
پێویستە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ناوەند پێکەوە و بە هەماهەنگی سیاسەتێکی ستراتیژی بۆ نەوت و گاز دابنێن . ئەم سیاسەتەش دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵانە بێت:
3. هێنان و بەکارهێنانی باشترین تەکنیک لە بواری نەوت و گازدا.
4. پێویستە زۆرترین قازانجی گەلی عیراقی تێدابێت
5. هاندانی سەرمایەگوزاری بیانی لە وڵاتدا.
لە ماددەی 114 دا کاتێک باسی دەسەڵاتی هاوبەشی نێوان حکومەت و پارێزگاکان و هەرێم دەکات، بەهیچ شێوەیەک باسی نەوت و گازی تێدا نییە.
لە ماددەی 115 شدا دەڵێت: کاتێک کێشە کەوتە نێوان هەرێم و بەغدا، گەر دەستوور ئەو کێشانەی چارەسەر نەکرد، ئەوا «ئەولەویەت و ئەفزەلیەت « بۆ یاساکانی هەرێم دەبێت، واتە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
هەربۆیە لەڕووی دەستووریەوە مەسەلەی نەوت و گاز بە ڕوونی ئاماژەی بۆ نەکراوەو هەمیشەش کێشە لە نێوان هەرێمی و بەغدا دروست دەکات.
دوا هەوڵی دەستوری
بۆ یەکەمجار لە 15.02.2007حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ناوەند پێکەوە ڕێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی عیراق کە بە «نوسخەی شوباط» ناسراوە. لە 25.02.2007 یشدا، بە ڕازیبوونی تێکڕای ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، ڕێکەوتنێکی تر لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کرا، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، گەر پەرلەمانی عیراقی هەتاوەکو 31.05.2007 «نوسخەی شوباط» ی پەسەندن نەکرد، ئەوا هەردوولا بۆیان هەیە، گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجام بددەن. بەڵام ئەم ڕێکەوتنەش زۆر بڕی نەکرد، بەڵکە هەمیشە هەرێم و بەغدا لەم بوارەدا لە کێشەو گرفتدا دەژین.
ئایا نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئابووری کوردستان پێشبخات ؟ وە چۆن سوود لەم سامانە سروشتییە وەربگرین؟!
دیارە ئەمڕۆ کوردستان خۆی لەبەردەم هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی دەوڵەت دەبینێتەوە، زۆرکەس پێیان وایە نەوت دەتوانێت ببێتە داینەمۆی ئابووری کوردستان، بەڵام ئاخۆ چۆن دەتوانین بەم ئارمانجە بگەین. وە دەبێت حکومەتی هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوت دا بکات؟

کۆمپانیا جیهانییەکان و دۆزی کورد
زۆرێک لە پسپۆرانی بواری سیاسی و جیۆپۆلیتیکی پێیان وایە، هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی جیهان، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی دۆزی ڕەوای کورد بگەیەنێتە لێواری گەیشتن بە دەوڵەتی کورد. بەڵام خەڵکانی تر پێیان وایە ئەمە دوورە لە راستیەوە، چونکە سنووری دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایانە دیاریکراوەو ناتوانێت یارمەتی دۆزی ڕەوای کورد بدات، بەڵکە هاتنی ئەو کۆمپانیا گەورانە تەنها بۆ سوودی خۆیانە و هیچی تر.

داهاتووی نەوتی کوردستان
راستە لەسەرەتادا هاتنی کۆمپانیا جیهانییەکان و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی پاپۆری نەوتی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بویە مایەی دڵخۆشی زۆر کەس، بەڵام پاشان بینیمان حکومەتی عیراقی توانی رێگری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بکات و نەهێڵێت هەروا بە ئاسانی نەوتی هەرێم بفرۆشرێت. دواجاریش وەکو دەڵێن» لە دوو جەژنە بووین» لە لایەکەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم وایکرد کە حکومەتی ناوەند بڕە پارەی بودجەی هەرێم ببڕێت، لەلایەکی تریشەوە، هەرێم نەیتوانی سوود لە فرۆشتنی نەوتەکەی خۆی بکات، هەرئەمەش بویە مایەی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هەموو خەونەکانی پێشووی لەناوبرد. هەرئەوەش وایکردووە کە ئەمڕۆ زۆر کەس بە گومان و ترسەوە بۆ داهاتووی نەوتی کوردستان دەڕوانن.

پێش کۆتایی
بە دڵنییایەوە کورد لە سەدەی پێشودا قوربانی یەکەمی سیاسەتی نەوت و گازی زلهێزەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکانێک بە هیوای ئەوەن کە نەوت و گاز ببێتە داینەمۆیەکەی گەورە بۆ ئەوەی کورد بە خەونی دێرینی خۆی بگات و دەوڵەتی خۆی هەبێت. لەهەمانکاتیشدا ئەم نەوتە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکیش بە ترسەوە بۆ سامانی زۆری نەوت دەڕوانن، دەترسن هەروەک چۆن لە عیراقدا سامانی زۆری نەوت حکومەتێکی دیکتاتۆری و نا دیموکراتی دروستکرد، کە پاشتر بوویە مایەی نەگبەتی بۆ هەموو گەلانی عیراق، ئەم ئەزموونە جارێکی تر دووبارە بێتەوە. هەروەها دروستبوونی قەیرانی دارایی ئەم چەند ساڵەی دواییش، بە تەواوەتی بۆچوونێکی تەواو نێگەتیفی» خراپ» لە ناو شەقامی کوردیدا بەرامبەر بە سیاسەتی نەوتی حکومەتی هەرێم دروستکردووە، ئەمڕۆ زۆرکەس دەڵێن : بریا حکومەت هەر نەوتی دەرنەهێنایە، چونکە بە زەرەر بۆ زۆرینەی خەڵكی کوردستان شکایەوە بە تایبەتی چینی موچەخۆران. لەلایەکی تریشەوە سامانی نەوت، زۆر بە کەمی گەلەکەمان قازانجی لێکرد، بگرە تەنها نوخبەیەکی زۆر بچووک سوودی لە دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتی هەرێمی کوردستان بینیوە. هەموو ئەمانەش وایکردووە کە زۆرکەس دڵیان بەسامانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان خۆش نەبێت.

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانەو ژیرانە و تەواو زانستییانە بگرێتە بەر لە بواری نەوت و گازدا، هەروەها بەوپەڕی شەفافیەتەوە داهاتەکەی بخاتە ڕوو، ئەوا دەتوانێت نەوت و گاز بکاتە باشترین داینەمۆی بوژانەوە‌ی هەرێمی کوردستان، گەر واش نەکات و هەروەکو ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا بەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە نەگبەتییەکی گەورە بۆ زۆرینەی گەلەکەمان و هیچ سوودی لێ نابینین.

سه‌رچاوه‌کان :
1. عادل عبد المهدی . الاقتصاد العراقی : اقتصاد مرتهن / اقتصاد مافیوی. الثقافة الجدیدة. العدد. 305. آذار 2002.
2. یوسف ابراهیم یزبک. النفط مستعبد الشعوب. الطبعة الثانیة. منشورات وزارة الثقافة فی الجمهوریة السوریة. دیمشق. 1990.
3. محمد حسنین هیکل . مدافع آیة الله . قصة ایران و الثورة . الطبعة الثالثة . 1983 . دار الشروق. القاهرة.
4. د. ئیراهیم عەلاوی . ئاڵوگۆڕ. بەرلین _ بەغداد. شۆرشی 14 ی تەموزی عیراق لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا. وەرگێرانی : د. شیرکۆ عەبدوڵڵا. چاپی یەکەم. دەزگای دوا ڕۆژ بۆ ڕوناکبیری و ڕاگەیاندن . سلێمانی. 2015
5. رۆبەرت سلیتەر . هەژمونی نەوت. وەرگێرانی . سۆران عەلی. چاپی یەکەم. دەزگای ئایدیا. 2016.
6. کریستیان نیبور، سەفەرنامەی نیبور، وەرگێرانی: ئەردەڵان عەبدوڵڵا. دەزگای چاپ و پەخشی موکریانی، چاپی یەکەم، هەولێر.2012. لاپەرە 121
7. ئەردەڵان عەبدوڵڵا. ئه‌مریکا ده‌ستی له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کی ساڵی 1965ی‌ ئه‌نده‌نوسیادا هه‌بووه‌. رۆژنامەی کوردستانی نوێ. 1.11.2017
8. سپی زانیاری تەواو لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی هەرێم لە ئێستادا بڵاودەکاتەوە. سایتی سپی میدیا. 30.03.2018
9. F.William Engdahl. Mit der Ölwaffe zur Weltmacht. Dr, Böttiger Verlag.2000.
10.. Erdöl. Das Grüne Gold der Erde. W. Fischer .Verlag. Franz Kurowski
Göttingen. 1971.
11. Öl und Gas aus Zentralasien. Florian Willershausen www.wiwo.de
.12. Franz Nestler. Die größten Ölreserven der Welt.www.faz.net
13. Das Öl Zeitalter.www.arte.de
14/ Die unbekannte Macht auf den globalen Ölmärkten.www.welt.de
15.://www.nordlb.de/ /Energy_Special_2017.pdf
16.مەسعود مەلا هەمزە. یەکەمین هەنگاوی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. چاپخانەی هێڤی، هەولێر 2017.

سوپاسنامە
زۆر سوپاسی برایانی بەڕێز» ئەندازیار حەمە جەزا ساڵح، د.فازیل لاوە، بەرزان حاجی عەبدوڵڵا هەورامی «دەکەم، کە سوودی زۆرم لە بەڵگە و زانیارییە تایبەتییەکانیان وەرگرت. هیوادارم نموونەیان زۆربێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

two × one =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە زۆر ڕەهەندی ئابووری و ئەمنی ...