سەرەکی » ئابووری » ئاوی دەربەندیخان و دوكان زیادیكردووە

ئاوی دەربەندیخان و دوكان زیادیكردووە

یەکەی ئابووری

بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین لەئەمساڵدا ئاستی ئاو لە هەردوو دەریاچەی دەربەندیخان و دوكان بەرزبۆتەوە، بەڕێوەبەری‌ بەنداوەكانیش بەژمارە زیادبوونی‌ رێژەكە ئاشكرا دەكەن‌و بەپێی‌ داتاكانیان ئاستی‌ ئاوی‌ دوكان 11 مەتر و دەربەندیخانیش حەوت مەتر بەرزبۆتەوە.

ئاستی‌ ئاوی‌ دوكان 11 مەتر بەرزبۆتەوە
ئەندازیار حەمەتاهیر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، لەلێدوانێكدا بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە: ئاستی ئاو لە بەنداوی دوكان 504.59 مەترە لەڕووی ئاستی دەریاوە، بەراورد بەساڵی رابردوو 11 مەتر و 22 سانتیمەتر بەرزتربۆتەوە.
وتیشی: «دەریاچەی دوكان حەوت ملیار مەتر سێجار ئاو دەگرێت، ئێستا پێنج ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەراورد بەساڵی رابردووش ئەمساڵ دوو ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجار ئاو لە دەریاچەی دوكان زیادیكردووە».

ئاستی‌ ئاوی‌ دەربەندیخان
لای خۆیەوە، رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، راگەیاندوە، بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین بڕێكی زۆری ئاو رووی كردۆتە بەنداوی دەربەندیخان، بەجۆرێك ئاستی ئاو لە دەریاچەی دەربەندیخان حەوت مەتر و نیو لەساڵی پار زیاترە، بۆیە بڕێكی زۆر ئاومان خەزنكردووە لە بەنداوەكەدا.
وتیشی: «دەریاچەكە دوو ملیارو 600 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت‌و لەئێستادا یەك ملیار و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەهۆی زۆری ئاوەوە بەرهەمهێنانی كارەبا زیادیكردووەو بە بەردەوامی هەرسێ وێستگەی كارۆئاوی دەربەندیخان لەكاردایە».
ئاماژەی‌ بەوەشداوە، لە دۆخێكدا خەزنی ئاومان هێشتۆتەوە كە مەترسی بۆ سەر بەنداوەكە نەبێت.

كاریگەری بارانی بەخوڕ
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی لەبارەی كاریگەری بارانی زۆر و بەخوڕ زانیاری ئاشكرادەكات، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكەش رایدەگەیەنێت، «بارانی بەخوڕو دروستبوونی لافاو، بە دڵنیایی زەویە كشتوكاڵیەكان‌و بەروبومەكانیان توشی لەناوچوون دەكات».
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی، بەو ماڵپەڕەی راگەیاندوە، تائێستا بارانبارینی ئەمساڵ كاریگەری خراپی لەسەر زەویە كشتوكاڵیەكان نەكردوەو هیچ بەروبومێك زیانی پێنەگەیشتوە.
وتیشی: «ئەگەر بارانبارین بەمشێوەیەی ئێستا تا مانگی ئایاریش بەردەوام بێت، كاریگەری خراپ ناكاتە سەر زەویە كشتوكاڵیەكان، بەڵام ئەگەربێتو بارانی بەخوڕ ببارێت و ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو، ئەوا بەدڵنیاییەوە زەویە كشتوكاڵیەكان و بەروبومەكانیان توشی لەناوچوون دەبن».
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئاشكراشیكرد، «بارانی بەخوڕ دەبێتە هۆی دروستبوونی كرمێك لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی و دواتر ئەو كرمە دەبێتە قالۆنچەو بەروبووم لەناو دەبات، یان ژەنگاویبونی گەنم روو دەدات یان شۆرانەوەی گەنم روو دەدات».
بەگوێرەی‌ ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەهەرێمی‌ كوردستان كە لەسەرەتای‌ ئەمساڵدا بڵاویكردەوە، لە نۆ ساڵی رابردوودا رووبەری چاندراوی گەنم لەكوردستان لەیەك ملیۆن و 937 هەزار دۆنمەوە بۆ سێ‌ ملیۆن و 552 هەزار دۆنم زیادبووە، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵیش پێشبینی دەكرا جووتیاران لەكاتی خۆیدا سێ‌ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم بچێنن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بارانبارینەوە بەشێك لە جووتیاران هێشتا نەیانتوانیوە زەوییەكانیان بچێنن.
هاوكات لەسەرتاسەری هەرێم بەتایبەت لەو ناوچانەی زەوی چاندنیان زۆرە، هێشتا رووبەرێكی زۆر ماوە بكرێتە دانەوێڵە، بەتایبەت ناوچەكانی (دەشتی باتێل، سندی، دەشتی هەولێر، بەڕانەتی، قەراج، كەندێناوە، شەمامك، دەشتی شارەزور)و هەندێ ناوچەی دیكە.
وەكو شارەزایانی‌ كشتوكاڵ باسی‌ دەكەن، باران بەو بڕە زۆرەی‌ كە لەهەرێم باریوە، لەلایەك سودی هەبوە بۆ زوو گەشەكردنی گەنم، لەلایەكی دیكەشەوە لەهەندێ ناوچە بۆتە هۆی دەركەوتنی كرمی زەوی كە زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

4 − 3 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێگای دەوڵەتداری

فەلاح كەریم 1 بە بیرەوەری سەدان پشتی ئەم گەلانەی خاكی ...