نوقرچه‌

رێككەوتنی نوێ

20

پارتی‌و یەكێتی، لەدوای زنجیرەیەك گەڕی شەڕی نێوانیان، دواجار‌و لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە پێویستە رێكبكەون‌و بەهاوبەشی ئیدارەی كوردستان بكەن، كردیان‌و رێككەوتننامەی ستراتیژییان لەنێوان خۆیان واژۆكرد، لەژێر بەندەكانی ئەم رێككەوتننامەیە، ماوەیەك كوردستان بەبارودۆخێكی زۆر باش‌و تایبەتدا تێپەڕی‌و كورد بەیەكدەنگیی خۆی؛ توانی لەبەغدا رۆڵێكی باشتر‌و كاریگەرتری هەبێ‌و نەیارانی كوردیش زیاتر حسابیان بۆ كورد دەكرد.
ئەم قسانە مانای وانییە، رێككەوتننامەی ستراتیژی، بێ كەموكوڕی نەبووە‌و لەو ماوەیەدا كوردستان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵێ رێككەوتننامەكە‌و بەشێك لەبەندەكانی كەموكوڕییان تێدابوو، هاوكات هەریەك لەپارتی‌و یەكێتی بەخوێندنەوەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ رێككەوتنەكە كرد‌و دواجار بەجۆرێك لەجۆرەكان رێككەوتننامەكە كەوتە سووڕی متبوونەوە.
ئێستا، كە ماوەیەكی زۆرە ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان پارتی‌و یەكێتی، كۆتاییهاتووە‌و باڵانسی هێز لەكوردستان گۆڕاوە‌و وەك بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەیڵێن: پارتی هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كۆنتڕۆڵكردووە‌و بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی تر، بڕیاری تاكلایەنە دەدات. ئێستا، كە یەكێتی‌و پارتی دەیانەوێ رێككەوتنێكی تری نوێی سیاسی لەنێوانیان ئەنجامبدەن، بەئامانجی یەكخستنی هەڵوێست‌و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لەحوكمڕانی‌و یەكدەنگییان لەپرسەكان لەهەرێم‌و بەغدا‌و كەركوك بەیەكەوە، لەملا‌و لەولا بەشێك لەسەركردایەتیی پارتی‌و هەندێك لەلایەنەكانی تر، پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەكەنەوە گوایە یەكێتی لەم رێككەوتنەی دەیەوێ بە ٢١ كورسییەوە ٥٠ بە ٥٠ حوكمی كوردستان بكات، ئەم قسەیە تێنەگەیشتنە لەپڕۆژەكەی یەكێتی، یان هەوڵدانە بۆ بەلاڕێدابردنی ناوەرۆكەكەی، كەواتە دەبێ بپرسین یەكێتی لەم پڕۆژەیە چی دەوێ؟ ئامانجی چییە‌و چی مەبەستە؟، ئاشكرایە لەو ساڵانەی دوایی بەگشتی‌و ٤-٥ ساڵی كۆتایی بەتایبەتی، بەشێكی زۆر لەلایەنە سیاسییەكان گلەیی ئەوەیان هەبوو كە هەموو سێكتەرە گرنگەكانی وەك (دارایی، نەوت، سیاسی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، هێزی پێشمەرگە) لەلایەن پارتییەوە قۆرخ كراوە‌و بڕیاری تاكلایەنەی لێ دەدرێ، كەواتە گرنگە یەكێتی لەم پڕۆژەیەدا بتوانێت:
یەكەم: هاوسەنگی لەبڕیاری سیاسی بگێڕێتەوە‌و هەموو لایەنەكان بەگشتی‌و یەكێتی بەتایبەتی بەشداربێ لەبڕیارە سیاسییەكاندا.
دووەم: مەلەفی نەوت‌و دارایی، شەفاف بێ‌و سەرجەم داهات‌و خەرجییەكان شەفافانە بگەڕێنەوە بۆ حكومەت‌و لایەنەكان ئاگاداری وردەكاریی چۆنێتی رێككەوتنەكان بن‌و ئەنجومەنی نەوت‌و گاز، ئەكتیڤ بكرێتەوە.
سێیەم: پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا‌و ناوەرۆكی رێككەوتنەكانی نێوان هەردوولا لەدەستی حزب نەبێ‌و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان‌و نوێنەرانیان لەحكومەت ئاگاداری وردەكاریی رێككەوتنەكانی دەرەوە بن.
چوارەم: پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان‌و ئیدارەدانی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێت، بەجۆرێك هەموو پەیوەندییەكان بۆ لایەنێكی سیاسی قۆرخ نەكرێ.
پێنجەم: یەكگوتاری لەهەرێم‌و بەغدا‌و كەركوك، ناكرێ لەهەرێم پارتی‌و یەكێتی‌و هێزە سیاسییەكان هاوبەش بن لەحوكمڕانی، بەڵام لەبەغدا‌و كەركوك دژی یەكتر بن‌و هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانیان نەبێ‌و دژی یەكتر بووەستنەوە، یان پارتی بیەوێ لەهەرێم پشتگیری لەكاندیدەكانی بكرێ‌و خۆیشی دژی كاندیدەكانی یەكێتی بێ لەكەركوك‌و بەغدا.
بەم خاڵانەی سەرەوە‌و چەند خاڵێكی تر، كە یەكێتی مەبەستێتی لەپڕۆژە نوێیەكەی لەگەڵ پارتی جێگیری بكات، دەتوانرێ كوردستان ببرێتە قۆناغێكی نوێوە‌و پێگەی كورد لەبەغدا بەهێزتربێ‌و لەكوردستانیش حوكمڕانییەكی باشتر‌و تەندروستتر بكرێ بۆ خزمەتكردنی زیاتر‌و باشتری هاووڵاتیانی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

one + eighteen =

x

هەواڵێ هاوشێوە

كادیر وەك قوربانی

17 لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتنەوەی دوو ...