سەرەکی » وتار » یەكێتی، پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت

یەكێتی، پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت

برایم محێدین عارف

لە ژمارە 539 رۆژنامەی (رووداو)دا، بەڕێز هێمن عەبدوڵڵا وتارێكی لە ژێر ناونیشانی (گۆڕان نابێتە پارتی) نووسیووە، هەرچەندە وتارەكە رای تایبەتیی خۆیەتی، ئازادە چی دەنووسێت، چۆن شرۆڤە بۆ دیاردەكان دەكات، بەڵام لە سێ دێڕو سێ دەستەواژەی جیاوازدا، ئەم سێ تێبینیەم لەلا گەڵاڵە بوو و بەپێوستم زانی بیانخەمەڕوو:
*نووسەر دەنووسێت: «یەكێتی پێی بكرێت ئێستاش هەوڵدەدات گۆڕان نەیەتە نێو حكومەتەوە». بە تێڕوانین لە رابردووی گۆڕان، دەرچوونیان لە حكومەت و كەناڵ و راگەیاندنەكانیان و بەرنامەكانیان، بەئێستاشەوە دنەدان و هاندانی خەڵكە دژبە حكومەت و لێدانەوەی قەوانی كەموكورتییەكانی حكومەتە. من هێندەی لەسەركردە بڕیار بەدەستەكانی یەكێتییەوە نزیكبم، نەمبیستووە، یان نەمدیووە رۆژێك پێداگریی بكەن كە گۆڕان نەیەتە حكومەتەوە، بەڵكو جەخت دەكەنەوە لەسەر شەراكەتی راستەقینە لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەتدا.
لای كاك هێمن و جەماوەری كوردستانیش ئاشكرایە كە داینەمۆی خۆپێشاندان و بەرنامە دانان و دەرخستنی كەموكوڕییەكانی حكومەت، بزووتنەوە بەرهەڵست كارەكانن كە هەمیشە زەمینەی رەخسانی خۆپێشاندان و جووینەوەی كەموكوڕییە بەردەوامەكانی حكومەت دێننە ئاراوە. مێشكی كەسانی مافخوراوو هەندێكجار بێئاگاشی پێ دەئاخنن. لە رابردووشدا خۆپێشاندانەكان زۆرتر دەڤەری سەوزی دەگرتەوە كە یەكێتی تیایدا باڵادەستە. سەرئێشەكە بۆ حكومەتە لۆكاڵییەكانی دەڤەرەكانی سنووری یەكێتی بوو، چونكە بەهۆی لەباریی كەشوهەوای ئازادیی سنووری دەڤەری سەوزەوە زۆرترین ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوە و حزبە بەرهەڵستكارەكان لە سنووری دەڤەری سەوزە، نەهاتنی گۆڕان بۆ ناو حكومەت، هەوێنی لەدایكبوونەوەی خۆپێشاندان و جاڕدانی خۆێندنەوەی كەموكوڕییەكانی دەزگاكانی حكومەتە لە دەڤەری قەڵەمڕەویی یەكێتییەوە.
بە دانپێدانانی بەرهەڵستكاران خۆشیان، یەكێتی لە سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، راپەڕین، باڵادەستە، تۆ بڵێیت یەكێتی حەزبكات داوو سەرئێشە بۆ سنووری قەڵەمڕەویی خۆی بهێنێتە ئاراوە؟
كاك هێمن و دۆست و لایەنگرانی گۆڕانیش دڵنیابن لەوەی یەكێتی پەرۆشە بۆ بەشداریی گۆڕان لەحكومەتدا، چونكە جگە لەوەی دروشمەكانی گۆڕان لە یەكێتییەوە نزیكە، بەشداریی گۆڕان لە حكومەتدا كەمكردنەوەی سەرئێشەی خۆپێشاندان ‌و چوونە ژێرباری كەموكوڕییەكانی دەڤەری سەوزی رابردووە، كە ئێستا پارتی زۆر جەخت لەوە دەكاتە كە نابێت قاچێكت لە حكومەت و قاچێكت لەدەرەوەی حكومەت بێت. یان لە هەولێر شەریك و لەسلێمانی تەریك بیت، وەك لەرابردوودا روویداوە.
*لە دێڕێكی تردا نووسیویەتی: «مانەوەیان لەدەسەڵاتدا گرەنتی مانەوەو گەشەكردنیانە وەك بزووتنەوەیەكی سیاسی». بەپێچەوانەوە حكومەتی هەرێم كە پێكهێنەرە سەرەكییەكەی یەكێتی و پارتییە لەرابردوودا كە وتنە بەر لێشاوی كەموكوڕیی و هەڵەی زەقەوە، داوا رەواكانی خەڵك بە ئاسانی فەراهەم نابێت، وەك بوونی كارەبای بەردەوام، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی، دامەزراندنی ژمارەیەكی بێ شوماری چەند ساڵەی دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان، قەرزی فەرمانبەران و زۆر گرفتی تر، كە ئومێدی توانەوەی ئەم هەموو گیروگرفتە كەڵەكە بووە، لەچوار ساڵی داهاتوودا روون نییە. ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت، ئەوا سەرچاوە داراییەكانی تر بارتەقای كەموكوڕییەكان نییە.
لەم مینبەرەوە هەر حزبێك لە دەرەوەی حكومەت بێت شان ناداتە ژێر كەپری كەموكورتییەكان و بگرە لەدوورەوە نەوت دەكات بەئاگرەكەدا، كەواتە گۆڕانێك كە بەرنامە سەرەكییەكەی زەنگی ئاگاداركردنەوە و خستنەڕووی كەموكوڕییەكانی حكومەت بێت و جەماوەرەكەی لەسەر لێدانی قەوانی كەم و كورتییەكان گۆش كردبێت، بە چ پێوەرێك بەبەشداریی لە حكومەتدا گەشە دەكات؟ لەكاتێكدا هێشتا روون نییە بەشدار دەبێت یاخود نا.
ژمارەیەكی بەرچاوی لایەنگرانی گۆڕان لەگەڵ بەشداریی لەحكومەتدا نین و خۆیان وتەنی «هێشتا چڤاتی نیشتمانی بڕیاری نەداوە»، كەمكردنی دەنگەكانی گۆڕان لەسەر زمانی كوێستان محەمەد-ی هەڵسوڕاوی دیاریانەوە «لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە خەڵكێكی زۆر نەهاتن بۆ دەنگدان و زوویرن و لایەنگری گۆڕانن»، بۆیە دەنگەكانی گۆڕان كەمی كردووە نەك بەهۆی بەشداریی نەكردنیان لە حكومەت.
لەدایك بوونی نەوەی نوێ و هاوپەیمانیش كە چەند دەنگیان هێنابێ، بەشی شێری هی دەڤەری سەوزەو لەوێدا نەشونما دەكەن، زۆربەی دەنگەكان لە یەكێتی و گۆڕانەوە چووە بۆیان.
هیچ ئامارو قسەكەرێكی فەرمی نەیوتوە گۆڕان بە چوونە ناو حكومەت گەشە دەكات، ئەمە بۆ لاوانەوەی گۆڕانە، بۆ راكێشانی بۆناو حكومەت و هیجی تر.
٭لەشوێنێكی تردا دە نووسێت: «گۆڕان دەتوانێت ببێتە شەریكێكی باش»، ئەگەر شەریكی باش چوونە ناو حكومەت و بەردەوامی بێت، ئەوا شەریكی خراپ جێهێشتنی حكومەتە، دوای چوونە ناوی، وەك پێشتر روویدا. شەریكی باش یان شەراكەتی راستەقینە كە ئێستا وێردی سەر زمانی سەركردەكانی یەكێتییە، لەبەرامبەردا هەندێك لە لایەنگرانی پارتی پێی ناڕەحەتن و دەڵێن فیفتی بە فیفتی دووبارە نابێتەوە، هەروەك شەراكەتی راستەقینە دروستبوونەوەی حكومەتی پەنجا بە پەنجا بێ، كە لە رابردوودا ئەزموونی تاڵمان بەدەستییەوە چێشت. ی.ن.ك خۆی دروستكەرو پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتە، ناچێتە حكومەتەوە بەڵكو خۆی بەپێكهێنەری سەرەكیی حكومەت دەزانێت، بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، شەراكەتی راستەقینە بەشداریی حكومەتە لەبڕیارە چارەنووسسازەكاندا و ئاگاداربوونە لە كون و قوژبنە نهێنییەكانی داهاتی حكومەت، نەك پڕكردنەوەی دەزگاكان بە رووخسارو لەناوەڕۆكدا بێئاگا لە بڕیارەكان. پێویستە ئەو راستییەش لەبەرچاو بگیرێت كە دروستكردنی هەڕەمی حكومەت بەبێ یەكێتی، حكومەتێكی بێ پشتوپەنا و لەرزۆكە، لە سنووری قەڵەمڕەویی یەكێتیدا كە هێزی سەربازیی هەیە، هەژموونی زۆری بەسەر سنووری زۆنی سەوزی رابردوودا ماوە، ئەزموونی رابردوو دەریخستووە كە یەكێتی هەمیشە پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە، لە ساتە ناسك و هەستیارەكاندا بەهەموو عەیب و عارەكانی حكومەتەوە جڵەوی بەردەوامیی حكومەتی بەرنەداوە و چۆتە ژێر باری گرانی حكومەتەوەو توانج و پلاری كەموكوڕییەكانیشی بەركەوتووە.
سەیرە كاك هێمن و كە سانێك لایان وابێت گۆڕان لە یەكێتی زیاتر دڵسۆزی حكومەت دەبێت، مەگەر هەموو پەردوو بەرچنەیەكی حكومەت لەسەر لاشەی رابردووی بنیات نەنرێت، ئەی هەمیشە كڵاورۆژنەی داهاتوو لەسەر گومەتی هەڵچنراوی رابردوو نەبووە؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

1 × 5 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرەقەڵەمێک لە بیرەوەری ئەنفال

سیروان سلیمان ڕۆژی دوای شەهیدبونی باوکم ماڵەکەمان خرایە نێو تراکتۆرێک ...