سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » رێكەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی

رێكەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی

مانگی 7ی ساڵی 2007 واتە دوای 4 ساڵ لە پڕۆسەی ئازادیی عیراق یەكەمین رێكەوتنی سیاسیی كە بە رێكەوتننامەی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی ناودەبرێت ئیمزاكرا، رێكەوتنێك كە بڕگە و مادەكانی بۆ قۆناغی ئەوكاتی نێوان هەردوولایەن كە قۆناغی نوێی بنیاتنانەوەی عیراق بوو، توانی خۆی وەك زەرورەتێكی مێژوویی بۆ ئەوكات بنوێنێت.
ئێستا 12 ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی ئەو رێكەوتننامەیەی یەكێتی و پارتیدا تێدەپەڕێت، هەردوو لایەن بەشێوەیەكی بێدەنگ و بە ناڕەسمی كۆتاییان بە رێكەوتنەكە هێنا، رێكەوتنێك كە بەهۆی ئەو پێشهاتانەی ئەم چەند ساڵەی دواییەوە هاتنە ئاراوە، زیانی زیاتری بەركەوت و هەردوولایەنیش زیاتر خۆیان لێی بەدوور گرت.
كاتی خۆی كە رێكەوتنەكە ئیمزاكرا، چ یەكێتی و چ پارتی بە ئێستاشەوە باس لەگرنگیی ناوەڕۆكەكەی دەكەن و پێیانوایە لە رێی ئەو رێكەوتننامەیەوە هەرێم توانیی پەڕینەوەیەكی مێژوویی گرنگ بەخۆوە ببینێت، پەڕینەوەیەك كە لەسەر ئاستی ناوخۆدا تا رادەیەكی زۆرباش بەهۆی هاوئاهەنگی و پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی، هەرێم ببێتە دوورگەیەك كە روو لە گەشانەوە بكات.
ئێستا 12 ساڵ بەسەر ئەو مێژووە و قۆناغی یەكەمی ئەو رێكەوتنە تێدەپەڕێت و هەردوو لایەن لەهەوڵی ئامادەكردنی رەشنووسی رێكەوتنێكی سیاسییدان بۆ ئەوەی بۆ بەرلە 18ی ئەم مانگە لەسەری بگەنە رێكەوتن و ئیمزای لەسەر بكەن. بەڵام پرسیاری سەرەكیی لێرەدا ئەوە دەبێت چی وادەكات دوای ئەو هەموو ساڵەو بەو ئەزموونەی هەردوولایەن لە رێكەوتنی سیاسی هەیانە، بگەنە ئەو باوەڕەی كە بوونی رێكەوتنێكی تر لە نێوانیان بە گرنگ بزانن و كار بۆ ئیمزاكردنی بكەن؟
زیاتر لە 4 مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هەنگاوی جدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ نەنراوە، پارتی بۆئەوەی كاندیدی سەرۆكی حكومەت بە زوویی بخاتە سەر كورسییەكەی، دەیەوێت هەندێك سازش و نەرمی بنوێنێت، بۆئەوەی رێگرییەكانی بەردەم كاندیدە نوێیەكەی بۆ سەرۆكی حكومەت تێكبشكێنت و كابینەكە بخاتە سەر پێی خۆی. باشترین شتیش بۆ ئەمە كە پارتی بتوانێت بیكات و ئەو رێگرییانەی پێ لابەرێت، بوونی جۆرێك لە رێكەوتنی سیاسییە كە هەم زامنی هاتنی كابینەی كاندیدە تازەكەی لە 4 ساڵی داهاتوودا بكات، هەم بشتوانێت جۆرێك لە پشتیوانیشی لێوە بەدەست بهێنێت.
یەكێتی لە دوای یەكەم دانیشتنی راوێژكاری لەگەڵ پارتیدا پرسی رێكەوتنی سیاسی خستە ناو كۆبوونەوەكان و بۆ قۆناغی 4 ساڵی داهاتووی كابینەكە داوای رێكەوتنێكی سیاسیی گشتگیری كرد، بەو پێیەی ئەگەر ئەوان بڕیار بێت پشتیوانی لە كاندیدەكەی پارتی بكەن لە زوو خستنە سەركاری كابینەكەی ئەوا پارتی رێكارو شتی تر هەیە دەبێت لە بەرامبەردا بیانكات، كە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كوردە بۆ شارەكە، ئەمە ئەگەرچی زوو بەلای پارتییەوە تێكەڵكردنی هەندێك مەلەف بوو لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێندرێت، بەڵام بۆ یەكێتی ئەمە بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ قۆناغی نوێی هەرێم و پتەوكردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنەكان دەبینرا.
رێكەوتنەكە هێشتا هیچ لە بارەوە دیار نییە، بەڵام ئەوەی روونە پارتی و یەكێتی دەیانەوێت لە چوارچێوەی كاری هاوبەشدا بەیەكەوە بۆ ئەو قۆناغەش بمێننەوە. رێكەوتنێك ئەگەرچی پێناچێت فراوانییەكەی تا ئاستی رێكەوتننامەی ستراتیژی بێت، بەڵام رەنگ بێت بەشی ئەوە فراوان بێت كە هیچ نەبێت بۆ ئەم قۆناغە هەردوو لایەن لە بارەی پرسی پێكهێنانی حكومەت و ئاساییكردنەوەی پرسی كەركوك كە بتوانن جۆرێك لە نزیكایەتی و لێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەن دروست بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

twenty − 13 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

كۆتایی خەلافەتەكەی داعش

بەشی سێیەم و كۆتایی لیوس ریچادسن لە كتێبی «تیرۆرستەكان چیان ...