سەرەکی » دۆسێ » عیراق لە نێوان مانەوە و پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا

دەركردنیان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە رەتدەكرێتەوە

عیراق لە نێوان مانەوە و پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا

سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندوووە، پەرلەمان پێشنیارێكی بەدەست گەیشتووە كە پەرلەمانتاران پەسەندی دەكەن بە مەبەستی دیاریی كردنی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، نەك دەركردنیان.
لە 9ی شوباتی 2019، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”هیچ پێشنیارێكی بەدەست نەگەیشتووە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بە مەبەستی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، بەڵكو سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشنیارێكی پێگەیشتووە كە لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە پەسەندكراوە و بە مەبەستی دیاریی كردنی ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و سروشتی كاركردن و ماوەی مانەوەیانە لە عیراق”.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو”هێزە ئەمریكاییەكان كار بۆ چاودێریكردنی ئێران دەكەن لە بنكەی عەین ئەسەدەوە” كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا سەردانی كردبوو.
هەروەها ترەمپ باسی لە خەرجكردنی سامانێك كردبوو لە بنكەكەدا كە دەكەوێتە ئەنباری خۆرئاوای عیراق، و تەئكیدی لەسەر پارێزگاری لەو بنكەیەش كردبۆوە لەلایەن واشنتۆتەوە.
لێدوانەكانی ترەمپ بووە مایەی ناڕەزایی لە بەغدا. لەو بارەیەوە بەرهەم ساڵح سەرۆكی عیراق ڕایگەیاندبوو”سەرۆكی ئەمریكا مۆڵەتی لە بەغدا وەرنەگرتووە تا هێزەكانی لە خاكی عیراقەوە چاودێری ئێران بكەن”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە سەركردە عیراقییەكان، قسەكانی ترەمپیان بە پێشێلكاریی بۆ سەروەری عیراق لەقەڵەمدابوو.
لەم ماوەیەی دواییدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندبوو”هێزەكانی ئەمریكا هیچ بنكەیەكیان لە عیراقدا نییە، و پێویستە ترەمپ لە لێدوانەكانی پاشگەزببێتەوە”.
تائێستاش ویلایەتە یەكگرتووەكان نزیكەی 5000 سەربازی لە عیراقدا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە ساڵی 2014 بۆ بەگژداچوونەوەی رێكخراوی داعش پێكیهێنا، ئەمەش بەپێی لێدوانەكانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا.
لەم ماوەیەی دواییدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عیراق، هەڕەشەی پێشكەشكردنی پرۆژە یاسایەكیان كردبوو بۆ بەردەم پەرلەمان، تا لێوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵات دەربكرێن.

ئەمریكا: پێویستە رێز لە سەروەریی عیراق بگیرێت
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق، تەئكیدی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەریی عیراق لەلایەن هەمووانەوە كردبۆوە.
لە 7ی شوباتی 2019، وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو:”محەمەد عەلی حەكیم چاوی بە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە ئەمریكا كەوتووە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش كە كارەكانی لە واشنتۆنی ئەمریكا بەڕێوەدەبات”.
هەر لە بەیاننامەكە هاتبوو:”هەردوولا لە چاوپێكەوتنەكەدا جەختییان لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەسەر هەموو ئاستەكان كردۆتەوە، دید و ڕاوبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ كردووە سەبارەت بە دوایین پێشهاتی ناوچەكە، و گرنگی چڕكردنەوەی ڕاوێژەكانیان سەبارەت بە پرسە ئیقلیمییەكان، و ئەو ڕووبەڕو بوونەوانەی دەبنە مایەی لەقكردنی سەقامگیریی”.
بەپێی بەیاننامەكە”حەكیم خواستی بەغدای بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن خستۆتەڕوو بەجۆرێك كە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بێت، تەئكیدیشی لەسەر پێویستی هەماهەنگی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەلی دۆست كردۆتەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت”پۆمپیۆ لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ حەكیم، تەئكیدی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردن لە عیراق و ڕێزگرتن لە سەروەریی و دەستور لەلایەن هەموانەوە كردۆتەوە”.

ئێران: نابێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە
لە چوارچێوەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عیراقدا، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق ڕایگەیادبوو، ئەمریكا نابێت عیراق بە بنكەی سەربازی خۆی بزانێت.
لە 4ی شوباتی 2019، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق ڕایگەیاندیوو: “ئەوەی پەیوەندی بە پرسە ناوخۆییەكانی عیراقەوە هەیە، تەنیا عیراق خۆی بەرپرسە بەرانبەری، بۆیە لێدوانەكانی ترەمپ هیچ بایەخێكیان نییە».
بە گوتەی ئیرەج مەسجدی:» هەركەسێك باسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات، ئەوە بۆ خۆی دەڵێت، چونكە ئەو هێزانە بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی عیراق و ئیدارەدانی ئەو پرسەش تەنیا لەدەسەڵاتی حكومەتی عیراقە».
لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە پرسی مانەوەی هێزەكانی لە عیراق بۆ چاودێریكردنی ئێران، لە ئاستی ناوخۆیی عیراق و دەرەوەشدا كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتووەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بڕیارە نوێکەی بۆتەفلیقە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دەهێنێت

خۆپیشاندان لە جەزائیر دوای ئەوە دەستیپێکرد کە عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەی سەرۆکی ...