سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ڤیدا قادری: له‌ منداڵییه‌وه‌ عاشقی چیرۆك و رۆمانم

ڤیدا قادری: له‌ منداڵییه‌وه‌ عاشقی چیرۆك و رۆمانم

ڤیدا قادری خه‌ڵكی شاری سنه‌یه‌، له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق- ئێراندا له‌ناو راكه‌ڕاك و شار و دێكردن و په‌نا بۆ ژێرزه‌مین بردن له‌ ترسی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان له‌ دایك بووه‌. هه‌ر له‌ سنه‌ش گه‌شه‌ی كردووه‌ و قۆناغه‌كانی خوێندنی بڕیوه‌ و له‌ زانكۆ قوتابی به‌شی ژمێریاری بووه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی و شووكردنێكی ناوه‌خت له‌ خوێندنی دابڕیوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ زانكۆ ته‌واو بكات، دوای دابڕانێكی زۆر ئێستا له‌ سنه‌ خوێندكاری به‌شی وه‌رگێڕانی زمانی ئینگلیزییه‌.
ڤیدا ژنێكی چیرۆكنووسه‌ و حیكایه‌تی چیرۆكنووسییه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌ بۆ سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌كاری. دواتر به‌ هاندانی خوشكێكی شیعری نووسیوه‌. پاشان له‌به‌ر خۆشه‌ویستییه‌ك كه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ رۆمانه‌كانی هه‌بووه‌ بڕیاریداوه‌ ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ببات و كتێبه‌ دڵخوازه‌كانی خۆی وه‌ربگێڕێت سه‌ر زمانی كوردی. یه‌كه‌م كاری وه‌رگێڕانی بڵاوكراوه‌ی رۆمانی (زۆر تایبه‌ت)ی (عه‌بباسی مه‌عروفی)یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای رۆشنبیری ئه‌ندێشه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. دواتر رۆمانی تواوه‌ی عه‌بباسی مه‌عروفی و نامه‌ عاشقانه‌كانی نیما یوشیج و له‌م دواییانه‌شدا كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی خالید ره‌سوڵپووری وه‌رگێڕاوه‌ و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌. خالید ره‌سوڵپوور پێشنیازی كردووه‌ ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ نووسینی چیرۆك، بۆیه‌ دوای ساڵانێكی زۆر دووباره‌ ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ چیرۆكنووسین، ئێستا كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی ئاماده‌ی چاپه‌ كه‌ به‌م زوانه‌ چاپ ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی ئه‌م حیكایه‌تانه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه‌ كۆمه‌ڵێ پرسیارم ئاڕاسته‌كرد و ئه‌م گفتوگۆیه‌ی لێ ده‌رچوو كه‌ به‌ دوو به‌ش ده‌یخوێننه‌وه‌.

محه‌مه‌د كه‌ریم
2-2

*له‌ پۆلی حه‌وت یان هه‌شت چیرۆكت نووسیوه‌ و بۆ هاوپۆله‌كانی خۆتت خوێندۆته‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌ر زوو چیرۆك لای تۆ خۆشه‌ویست بووه‌، كاتێ گه‌ڵاڵه‌ی چیرۆكێكت له‌ مێشكدایه‌ و ده‌یهێنی و ده‌یبه‌ی هه‌ست به‌چی ده‌كه‌ی؟ ئه‌ی كاتێ چیرۆكه‌كه‌ ده‌نووسیت و خاڵی كۆتایی داده‌نێی هه‌ست به‌ چی ده‌كه‌ی؟
-هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ كه‌ به‌ چیرۆك و رۆمان ئاشنا بووم خولیای گێڕانه‌وه‌ له‌ مندا دروست بوو هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد به‌ لاسایی ئه‌و رۆمانانه‌ی ده‌مخوێندنه‌وه‌ ده‌ست بكه‌م به‌ نووسین و گێڕانه‌وه‌ و ده‌فته‌ری چیرۆكه‌كانم له‌ قوتابخانه‌كه‌مان ده‌ست به‌ ده‌ست بگه‌ڕێت و هاوپۆله‌كانم بیخوێننه‌وه‌. دواتر كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جیدی ده‌ستم كرد به‌ نووسینی ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌ناو هزرمدا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بوون هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ شتێك له‌ مندایه‌ و پێویسته‌ بینووسم. به‌ڵام كه‌ خاڵی كۆتایی داده‌نێم هێشتا هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بیگێڕمه‌وه‌ له‌ هزرمدا ماوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌ی كات له‌ كاره‌كه‌م رازی نیم. زۆربه‌ی كاتیش ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ هه‌مان ئه‌و شته‌ نییه‌ وا بیرم لێی كردۆته‌وه‌ و ویستوومه‌ بینووسم. رێك ده‌ڵێی من نه‌منووسیوه‌ و نووسینه‌كه‌ خۆی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش تووشی سه‌رسووڕمانم ده‌كات.

*هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌دا به‌ هۆی سه‌رزه‌نشتی مامۆستاكه‌ته‌وه‌ له‌ چیرۆك تۆرایت و لێی ساردبوویته‌وه‌، چۆن توانیت به‌سه‌ر ئه‌و تۆران و ساردبوونه‌ویه‌دا زاڵ بیت و به‌ گوڕێكی تره‌وه‌ ده‌ست بە چیرۆكنووسین بكه‌یته‌وه‌؟
-من ماوه‌یه‌كی زۆر دوای سه‌رزه‌نشتی مامۆستاكه‌م نه‌مده‌وێرا ده‌ست بۆ نووسینی چیرۆك ببه‌م. ته‌نانه‌ت وام لێهات هه‌ر گێڕانه‌وه‌م له‌بیر چووبووه‌وه‌. به‌ڵام شتێك له‌ مندا بوو كه‌ ده‌بوایه‌ بمنووسیایه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كرد هه‌وڵی نووسینی شیعر بده‌م. هاوڕێیه‌كی چیرۆكنووسم جارێكیان گوتی زمانی شیعره‌كانت زیاتر له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌چن تا شیعر، بۆچی چیرۆك تاقی ناكه‌یته‌وه‌؟ من ده‌ستم كرد به‌ نووسینی چیرۆك و پیشانم دا و به‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌م گوتی تۆ چیرۆكنووسی بۆچی خۆتت به‌ شیعرنووسینه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌؟ هه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ وای كرد جیدیتر بم و هه‌وڵ بده‌م خۆم فێری گێڕانه‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌.

*پاش چیرۆك رووت له‌ شیعر كردووه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ نووسه‌ره‌ كه‌ له‌ شیعره‌وه‌ به‌ره‌و چیرۆكنووسین یان رۆماننووسین ده‌چن، بۆچی لای تۆ وا ده‌ستی پێكرد؟ وه‌كو خۆتان ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده‌ (ئیحساساتی) بووی چیرۆك دادی نه‌دای بۆیه‌ په‌نات بۆ شیعر برد؟
-وه‌ك وتم هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ عاشقی چیرۆك و رۆمان بووم و به‌رده‌وام ده‌مخوێنده‌وه‌. زۆرێك له‌ رۆمانه‌ جیهانییه‌كانم له‌ ته‌مه‌نێكی كه‌مدا خوێندبووه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ وایكردبوو حه‌زێكی زۆرم بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌بێ. له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا پێم وابوو شیعر زیاتر ده‌توانێ هه‌سته‌كانم ده‌رببڕێت چونكه‌ پێم وابوو چوارچێوه‌ و قاڵبێكی تایبه‌تی ناوێت به‌تایبه‌ت شیعره‌ نوێیه‌كان. له‌ڕاستیشدا نووسینی په‌خشان كارێكی قورستره‌. من هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ زۆربه‌ی نووسه‌ران خۆیان له‌ قه‌ره‌ی چیرۆك ناده‌ن چونكه‌ هه‌ر لادانێك له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكدا خێرا كه‌شف ده‌كرێت و خوێنه‌ر پێی ده‌زانێت، به‌ڵام شیعر وا نییه‌ و زوو خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دات. ئه‌گه‌رچی شیعر له‌ ڕۆحه‌وه‌ نزیكتره‌.

*ده‌توانی ئه‌و ساتانه‌ وه‌سف بكه‌یت كه‌ تۆ له‌ نێوان چیرۆك و شیعردا جۆلانه‌ت ده‌كرد و نه‌تده‌زانی به‌ ته‌واوی عاشقی كامیانی؟ كامیل وته‌نی ئه‌و چوون و نه‌چوونه‌ چۆن بوو؟
-من عاشقی هه‌ردووكیانم و هه‌رگیز له‌ نێوان دووڕێیاندا نه‌بووم به‌ڵكو ماوه‌یه‌ك خۆمم له‌ شیعردا بینیوه‌ته‌وه‌ و دواتر كاتێ بینیومه‌ توانای گێڕانه‌وه‌م باشتره‌ بڕیارم داوه‌ خۆم بۆ یه‌كێكیان ته‌رخان بكه‌م و ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌یه‌.

*جارێكی تر ئه‌و عه‌شقه‌ی له‌ مناڵی و نه‌وجه‌وانیدا بۆ رۆمانت هه‌بوو سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا رۆمان بخوێنیته‌وه‌، ده‌ته‌وێ رۆمان ته‌رجه‌مه‌ بكه‌یت، ئه‌م خولیایه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو؟ پێت وابوو ده‌ره‌قه‌تی ته‌رجه‌مه‌كردنی رۆمان دێیت یان ده‌ته‌ویست شه‌ڕی پێ بفرۆشیت؟
-وه‌رگێڕان ژیانه‌وه‌یه‌كی تره‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق. كه‌ ده‌ستی بۆ ده‌به‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی وشه‌كان ده‌ژیت. كه‌ی حه‌زم كرد نووسینێك وه‌ربگێڕم؟ كاتێك «مرۆڤ و گه‌ڕان به‌ دوای ماناكان»ی دكتۆر ڤیكتۆر فرانكلی جووله‌كه‌م خوێنده‌وه‌. من كاتێك ئه‌و كتێبه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ بارودۆخێكی ده‌روونی ناله‌باردا بووم و كاریگه‌رییه‌كی ئێجگار سه‌یری له‌سه‌رم هه‌بوو. ئه‌وه‌ وایكرد بڕیار بده‌م وه‌ریبگێڕم بۆ ئه‌وه‌ی هاوزمانه‌كانم وه‌كو من كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرن. وه‌رم گێڕا به‌ڵام هه‌رگیز چاپم نه‌كرد چونكه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونم بوو هه‌روه‌ها له‌ زمانی دووهه‌مه‌وه‌ وه‌رمگێڕابوو پێم وابوو شیاوی چاپكردن نییه‌. له‌ڕاستیدا وه‌رگێڕان بۆ من شه‌ڕفرۆشتن نه‌بوو به‌ڵكو ژیان بوو له‌گه‌ڵ وشه‌كان. هه‌وڵ بۆ ئافراندنێكی دووباره‌.

*دوو رۆمانی عه‌بباسی مه‌عروفیت ته‌رجه‌مه‌ كردووه‌ بۆچی رۆمانی عه‌باسی مه‌عروفی؟ هه‌ست ناكه‌ی كاره‌كانی عه‌بیاسی مه‌عروفی قورسن؟ چۆن له‌ شێوازی مه‌عروفی تێگه‌یشتووی؟
-عه‌بیاسی مه‌عروفی یه‌كه‌م مامۆستای من بوو بۆ نووسینی چیرۆك. به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و له‌ ڕێگای كتێبی «ئه‌م لا و ئه‌و لای ده‌ق» یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانم بۆ نووسینی چیرۆك به‌ شێوه‌یه‌كی جیدی، نا. هه‌موو ڕۆمانه‌كانی و كورته‌چیرۆكه‌كانیم خوێندبووه‌وه‌. عاشقی رۆمانی سه‌مفۆنیای مردووانی بووم و بێ ئه‌وه‌ی بزانم وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی شانم دا به‌ری و ده‌ستم كرد به‌ وه‌رگێڕانی، مانای چه‌ند وشه‌یه‌كم بۆ نه‌دۆزرایه‌وه‌ ناچار په‌یوه‌ندیم به‌ خۆیه‌وه‌ كرد و مانای وشه‌كانم لێی پرسی و كاتێ زانی خه‌ریكی وه‌گێڕانی سه‌مفۆنیای مردووان ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ له‌ كوردستان چاپ بووه‌ و پێشنیازی كرد زۆر تایبه‌ت وه‌ربگێڕمه‌وه‌ و من هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ ده‌ستم كرد به‌ وه‌رگێڕانی زۆر تایبه‌ت. راسته‌ كاره‌كانی مه‌عروفی تا راده‌یه‌ك قورسن و به‌رده‌وام كات تێیاندا له‌ هاتوچوودایه‌ به‌ڵام من عاشقی ئه‌و شێوازه‌ نووسینه‌م. زۆر به‌ ئاسانی له‌ هه‌سته‌كانی تێده‌گه‌م و پێم وایه‌ تا راده‌یه‌ك توانیومه‌ هه‌ستی نووسه‌ر بگوازمه‌وه‌. مه‌عروفی له‌ ته‌كنینكی لێشاوی زه‌ین كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت و من كه‌ نوقمی ئه‌و دنیا زه‌ینییه‌ ده‌بم هه‌ندێ جار خۆیشمم بۆ نادۆزرێته‌وه‌. كاره‌كانی پڕن له‌ هه‌ست، له‌ بۆن، له‌ ده‌نگ، له‌ تام، له‌ مۆسیقا.

*دوای وه‌رگێڕانی هه‌ندێ رۆمان و كتێب لای عه‌تای نه‌هایی ده‌چیته‌ كۆڕی چیرۆكنووسین و ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ عه‌شقی یه‌كه‌مت و ده‌ست ده‌كه‌یته‌وه‌ به‌ چیرۆكنووسین، ئه‌م خولیایه‌ چۆن خۆی زاڵ كرده‌وه‌؟ بۆچی؟
-مامۆستا عه‌تا نه‌هایی یه‌كێك له‌و كه‌سه‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ كه‌ له‌ قووڵایی دڵمه‌وه‌ خۆشم ده‌وێت. به‌ڕێزیم له‌ ڕێگای گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌ و گۆڵی شۆڕان و باڵنده‌كانی ده‌م با و ئه‌و باڵنده‌ برینداره‌ی كه‌ من بووم ناسی. دواتر چه‌ند چیرۆكێكی من له‌ رامان و هه‌ندێ گۆڤاری دیكه‌ بڵاو بوونه‌وه‌ و مامۆستا تا راده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كاره‌كانم ئاشنا بوو. كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سنه‌ ویستم بڕۆم له‌ بانه‌ سه‌ردانی بكه‌م كه‌ براده‌رێك ئاگاداری كردمه‌وه‌ به‌ڕێزیان له‌ سنه‌ن و ماسته‌ركڵاسێكیان داناوه‌ بۆ ئه‌ده‌بیاتی داستانی و من به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌م كرد. له‌ڕاستیدا به‌ر له‌ كۆڕه‌كانی مامۆستا من چیرۆكم بڵاوكردبووه‌وه‌ و له‌و كڵاسانه‌ش فێری زۆر شتی دیكه‌ بووم.

*ئێستا له‌ نێوان چیرۆك و شیعر و وه‌رگێڕاندا ده‌ته‌وێ به‌ره‌و كوێ بچیت؟ ناترسی وه‌كو ئه‌و په‌نده‌ عه‌ره‌بییه‌ت به‌سه‌ر بێت كه‌ به‌ كوردییه‌كه‌ی ده‌ڵێت «حه‌وت پیشه‌ی هه‌یه‌ و به‌ختیشی نییه‌»؟
-من حه‌زم له‌ هه‌رسێ بواره‌كه‌یه‌، به‌ڵام وازم له‌ شیعر هێناوه‌. واته‌ ڤیدا قادری شاعیر نیه‌ و زیاتر خۆم به‌ چیرۆكنووس و وه‌رگێڕ ده‌زانم. نامه‌وێ ئیشی زۆر و بۆر بكه‌م. پێم خۆشه‌ چ چیرۆك و چ وه‌رگێڕان ئه‌گه‌ر كردم كاری باش بكه‌م و ئه‌گه‌ریش پێم نه‌كرا قه‌یچییه‌كا با خوێنه‌ر بم و نووسه‌ر یان وه‌گێڕ نه‌بم.

*شه‌ش ساڵ له‌ سلێمانی ژیاوی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ چه‌نده‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ زمانه‌كه‌ كه‌ كوردییه‌كه‌ت به‌قوه‌ت بكه‌یت و هه‌ست بكه‌یت ئه‌مدیو و ئه‌ودیو له‌ زمانه‌كه‌ت تێده‌گه‌ن؟
-هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌وڵی فێربوونی كوردیم دابوو به‌ڵام له‌ قۆناغی زانكۆ له‌ رێگای كڵاسه‌كانی مامۆستا شه‌ریف حسێن په‌ناهی توانیم به‌ باشی فێری رێنووس و رێزمانی كوردی ببم. ماوه‌یه‌كیش خۆبه‌خشانه‌ خه‌ڵكم فێری نووسین و خوێندنی كوردی كرد. دواتر هه‌لێك ره‌خسا و ڕووم له‌ باشوور كرد. هه‌ر ئه‌وه‌ وایكرد بتوانم زیاتر به‌ سه‌ر زمانه‌كه‌دا زاڵ بم. خۆشه‌ویستییه‌ك كه‌ بۆ زمانی كوردی هه‌مه‌ وایكرد ته‌نیا خۆم گرێ نه‌ده‌م به‌ زاراوه‌ی ناوچه‌یه‌ك به‌ڵكو وشه‌كان له‌ هه‌موو زاراوه‌كان ته‌ڵچن بكه‌م و به‌ كاریان بهێنم. هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌كا ژماره‌یه‌كی زیاتر خوێنه‌ر له‌ زمانی نووسینه‌كه‌م تێ بگه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مشمش

شیرین. ك ئێواره‌یه‌كی هاوینه‌، دره‌خته‌كانی حه‌وشه‌ ئاو ده‌ده‌م، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort