سەرەکی » هەواڵ » شەراكەت و هاوبەشی راستەقینە

یەكێتی تەئكید دەكاتەوە:

شەراكەت و هاوبەشی راستەقینە

دوێنێ بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی و ئامادەبوونی د.بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كۆبۆوە.

״پێداگریی دەكەین لەسەر لامەركەزییەتی راستەقینە״
دوای كۆبوونەوەكە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا جەختی لە پەرۆشی یەکێتی بۆ زوو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردەوە و رایگەیاند: بەشداریكردنمان لە حكومەتی هەرێمدا گرێدراوە بە هاوبەشیی كاریگەر ‌و راستەقینەوە. ئەو هاوبەشییەی كە لە رێكەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و پارتی لە رۆژی 4/3/2019، ئیمزامانكردووە و وردكردنەوەی ئەو هاوبەشییە بۆ هەموومان مەفهومە ‌و لەیەكتر تێدەگەین. وتیشی: ئەگەر برادەرانی پارتی سوورن لەسەر ئەوەی یەكێتی بەشداربێت لەم حكومەتەدا، دەبێت ئەوە قبوڵبكەن كە هاوبەشێكی راستەقینە و كاریگەر بین، هاوبەش بین لە بڕیاردانی سیاسی ‌و دامەزراوە سیاسییەكاندا، لە سەرۆكایەتیی هەرێم ‌و حكومەت ‌و پەرلەماندا، هاوبەش بین لە مەلەفی ئەمنی ‌و دارایی ‌و ئابووری ‌و پەیوەندییەكاندا.
جەختیشیكردەوە: یەكێتی نە وتوویەتی ‌و نە دەیڵێت ‌و نە قبوڵیەتی كە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بێتەوە، ئێمە باسی هاوبەشی راستەقینە و كاریگەر دەكەین وەكو لە رێكەوتنە سیاسییەكەی ئەم دواییەی ئێمە و پارتیدا باسمان كردووە و ئەو هاوبەشییەش ورد دەكرێتەوە بەسەر ناوەندەكانی بڕیاردان لەم وڵاتەدا، بۆیە هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وەفدی یەكێتیی نیشتمانی بۆ دانوستان لەگەڵ برایانی پارتی دەستنیشانكراو دەسەڵاتی تەواویان هەیە كە بەزووترین كات لەگەڵ برادەرانی پارتی بكەونە گفتوگۆیەكی جددی ‌و بەرهەمدار بۆ كۆتاییهێنان بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر هەموو ئاستەكان. راشیگەیاند: بۆئەوەی هیچ چەواشەكارییەك نەیەتە كایەوە، هەر ئێستا ئامادەین بۆ هەنگاوی پێویست بۆ دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی كە لە رێكەوتنە سیاسییەكەماندا هاتووە، ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتیدا و دەبێت ئەو جیاوازییانە چارەسەربكرێن. وتیشی: ئێمە پێداگریی دەكەین لەسەر لامەركەزییەتی راستەقینە وەك لە رێكەوتنەكەماندا هاتووە و دەبێت ئەوە وردبكرێتەوە كە ئەو لامەركەزییە مانای چییە؟. ئێمە دەمانەوێت ئەو لامەركەزییە بە پڕۆژەیەكی هەمەلایەن رێكبخرێت، تاوەكو دەسەڵاتەكانی ئیداری ‌و دارایی دابەشبكرێن ‌و شۆڕبكرێنەوە بۆ هەموو یەكە ئیدارییەكان.

״پابەندبین بە یاسای بودجەوە״
وتەبێژی یەكێتی باسی لەوەشكرد «یەكێك لەو خاڵانەی كە ئێمە لە دانوستانەكاندا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا پێی لەسەر دادەگرین، ئەگەر برایانی پارتی دەیانەوێت ئێمە بەڕاستیی بەشداری ئەم حكومەتە بین ‌و بەرپرسیاری هەنگاوەكان ‌و بڕیارەكانی بین، جگە لەوەی كە دەبێت بەشداربین لە بڕیاردان ‌و جێبەجێكردنیشیدا، ئێمە دەمانەوێت ئەو پاشەكەوتەی مووچە كە بەخۆشحاڵییەوە ئێستا هەڵگیرا، بۆئەوەی بەردەوام بێ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموومان پێكەوە، پابەندبین بەو بودجەیەی لە عیراقدا هەیە. وتیشی: وەفدەكەی ئێمە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ برایانی پارتی لەسەر هەموو پرسەكان بەڕاشكاوی ‌و ئامادەییەكی زۆر و ئیرادەیەكی گەورەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، گفتوگۆ بكەن، ئێمە لامان گرنگە سەعاتێك زووتر كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی راستەقینەی هەموو لایەنەكان پێكبهێنرێت، ئێمە لەجیاتی هەموو لایەنەكان شەڕی بەشداریی راستەقینە و هاوبەشی راستەقینە و كاریگەر دەكەین.

״حزبی تریش هەمووی كێشەی هەیە״
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێرانیشدا سەبارەت بە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە، وتی: ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد كە كاك نێچیرڤان لە وەختی خراپدا قسەیەكی باشتر بكات لەوەی كە هەیە، وەكو پێشتر كردوویەتی. وەڵامەكەی ئێمە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و كاك نێچیرڤان كە تاكو ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە، كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە وەكو هەر حزبێكی تر، ئەگەر ئێمە كێشەمان هەبێ، حزبی تریش هەمووی كێشەی هەیە، هەر خۆی، تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم ‌و سەرۆكی حكومەت بەو شێوازەی كە بینیتان، بەشێكە لە موقایەزەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حزبییانە و ناوخۆیی كە نامەوێت زۆر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیی دادگاكان

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە نوری مالكی سەرۆكی ...