سەرەکی » مانشێت » حكومەتی نیوزلەندا یاسای هەڵگرتنی چەك توند دەكات

لە دوای رووداوەكەی شاری كرایست چێرش

حكومەتی نیوزلەندا یاسای هەڵگرتنی چەك توند دەكات

ئامادەكردنی: دیاری سابیر

دوو هێرشە چەكدارییەكەی رۆژی هەینی رابردووی سەر دوو مزگەوتی شاری كرایست چێرشی نیوزلەندا، كە بووە هۆی كوژرانی 49 كەس‌و برینداربوونی دەیان كەسی دیكە. لەگەڵ ناوو ناوبانگی ئەو وڵاتە یەكناگرێتەوە، چونكە نیوزلەندا بە وڵاتێكی ئارام‌و سەقامگیر ناسراوە‌و تەنانەت زۆرێك لە كارمەندانی پۆلیسی ئەو وڵاتە چەك هەڵناگرن، لەگەڵ ئەوەی هەموو كەسێكی سەروو تەمەن 16 ساڵ دەتوانێت بەئاسانی چەكی تایبەت بەخۆی دەست بكەوێت، كە دەكرێت مەزەندە بكرێت بە زۆرترین رێژە لەجیهاندا.

پێچەوانەی یاساكانی ئوسترالیایە
بەپێی پێگەی رێكخراوی (جان پۆلیسی) كە بارەگاكەی لە ئوسترالیایە، بنەماكانی مۆڵەتی دەستكەوتنی چەك لە نیوزلەندا مەرجدارەو ئاسانە، بەڵام پێچەوانەی یاساكانی ئوسترالیای دراوسێیەتی‌و مەرجی تۆماركردنی هەموو جۆرە چەكێكی نییە، ئەمەش وایكردووە كە چاودێریی لەسەر خاوەن چەكەكان لاواز بێت.

ملیۆنێک‌و 500 هەزار پارچە چەك
بە وتەی فیلیپ ئەلبێرز پسپۆڕی بواری یاساكانی چەك‌و بەڕێوەبەری رێكخراوەكە، پۆلیسی نیوزلەندا ژمارەی چەكە بێ مۆڵەتەكانی وڵاتەكەیان نازانن. دەشڵێت: ژمارەی دانیشتووانی نیوزلەندا كەمتر لە 5 ملیۆن كەس دەبێت، بەڵام ژمارەی چەك لەو وڵاتەدا بە نزیكەی یەك ملیۆن‌و 500 هەزار پارچە چەك مەزەندە دەكرێت‌و چەكی نیمچە ئۆتۆماتیك كە لە ئوسترالیای دراوسێی قەدەغەیە، لە نیوزلەندا رێگەپێدراوە بەو مەرجەی تۆمار بكرێت.
ئەم وتانەی فیلیپ ئەلبێرز لەگەڵ بەیاننامەیەكی پۆلیسی گشتیی ئەو وڵاتە یەكدەگرێتەوە، كاتێك ساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە «بەپێی یاسای وڵات، زۆربەی پارچە چەكەكان پێویستیان بەتۆماركردن نییە، بۆیە پۆلیس زانیاریی نییە لەسەر ژمارەی ئەو پارچە چەكانەی لای هاووڵاتیانن».

سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، دوای ئەوەی دەركەوت تاوانبارەكەی هێرشەكەی شاری كرایست چێرشی نیوزلەندا، مۆڵەتی بەكارهێنانی پێنج جۆر چەكی هەبووە، كە دووانیان نیمچە ئۆتۆماتیكن، جاسیندا ئاردین سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بەڵێنیدا بەتوندكردنی یاساكانی هەڵگرتنی چەك‌و راشگەیاند: ئەو چەكەی لەتاوانەكەدا بەكارهاتووە، پێدەچێ مامناوەند بێ، ئەوەش یەكێكە لەو ئاستەنگانەی دەمانەوێت لە كاتی گۆڕینی یاساكانماندا، تاوتوێی بكەین.

هەوڵەكانی پێشوو لەباربراون
لای خۆیشییەوە، كریسكا هیڵ سەرۆكی گشتیی پۆلیسی نیوزلەندا پێشوازیی لەلێدوانەكەی ئاردین، كردو رایگەیاند: هەموو هەوڵەكانی پێشوو بۆ سنووردانان بۆ چەك هەڵگرتن لەباربراون، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەتوندی رەتدەكرانەوە. دەشڵێت: پێموایە زۆرێك لە نیوزلەندییەكان ترسیان لێ نیشتووە لەوەی كە لە وڵاتەكەماندا كەسێك بتوانێت چەندین جۆر چەك كۆبكاتەوە، وەكو ئەوەی لە كارەساتەكەی شاری كرایست چێرشیدا، بینرا. وتیشی: بەراوردێكی تاڵ هەیە لەنێوان هەردوو وڵاتی نیوزلەنداو ئوسترالیا، ئەویش ئەوەیە ئەو چەكانەی بكوژەكە توانیویەتی لەوڵاتی ئێمەدا بیكڕێت، هەرگیز نەیدەتوانی لە وڵاتەكەی خۆی بیكڕێت‌و ئەو تاوانەی پێ بكات.

كەمترین رێژەی تاوان
هەروەها، سگۆتمۆ ریسۆن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاندووە كە دەبێت تەواو بەرچاو روون بن لەوەی كە یاسای چەك تەواو جیاوازە لە نیولەنداو ئوسترالیادا.
ئاژانسەكانی هەواڵیش ئەوەیان بڵاوكردۆتەوە كە لە ساڵی 1992وەوە یاساكانی تایبەت بە چەك لە نیوزلەندا گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە، وێڕای داواكاریی حكومەتەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەنگاوی لەو جۆرەو گۆڕانكاریی لەیاساكاندا.
ساڵی رابردووش پۆلیسی نیوزلەندا ئاشكرایكرد كە رێژەی تاوانی كوشتن لەوڵاتەكەیاندا بەبەراورد بە 40 ساڵی رابردوو، لەساڵی 2017دا بۆ كەمترین رێژە دابەزیوە، بەجۆرێك لەو ساڵەدا لەسەرتاسەری وڵاتدا تەنها 48 تاوانی كوشتن هەبووە.

سەرچاوە ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

four × one =

x

هەواڵێ هاوشێوە

مێژووی سینەما لە قەڵادزێ‌

دووتوێیەکی تایبەتی کوردستانی نوێ یە بۆ وەبیرهێنانەوەی کارەساتی نەتەوەیی لە ...