سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » سۆنیا سه‌ركۆ: ئه‌وه‌ی من لێره‌ له‌ به‌ریتانیا فێری‌ بووم، بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هونه‌ر نه‌ك تێڕوانین

سۆنیا سه‌ركۆ: ئه‌وه‌ی من لێره‌ له‌ به‌ریتانیا فێری‌ بووم، بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هونه‌ر نه‌ك تێڕوانین

دیداری‌: قادر عه‌بدولسه‌مه‌د

له‌ پێشه‌نگایه‌كی شێوه‌كاری له‌ (له‌نده‌ن)ی پایته‌ختی به‌ریتانیا كچه‌ هونه‌رمه‌ندێكی كوردم بینی به‌ چه‌ند كارێكی هونه‌ری به‌شداری كردوو بوو، هه‌م كاره‌كانی و هه‌موو به‌شداری كردنه‌كه‌ی به‌و ته‌مه‌نه‌ گه‌نجیه‌ی جێی سه‌رنجم بوو، دوای كه‌مێك گفتوگۆ و بینین و باسكردنی كاره‌كانی زیاتر سه‌رنجی ڕاكێشام، ئه‌م كیژه‌ هونه‌رمه‌نده‌ (سۆنیا سه‌ركۆ یان ترێ سه‌ركۆ)‌ له‌ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌وه‌ده‌كه‌ی هاتوونه‌ته‌ به‌ریتانیا، قۆناغه‌كانی خوێندنی بڕیوه‌ ئه‌مێستاكه‌ دوا ساڵی زانكۆیه‌تی..ده‌توانم بڵێم سۆنیا ئه‌فراندن و داهێنانی هونه‌ری پێش ته‌مه‌نی كه‌تووه‌و په‌روه‌رده‌ی دایك و باوكی ئه‌و زه‌مینه‌ هونه‌ریه‌یان بۆ ڕه‌خساندووه‌ كه‌تیادا سات به‌سات هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و داهێنان و ئه‌فراندن له‌ دنیای به‌رفراوانی هونه‌ردا هه‌ر بۆ زیاتر ئاشنا بوون به كار و چالاكیه‌كانی ئه‌م كیژه‌ به‌ڕێزه‌ حه‌زم كرد ئه‌م دیمانه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م.

*هاتنه‌ ناو دنیای هونه‌ریت چۆن بوو؟…حه‌زێكی سروشتی خۆت بوو یان بینینی كاری هونه‌رمه‌ندان بوو؟
– كه‌ له‌ باخچه‌ی ساوایان بووم له‌ كوردستان هه‌میشه‌ له‌ كاتی یاری كردندا ڕیز ئه‌بووین بۆ هه‌ر یاریه‌ك بمانویستایه‌ بیكه‌ین.. به‌ڵام به‌شی وێنه‌كێشان دایم چۆڵ بوو منیش چاوه‌ڕوانیم زۆر پێناخۆش بوو..بۆیه‌ دایم له‌ به‌شی وێنه‌كێشان بووم تا بووه‌ خولیایه‌ك بۆم وام لێهات بۆ هه‌ر شوێنێك بچوومایه‌ ئه‌بوایه‌ وێنه‌م بكێشایه‌..
* ته‌مه‌نی مناڵیت چۆن بوو؟ به‌به‌رده‌وامی خه‌ریكی وێنه‌كێشان بوویت؟
– به‌ مناڵی له‌گه‌ڵ دایك و خوشكه‌كه‌م له‌ سلێمانی ئه‌ژیام ئه‌و كاته‌ باوكم له‌ تاراوگه‌ بوو ئه‌م دووریه‌ی باوكم تاكو چه‌ند ساڵێك بۆشایه‌كی هه‌ستی و روحی دروست كردبوو..وێنه‌ كێشان وه‌ك چاره‌سه‌رێكی ده‌روونی لێ هاتبوو بۆم له‌ كاتی بێزاریدا له‌ شوێنێكی ماڵه‌كه‌دا دائه‌نیشتم وێنه‌م ئه‌كێشا.. ئه‌و كاتانه‌ وێنه‌كانم هه‌مووی ژیانێكی خه‌یاڵی بوون بۆ خۆمم دروست ئه‌كرد..یه‌كێك له‌وانه‌ ژیانی لادێ بوو وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك ماڵم ئه‌كێشا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی زۆر كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌. ژیانی لادێ تا ئه‌م ڕۆژه‌ش ئاوێته‌ی ژیانم بووه‌ زۆر حه‌ز ئه‌كه‌م كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی كوردستان بژیم و چێژ له‌ سروشتی جوانی كوردستان وه‌ربگرم..
* له‌ به‌ریتانیا چۆن ده‌ستت پێ كرد…له‌ بواری خوێندا له‌ چ قۆناغێكی خوێندایت…حه‌ز ئه‌كه‌ی تا چ ئاستێك بخوێنیت؟
– له‌ ته‌مه‌نی 12 ساڵیمه‌وه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌مدا ئه‌ژیم له‌ پۆلی هه‌شته‌وه‌ ده‌ستم كرد به‌ خوێندن..سه‌ره‌تا فێربوونی زمانی ئینگلیزی سه‌خت بوو به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌ به‌ربه‌ستێك بۆم.. له‌ دوای فێربوونی زمان بژارده‌یه‌كی زۆرم له‌ به‌رده‌ستدا بوو له‌ بوارێكدا بخوێنم له‌ كۆلیژ، زۆرم پێئه‌وترا وا چاكه‌ هونه‌ر وه‌كو خولیایه‌ك هه‌بێ نه‌وه‌ك وه‌كو داهاتوویه‌ك..به‌ڵام من هه‌رگیز به‌وه‌ ڕازی نه‌بووم…بۆ من گرنگ نه‌بوو له‌ داهاتوودا چی ڕووئه‌دا ئه‌وه‌ی گرنگ بوو ئه‌وه‌ بوو چۆن بتوانم بچمه‌ دنیایه‌كی هونه‌ریه‌وه‌ كه‌ دووركه‌تنه‌وه‌ لێ مه‌حاڵ بێت بڕیارمدا له‌ كۆلیژیArt and Design ده‌ست بكه‌م به‌ خوێندن. ئێستا به‌ جۆرێك كه‌وتمه‌ته‌ ژیانی هونه‌ریه‌وه‌ كه‌ بیرم چۆته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ من كێ بووم و ژیانیم چۆن بووه‌.
*له‌ چه‌ند پێشانگا و كار و چالاكی هونه‌ریدا به‌شداریت كردووه‌؟
سه‌ره‌تا له‌ پۆلی 9دا یه‌كێك له‌ كاره‌ هونه‌ریه‌كانم بۆ مۆزه‌خانه‌ی هۆلۆكۆست هه‌لبژێدرا، له‌ پۆلی 10دا هه‌لی كاركردنم پێدرا له‌ (studio print making-Green Door Studio)له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك هونه‌رمه‌ندی به‌ توانای به‌ریتانی،له‌ پێشانگای (Burton College به‌شداربووم خه‌ڵاتی(Principal Award) به‌ده‌ست هێنا تابلۆكه‌یان لێ كڕیمه‌وه‌.به‌شداریم كرد له‌ پێشانگای (Nottingham College شاره‌وانی نوتینگهام تابلۆكه‌یان لێ كڕیمه‌وه‌ له‌ Loxley House واته‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی نۆتینگهام دانراوه‌، ئه‌م به‌شداریه‌م بوو به‌ هۆی ناساندم له‌ ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیاكاندا. له‌ ساڵی دووه‌می زانكۆدا به‌شداربووم له‌ پێشانگای Kurdish Diaspora له‌ ڕێ ئه‌م پێشانگایه‌وه‌ توانیمان بڕێك پاره‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی كوردستان. ساڵی 2018 به‌شداریم كرد له‌ پێشانگای Kurdish Art Fair. له‌ له‌نده‌ن.
* به‌ده‌ر له‌ كاری وێنه‌كێشان حه‌ز له‌‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و شیعر ئه‌كه‌ی؟ كاری چه‌ند نووسه‌رت خوێندۆته‌وه‌؟
– خوێندنه‌وه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی كاره‌كانمه‌و گرنگیه‌كی زۆرم پێداوه‌ زیاتر له‌سه‌ر مێژوی هونه‌ر و conceptual art
به‌ده‌ر له‌وانه‌ی بۆ خوێندنه‌كه‌مه‌ پێخۆشه‌ به‌ تایبه‌تی كتێبی خه‌یاڵی یاخود ڕۆمان بخوێنمه‌وه‌ ئێستا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی ((how the world Work Noam Chomsky كه‌ ده‌رباره‌ی جیۆپۆلیتیكاڵی هاوچه‌رخه‌.
زۆر حه‌ز به‌ هۆنراوه‌ی كوردی ئه‌كه‌م له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا باوكم بردمی بۆ ئێواره‌ كۆڕێكی شیعر مامۆستا عه‌بدووڵا په‌شێو كه‌ تا ئێستاش هه‌ندێك له‌ هۆنراوه‌كانیم له‌ بیر ماوه‌. ئێستا زۆر جار كه‌ گوێ له‌ هۆنراوه‌ی كوردی ئه‌گرم وێنه‌ی هۆنراوه‌كه‌ ئه‌كێشم بۆ نموونه‌ (ئێستا كچێك نیشتمانمه‌) هۆنراوه‌ی مامۆستا شێركۆ بێكه‌س.
*ژیانت له‌ كلتووری جیاوازدا چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌ریه‌كانت؟
– ژیان له‌ دوو كلتوری‌ جیاوازدا، زۆر كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاره‌كانم، چۆنیه‌تی تێڕوانینم بۆ هونه‌ر و كۆمه‌ڵگای كوردی زۆر جیاوازه‌ وه‌ك له‌و ژینگه‌یه‌ی ئێستا منی تیادام. له‌م چه‌ند ساڵه‌دا كه‌ بۆ هونه‌ر خوێندوومه‌ تاكو ئێستا ڕۆژێك پێم نه‌وتراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بێ وێنه‌ بكێشم یان فێری چۆنیه‌تی وێنه‌كێشانیان نه‌كردووم به‌ڵكو فێركراوم سه‌یری هونه‌ر بكه‌م له‌ لایه‌نێكی جیاوازه‌وه‌ ئه‌وه‌ی من لێره‌ فێربووم پێكهاتووه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ هونه‌ر زیاتر وه‌ك له‌ تێروانین لێی.
مێژووی هونه‌ر بۆی سه‌لماندووین كه‌ وێنه‌كێشان تاكو چ ئاستێكی به‌رز ئه‌توانین بڕوا به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ بتوانین هه‌ر شتێك وه‌ك خۆی ده‌ربهێنینه‌وه‌ به‌ڕه‌نگه‌كان به‌ڵام له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا هونه‌ر پێكهاتووه‌ له‌ پرسیار نه‌وه‌ك له‌ دروست كردن لێره‌ فێربووم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌بێ له‌گه‌ڵ ناخی خۆی ڕاستگۆ بێت چۆن پێخۆشه‌ وێنه‌ بكێشێت یان هه‌ر كارێك بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌یه‌كمان جیاواز ئه‌كات به‌ڵام هه‌ندێك جار هه‌مان ئه‌و كاره‌ی لێره‌ ده‌ستخۆشیم لێ ئه‌كرێ بۆی پیشانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌م له‌وانه‌یه‌ زۆر كه‌س لێ تێنه‌گات و ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر ببمه‌وه‌. بۆ من كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر زۆر گرنگه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌وێت هه‌م هونه‌رمه‌ندان و هه‌م كه‌سانی ئاسایش بتوانن له‌ كاره‌كه‌ تێبگه‌ن. ئه‌م دوو لایه‌نه‌ وایان لێ كردووم هه‌ست به‌ قورسایه‌ك بكه‌م،‌ ئه‌مه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌ك وێنه‌ بكه‌م كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی جێگای بێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌مه‌وێت ڕاستی ناخی خۆشم وێنه‌ بكه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی‌ ئه‌مه‌وێت، یه‌ك له‌و نموونانه‌ وێنه‌ی ژماره‌ (7‌) كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ دوو ژیانی جیاواز كه‌ هه‌ردووكیان به‌ تێڕوانین زۆر جیاوازن به‌ڵام له‌ بیركردنه‌وه‌دا یه‌كسانن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

1 × three =

x

هەواڵێ هاوشێوە

پایز له‌ دنیابینی شیعری ژه‌نه‌ڕاڵی پایزدا

جه‌مال نوری غه‌ریب پایز ئه‌و وه‌رزه‌یه‌ له‌ هه‌رسێ وه‌رزه‌كه‌ی تر ...