سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بۆ/ فەتانەی خادم فارس

«شیرازنامە»

بۆ/ فەتانەی خادم فارس

پێشەوا کاکەیی

ئەوجەلەکانێش بە زامی ڕۆژگارەوە، بە برینێکی ئێجگارەوە، وەڵامـگۆی ئەو دڵەی من، یەکەم وشەی هەردەم سڵاوە… دەدوێینەوە بەڵێ دەدوێینەوە، لەم زەمینە پانوپۆڕەدا باس لە شکۆفەی ئەوین دەکەینەوە. چ بێژم لە ئاست ئینگۆدا، قسەسوێری من ڕەنگە شیرین زمانتان بشڵەژێنێ، نەوەک ئەوەی لەماڵی میرەوە چاوم گێڕابێت بە گوڵاندا و ئەلفبێی نەونەمام لە کچۆڵانەوە فێربووبێتم و زمانم لە ئاست ئینگۆدا فڵتەفڵتی بێت، بەس بۆ وەی کەلامتان ڕووی لەگرژی بێت و لەسوێری مندا شیرینی ون بێت. نا، مەگەر لە هەنگوینی چاوتاندا هەریەکەی نیو کیلۆ ئەوینم لێ نەخواستووە، لە پەنجەکانتدا هەمیشە گـوڵاوملێ نەبردووە. ئەم دڵشکانە لە ڕەنجان نییە،ڕەنجی ژیانە وەها دەکات دڵ لە جێی خۆیدا نەمێنێ و بشکێ. پێم بڵێ کێ ڕەزاڵەت و زەبوونی ناچێژێ، ئەوەی بەهای ڕەزاڵەتی نەزانێت، ناگات بە فەزیڵەت.
فەتانەی شیرازیی، فەزیڵەت هەقیقەتی مەعریفەیە، گەیشتنە بە بوونێکی دیکە، تا لەباری تاعالادا بە بوون بێتەوە. گەر هەقیقەت لە فەزیڵەتدا نەبێت، مەعریفە بابەتێک نییە ببێتە بابەتی بونیادی عیرفانناسیی.
فەتانە، وەی دەبەرت بمرم، ڕۆژگارێکە پەی پێبردنی ڕاز لە دڵەوە تووشی دەردی عیرفانییەت بووە، بۆیە عیرفانناسیی ڕێی خۆی ون کردووە؛ درککردن و ناسین و گەیشتن بە فەزیڵەت، تووشی گرێ پووچکە بووە. تۆ بڵێیت مرۆڤ بەو هەموو تیمارەوە بە هەقیقەت بگات و تێیدا بەوێ چاوانەی کە تڵخ بووە، هەق ببینێت. نا، دەزانم دەڵێیت مەگەر فەزیڵەت لە ناوەوەیە یان نا، هەق لە ناوەوەیە یان نا، دەڵێیت با فەزیڵەت بە ڕووناکییەوە بێت، چوونکە خۆی بە کەماڵیی دەگات.
فەتانەی ڕۆحبەر، تووشی تایەکی گران هاتووین، ئەقڵمان لە دەست داوە. سەرەتای حیکایەت چلۆن بگێڕینەوە، گەر برینی ناوەوەمان نەدۆزینەوە و ساڕێژی بکەین. لە ئەدگارماندا ئەهلی پشوودرێژین، بە ڕووکارمانەوە دیارە کە قەڵغی تەمەنێکی حەسرەتکێشین. بۆ وەی لە تیمار بگەین، کە چ زامدارێکی قووڵین، باسێک بۆ ئەبوو ماهیری شیرازیی،*دەکەینەوە، هیچ نەبێت کەمێک بە بوون دەگەینەوە. بۆ وەی نەبمە کاتکوژ، لە خوێندنەوەتان کاری بوونناسییم لە ئینگۆ دەوێتەوە؛ هەڵبەت پێشوەختە سوپاس کە لە واتای بوون کەمێک قووڵ ببینەوە.
پێشباس
دەمانەوێت ئەبوو ماهیر نەخۆشی ماخوولیامان چارە بکات، ئەو نەشتەرگەر و هەمیش تیمارکەرە. چ دەبێت فەتانە ئێمە ببینە شاگردی ئەو، تاکوو لەوێ ڕۆژگارە زامدارەدا هیچ نەبێت کەسێک لە دەرد و ئازار، لە مەینەتی و هەژار، لە بێچارەیی و بێحەوسەلەیی ڕۆژگار، ڕزگار بکەین و شادیی و ساغیی پێ ببەخشین. با وێنایەک دروست بکەین و بگەڕێینەوە ئەو زەمەنەی ئەو، کە ئەبوو ماهیر شیرازی لە قاڵبێکی هزری و هۆشەکیدا پێی دەگات، کاریگەرییەکانی دەگوازێتەوە بۆ نێو پەنجەکانی و ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت تاکوو ڕەفتارەکانی مرۆڤ لە شپرزەیی و نەخۆشی جەستەیی دیار بخات و چارەیان بکات. تۆ سەیرکە فەتانە، با باسێک لە جەوهەری عیشق بکەین، کە بە هۆی جوانیی تەعالاوە بەدیهاتووە، هەموو بوون ئێمەی گرتۆتەوە. دڵ کە مسیش بێت، هەر دەتوێتەوە و دواتر لە زێڕدا دەدرەوشێتەوە. دەزانیت جوانیی وەها دەکات کە مرۆڤ لە بێهۆشییەوە بباتە هۆشیاریی. پزیشک، تەنیا پەنجە تێهـاڵان لە نێو جەرگ و دڵان نییە، جووڵاندن و بزواندنی ئێسک و پارچەیەک گۆشت نییە، کڕاندن و لێکردنەوەی کوتە گۆشتێک نییە، کە دەپاڵیدا لە بوونناسیی نەکۆڵێتەوە؛ بەو واتایەی بوونناسیی لە بەرانبەر دیاردەناسییدا لە جەوهەر و دیارەکانی بڕوانێت و دەریبخات.
فەتانە، کاری پزیشک پێش هەموو شتێک لێکۆڵینەوەیە لە دەرکەوتنی شتەکان، کێشەکان، لە هەر ڕۆحلەبەرێکدا. سەرەکیترین پرسیاری پزیشک ئەوەیە، دەبێت هەست بە زانینی هەستییەکانی مرۆڤ بکات، تاکووبتوانێت لە ئەقڵ و هەست بگات، کێشەی بوون و نەبوون دەربخات، پەردە لەسەر نهێنیی بنەڕەتیی بوون لابدات و بگات بە سەرچاوە ڕاستییەکەی بوون. فەتانەی گوڵ، ئیدی دەربارەی جوانیی و عیشق و عیرفانیی بە بوونەوە بۆتان باس دەکەم، لە سوئالتان بوون ڕەوانتر دەبێت، وەڵامـگۆیی منیش هەر ئەوە دەبێژێت.

عیشق و جوانی، وەک زام و تیمارکراو

عیشق دەپاڵ جوانیدا، بە تەنیا فەزیڵەتێک نییە بوونییەت دەربخات، ئەی زامداری ژیان؛ بوون هێشتا تارماییەک بە جێدیڵێت، کە تیمارکەر جوانتر لێی ورد بێتەوە و جارێکی دی بە ساغتر پێمان بناسێنێتەوە ئەی خوێنلێچۆڕاوی ژیان.پێم بڵێ کێ مامەڵە دەگەڵ سیستەمە ئەزەلییەکە دەکات بۆ وەی لە بوون وردتر ببنەوە؛ کێ لە ئامادەبوونی بوون دەڕوانێت کە هەست بە ئازار نەکات و بەختەوەری بێنێتە نێو ژیانیەوە. دەبێت بچینەوە لای پزیشک و بیدۆزینەوە، لە بوونناسی زیاتر بکۆڵینەوە، زیاتر بمانداتە بەر نەشتەر و ترپەی دڵمان ئارامتر بکاتەوە.
تۆ سەیرکە فەتانەی سەید زادەی ڕۆحبەر، وەک چۆن بوون وەها دابەشبووە کە لە نێوان خودا و ئێمەدایە، عیشق و جوانییش هەر لە نێو ئەو بوونەدایە. بەختەوەریی و شادیهێن خۆتیت، زامدار و تیمارکەر خۆتیت. با ئازارارەکانی ئەم ڕۆژگارەمان بدۆزینەوە کە خۆمان بە بونیادمان هێناوە. ئەم ئازارە لە کوێوە هاتووە، ئەگەر لەباری تەعالادا نەبووبین و دەگەڵ بوون خۆمان نەگونجاندبێت. دەبێت بچینەوە نێو خۆمان عیشق و جوانی بەیان بکەین. بۆ وەی بە جۆرێکی دیکە باس لە بوونی عیشق و جوانی بکەین و خۆمانی پێ بدوێنین، ئەوا مرۆڤ ناوەندییە. تۆ دەزانیت ئەو وەختەعیشق و جوانی دەشڵەژێت، کە هەست و ئەندێشە خۆ پێکدادەدەن؛ بەو واتایەی کە بزانین عیشق لە کوێوە دادەگیرسێنین، جوانی چۆن دەبێتە دەرمانی دەروونی. فەتانە، عیشق و جوانی لە دواندنەوە دێت، بێ دواندن ناساغ دێتە بەرهەم، ئەوکاتە دەبێت بگەڕێینەوە ناوەوەمان و لە ئازارمان ورد بینەوە. بۆیەعیشق، واتە تا ئەوپەڕی بینینی جوانی و جوانییش تا ئەوسەری دەروون بینینە هەی فەنای دڵبەر.

جوانیی عیشق، وەک دەرهاویشتەی جوانی
فەتانەی شیرازیی، بۆ وەی لەبارەی جوانیی عیشقەوە بدوێین، وەک بەشێک لە خودی جوانی، گفتوگۆیەک لەبارەی جوانیی عیشق دەکەین، کە چ پەیوەندییەکی بە خودی جوانییەوە هەیە. جوانییعیشق لە کوێوە دێت و چۆن دەبێتە بە بەشێک لە جوانییەت. عیشق، دەبێت خاوەن دیدی خۆی بێت و دەخۆیدا تێڕامانی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ جوانیی، چۆن بونیادی بنێت و چۆن دەرهاویشتەی جوانی هەبێت؛ هەڵبەت عیشق دوای چوونە نێو خۆیەوە دەبێتە بەشێک لە جوانیی. عیشق، پێش هەموو شتێک جوانیی خۆی بە شێوەیەکی وەها دەروونی شی بکاتەوە و بزانێت پاک بۆتەوە، هەست بکات کە دە خۆیدا جوانی هەیە، تێکەڵ بە سروشت و چییەتی جوانیی بۆتەوە، بۆ وەی دیدێکی فەلسەفییانە بۆ جوانی جێبێڵێت.
فەتانەی سەیدە زادە، عیشق کە لە جوانیی خۆی دوور کەوتەوە، پاڵ بە دزێوییەوە دەنێت و تێڕوانین و جیهانبینی تایبەت بە خۆی نامێنێت، تاکوو خودی جوانیی خۆی ڕێچکەی خۆی نیشان بدات. جوانیی عیشق، ڕاستەوخۆ فەلسەفەی جوانی نییە، چۆن عیشق لە هەر بارێکدا بێت لای هەموو بوونەوەرەکان جوانە، بێ ئەوەی هونەرەکانی جوانی دەربخات. عیشق، کە خۆی نەناساند یان خۆی نەدۆزییەوە و نەگەیشتە بوون، نابێت بە بوونێکی دیکە. عیشق ڕۆچوونە تا ئەوسەری بوون و بوونەوە بە بوونێکی دیکە، تاکوو لێوەی دەفڕێت. عیشق دەبێت دە نێو خۆیدا باڵی فڕینی هەبێت، عیشق باڵێکە و بوون بە باڵێکی دیکەیە تاکوو بداتە فڕین. فەتانە، تا نامەی دادێت و لەمەڕ بابەتێک و شاعیر و عاریفێکی دیکەوە دەدوێین، هەردەم دە حیفزی خودادا بن.

شوێنپێ: قەڵادزێ، ئەیلوولی ٢٠١٨
____________
* ئەبوو ماهیر: ناوی «ئەبوو عمران مووسا کوڕی یووسف کوڕی سەیار کوڕی سەیار شیرازیی،»یە، یەکێک بووە لە پزیشکە ناودارەکانی سەر زەمینی شیراز، کە لە کۆتایی سەدەی سێ و سەرەتای سەدەی چواری کۆچیدا ژیاوە. سەردەمی پادشایانی دەیلەمی بووە؛ ئەو یەکەمین کەسێک بووە کە لە شیراز بە شێوەیەکی زانستی و پەروەردەیی پزیشکی درێژە پێداوە و شاگردی هەبوون… ئەبوو ماهیر، تاکە پزیشکی نەشتەرگەریی بووە لە شیراز، کە لە مێژوودا ناوی هاتووە. ساڵی لەدایکبوونی بە ڕوونی دیار نییە، بـەڵام ساڵی 350ی کۆچی، ماڵاوایی لە ژیان کردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

eighteen − 13 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

پایز له‌ دنیابینی شیعری ژه‌نه‌ڕاڵی پایزدا

جه‌مال نوری غه‌ریب پایز ئه‌و وه‌رزه‌یه‌ له‌ هه‌رسێ وه‌رزه‌كه‌ی تر ...