سەرەکی » زانست » زه‌رده‌چه‌وه‌ ده‌رمانی چه‌ندین ده‌رده‌

زه‌رده‌چه‌وه‌ ده‌رمانی چه‌ندین ده‌رده‌

زه‌رده‌چه‌وه‌ كه‌ خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕووه‌كه‌ و دواتر ده‌هاڕدرێت، یه‌كێكه‌ له‌ ڕووه‌كه‌ هه‌ره‌ به‌سووده‌كان و له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو شارستانیه‌تی هیندی و چینیدا گرنگی زۆری پێدراوه‌‌و جگه‌ له‌به‌كارهێنانی بۆ خۆشكردنی تامیی خواردن بۆ مه‌به‌ستی پزیشكیی و له‌ كاری ڕستن و چنینیشدا بۆ ڕه‌نگكردنی ده‌زوو خووریی به‌كارهێنراوه‌.
ئه‌م ڕووه‌كه‌ جادوو ئامێزه‌ هه‌میشه‌ جێگه‌ی گرنگیپێدانی زانایان و ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ پسپۆڕن له‌ پزیشكیی گیایی و هه‌میشه‌ توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌پێی توێژینه‌وه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌ندین جۆری شێرپه‌نجه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات و دژه‌ هه‌وكردنێكی بێوێنه‌یه‌ و ناهێڵێت مرۆڤ تووشی نه‌خۆشیی دڵ ببێت‌و یاده‌وه‌ریش ده‌پارێزێت.
هه‌روه‌ها له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌وه‌ و له‌و كاته‌ی هۆشیاریی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ ته‌ندروستیی گشتیی زیادی كردووه‌، خه‌ڵك زۆرتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنه‌ماكانی پزیشكیی ناوماڵ و پشت به‌ستن به‌ شێوازێكی دروستی ژیان، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆراكیی باش و دروست و تیشكخستنه‌ سه‌ر ئه‌و پێكهاته‌ خۆراكیانه‌ی كه‌ مرۆڤه‌كان پێویستیانه‌ هه‌روه‌ها ئه‌نجامیی توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ زه‌رده‌چه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ته‌واوكاره‌ خۆراكییه‌كانی كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت،
زه‌رده‌چه‌وه‌ پێشیده‌وترێت( زه‌عفه‌رانی هیندیی) چونكه‌ ڕه‌نگێكی مه‌یله‌و زه‌ردی هه‌یه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ خێزانی زه‌نجه‌فیل، زه‌رده‌چه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی خۆراكییه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌كالیسیۆم‌و ریشاڵه‌كان‌و ئاسن و مه‌گنیسیۆم و نیاسین و پۆتاسیۆم و پرۆتین و ڤیتامینه‌كان و زینك ، لێره‌شدا (10) سوودی زه‌رده‌چه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو .

1- خۆپاراستن له‌ شێرپه‌نجه‌ و چاره‌سه‌ركردنی
چه‌ندین توێژینه‌وه‌ كراوه‌‌و تێیدا ده‌ركه‌وتووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌نێوان به‌كارهێنانی زه‌رده‌چه‌وه‌ و تێكڕای نزمی شێرپه‌نجه‌كانی خوێن و مه‌مك و پرۆستاتا و سییه‌كان و كۆلۆن، چونكه‌ مادده‌ی كركمینی ڕووه‌كی تێدایه‌‌و به‌پێی توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ ڕێگره‌ له‌ دروستبوونی گرێ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان و یارمه‌تیده‌ره‌ له‌هێواشكردنه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان.

2- چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردن
زه‌رده‌چه‌وه‌ به‌ سووده‌ بۆ سنورداركردنی نیشانه‌كانی هه‌وكردنی درێژخایه‌ن وه‌ك فشۆڵیی ئێسك و هه‌وكردنی جومگه‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن سه‌رنج ده‌ده‌ن كه‌ هه‌وكردن و ئازاری جومگه‌كانیان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.

3- باشتركردنی كاری جگه‌ر
زه‌رده‌چه‌وه‌ ژه‌هره‌ سروشتییه‌كان له‌ جگه‌ردا لاده‌بات، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیاتر به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نزیمه‌ زینده‌ییه‌كان كه‌ ڕشتنی ژه‌هری ناو له‌ش كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها سووڕی خوێنیش چالاك ده‌كاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی باشتربوونی كاری جگه‌ر‌و له‌ نه‌خۆشیی ده‌یپارێزێت.

4- پاراستنی دڵ و ده‌ماره‌كانی خوێن
مادده‌ی كه‌ركه‌مین شوێنه‌واری سوودبه‌خشی هه‌یه‌ له‌ زۆر له‌ فاكته‌ره‌ زانراوه‌كان كه‌ ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵدا، چونكه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ باشكردنی كاره‌كانی ڕووپۆشی ده‌ماره‌كانی دڵ‌و هه‌وكردن و ئۆكسیده‌ بوونی خوێن كه‌مده‌كاته‌وه‌.

5- كه‌مكردنه‌وه‌ی كولیسترۆڵ
توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندویانه‌ ئه‌گه‌ر زه‌رده‌چه‌وه‌ وه‌ك داووده‌رمان بۆ خواردنه‌كان به‌كاربهێنرێت ئه‌وا ئاستی كۆلیسترۆڵ له‌ خوێندا كه‌مده‌كاته‌وه‌.

6- پیریی و خه‌ڵه‌فان دوا ده‌خات
پزیشكان له‌و بڕوایه‌دان كه‌ هه‌وكردنی مێشك یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پشێویی تێگه‌یشتن، زه‌رده‌چه‌وه‌ دروستیی مێشكی مرۆڤ ده‌پارێزێت، ئه‌ویش له‌ رێی ڕێگرتن له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی هه‌ندێك پلێتی بێ سوود له‌ خوێندا و هوروژمی ئۆكسجینیش بۆ خانه‌كانی مێشك چالاك ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی تووشی مێشك ده‌بن له‌وانه‌ش خه‌ڵه‌فان.

7- نه‌هێشتنی ئۆكسیده‌ بوون
به‌هۆی پێكهاته‌ی كیمیایی له‌ ناو زه‌رده‌چه‌وه‌ دا، ئه‌وا ئه‌و ڕووه‌كه‌ یان ئه‌و به‌شه‌ی داوده‌رمان به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین دژه‌ ئۆكسیده‌كان داده‌نرێت كه‌ ڕێگه‌ له‌ هه‌ندێك مادده‌ی زیانبه‌خش ده‌گرێت و ناهێڵێت بچێته‌ ناو له‌شی مرۆڤه‌وه‌.

8- دژه‌ خه‌مۆكیی
توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریخستووه‌ كه‌ مادده‌ی كه‌ركه‌مین سودی زۆری هه‌یه‌‌و له‌وانه‌ش دژه‌ خه‌مۆكییه‌، چونكه‌ له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌سه‌ر ( 60 ) نه‌خۆشی تووشبوو به‌خه‌مۆكی كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ماده‌ی كه‌ركه‌مین هێنده‌ی ده‌رمانی (بروزاك) كاریگه‌ره‌ كه‌ ده‌رمانێكی دژه‌ خه‌مۆكییه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كاری ده‌هێنن كه‌ توشی خه‌مۆكیی بوون.

9- كۆنترۆڵكردنی كێشی له‌ش
زه‌رده‌چه‌وه‌ به‌سووده‌ بۆ پاراستنی كێشی له‌ش، چونكه‌ توخمێكی تێدایه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ زیاتر هوروژمی ماده‌ی زه‌رد كه‌ گرنگه‌ بۆ پرۆسه‌ی شكاندنی چه‌وریی خۆراكیی، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوو ده‌كه‌ن كێشیان دابه‌زێت، باشتره‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ژه‌مێكدا كه‌وچكێكی چا زه‌رده‌چه‌وه‌ بخۆن.

10- كۆنترۆلكردنی شه‌كره‌
زه‌رده‌چه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاستی ئه‌نسۆلین له‌خوێندا و كۆنترۆڵكردنی شه‌كره‌ی خوێن باشتر ده‌كات و كاریگه‌ریی ئه‌و ده‌رمانانه‌ زیاتر ده‌كات كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیی شه‌كره‌ به‌كارده‌هێنرێن، سوودێكی تریشی هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رگریی له‌ دژی ئه‌نسۆلین، ده‌بێته‌ ڕێگر له‌ ده‌ركه‌وتنی شه‌كره‌ی جۆری دووه‌م.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

17 − seven =

x

هەواڵێ هاوشێوە

دۆزینه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ سكی قرشی سپیدا

زاناكان له‌ دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌ ماسیی قرشی سپی، بۆیان ...