سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » هۆكاره‌كانی‌ پشت كوشتاری‌ موسڵمانان له‌ نیوزله‌ندا

دەر و دراوسێ

هۆكاره‌كانی‌ پشت كوشتاری‌ موسڵمانان له‌ نیوزله‌ندا

رۆژی‌ هه‌ینی‌ 15 /3/2019 جیهان كاتێك به‌ ئاگا هاته‌وه‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ و خه‌مناك و دڕندانه‌ له‌ شاری‌ (كرایست تشرش) واته‌ شاری‌ مه‌سیح له‌ وڵاتی‌ نیوزله‌ندای‌ دووره‌ ده‌ست و په‌ڕ له‌جیهاندا ئه‌نجامدرا كه‌ (49) كه‌سی‌ سڤیل و بێتاوان كوژران، تاوانیان ئه‌وه‌ بوو له‌ مزگه‌وتدا نوێژو خوا په‌رستیان ده‌كرد، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ نه‌ تاوانه‌ و نه‌ تیرۆر، به‌ڵكو هه‌موو یاساو رێساكان ئازادای‌ بیروباوه‌ڕو ئاین و به‌جێهێنانی‌ مه‌راسیم و ئه‌ركه‌ ئاینیه‌كانیان بۆ تاك فه‌راهه‌م كردووه‌ .
ده‌بێت چی‌ بێت ئه‌م زه‌مینه‌ و ژینگه‌یەی‌ له‌بار كردبێت بۆئه‌وه‌ی‌ تاوانێكی‌ وا قێزه‌ون ئه‌نجام بدرێت؟ ئایا ڕق و بێزاری‌ ئیسلام فۆبیا له‌پشت ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌وه‌ن له‌لایه‌ن تاقم و گروپی‌ راستڕه‌و پۆپۆلیستی‌ كه‌ لێدوان و بیرو بۆچوونه‌كانیان له‌هه‌موو كات زیاتر ره‌واجی‌ هه‌یه‌ و بڵاوه‌ به‌هۆی‌ كارو كرده‌وه‌كانی‌ داعش و ئه‌لقاعیده‌و تاقم و گروپه‌ توندئاژۆكانی‌ تره‌وه‌ كه‌ له‌ دوای‌ 11 سێپتەمبه‌ره‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ له‌زۆر كونج و كه‌له‌به‌ری‌ ئه‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵ و پڕ له‌كێشه‌و قه‌یرانه‌دا له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌ هه‌ستیارو ناسك و شڵه‌ژاوه‌ی‌ ئێستادا؟
كه‌مینه‌ی‌ موسڵمان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نیوزله‌ندا كه‌مینه‌یه‌كن خێراترین و زۆرترین گه‌شه‌یان كردووه‌ كه‌ ژماره‌كه‌یان له‌ نێوان ساڵانی‌ 1991 تا 2006، شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆی‌ زیادی كردووه‌! هه‌رچه‌نده‌ هه‌موویان له‌ بنەچه‌وه‌ بیانی‌ نین، به‌ڵكو خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ نیوزله‌نده‌شن، هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن كه‌ %77 خه‌ڵكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نیوزله‌نده‌ن و %29 خه‌ڵكی‌ هیندستانن و %21 خه‌ڵكی‌ عیراق وئێران و هه‌ندێك وڵاتی‌ تری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوەڕاستن، به‌ گوێره‌ی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ گه‌شه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌ش ئێستا ژماره‌ی‌ موسڵمانه‌كان له‌ نیوزله‌نده‌ په‌نجا هه‌زار كه‌سه‌ كه‌ رێژه‌ی‌ %1 ی ژماره‌ی‌ دانیشتووانی‌ ئەو وڵاتە پێكده‌هێنن.
كه‌ له‌ شاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ئۆكلاندو كریست تشیرش و ویلنجتون و هاملتون نیشته‌جێن و توانیویانه‌ تائێستا ببن به‌ خاوه‌نی‌ حه‌وت كۆمه‌ڵه‌ و قوتابخانه‌ی‌ ئیسلامی‌ بۆ فێركردنی‌ كچانی‌ ئیسلامی‌ و هه‌روه‌ها قوتابخانه‌یه‌كیش بۆ له‌به‌ركردنی‌ قورئان جگه‌ له‌ دروستكردنی‌ په‌نجا مزگه‌وت، به‌ڵام ناتوانن بانگ به‌ ده‌نگی‌ به‌رزو به‌ بڵندگۆ بده‌ن، چونكه‌ یاسای‌ نیوزله‌ندا رێگە به‌وه‌ نادات.
هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵگای‌ نیوزله‌ندی‌ زۆر دووره‌ له‌توندڕه‌ویی‌ رق و ده‌مارگیریی‌ ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌، به‌ڵام ئه‌و‌ رووداو كرده‌وەكانی‌ شوێنانی‌ تره‌ له‌ جیهان په‌لیان هاویشتووه‌ بۆ نیوزله‌نده‌ كه‌ كارو كرده‌وه‌ی‌ وا سامناك و قێزه‌ون له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌و رووداوانه‌ش ته‌قینه‌وه‌كانی‌ 11 ی سێپتەمه‌به‌ری‌ نیویۆرك و سه‌رهه‌ڵدانی‌ داعش به‌كارو كرده‌وە توندڕه‌وییه‌كانیانه‌وه‌.
نیوزله‌نده‌ هیچ سنوورێكی‌ وشكایی‌ له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكدا نییه،‌ به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك دوورگه‌ن له‌ ئۆقیانووسی‌ ئارامدا له‌باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئوسترالیادا، واتا شوێنێكی‌ زۆر په‌ڕو دووره‌ ده‌ست و دابڕاوه‌ له‌ جیهان، به‌ڵام روودانی‌ تاوان و كرده‌وه‌یه‌كی‌ وا نائاسایی‌، ئه‌و راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گرو به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌سه‌لمێنێت كه‌ تیرۆر هیچ سنوورێكی‌ نییه‌و هیچ جوگرافیایه‌ك له‌سه‌ر گۆی‌ زه‌ویدا دانابڕێت له‌كێشه‌و ململانێكان.
هۆكارێك و ئاماژه‌یه‌كی‌ تری‌ ترسناكی‌ ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاری‌ (كرایست تشرش ) كه ‌مانای‌ ( كه‌نیسه‌ی‌ مه‌سیح )ه،‌ ئه‌مه‌ش پێدانی‌ رووپۆشێكی‌ ئتنیكی‌ ئایینییه‌ به‌م ململانێ‌ سامناكه‌ كه‌ ببێته‌ خاڵێكی‌ جیاواز و جیاكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو ئایینی‌ ئیسلام و مه‌سیحی‌ كه‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیانكردووه و‌ پێكه‌وه‌ له‌زۆر شوێنی‌ ئه‌م جیهانه‌دا پێكه‌وه‌ ده‌ژین به‌بێ‌ كێشه‌.
له‌لایه‌كی‌ دیکەشەوە دوڵه‌تی‌ ئیسرائیل كه ‌تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر خۆی‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سیكۆلارو دیموكراسی‌ ده‌ناساند، ئێستا پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌و خۆی‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ تایبه‌ت به‌ ئایینی‌ یه‌هود‌ی ده‌ناسێنێت له‌كاتێكدا له‌ سنووره‌كه‌یدا عه‌ره‌ب و موسڵمان و مه‌سیحی‌ و دورزی‌ هه‌ن و به‌م هه‌نگاوە هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ له‌ مافه‌كانیان له ‌ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلدا بێبه‌ش ده‌بن.
رۆژی 21/3/2019 -ش چوار مزگه‌وتی‌ موسڵمانه‌كان له‌ شاری‌ بیرمنگهام له‌ به‌ریتانیا كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی‌ خه‌ڵكی‌ نه‌ناسراو و هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ی‌ سامناكن بۆ ئاینده‌ی‌ پێكه‌وه‌ژیان و ئارامیی‌ و سه‌قامگیریی‌ و به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ تاقم و گروپه‌ پۆپۆلیسته‌كان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

fifteen − 14 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

راپۆرته‌كه‌ی‌ موله‌ر

دواجار دوای‌ بیست و دوو مانگ لێكۆڵینه‌وه‌و كنه‌ی‌ ورد له‌سه‌ر ...