سەرەکی » وتار » ‎مه‌سعودی مه‌لا هه‌مزه‌ » یەكێتی و بەدیلەكانی

نوقرچه‌

یەكێتی و بەدیلەكانی

21

ململانێ و كێبڕكێ لە سیاسەت تەندروستترین ڕێگایە، كە هێزو لایەنە سیاسییەكان دەیگرنە بەر بۆ سەركەوتن بەسەر لایەنەكانی ترو گەیشتن بە ترۆپكی دەسەڵات.
ڕەنگە سیاسەتكردن لەكوردستان و واقیعی جوگرافی و دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو زۆنی جیاواز مۆدێلێكی نوێی سیاسەتكردن بێ و لە جیهاندا وێنەی كەم بێ، وەك چۆن دروستبوون و دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ سەرباری ئەوەی جارێكی تر شۆڕشی لەكوردستان زیندوو كردەوەو دواجار ڕاپەرین و دروستبوونی حكومەتی هەرێم و دام و دەزگا شەرعییەكانی لێكەوتەوە، وەلێ واقیعی سیاسی دەریخست كە دروستبوونی یەكێتی نەبۆتە بەدیلی پارتی و ڕێگای ڕاست ئەوەیە هەردوولا پێكەوە كاربكەن.
دوابەدوای هەڵبژاردنەكانی پێشووی هەرێمی كوردستان و دروستبوونی چەند لایەنێكی تری سیاسی بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی پێیوابوو ئیتر بەدیلی یەكێتی دۆزیوەتەوەو دەتوانێ بیكاتە شەریكە حوكمڕانی خۆی، كردی! بەڵام لەدواجاردا و لەساتە ناخۆش و سەختەكاندا دەركەوت تاكە بەدیلی یەكێتی، یەكێتی خۆیەتی.
ئێستا… لە سەروبەندی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمدیسان ململانێكان لەسەر دۆزینەوەی بەدیلن بۆ یەكێتی، بەڵام چ بەدیل و چۆن بەدیلێك؟
لە وتارەكانی پێشووشمدا ئاماژەم پێكردووە، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دووبارە كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە لەدوای ئەوەی پارتی و گۆڕان بەیەكەوە لەپێش هەڵبژاردنەكان سڕیان كردبوو، گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی بردە قۆناغێكی سەخت و تونێلێكی تاریك.
پارتی دیموكراتی كوردستان نەیتوانی سوود لە هەڵەی ڕابردووی وەربگرێ و وەك خۆیان وتەنی ( دۆستێكی ٢٠ ساڵەیان بە دۆستێكی ٢٠ ڕۆژە گۆڕیەوە)، ئەمجارەشیان لەدوای ئەوەی یەكێتی ئامادەنەبوو بچێتە كۆبوونەوەی ١٨ی شوباتی پەرلەمان، پارتی بەپەلە پروزێ ڕێككەوتنێكی لەگەڵ گۆڕان واژوو كردو لەخەیاڵی خۆی دیسان بەدیلی یەكێتی دۆزیەوە، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز لە جاری پێشوو، هێشتا لەسەروەختی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پارتی لەوە تێگەیشتووە كە نە گۆڕان و نە هیچ هێزێك و تەنانەت پارتی خۆشی ناتوانێ ببێتە بەدیلی یەكێتی، بۆیە تاكە چارەسەرو باشترین ڕێگە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی، بە جۆرێك پارتی لەو غرورەی خۆی بێتە خوارەوە و تێبگا لەوەی پێویستە ئەم كابینەیە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە بنیات بنرێ.
هەموومان لەبیرمانە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چی كردو چۆن ڕێگای لە سەرۆكی پەرلەمان گرت و دوور لە هەموو عورفێكی دیموكراسی دەرگای پەرلەمانی داخست، ئەی ئەگەر ئەمجارە پارتی و گۆڕان بەبێ یەكێتی یاساكە هەموار بكەنەوەو چی ڕوودەدا؟ پارتی لەنێوان خراپ و خراپتر، خراپەكەی هەڵبژارد دەبێ چاوەڕێی چی لە یەكێتی بكەن؟ ئایا لەنێو پارتی و بەتایبەتی كاندیدی سەرۆكی هەرێم ئامادەیە تەنها بەدەنگی پارتی و پڕۆپارتییەكان ببێتە سەرۆكی هەرێم و دووەم هێزی كوردستان دەنگی پێ نەدا؟
سەری زارو بنی زاری بەشێك لە قسەكەرانی پارتی دەڵێن بەبێ یەكێتیش بێ، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكەینەوەو دامەزراوەكەش كارا دەكەینەوە، ئەوانەی ئەم جۆرە قسانە دەكەن لەوە ناچێ ڕێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتیان دیبێ، چونكە لە ڕێككەوتنەکەدا هاتووە كە ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە بە ڕێككەوتنی لایەنەكان هەموار دەكرێتەوەو دەنگی لەسەر دەدرێ، خۆ ئەگەر پارتی ئەوەی كردو بەبێ یەكێتی ئەم هەنگاوەی نا، مانای وایە پارتی دەیەوێ ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی كۆتایی پێ بێ! بەمەش پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەچێتە قۆناغێكی نوێ و هەموو ئەگەرێك كراوە دەبێ!
بە كوردی و بە كورتی، پێویستە پارتی باش لەوە تێبگا بۆ ئەمڕۆی كوردستان و بەگوێرەی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن و لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاكە بەدیلی یەكێتی هەر یەكێتییە، نە گۆڕان بە ١٢ كورسی و نە پارتی بە ٤٥ كورسی (كە تەنها ٣ كورسیان هی زۆنی سەوزە) ناتوانن ببنە بەدیلی یەكێتی و ڕاشكاوانەش بەپارتی وتراوە یەكێتی ناچێتە ناو حكومەتێك كە شوێن بۆ یەكێتی جێبهێڵدرێ و بە شێوەیەكی شكلیش بەشداری لە حكومەت ناكا، یەكێتی دەیەوێ لەجومگە هەستیارەكانی بڕیارو سیاسەت و ئابووری و ئەمنی و سەربازی ڕۆڵی هەبێ و بەشێك بێ لە بڕیار.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

1 + seventeen =

x

هەواڵێ هاوشێوە

كادیر وەك قوربانی

17 لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتنەوەی دوو ...