سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » هەسەدە، خەلافەتی داعشی كۆتایی پێهێنا

هەسەدە، خەلافەتی داعشی كۆتایی پێهێنا

دوای زیاتر لە 5 ساڵ شەڕكردن‌و روبەڕوبونەوە لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش‌و كارە قێزەونەكانی، رۆژی 23/3/2019، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەمەراسیمێكدا مژدەی سەركەوتنی هێزەكانیان‌و كۆتاییهێنان بە خەلافەتەكەی داعشی، راگەیاند، كە لەساڵی 2014وە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە رووبەرێكی فراوانی لەخاكی سوریا‌و عیراق داگیركردبوو.
لەمەراسیمی راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش‌و كۆتاییهێنان بەخەلافەتی داعش، كە لەنزیك باغۆز لەپارێزگای دێرەزوور لەسەر سنووری نێوان عیراق‌و سوریا رێكخرا، شەڕڤانانی هەسەدە، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، پێشەنگانی كۆمەڵگەی عەرەب-كورد، كەسوكاری شەهیدان‌و نوێنەرانی هێزەكانی هاوپەیمانان، تێیدا ئامادەیبوون، ئاڵای سەركەوتن هەڵكرا.

هەرەسهێنانی پایتەختی ستەمكاری
لەمەراسیمەكەدا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایگەیاند: دوای زیاتر لە 5 ساڵ لەتۆقاندن‌و تیرۆركردن لەژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش‌و هاوكارەكانی، ئێستا ناوچەكە بە ساتێكی مێژووییدا تێدەپەڕێت، ئەم سەركەوتنەش، هەرەسهێنانی پایتەختی ستەمكاری دەگەیەنێت، كە ژنان‌و هەموو مرۆڤایەتی دەكردە ئامانج. وتیشی: تەنیا رزگاركردنی جوگرافیا پێویست نییە بۆ كۆتاییهێنان بەداعش‌و بیری داعشەكان، بەڵكو قۆناغی دوای ئەوە گرنگە، چونكە شانە نووستوەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە تائێستاش هەر ماون، بۆیە دەبێت رێگری لەبڵاوبوونەوەی بیر‌و فكری داعش ئاساكان بكەین.
هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، چارەسەری گشتگیری سیاسی، بەپێویستزانی بۆ تەنگژەی سوریا‌و داوای لە هێزە چالاكەكانی دۆسێی سوریا كرد كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ گەیشتن بەچارەسەر‌و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان. هەروەك جەختیكردەوە لە بەشداریپێكردنی نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەباكوور‌و خۆرهەڵاتی سوریا لەهەر دانوستانێك دەربارەی ئایندەی سوریا‌و وتیشی: پەراوێزخستنی هەر لایەنێك لەو پرۆسەیەدا، شكستی هەوڵەكان دەگەیەنێت. لەبارەی داعشە دیلەكانیشەوە، وتی: مەسەلەی داعشە دەستگیركراوەكان پێویستە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە یەكلابكرێتەوە، كە ژمارەیان پێنج هەزارو زیاترە.

رێزلێنان لە قوربانیانی هەسەدە
هەر لەمەراسیمەكەدا، ویلیام روباك نێردراوی ئەمریكا لەهاوپەیمانێتیی شەڕ دژی داعش، رایگەیاند: رزگاركردنەوەی ناوچەكانی سوریا لەداعش، ستراتیژێكی گەورە بەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتی‌و هاوپەیمانەكانی دەبەخشێت، وتیشی: ئەمریكا شانازیی دەكات بەوەی یەكێك بووە لەو 59 وڵاتەی بەشداربووە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا‌و ئاشكراشە ئێمە بەبێ هاوپەیمانەكانمان لەسوریا، نەماندەتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنین، وتیشی: رێز لەقوربانیانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەنێین.

چارەسەرێكی سیاسی ‌و هەمیشەیی بۆ كێشەی سوریا
روونیشیكردەوە: وێڕای شكستی داعش، بەڵام هێشتا كاری زۆر ماوە بۆ شكستی یەكجاریی تیرۆریستان لەناوچەكەدا، بۆ ئەمەش لە پشتیوانیكردنی پڕۆسەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبین، وتیشی: دۆناڵد ترەمپ سەرۆك‌و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختیانكردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە وڵاتەكەی هەموو شتێك پێشكەش دەكات بۆ كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە داعش‌و رەواندنەوەی مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەو هاوشێوەكانی.
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، ویلیام روباك، بەپێویستی زانی پشتیوانیی لەهەوڵەكان بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی سیاسی‌و هەمیشەیی بۆ كێشەی سوریا.

جیهانیان ئارامتر كرد
لەبەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا، پەیامی برێت ماكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لەهێزەكانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش، لەلایەن وتەبێژی رەسمیی هەسەدەوە خوێنرایەوە، تیایدا ماكگۆرك وەكو هاووڵاتییەكی ئەمریكی، ستایشی ئازایەتی‌و قارەمانێتیی شەڕڤانانی كردبوو بۆ لەناوبردنی داعش، ئەوەشی ئاماژەپێكردبوو كە قوربانییەكانی شەڕڤانانی سوریای دیموكرات بەهیچ بارتەقا ناكرێت، ئەوان جیهانیان ئارامتر كرد، ماكگۆرك، شانازییشی بەوەوە كردووە كە كاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە، بەڵێنی ئەوەشی داوە كە بۆ هەمیشە هەر هاوڕێی نزیكیان دەبێت.

11 هەزار شەهیدی هەسەدە
پاشان، مەزڵوم عەبدۆ فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەوتارێكدا رایگەیاند: لەقۆناغی كۆتایی هەڵمەتی گەردەلولی جەزیرەدا، ٥٢ هەزار كیلۆمەتر دووجایان لەخاكی سوریا لەدەستی داعش پاككردۆتەوە، وتیشی: هەسەدە لەشەڕی داعشدا لەناو خاكی سوریا ١١ هەزار شەهیدو ٢١ هەزار بریندار، قوربانییان هەبووە.
هەروەها مستەفا بالی بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر، لەڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی راگەیاندووە كە»مژدەی هەرەسهێنانی خەلافەتەكەی داعش رادەگەیەنین‌و دوامۆڵگەی داعش كە باغۆز بوو، رزگاركرا‌و سەركەوتنی سەربازیی بەسەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا بەدیهات. پەیمان تازە دەكەینەوە بۆ بەردەوامیدان بەشەڕی تیرۆریستان‌و راوەدوونانیان، تاكو بەتەواوی لەناودەچن».

بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی داعش
هەر لەبارەی راگەیاندنی كۆتاییپێهێنان بە خەلافەتی داعش، پاتریك شاهان بەڕێوەبەری كاروباری وەزیری بەرگریی ئەمریكا ستایشی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كرد كە لەسەر دەستی شەڕڤانانی هەسەدە بەسەر داعشدا بەدیهاتووە، راشیگەیاند: لەم قۆناغە جیاوازە لەشەڕی دژی داعش تێدەگەین، كاری ئێمە هێشتا كۆتایی نەهاتووە، بۆیە بەردەوام دەبین لەبەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی داعش لەپێناوی بەرگرتن لەسەرهەڵدانەوەیان.
لەچەند رۆژی رابردووشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند: داعش دوا مۆڵگەی خۆی لەدەستداوە. ترەمپ لە نەخشەیەكدا ئەو ناوچانەی پیشانی رۆژنامەوانان دا، كە داعش پێشتر داگیری كردبوون، لەبارەی ئەو نەخشەیەشەوە، وتی: سەرەڕای بەردەوامیی شەڕەكان، بەڵام داعش هەموو ئەم خاكەی لەدەستداوە كە پێشتر داگیری كردبوو.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

three × 3 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

سه‌رۆك كۆمار: ماده‌ی 140 ئیستحقاقێكی ده‌ستوورییه‌ ‌و پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت

ئامادەکردنەوەی: دیاری سابیر جگه‌ له‌ دیالۆگ هیچ بژارده‌یه‌كمان نییه‌ سه‌ره‌تا ...