سەرەکی » وتار » فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌ » سوریا و كورد پاش شه‌ڕی باغوز

سوریا و كورد پاش شه‌ڕی باغوز

پاش سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ شه‌ڕی باغوز و گرتنی دوایین بنكه‌ی داعش له‌ سوریا، داعش بێ زه‌وی مایه‌وه‌ و بووه‌ گروپێكی په‌راگه‌نده‌ و په‌رت و بڵاوی راونراوی روو له‌ فه‌وتان و له‌ناوچوون. كورد سوریایان گواسته‌وه‌ بۆ قۆناغی پاش داعش. ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ بۆ ئه‌سه‌د ماوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوریا بگوازێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پاش ئیدلب. ئه‌گه‌ر پاككردنه‌وه‌ی ئیدلب ته‌گه‌ره‌ی نه‌یه‌ته‌ پێش، هێزه‌كانی ئه‌سه‌د ده‌توانن، به‌ یارمه‌تی روسیا، له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا ئه‌ركه‌كه‌ی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ئیتر پاش ئه‌وه‌، ده‌بێ بناغه‌ی سوریایه‌كی نوێ دابندرێ چونكه‌ سوریای پێش 2011 هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه‌ و ره‌وشه‌كه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی بۆ سه‌قامگیركردنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراتیزه‌كردنی وڵات ده‌ست پێ بكا، هه‌روه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی جیهانی بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی وڵات زۆر پێویسته‌. ئه‌زموون ده‌ریخست كه‌ ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ سوریاوه‌ ده‌ست پێ ده‌كا و هه‌ركات سوریا بشێوێ، هه‌موو ناوچه‌كه‌ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ڵكه‌وتی جوگرافی و پێگه‌ی جیۆسیاسی سوریاوه‌، ده‌شێوێ. بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌ری سوریایه‌كی سه‌قامگیر بكرێ تاكو به‌شدار بێ له‌ دابین كردنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌.
شه‌ڕی سوریا له‌ كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌ و له‌ ئێستاوه‌ ده‌بێ ئاماده‌كاری بۆ سوریای پاش جه‌نگ بكرێ.
له‌ ناوخۆی سوریا، داعش به‌بێ دلێری و ئازایه‌تیی سوپای سوریا و كورد، له‌ناو نه‌ده‌چوو. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا سوریا به‌بێ هاوكاریی ده‌ره‌كی نه‌ده‌پارێزرا.
ده‌ستێوه‌ردانی هێزه‌كانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و هه‌ندێ له‌ هێزه‌ شیعییه‌كانی عیراق له‌ سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌دا رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ پاراستنی سوریادا هه‌بوو. هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له‌ ساڵی 2015 به‌دواوه‌، رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ هێشتنه‌وه‌ی رژێم و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی سوریادا هه‌بوو. تا ساڵی دووه‌می شه‌ڕ، پێشبینی مانه‌وه‌ی رژێمی سوریا نه‌ده‌كرا. ئه‌سه‌د ته‌نها %25ی رووبه‌ری سوریای به‌ ده‌سته‌وه‌ مابوو كه‌ له‌ دیمه‌شقه‌وه‌ به‌ درێژایی سنووری نێودەوڵەتیی لوبنان ده‌ستی پێ ده‌كرد و تا لازقیه‌ درێژ ده‌بۆوه‌. له‌ ناوچه‌كانی تردا داعش %40ی زه‌ویی كۆنترۆڵ كردبوو، كورد %15 و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن %20. دواتر ورده‌ ورده‌ ته‌رازووی هێز گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و داعش گورزی كاریگه‌ری تێسره‌وێنرا و هه‌موو زه‌ویی لێ سه‌نرایه‌وه‌.
سوریای ئاینده‌ پێویستی به‌ ده‌ستوورێكی تازه‌یه‌ كه‌ تێیدا دان به‌ فره‌ییدا بنرێ و مافه‌كانی كوردی تێدا بچه‌سپێنرێ. كورد به‌ درێژایی هه‌شت ساڵی رابردوو سوریایان پاراست و به‌شدارییه‌كی كارایان له‌ جه‌نگی دژی داعشدا كرد. له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ره‌ققه‌ی پایته‌ختی داعش، به‌ هاوكاریی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ئازادكرا و باغوز، به‌بێ هاوكاریی هیچ هێزێكی بیانی، له‌ داعش پاك كرایه‌وه‌. كوردی سوریا شایسته‌ی پاداشتن و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ مه‌سه‌له‌كه‌یان چاره‌سه‌رێكی دیموكراتییانه‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی قه‌یرانی سوریادا، كورد هاوپه‌یمانی ناڕاگه‌یه‌ندراوی رژێمی سوریا بوون و له‌ زۆر گروپی تر باشتر په‌یان به‌ مه‌ترسیداریی ره‌وشه‌كه‌ ده‌برد. ته‌نانه‌ت كاتێك هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دروست كرد، هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان دژ به‌ داعش بوو. ئه‌زموونیش نیشانی داوه‌ كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ خراپ له‌سه‌ر سوریا نه‌شكاوه‌ته‌وه‌ و بۆته‌ مایه‌ی پاك كردنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وێكی فراوان له‌ هێزه‌كانی داعش. ئه‌و هۆیانه‌ی وایان له‌ كورد كرد، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دروست بكا، هه‌مان ئه‌و هۆیانه‌ن كه‌ وایان له‌ ئه‌سه‌د كرد هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ روسیا دروست بكا. به‌ كرده‌وه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان، هه‌رچه‌ند ناكۆك و ناته‌با بن، به‌شدارن له‌ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ موڵكی یه‌ك لایه‌ن نییه‌ و هیچ لایه‌نێكیش نه‌یده‌توانی به‌ته‌نها به‌ده‌ستی بێنێ.
هه‌ر وڵاتێك پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئه‌زموونی جه‌نگ و پاشاگه‌ردانیدا تێده‌په‌ڕێ، له‌ وڵاتانی دیكه‌ باشتر له‌ مانای سه‌قامگیری تێده‌گات. پاش جه‌نگ، ئه‌وه‌ی كه‌ سوریا له‌ هه‌ر شتێكی تر زیاتر پێویستی پێیه‌تی، سه‌قامگیرییه‌. له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ش، پرۆسه‌ی سه‌ختی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ نێكشكاندنی تیرۆردا هاوپه‌یمانی بابه‌تیی یه‌كتری بوون، ده‌توانن له‌ قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شدا هاوپه‌یمانی یه‌كتری بن و پێكه‌وه‌ ئاسووده‌یی بۆ وڵات بگێڕنه‌وه‌ و ئاوه‌دانی بكه‌نه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئاڵنگاره‌كانی قۆناغی پاش بڕانه‌وه‌ی جه‌نگ ببنه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

20 + 6 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

یاری له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان

هه‌رچه‌ند سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان زۆر به‌ متمانه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ...