سەرەکی » وتار » خەڵەف غەفور‌ » گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر

کەمین پۆڵەتیک

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر

ته‌مه‌نی‌ حوكمڕانیی‌ كوردستانی‌ كه‌ قۆناغی‌ دوای‌ راپه‌ڕینی پێ یه‌ژن، به‌كه‌موكوڕییه‌وه‌ پێی ناوه‌ته‌ 27 ساڵییه‌وه‌، ته‌مه‌نه‌كه‌ زۆره‌، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی، ململانێی‌ ته‌ندروست و هاووڵاتی‌ سه‌نته‌ربوون، شه‌فافیه‌ت و نه‌بوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌، باش نایه‌ژێت و راست وایه‌ كۆی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌پێی‌ ئاستی‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆی، بخرێنه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی‌ و شه‌ن و كه‌وی ئه‌و مه‌سه‌له‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ.
له‌ زۆر رووه‌وه‌ بیگری كوردستانی‌ ئێستا جیاوازه‌ له‌ ساڵانی‌ دوای‌ راپه‌ڕین، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هه‌ر قۆناغێك له‌ كات و مێژووی خۆیدا كاره‌ راسته‌كه‌یه‌، بۆ ئێستاش كه‌ قۆناغه‌كه‌ وا ده‌خوازێت هاووڵاتی‌ سه‌نته‌ر بێت و هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر مافه‌كانی‌ ململانێ بكه‌ن، كه‌چی‌ كه‌متر وایه‌ و ململانێكان شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌یان وه‌رگرتووه‌.
له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ شه‌فافییه‌تدا دیسانه‌وه‌ كێشه‌ هه‌یه‌، هه‌م حكومه‌ت و هه‌م حزبه‌كان، رێكخراوه‌كانیش به‌هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر شه‌فاف نین، بگره‌ شاردنه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان و ناشه‌فافبوون خاڵی‌ هاوبه‌شی‌ كاركردنیانه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش كوتله‌یه‌كی‌ دژی‌ شه‌فافییه‌ت هه‌یه‌.
گه‌ر مه‌شهه‌دی سیاسی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌ربگری، ده‌زانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وتاری سیاسی‌ حزبه‌كان كێشه‌یان نییه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی‌ كردار كێشه‌كان زه‌قن و گرفته‌كانیش قوڵتر كراونه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر مێز و ناو مێزه‌كانیش ئه‌جێندای‌ سیاسی‌ هه‌یه‌، له‌مه‌شیاندا نه‌یارانی‌ سه‌قامگیری‌ سیاسیی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌رودراوسێ و دوورتریش دنه‌ی‌ لایه‌نی‌ شه‌ڕ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن، دوور نییه‌ دۆخه‌كه‌ وای‌ لێ بێت هه‌ر ئه‌وانیش بكرێنه‌وه‌ ناوبژیوان.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر گوزارشت نییه‌ بۆ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕی ناوخۆ، لێ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌تی‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و سازانی‌ سیاسیش هێشتا هه‌یه‌، چونكیشه‌ ململانێی سیاسی بارگاوییه‌ به‌ گرێ مێژووییه‌كان و هه‌ڵبه‌ت دڕدۆنگی‌ و شه‌ڕیش ماوه‌كه‌ی‌ له‌ ئاشتی‌ و پێكه‌وه‌ كاركردنی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان زیاتر بووه‌، بۆیه‌ خه‌یاڵكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ به‌رزییه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر شتێكی‌ ئاسایی ده‌بێت.
یه‌ك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ حزبی سیاسی‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیش نه‌بوونی‌ وتاری‌ نیشتمانییه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بیكاته‌ كردار، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وتاری‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئاستی‌ فه‌نتازیدایه‌ زیاتر له‌وه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌ك بێت قابیلی به‌كرداركردن، وتاری‌ قه‌به‌ی‌ 27 ساڵی‌ رابردوو هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ لێكه‌وتۆ‌ته‌وه‌ كه‌ ئێستا ده‌یبینین، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دوای‌ 6 مانگیش هێشتا كابینه‌یه‌كی‌ وزاری‌ پێكنه‌هاتووه‌ و یه‌كتر تۆمه‌تباركردنیش به‌رده‌وامه‌.
باسكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر مه‌ترسییه‌، نوخبه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستانی‌ هه‌ستی پێده‌كه‌ن و بیاندوێنه‌ نایشارنه‌وه‌، هەندێ لە سیاسییه‌ گه‌نجه‌كان بڕوایان به‌گۆڕانی‌ له‌سه‌رخۆی‌ به‌رنامه‌دار له‌ چوارچێوه‌ی‌ وتارێكی‌ كوردستانیدا نییه‌، هه‌ڵبه‌ت هەندێ له‌و سیاسییانه‌ش عومری خانه‌نشینبوونیان تێپه‌ڕیوه‌ و هێشتا خۆیان به‌خاوه‌ن پرۆژه‌ی‌ سیاسی ده‌زانن، دیسانه‌وه‌ مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خاڵی‌ سفر زه‌قتر كردۆ‌ته‌وه‌.
له‌ قۆناغی‌ وه‌كو ئێستادا حزبی سیاسی‌ پێویستی‌ به‌ وتار نه‌ماوه‌، به‌رنامه‌ی‌ ده‌نگ بۆدراوی هه‌ڵبژاردن، زوو پێكهاتن و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ شه‌مه‌ندۆفێره‌ حكومییه‌كه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هاووڵاتی‌ و شه‌قدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی، گوێنه‌گرتن له‌ ده‌نگه‌ سواوه‌كان و ئه‌وانه‌ی‌ نانیان له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕدایه‌، گرنگن.
هێزی‌ به‌رپرسیار له‌ قۆناغی‌ سه‌ختدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌رپرسیارێتی‌ سه‌ره‌كی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ خاڵی‌ سفر له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ تۆمارێكه‌ بۆ مێژوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

ten + 5 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان

وا چووینه‌وه‌ نێو یادكردنه‌وه‌ی‌ جینۆسایدی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ...