رۆژێك دێت، ڤایرۆسه‌كان به‌رگریمان لێ ده‌كه‌ن
هه‌ندێك ڤایرۆس له‌ داهاتوودا پارێزگاری‌ له‌ ژیانی‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن رۆژێك دێت، ڤایرۆسه‌كان به‌رگریمان لێ ده‌كه‌ن ‌ 6/1/2017
ئێرنست هانكین له‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌دا، سه‌رقاڵی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بوو له‌ دیارده‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا له‌ سه‌ر رووباری‌ گانگ له‌ هیندستان، ئێرنست سه‌رنجی‌ ده‌دا، كه‌ هیندۆسه‌كان ته‌رمی‌ مردووه‌كانیان فڕێ ده‌ده‌نه‌ ئاوی‌ رووباره‌كه‌وه‌، به‌ هه‌موو پێوه‌رێكی‌ زانستی‌ ئه‌و كات‌و به‌ بۆچوونی‌ ئێرنست هانكین-یش ده‌بوو ئه‌و رووباره‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ژاراوی‌‌و ترسناك بۆ په‌ره‌سه‌ندنی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا له‌ ناو خه‌ڵكی‌ ئه‌و گوند‌و ناوچانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ خوارووی‌ رووباره‌كه‌وه‌‌و خه‌ڵك ئاوه‌كه‌ی‌ به‌كار ده‌هێنن، ئێرنست ده‌یزانی‌‌و به‌ چاوی‌ خۆیشی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌وروپا دیبوو كه‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی‌ به‌كتریا‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشین، به‌ڵام رووباری‌ گانگ وا نه‌بوو، له‌وێ مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كه‌ زۆر كه‌م بوو، دوای‌ ماوه‌یه‌كیش ورده‌ ورده‌ كه‌م بۆوه‌‌و نه‌ما.
ئێرنست گه‌یشته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی‌، شتێك له‌و ئاوه‌ی‌ رووباری‌ گانگدا هه‌یه‌ كه‌ ڤایرۆسه‌ زیانبه‌خشه‌كان ده‌كوژێت، به‌ر له‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌. 20 ساڵ دوای‌ ئه‌وه‌ زانایه‌كی‌ فه‌ره‌نسی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و فریشته‌یه‌ی‌ گیانی‌ مرۆڤی‌ رزگار كردووه‌ جۆره‌ ڤایرۆسێكه‌ پێی‌ ده‌وترێ به‌كتریا خۆره‌كان (bacteriophage)، ئه‌م جۆره‌ ڤایرۆسه‌ زیانی‌ بۆ مرۆڤ نییه‌‌و له‌ هه‌مان كاتدا كوشنده‌یه‌ بۆ میكرۆبی‌ كۆلێرا، ئه‌مه‌ش ده‌ری‌ ده‌خات كه‌ ئه‌و ڤایرۆسانه‌ ئاوه‌كه‌یان خاوێن كردۆته‌وه‌ له‌ میكرۆبی‌ كۆلێرا. ئه‌م جۆره‌ ڤایرۆسه‌ سوودبه‌خشه‌ هه‌ندێك جار پێی‌ ده‌وترێ ڤایرۆسی‌ نینجا.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانێكی‌ زۆر ئه‌م ڤایرۆسه‌ پشتگوێ خرابوو، ئێستا بۆچوونێكی‌ وا له‌ ئارادایه‌، كه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ داهاتوودا ببێته‌ رزگار كه‌ری‌ مرۆڤ، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر رووباری‌ گانگ، به‌ڵكو له‌ هه‌موو شوێنێكی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌. ده‌یان ساڵه‌ مرۆڤ پشت به‌كتریا‌و دژه‌ میكرۆبی‌ وه‌ك په‌نسلین ده‌به‌ستێ بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش واته‌ كه‌سێك ئه‌گه‌ر زۆر منداڵ، یان زۆر پیر نه‌بێت، پێویست ناكات له‌ برینی‌ بچووك‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌ بچووك بترسێ، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌كار هێنانی‌ زۆری‌ ئه‌م دژه‌ به‌كتریایانه‌ وای‌ كردووه‌ میكرۆب‌و به‌كتریاكانیش توانای‌ به‌رگری‌ خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن، ئه‌مه‌ش كۆتاییه‌كه‌ی‌ مه‌ترسیداره‌. ئێستا ئه‌و میكرۆبانه‌ كه‌ توانای‌ به‌رگرییان به‌هێز بووه‌، ساڵانه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س ده‌كوژێت، به‌ پێی‌ راپۆرتێكی‌ 2014ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ خێرخوازی‌ پزیشكی‌ بریتانیا (welcome box) تا ساڵی‌ 2050 ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌گاته‌ 10 ملیۆن كه‌س. وه‌ك هیزه‌ر هیندریكسن له‌ زانكۆی‌ ماسی‌ شاری‌ ئۆكلاندی‌ نیوزلاندیش ده‌ڵێ: ئه‌و كاته‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌مرن پیر‌و په‌ك كه‌وته‌ بن، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك بێت به‌ هۆی‌ برینێكی‌ بچووكیشه‌وه‌ یان به‌ هۆی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌وه‌، ده‌كرێ برینه‌كه‌ی‌ هه‌و بكات‌و پێی‌ بمرێت.
هیزه‌ر باس له‌وه‌ش ده‌كات، كاتی‌ خۆی‌ كه‌ دژه‌ به‌كتریامان نه‌بوو رێژه‌ی‌ مردوان زۆر‌و نێوه‌نجی‌ ته‌مه‌نیش كورت بوو، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌و دژه‌ میكرۆبانه‌ هه‌مانه‌ به‌هۆی‌ به‌هێز بوونی‌ میكرۆبه‌كانه‌وه‌ سوودیان نه‌مێنێت، داهاتوویه‌كی‌ ره‌شمان ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی بدۆزینه‌وه‌، ده‌بێ چاوێك به‌و ڤایرۆسانه‌دا بخشێنینه‌وه‌ كه‌ هاووڵاتیانی‌ كه‌نار رووباری‌ گانگیان رزگار كرد. سه‌باره‌ت به‌و ڤایرۆسانه‌ هیزه‌ر له‌ سیمینارێكدا كه‌ 15ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2016 له‌ سیدنی‌ به‌ڕێوه‌چوو وتی‌: ڤایرۆسی‌ به‌كتریاخۆر زینده‌وه‌رێكی‌ ساده‌یه‌‌و وه‌ك زینده‌وه‌ره‌كانی‌ تر ئاڵۆز نییه‌، به‌ڵكو چه‌پكێك پرۆتینه‌ كه‌ توانای‌ هه‌یه‌ بچێته‌ ناو به‌كتریا‌و میكرۆبه‌كانه‌وه‌‌و په‌كی‌ بخات‌و له‌ جیاتی‌ میكرۆب یان به‌كتریا سه‌دان كۆپی‌ به‌كتریاخۆر له‌ شوێنی‌ دروست ده‌كاته‌وه‌‌و دوای‌ ئه‌وه‌ خانه‌ی‌ به‌كتریا مردووه‌كه‌ جێ ده‌هێڵێت. نموونه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ به‌رگرییه‌ش له‌ له‌شی‌ مرۆڤدا هه‌یه‌، لوتی‌ مرۆڤ یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ پڕه‌ له‌ ڤایرۆسی‌ به‌كتریاخۆر‌و ئه‌و میكرۆب‌و به‌كتریایانه‌ ده‌كوژێ كه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ناسه‌دان له‌گه‌ڵ هه‌وادا هه‌ڵی‌ ده‌مژین.
ئه‌و پزیشكه‌ وتی‌: ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ دڵخۆشییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و به‌كتریاخۆرانه‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌ زۆر زۆره‌‌و ژماره‌یان 10 هێنده‌ی‌ به‌كتریایه‌‌و له‌ هه‌ر گرامێك خۆڵی‌ سه‌ر زه‌ویدا ئه‌وه‌نده‌ به‌كتریاخۆر هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان له‌ دانیشتوانی‌ سه‌ر زه‌وی‌ زیاتره‌. بابه‌تێكی‌ تری‌ دڵخۆشكه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ڤایرۆسانه‌ كه‌ هه‌ندێك جار پێشیان ده‌وترێ نینجا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئامانجێكی‌ دیاریكراو‌و ته‌نها به‌كتریا زیانبه‌خشه‌كان ده‌كوژێ، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ په‌نسلین‌و دژه‌ میكرۆبه‌ دروستكراوه‌كانه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ زیانی‌ لاوه‌كیشی‌ هه‌بێت. واته‌ ئه‌م نینجایانه‌ وه‌ك نیشان شكێنێكی‌ شاره‌زا وان‌و ته‌نها نیشانه‌ له‌ به‌كتریا‌و میكرۆبه‌ زیانبه‌خشه‌كان ده‌گرنه‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ باس كران، ئه‌گه‌ری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا ڤایرۆسی‌ به‌كتریاخۆر یان نینجا چاره‌سه‌ری‌ نوێ‌و زۆر گه‌وره‌ی‌ لێ دروست بكرێت، به‌ڵام كاری‌ زۆری‌ ده‌وێت‌و له‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ زانایانی‌ وه‌ك هیندریكسن سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌‌و چۆنێتی‌ هه‌ڵگرتن‌و پاراستنی‌‌و چۆنێتی‌ دواتریش چۆنێتی‌ به‌كارهێنانین. له‌م رووه‌وه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپای‌ خۆرهه‌ڵات له‌پێشن‌و ئه‌وان له‌مێژه‌ سه‌رقاڵی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌و ڤایرۆسه‌ سوودبه‌خشه‌. هیزه‌ر هیندریكسن ده‌ڵێ: جۆرجیا‌و روسیا‌و پۆڵه‌ندا له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا‌و به‌ نهێنی‌ ڤایرۆسی‌ به‌كتریاخۆریان وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كار هێناوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی‌ جه‌نگدا زۆر سه‌رباز هه‌بووه‌ ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ی‌ پێ بووه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ توێژینه‌وه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌و چاره‌سه‌رانه‌ به‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ خۆرئاوا تازه‌ ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌و توێژینه‌وانه‌.
هه‌وڵه‌كان خه‌ریكه‌ كه‌م كه‌م ده‌رده‌كه‌ون بۆ به‌كار هێنانی‌ ئه‌و جۆره‌ چاره‌سه‌رانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ڤایرۆسی‌ به‌كتریاخۆری‌ نینجاوه‌ هه‌یه‌. هیزه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: به‌م دواییانه‌ پزیشكێك په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ كردووه‌‌و وتوویه‌تی‌ به‌كتریاخۆری‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كار هێناوه‌، له‌ خۆرئاواش بۆ یه‌كه‌م جار تاقی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ برینی‌ سووتاویان هه‌یه‌ به‌كار دێت. یه‌ك رووداویش هه‌یه‌ كه‌ هیزه‌ر له‌ سیمیناره‌كه‌ی‌ سیدنی‌ گێڕایه‌وه‌‌و ئاماژه‌ی‌ پێ كرد، ئه‌ویش رووداوی‌ هه‌ڵدێرانی‌ ئه‌لفرێد گێرتله‌ر-ی‌ شاخه‌وان بوو كه‌ له‌ دوای‌ هه‌ڵدێرانه‌كه‌ی‌ ئاوزینگی‌، واته‌ (قوله‌پێ)ی‌ به‌ خراپی‌ بریندار بوو هه‌وی‌ كرد، چاره‌سه‌ری‌ دژه‌ به‌كتریا‌و میكرۆب هیچ سوودی‌ نه‌بوو، نزیك بوو قاچی‌ ببڕنه‌وه‌، به‌ڵام دوای‌ 10 رۆژ له‌ به‌كارهێنانی‌ ڤایرۆسی‌ نینجا به‌ ته‌واوی‌ چاك بۆوه‌. هه‌ر بۆیه‌ هیزه‌ر زۆر گه‌شبینه‌ به‌ چاره‌سه‌ری‌ به‌كتریاخۆر‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ به‌م زووانه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر چاره‌سه‌ری‌ جۆراوجۆری‌ به‌رهه‌مهاتوو له‌م ڤایرۆسه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌.
ئه‌لزه‌مان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7204
26/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌ورۆز، شیروانه‌، كه‌ركوك، پ.هه‌ولێر بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین 26/2/2017
‌ پێكانه‌كه‌ی‌ كازۆرلا تا كۆتایی وه‌رز درێژه‌ی ده‌بێت 26/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP