یه‌مه‌ن له‌ زەمانی‌ كۆلێرادا
یونسێف هۆشداریی‌ ده‌دات یه‌مه‌ن له‌ زەمانی‌ كۆلێرادا ‌ 12/6/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان 
یه‌مه‌نییه‌كان هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوون له‌ وڵاته‌كه‌یاندا رۆژێك بێته‌به‌ر مه‌رگ به‌ ئاوات بخوازن، هیوایان واده‌بێت به‌پارچه‌ی‌ بۆمبی‌ فڕۆكه‌كانه‌وه‌ نه‌بن، یان دووچاری‌ په‌تای‌ كۆلێرا نه‌بن كه‌ له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان له‌و وڵاته‌دا بڵابووته‌وه‌. 
ئه‌و دۆخه‌ی‌ ئێستا له‌ یه‌مه‌ن خولقاوه‌، له‌ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ئارا كه‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ده‌یكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و وشك و ته‌ڕ پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنن، گه‌لی‌ یه‌مه‌نیش له‌ئێستادا ته‌نیا به‌دوای‌ ژیاندا وێڵه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ دركی‌ كرد، گه‌ر له‌ پارچه‌ی‌ بۆمب و موشه‌كان قوتاری‌ ببێت، دووچاری‌ ئه‌و په‌تا كاره‌ستاباره‌ ده‌بێت كه‌ له‌ئێستادا سه‌دان كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هۆكاره‌كان جۆراوجۆرن و هه‌موشیان مرۆڤ به‌ره‌و یه‌ك مه‌رگ راپێچ ده‌كه‌ن. 
رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان «یونسێف» هۆدارشداریدا له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بێ‌ پێشینه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ن، ئه‌وه‌ش دۆخی‌ منداڵان هێنده‌ی‌ تر به‌ره‌و كاره‌سات ده‌بات، گێرت كابیلێر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هه‌رێمایه‌تی‌ یۆنسێف له‌پاش سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ یه‌مه‌ن رایگه‌یاند، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگدا، نزیكه‌ی‌ 70 هه‌زار حاڵه‌تی‌ توشبوون به‌ كۆلێرا ده‌ركه‌وتووه‌، نزیكه‌ی‌ 800 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، بۆیه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت حاڵه‌تی‌ توشبوون به‌و ڤایرۆسه‌ بگاته‌ 130 هه‌زار كه‌س له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ی‌ داهاتوو. 
  گێرت كابیلێر رونیكرده‌وه‌:»له‌ماوه‌ی‌ قۆناغی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ حاڵه‌ته‌كان له‌ یه‌كێك له‌و نه‌خۆشخانه‌ گشتییانه‌ی‌ سه‌ردانم كردن، دیمه‌نی‌ زۆر سامناكی‌ ئه‌و منداڵانه‌م به‌دی‌ كرد كه‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ گیانیان به‌به‌ره‌وه‌ ماوه‌، منداڵه‌كان قه‌باره‌یان زۆر بچوك بوو، كێشیان كه‌متر له‌ دوو كیلۆگرامی‌ مابوو، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌وڵی‌ مانه‌وه‌یان ده‌دا»، مه‌ترسی‌ خۆیشی‌ خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ندێكیان «له‌ شه‌ودا گیانیان له‌ده‌ستدابێت». 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یۆنسێف، زۆرێك له‌ خێزانه‌كان، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ تێچووی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كانیان بۆ نه‌خۆشخانه‌كان پێهه‌ڵبسوڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشبه‌ختن، چونكه‌ «ژماره‌یه‌كی‌ له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ری‌ منداڵان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ یه‌مه‌ن، به‌هۆی‌ خێرا چاره‌سه‌نه‌كردن و كۆلێرا و سكچوون و به‌دخۆراكییه‌وه‌، رووبه‌ڕووی‌ مه‌رگ ده‌بنه‌وه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چاوم به‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ كه‌وت كه‌ ته‌واوی‌ هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ رێگرتن له‌ مردنی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ دووچاری‌ كۆلێرا بوون، ئه‌وان پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانیان وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ حه‌وت مانگ ده‌چێت موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌». 
به‌رپرسه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌، به‌پێویستی‌ زانی‌ هه‌موو هه‌وڵێك بۆ فه‌راهه‌مكردنی‌ پێداویستییه‌ پزیشكییه‌ گرنگه‌كان له‌پێناو پێشكه‌شكردنی‌ به‌ توشبوان بخرێته‌گه‌ڕ و وتیشی‌: «كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێویستی‌ به‌ هه‌وڵی‌ زۆر و پێشكه‌شكردنی‌ كۆمه‌كی‌ خێرایه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی‌ لێقه‌وماوان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یۆنسێف پێویستی‌ به‌ 16 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ تا بتوانێت به‌ر به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ندا بگرێت و نه‌خۆشییه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات». 
ئه‌و هۆشداریانه‌ یه‌كه‌م هۆشداریی‌ له‌و جۆره‌نین، به‌ڵكو پێشتر رێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌نێوانیاندا رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی‌ رایانگه‌یاندبوو:»قوربانیانی‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ن گه‌یشتوونه‌ته‌ نزیكه‌ی‌ 800 كه‌س، له‌و ده‌مه‌ی‌ ته‌ووژمی‌ نوێی‌ په‌تاكه‌ له‌ 27ی‌ نیسانی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد»، رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ تۆماركردنی‌ 73700 حاڵه‌تی‌ توشبوونیش كردبوو له‌ 19 پارێزگای‌ یه‌مه‌نی‌. 
ئه‌و بانگه‌وازانه‌ له‌كاتێكدان كه‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ یه‌مه‌ن دووچاری‌ داڕمانێكی‌ بێ‌ پێشینه‌ بووه‌، به‌ جۆرێك نه‌خۆشخانه‌كان و یه‌كه‌كانی‌ چاودێری‌ ته‌ندروستی‌ كه‌ پێشتر له‌كاتی‌ بۆردومانه‌كاندا سه‌ركه‌وتووبوون له‌ چاره‌سه‌كردن و له‌خۆگرتنی‌ برینداره‌كان، له‌ئێستادا به‌هۆی‌ زۆریی‌ ژماره‌ی‌ توشبوان به‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرا و به‌دخۆراكی‌، له‌ دۆخێكی‌ خراپدان، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی‌ ناوی‌ یه‌مه‌ن بخاته‌ پاڵ (سوریا و سودانی‌ باشوور و نه‌یجیریا و عیراق) كه‌ پێویستیان به‌ فریاگوزاریی‌ به‌په‌له‌ هه‌یه‌. 
هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌، شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و میرنشینیه‌ عه‌ره‌بیه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ دوو ته‌وه‌ریی‌ سه‌ره‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بین له‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن، ناچاربوون به‌رپرسیارێتی‌ خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بگرنه‌به‌ر له‌ یه‌مه‌ن كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی‌ شه‌ڕو ناكۆكییه‌كانه‌وه‌، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، نزیكه‌ی‌ 7700 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ دوو ملیۆن مه‌ده‌نی‌ تر ئاواره‌بوون.  
ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌یه‌كه‌م هه‌وڵی‌ فریاگوزارییان، 350 تۆن چاره‌سه‌ری‌ تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی‌ كۆلێرایان بۆ یه‌مه‌ن ره‌وانه‌كرد، ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ش له‌ڕێی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ عه‌ده‌نه‌وه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ یه‌مه‌ن.
یه‌مه‌ن له‌ئێستادا به‌هۆی‌ شه‌ڕ و ناكۆكی‌ نێوان حوسییه‌كان و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح له‌لایه‌ك كه‌ له‌دژی‌ هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسور هادی‌ كه‌ «به‌سه‌رۆكی‌ شه‌رعی‌ داده‌نرێت»، شه‌ڕ ده‌كه‌ن، دووچاری‌ دۆخێكی‌ ناله‌بار بووه‌ته‌وه‌، بۆردومانی‌ فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بیش كه‌ له‌لایه‌ن  سعودیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێت، كاولكارییه‌كی‌ به‌رینی‌ له‌و وڵاته‌دا دروست كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ مه‌ده‌نییه‌كان بونه‌ته‌ قوربانی‌ و زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌سیش هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ ئاواره‌بوون.  
هه‌ر به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌ چه‌كدارییه‌كانه‌وه‌، به‌دخۆراكییه‌كی‌ فراوان له‌نێو گه‌لی‌ یه‌مه‌ندا دروست بووه‌ و په‌تای‌ كۆلێراش وه‌ك نه‌گبه‌تییه‌كی‌ تر به‌رۆكی‌ یه‌مه‌نییه‌كانی‌ گرتووه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP