ئه‌و كاته‌ی‌ پیاو شه‌به‌كه‌ی‌ نه‌ما، چاوه‌ڕوانی‌ مردنی‌ پاترییه‌كه‌یشی‌ بكه‌
ئه‌و كاته‌ی‌ پیاو شه‌به‌كه‌ی‌ نه‌ما، چاوه‌ڕوانی‌ مردنی‌ پاترییه‌كه‌یشی‌ بكه‌ ‌ 4/8/2017
به‌ پێی‌ ڕاپرسیه‌ك كه‌ له‌ پێگه‌ی‌ ئه‌له‌كترۆنی‌ خێزان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌%77ی‌ خێزانه‌كان درۆیان له‌گه‌ڵ یه‌ككردووه‌، به‌تایبه‌ت دوای‌ چه‌ند ساڵێك له‌ په‌یوه‌ندی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌ هه‌ندێك خێزاندا درۆ ده‌بێته‌ شتێكی‌ ڕۆتینی‌ باو. توێژه‌رێك ده‌ڵێ‌: یه‌كه‌مجار پیاو شه‌به‌كه‌ی‌ نامێنێ‌ دواتریش پاتری‌ خێزانه‌كه‌ ده‌سووتێ‌. 
ها، ئا، بۆچی‌؟ باش، باشه‌ باش ده‌ دایخه‌ره‌وه‌ ئێستا كاتم نیه‌، ئێ‌ وتم: نه‌فه‌رم له‌گه‌ڵه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و وشانه‌ن كه‌ چه‌ند ساڵێك دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ دێته‌ نێو قامووسی‌ زۆرێك له‌ خێزانه‌كانه‌وه‌.
پیاوان ئه‌وكاته‌ی‌ له‌ شوێنێكن نایانه‌وێت هاوسه‌ره‌كه‌یان بزانێت له‌كوێن هه‌میشه‌ مۆبایله‌كه‌یان داده‌خه‌ن، یان ئه‌وكاته‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌یان ته‌له‌فون ده‌كات له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن «شه‌به‌كه‌م نیه‌.....ئه‌لو...ده‌نگت  نایه‌ت..» یه‌كسه‌ر ته‌له‌فونه‌كه‌ داده‌خه‌نه‌وه‌. 
«ئه‌وه‌ چۆن ئه‌زانی‌، باوكم به‌قورئان  ڕاست ئه‌كه‌ی‌، زۆربه‌ی‌ پیاو ده‌ڵێ: شه‌به‌كه‌م نیه‌، یان شه‌حنم پێنه‌ماوه‌»،  ئه‌مه‌ وته‌ی‌ به‌هار عه‌لی‌ 26 ساڵه‌، كه‌ چوار ساڵه‌ په‌یوه‌ندی‌ هاوسه‌رگیری ئه‌نجامداوه‌، به‌هار ده‌ڵێت: ده‌ترسم دوای‌ چوار ساڵی‌ تر پاتری مۆبایله‌كه‌یشی‌ بمرێ‌.... 
له‌ تازه‌ترین لێكۆڵینه‌وه‌دا بۆ ده‌روونناسان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پیاوان له‌دوای‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ زیاتر له‌ژنان درۆ ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر  ئافره‌ت ڕۆژانه‌ دوو جار درۆ بكات ئه‌وا پیاو چوار جار درۆ ده‌كات، هه‌روه‌ها هاتووه‌:  زیاتر له‌ %82 ی‌  خانمان له‌دوای‌ درۆكردن هه‌ست به‌ په‌شیمانی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م ڕێژه‌یه‌ لای‌ پیاوان كه‌متره‌. 

ژنیش وه‌حده‌ی‌ نامێنێ‌ بۆ قسه‌كردن
به‌هار وتی‌: ژنانیش هه‌ستی‌ ده‌روونی‌ خۆیان ده‌شارنه‌وه‌ كاتێك كه‌ ناڕه‌حه‌تن و هاوسه‌ره‌كه‌یان له‌ حاڵیان ده‌پرسێت ده‌ڵێن» شتێكی‌ گرنگ نیه‌ ته‌نها ماندووم، یان سه‌رم دێشێت». 
به‌ها زیاتر دوا: هه‌ندێك كات به‌شێك له‌ ژنان سه‌ركێشی‌ ده‌كه‌ن و بڕێك پاره‌ له‌ گیرفانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌یان ده‌رده‌هێنن، له‌ كاتێكدا جله‌كانی‌ ده‌خاته‌ نێو غه‌ساله‌وه‌، كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ لێی ده‌پرسێت پاره‌ت له‌ گیرفانی‌ من ده‌رهێناوه‌؟ زۆر به‌ توندی‌ پاساوی‌ بۆ ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ونت كردوه‌، یان شتێكت كڕیوه‌‌و له‌بیرت كردوه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌ڵامانه‌.....
 شاره‌زایانی‌ بواری‌ خێزانی‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ نه‌مانی‌ متمانه‌ له‌ نێو خێزاندا بۆچوونیان وایه‌ ئه‌م ڕه‌فتاره‌ كاریگه‌ری‌ له‌ سه‌ر منداڵ هه‌یه‌. 
په‌روا حامید، ڕاهێنه‌ری‌ بواری‌ گه‌شه‌پێدانی‌ مرۆیی به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت: 
ئه‌گه‌ر متمانه‌ له‌ نێو خێزان هه‌بێت، پێویست به‌شاردنه‌وه‌ی‌ نهێنیه‌كان ناكات. نه‌بوونی‌ متمانه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ به‌ باشی‌ یه‌كتریان نه‌ناسیوه‌ و په‌روه‌رده‌ی‌ خێزانیشیان ته‌ندروست نه‌بووه‌. 
هه‌روه‌ها وتی‌: هۆشیاری‌  خێزانی‌ له‌كوردستان وه‌ك پێویست نیه‌، چونكه‌ خێزان پێویستی‌ به‌ لێبوردن و ڕاستگۆیی و پاڵپشتی‌ و خۆشه‌ویستی‌ هه‌یه‌، ئه‌بێ به‌رامبه‌رت به‌ كه‌م‌و كوڕییه‌كانیشه‌وه‌ قبووڵ بێت. 

خانوویه‌كی‌ بێ‌ سه‌قف...
ناڕاستیه‌كانی‌  ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ ترسناكه‌ و متمانه‌ی‌ لایه‌ك نایه‌ڵێت و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر منداڵ هه‌یه‌، به‌ ڕای‌ په‌روا بێ‌ متمانه‌ییه‌ وه‌ك سه‌قفی‌ بندیوار وایه‌، كه‌ نه‌ما چۆن دیوار ده‌ڕووخێت، ڕه‌نگه‌ خێزانیش بڕووخێت.  
 
ژنان وا ده‌كه‌ن پیاوه‌كه‌یان درۆیان له‌گه‌ڵ بكات
په‌روا وتی‌: ژنان پێشبینی‌ زیاتریان له‌ هاوسه‌ره‌كانیان هه‌یه‌ له‌ ڕووی‌ ئابوورییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات هاوسه‌ره‌كه‌یان درۆیان له‌گه‌ڵ بكات، ئێوه‌ بیستووتووتانه‌ و ئێمه‌یش بینیومانه‌ ئه‌و ئاڵتون وماره‌ییه‌ی‌ زاوا بۆ بووكی‌  كردووه‌ ئاڵتوونی‌ ساخته‌ بووه‌، هۆكاره‌كه‌ ژنه‌كه‌ بووه‌، كه‌ پیاو په‌نا بۆ ئه‌وه‌ ده‌بات.   
 پیاوان پاساو ده‌هێننه‌وه‌
ئاساییه‌، ناته‌وێ‌ له‌گه‌ڵ خزمێكی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت په‌یوه‌ندیت هه‌بێت، به‌ ژنه‌كه‌ت بڵێ‌، پێویست ناكات بڵێیت له‌ فلكه‌م، یان كۆبوونه‌وه‌م هه‌یه‌
له‌ جێگای‌ ئه‌و پاساوه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت بڵێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌م خۆشناوێت كه‌مێك دره‌نگتر دێمه‌وه‌ ماڵێ. 
 
خانمان نایانه‌وێت «نا» ببیستن
كاتێك خانمان وشه‌ی‌ «نا» ده‌بیستن واته‌ هاوسه‌ره‌كه‌یان ناڕازی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر بابه‌تێك خۆیان نه‌خۆش ده‌خه‌ن» ئای‌ سه‌رم ژان ده‌كات، سه‌رم ده‌سوڕێت، فشاری‌ خوێنم دابه‌زی‌ و....» تاكه‌ی‌ ده‌ته‌وێت درێژه‌ بده‌یت به‌م سیناریۆیانه‌ قسه‌ی‌ خۆش له‌ هه‌موو شتێك زیاتر كاریگه‌ری‌ ئیجابی‌ ده‌بێت، درۆكردن هۆكاره‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی‌، نه‌ ژن ده‌توانێ‌ مێرده‌كه‌ی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ ڕام بكات، نه‌پیاویش ده‌توانێ‌ ژن بكاته‌ كۆیله‌، ژنان خۆیشیان هۆكاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. 
شه‌هلا ئیبراهیم 31 ساڵ، هۆكاری‌ درۆكردنی‌ نێوان ژن و مێرد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی‌ زۆر له‌ یه‌ككردن و نواندن.  
شه‌هلا  وتی‌: كوڕ ده‌یه‌وێ‌ ته‌نیا كچ ئه‌وی‌ بوێ‌‌و كچیش ته‌نیا ده‌یه‌وێ‌ كوڕ ئه‌وی‌ بوێ‌. زیاتر وتی‌: له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ ئافره‌ت خاوه‌ن كه‌سێتی‌ خۆی‌ نیه‌‌و به‌رده‌وام بۆی‌ داده‌تاشرێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانێ‌ شته‌كانی‌ خۆی‌ بڵێ‌ و په‌نا بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌بات كه‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ درۆ، یان نواندن. 
 
 ئه‌م بلوزه‌ تازه‌ هه‌راج كرابوو
شه‌هلا وتی‌: به‌شێك له‌ ژنان كاتێك شتێكی‌ گرانبه‌ها ده‌كڕن تا هاوسه‌ره‌كه‌یان ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت ده‌ڵێن» ئه‌م بلوزه‌ تازه‌ هه‌راج كرابوو، پێشتر گران بوو»
شاره‌زایانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری بۆ 5 قۆناغ دابه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و قۆناغه‌یان ناوناوه‌ قۆناغی‌ ساردبوونه‌وه‌. 
هه‌رێم عومه‌ر ـ توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت: قۆناغێك له‌ ژیانی‌ خێزانی‌ هه‌یه‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ قۆناغی‌ ساردبوونه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ دۆر له‌و قۆناغه‌دا بێته‌ شتێكی‌ باو. وه‌ك ئه‌و وتی‌، ئه‌گه‌ر ژن ته‌له‌فوونی‌ بۆ مێرده‌كه‌ی‌ كرد و وتی‌: شه‌به‌كه‌م نیه‌، ئه‌وه‌ بزانه‌ دوایی پاترییه‌كه‌یشی‌ ده‌مرێ‌.

ڕێنمایی شاره‌زایانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵناسی‌
له‌ كتێبی‌ خێزانی‌ دروستدا هاتووه‌:  ڕێنمایی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تازه‌ چوونه‌ته‌ ژیانی‌ هاوسه‌ریه‌وه‌ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا هه‌وڵنه‌ده‌ن درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن. چونكه‌ هیچ قسه‌و بابه‌تێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ت دڵگران ناكات ئه‌وه‌نده‌ی‌ درۆ كردن،  هه‌ندێك كات گومانی‌ خراپ به‌ره‌و ناكۆكی‌ ده‌تانبات تا سنوری‌ جیابوونه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP