خۆرگیرانه‌كه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ نییه‌ بۆ كۆتایی دنیا
خۆرگیرانه‌كه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ نییه‌ بۆ كۆتایی دنیا ‌ 13/8/2017
كه‌شتی نوح

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ هه‌واڵ و ده‌نگۆی واده‌ی كۆتای هاتنی دنیا بووه‌ته‌  مانشێتی چه‌ند پێگه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی‌و كۆمه‌ڵێك په‌یجی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و چه‌ند زانا‌و پسپۆرێك ئه‌و ئه‌گه‌ر و پێشبینیانه‌یان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ باس له‌كۆتاییهاتنی ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گۆی زه‌وی. 
 ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌21ی ئه‌م مانگه‌دا خۆرگیرانی ته‌واو له‌ئه‌مریكادا ڕووبدات‌و ئه‌مه‌ش جارێكی تر هه‌لی بۆ  زانایایه‌ك به‌ناوی (ده‌یڤید مید) ڕه‌خساندووه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی (Planet X-The 2017 Arrival)واته‌ (هه‌ساره‌ی(X) له‌ 2017دا ده‌گات) ببێته‌وه‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌ك‌و  هه‌ندێك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌كانی ئینته‌رنێت بۆ ڕاستی هه‌واڵه‌كه‌یان پشتی پێ ببه‌ستن.
(ده‌یڤید مید) له‌كتێبه‌كه‌یدا گریمانه‌یه‌كی سه‌یر ده‌خاته‌ڕوو و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دا كه‌ دوای ئه‌و خۆرگیرانه‌ی له‌ ناوه‌راستی ئه‌م مانگه‌دا له‌ئه‌مریكا ڕووده‌دات ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ساره‌ی (نیبییرۆ) خۆی به‌زه‌ویدا بكێشێت‌و كۆتایی به‌ هه‌ساره‌كه‌مان بهێنێت. 
ئه‌و زانایه‌ بۆ ڕاستی ئه‌و گریمانه‌یه‌شی پشت به‌چه‌ند برگه‌یه‌كی كتێبی پیرۆزی ئینجیل ده‌به‌ستێت‌و ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ تا ئێستا زاناكان نه‌یانبینیوه‌.
هاوكات هه‌ندێك له‌په‌یجه‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و پێگه‌كانی ئینته‌رنێت به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ دوای سه‌یركه‌ر و خوێنه‌ری زۆردا ده‌گه‌رێن ئه‌م بابه‌ته‌یان كردووه‌ته‌ بابه‌تێكی گه‌رم و زۆر كه‌سیش له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌ته‌واوی چوونه‌ته‌ ژێر گاریگه‌ریی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆرتریش وه‌ك هه‌واڵێكی بێ بنه‌مای ده‌ده‌نه‌قه‌ڵه‌م، چونكه‌  پێشتریش چه‌ند جارێك ده‌نگۆی كۆتایی جیهان و ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی باسكراوه‌ و هه‌ر جارێك ڕێكه‌وتێكی بۆ دانراوه‌ له‌وانه‌ش پێشتر ده‌وترا له‌ساڵی 2003دا ده‌بێت و دواتر وترا له‌ 2012 دا ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ش ده‌یڤید مید ئاشكرای كردبوو كه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی زه‌وی هه‌ساره‌ی (نیبیرو) له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئاراسته‌كردنی له‌ڕێگه‌ی هه‌وره‌كانی ڕاكێشانی سه‌ربه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی هاوشێوه‌ی خۆره‌وه‌. 
 هه‌روه‌ها  بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر باوه‌ڕ به‌ گریمانه‌كه‌ی بكرێت ئه‌و زانایه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ به‌هۆی گۆشه‌ی بینین له‌زه‌وییه‌وه‌  نه‌  زاناكانی ئاژانسی ناسا‌و نه‌هیچ ئاژانسێكی دیكه‌ی فه‌زایی نه‌یانتوانیوه‌ تا ئێستا ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ ببینن. 
 ئێستاش ئه‌و زانایه‌ تیۆره‌ سه‌یره‌كه‌ی گۆڕیوه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و خۆرگیرانه‌ ته‌واوه‌ی له‌21ی مانگی ئابدا له‌  ئه‌مریكا ڕووده‌دات ئاماژه‌یه‌ بۆ واده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ساره‌كه‌‌و ڕۆژی 23ی مانگ هه‌ساره‌كه‌ له‌ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت.
مید ده‌ڵێت» سه‌رنجدان له‌هه‌ساره‌ی (X)قورس ده‌بێت به‌ هۆی دیارده‌ی خۆرگیرانه‌كه‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌به‌رزاییه‌كی زۆر بێت به‌سه‌ر ئه‌مریكای باشووره‌وه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌بوونی كامێرایه‌كی باشه‌وه‌» 
مید له‌كتێبه‌كه‌یدا (Planet X-The 2017 Arrival) ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پشتی به‌به‌ڵگه‌ی زانستی به‌ستووه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌كانی كتێبه‌كه‌ی  پێیانوایه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ و پاساوه‌كانی هه‌ر زوو ده‌گۆرێت بۆ به‌ڵگه‌ی ئاینیی، به‌ شێوه‌یه‌ك یه‌كێك له‌ خوێنه‌ره‌كانی ده‌ڵێت» مید له‌ پێگه‌كه‌ی خۆی له‌ ئینته‌رنێت، تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ڕاستی زانستی و گه‌ردوونیی بۆ هه‌ڵفریواندنی خوێنه‌ره‌كانی به‌ڵام دوای 10 لاپه‌ڕه‌، ده‌ست ده‌كات به‌ ئاماژه‌ و پێشبینی و خه‌ونه‌ چڕه‌كانی كتێبه‌ ئاینییه‌كان.

ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان و ناسا له‌مباره‌یه‌وه‌ قسه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌
ئاژانسی  فه‌زایی ناسا بوونی هه‌ساره‌ی نادیاری ناسراو به‌ (X) له‌ناو سیستمی خۆردا ڕه‌ت ناكاته‌وه‌‌و زانایانیش به‌ڵگه‌یان  هه‌یه‌ بۆ بوونی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی قه‌باره‌ی نیپتۆنه‌‌و له‌خولگه‌یه‌كی درێژدا كه‌ له‌خولگه‌كه‌ی بلۆتۆ زیاتره‌ به‌ ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه‌
زاناكان ده‌ڵێن» ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ بارستاییه‌كه‌ی 10 هێنده‌ی بارستایی زه‌وییه‌ و خولگه‌كه‌ی 20 ئه‌وه‌نده‌ی خولگه‌ی نیپتۆن له‌خۆره‌وه‌ نزیكه‌‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ سووڕێكی به‌ ده‌وری خۆردا ته‌واو بكات پێویستی به‌ 10 بۆ 20 هه‌زار ساڵی زه‌وییه‌. 
كه‌واته‌ پلانی هه‌ساره‌ی نیبیرۆ ڕاستییه‌؟
ناسا هیچی نه‌كردووه‌ بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی تیۆره‌كانی پلانگێڕیی سه‌باره‌ت به‌و هه‌ساره‌ نادیاره‌‌و جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ساره‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ ناوی هه‌ساره‌ی 9ی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناسا پێی وایه‌ بوونی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه‌ و هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێكیش له‌نێوان ئه‌و هه‌ساره‌یه‌‌و زه‌وی له‌ ئارادا نییه‌.
هه‌روه‌ها ناسا ده‌ڵێت «هه‌ساره‌كه‌مان ماوه‌ی ملیاره‌ها ساڵه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌‌و زانایانیش به‌متمانه‌وه‌ ده‌ڵێن هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه‌»
 ناسا ده‌شڵێت» پێشتر چه‌ند ڕێكه‌وتێك دانرا بۆ كۆتایی هاتنی گۆی زه‌وی، هه‌موو ئه‌و رێكه‌وتانه‌ش هاتن و زه‌وی سه‌لامه‌ت بوو».
 زانایانی ناسا له‌و بڕوایه‌دان كه‌ چیرۆكی هه‌ساره‌ی (نیبیرۆ) و خۆكێشانی به‌زه‌ویدا له‌گه‌ڵ شارستانیه‌تی سۆمه‌رییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، له‌و كاته‌وه‌ چه‌ندین جار ئاماژه‌ به‌ له‌ ناوچوونی زه‌وی كراوه‌ و هیچییشیان ڕاست نه‌بوون.
 ئه‌و زانایانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردووشدا ، ئاماژه‌ به‌ ڕۆژژمێری گه‌لی مایا كرا و گوایه‌ ئه‌و ڕۆژمێره‌یان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ له‌ ساڵی 2012دا كۆتایی به‌ ژیان دێت له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕووی نه‌دا.
 ئه‌و زانایانه‌ ده‌ڵێن» ئه‌گه‌ر نیبیرۆ  به‌ره‌و زه‌وی بهاتایه‌ ده‌بوو له‌ 10 ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی ئامێره‌كانمانه‌وه‌ بماندیایه‌ و ئێستا وای لێده‌هات كه‌ به‌ چاوی ئاسایی ده‌بینرا».
ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه‌ كه‌ به‌ڕاستی له‌ 21 ی ئه‌م مانگه‌دا خۆر ده‌گیرێت و به‌شێكی زۆری خه‌ڵك ده‌یبینێت كه‌ چۆن مانگ ده‌چێته‌ نێوان زه‌وی خۆر و دونیا تاریك دادێت و پله‌ی گه‌رما نزم ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ڕێگه‌ی بۆ هه‌ندێك گروپی ئاینیی خۆشكردووه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی بترسێنن و ڕابگه‌یه‌نن كه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی كۆتایی دنیایه‌. 
پێویسته‌ بوترێت، له‌ ساڵی 1967 ه‌وه‌ ناوی (نیبیرۆ) كراوه‌ته‌ هاوه‌ڵی ڕووداو و كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كان، ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ی نووسه‌رێك به‌ ناوی(Zecharia Sitchin) زكه‌ریا سیتشین كه‌ نووسه‌رێكی ئه‌مریكییه‌ و له‌ ساڵی 1920 له‌ شاری باكۆی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو له‌دایك بووه‌‌و یه‌كێك له‌كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كانی  ناوی ( فه‌زاییه‌ پێشینه‌كان) ه‌،  ئه‌م نووسه‌ره‌ زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌ سۆمه‌رییه‌كانی له‌نوسینی بزمارییه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌ و بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌و باسی هه‌ساره‌ی نیبیرۆی كردووه‌ كه‌ گوایه‌ له‌كتێبه‌ سۆمه‌ری و بابلییه‌كاندا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ و  ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌ لایه‌نگرانی ئه‌و تیۆره‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ژیانی سه‌ر گۆی زه‌وی له‌لایه‌ن بوونه‌وه‌رانی فه‌زاییه‌وه‌ دروست بووه‌ و دروستكه‌رانی مرۆڤایه‌تی له‌ لای سۆمه‌رییه‌كان به‌ (ئونانكی) ناسراون.
 به‌پێی ئه‌و نوسینانه‌ی سۆمه‌رییه‌كان ئونانكی به‌ مانای (50) یه‌ و سه‌ر به‌ هه‌ساره‌یه‌كن به‌ ناوی  نیبیرۆوه‌ و  هاتوونه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی و له‌گه‌ل ژنانی سه‌ر زه‌وی هاوسه‌رگیریان كردووه‌ ، دواتر به‌هۆی هه‌ڵسانی لافاوێكه‌وه‌ سه‌ر زه‌وییان جێ هێشتووه‌،  ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیدا بووه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دوو شارستانیه‌تی سۆمه‌ریی و بابلی له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ر له‌ 3600 ساڵ  توانیویانه‌ هه‌ساره‌ی (نیبیرۆ )بناسن كه‌ به‌ ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه‌.
له‌و كاته‌وه‌ تائێستا چه‌ندین جار باس له‌واده‌ی  به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ له‌گه‌ڵ زه‌وی كراوه‌ ، به‌ڵام هه‌موویان ڕێكه‌وتی وه‌همی بوون و مرۆڤایه‌تی بێ هیچ كاره‌ساتێك و وه‌ك ڕۆژێكی ئاسایی بردوویه‌تییه‌ سه‌ر و  تێیپه‌ڕاندوون.
سه‌رچاوه‌، RT ، علوم والاكتشافات


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP