ئه‌و پرسیاره‌ی زۆربه‌ی‌ منداڵ له‌ دایك‌و باوكی‌ ده‌كات
هه‌ر به‌جدی‌ منتان دۆزیوه‌ته‌وه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ی زۆربه‌ی‌ منداڵ له‌ دایك‌و باوكی‌ ده‌كات ‌ 8/9/2017
ئازاد جه‌لال
تا ئێستایش زۆر له‌ دایك‌و باوكان له‌و پرسیاره‌ی‌ منداڵ ده‌ترسن كه‌ له‌ته‌مه‌نی‌ 4 ساڵیدا ده‌یكه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای‌ هاتنی‌ منداڵی‌ دووه‌م. 
به‌شێك له‌ به‌شداربوانی‌ ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئه‌ڵێن پێویست ناكات منداڵ هه‌ندێك شت بزانێت، چونكه‌ تێگه‌یشتن بۆ ته‌مه‌نی‌ ئه‌و قورسه‌. 
هه‌ندێكی‌ تر بۆچوونیان وایه‌ به‌ پێی‌ ته‌مه‌ن شێوازی‌ باسكردنی‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ستیارییه‌كان بۆ منداڵ گونجاوه‌. شاره‌زایای‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌ شاردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ سێكسی‌ وا له‌منداڵ ده‌كات په‌نا بۆ ڕێگه‌ی‌ هه‌ڵه‌ ببه‌ن‌و له‌شوێنی‌ لابه‌لاوه‌ زانیاری‌ نادروست وه‌رگرن. 
با شاراوه‌ بێت

گوڵان ئه‌حمه‌د (27) ساڵ كه‌ خۆی‌ باوكه‌و پیشه‌ی‌ مامۆستایه‌
وتی‌: به‌ هه‌ر جۆرێك باسی‌ سێكس بۆ منداڵ  بۆ بكرێت‌و لایه‌نی‌ باش و خراپی‌ بۆ لێكبدرێته‌وه‌ منداڵ لێی‌ تێناگات، تا خۆی‌ موماره‌سه‌ی‌ نه‌كات. به‌ بۆچونی‌ ئه‌و هه‌ر كاتێك له‌ قۆناغی‌ منداڵی‌ ده‌رچوو ئه‌و كاته‌ پێویسته‌ شاره‌زاكان زانیارییان پێبده‌ن...
به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ گوڵانه‌وه‌، گوڵاڵه‌ محه‌مه‌د 33 ساڵ به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌ دایك و باوك وه‌ڵامی‌ هه‌موو پرسیاره‌ سێكسیه‌كانی‌ منداڵ بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ منداڵ له‌ چه‌ندین لاوه‌ ده‌وروژێت بۆ پرسیاركردن له‌ ڕێگه‌كانی‌ 
ته‌له‌فزیۆن‌و فلیمی‌ كارتۆن‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵ‌و له‌ ڕێگه‌ی‌ هاوڕێكانیه‌وه‌ 
له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و قسه‌ و گفتوگۆ و جولانه‌ی‌ كه‌ له‌نێوان دایك و باوكیدا ده‌یبینێت و ده‌یبیستێت.
هه‌روه‌ها وتی‌:  ئه‌گه‌ر زانیاری‌ جنسی‌ نه‌درێ‌ به‌ منداڵ، ئه‌وا منداڵه‌كه‌ش هه‌وڵده‌دات له‌ شوێنێكی‌ دیكه‌ به‌دوای‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ وه‌ڵامی‌ ناڕاستیش وه‌ربگرێت. وتیشی‌:  به‌ پێی‌ ته‌مه‌ن گرنگی به‌ قۆناغه‌كه‌ی‌ بدرێت، ئه‌گه‌ر  زانیارییه‌كه‌ بۆ منداڵانی‌ خوار ته‌مه‌ن دوازده‌ ساڵان بوو پێویسته‌ گرنگی‌ بدرێت به‌ شێوازی‌ ڤیدیۆیی‌  و پاشان گوێگرتن له‌ منداڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانین چۆن له‌مجۆره‌ ڤیدیۆیه‌ تێگه‌یشتوون. ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی‌ قسه‌كردنی‌ منداڵه‌كانه‌وه‌ ده‌توانین ئاستیان هه‌ڵسه‌نگێنین كه‌ تا چه‌ند ده‌زانن سێكس چیه‌.
 به‌ڕای‌ ئه‌و  پێویسته‌ منداڵ به‌ ئاگابهێنرێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ پیشاندانی‌ كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ (تحرش) واته‌ ئه‌و وێنانه‌ی‌ كه‌ ده‌ست بۆ شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ منداڵ ده‌برێ‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌‌و ڕێگه‌پێنه‌دراوه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ نزیكیشه‌وه‌ بێت كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ گفتوگۆ منداڵ له‌مه‌ تێبگات، به‌ڵام كاتێ‌ به‌ وێنه‌ پیشانی‌ ده‌ده‌یت منداڵ هه‌یه‌ ده‌ستبراوه‌ بۆ شوێنێكی‌ ئه‌و كات تێده‌گات كه‌ سێكس هه‌ر جووتبوون نیه‌، به‌ڵكو ئه‌م قۆناغانه‌ پرۆسه‌ی‌ پێش سێكسه‌‌و مه‌ترسیداره‌‌و ئه‌گه‌ری‌ ڕوودانی‌ هه‌یه‌».  
باسه‌كه‌ هه‌ستیاره‌ 
له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانیش  قسه‌و باسی‌ جیاواز ده‌رباره‌ی‌ پێدانی‌ زانیاری‌ جنسی‌ بۆ منداڵ هه‌یه‌. ڕای‌ جیاواز له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.   
گۆڤاری‌ (0ـ17) ساڵ ـ ی‌ ئه‌مریكی‌  ڕاپرسییه‌كی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ پێدانی‌ زانیاری‌ سێكسی‌ بۆ منداڵ. ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌نجامی‌ ڕاپرسیه‌كه‌  له‌%90 ی‌ دایكان وتویانه‌ زانیاری سێكسیمان پێداون، به‌ڵام كچانی‌ ته‌مه‌ن (9ـ17) ساڵ نكوڵیان كردووه‌. 
د. لۆرا بیرمان چاره‌سازی‌ سێكسی‌ ئه‌مریكی‌ هانی‌ دایكان و باوكان ده‌دا كه‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كانیان به‌ پێی‌ ته‌مه‌ن فراوان بكه‌ن. 
بیرمان پێوایه‌ منداڵی‌ ئه‌مڕۆ زیاتر له‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌باره‌ی‌ سێكسه‌وه‌ ده‌زانن، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك له‌ خوێندنگه‌دا ده‌گه‌نه‌ قۆناغی‌ ناوه‌ندی‌ له‌م ته‌مه‌نه‌دا ڕووبه‌ڕووی‌ چه‌ندین كاریگه‌ری‌ ده‌بنه‌وه‌. له‌ڕێگه‌ی‌ مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ قسه‌ و باسی‌ هاوڕێیان كه‌ ڕه‌نگه‌ فشاریان بخاته‌ سه‌ر هه‌ندێك كاری‌ نه‌شیاو بكه‌ن كه‌ به‌ لادان داده‌نرێت. 

ئاماده‌ بكرێن باشتره‌ 
ئه‌و چاره‌سازه‌ پێیوایه‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نی‌ منداڵیه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵان بكرێت، به‌ڵام به‌چه‌ند قۆناغێك، واته‌ هه‌ر ته‌مه‌نێك و قۆناغێكی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌ ئاستی‌ ڕوونی‌‌و وتووێژكردن له‌گه‌ڵیان، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا ئاشكرابوونی‌ سێكس له‌لایه‌ن جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ هیچ خورپه‌یه‌كیان له‌لا دروست نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دووریان بخه‌نه‌وه‌ له‌كه‌وتنه‌ نێو كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیه‌كانی‌ هاوڕێ‌ خراپه‌كانه‌وه‌  له‌كاتی‌ گه‌یشتنیان به‌ته‌مه‌نی‌ 10 ساڵی‌. بیرمان پێوایه‌ پێویست ناكات گفتوگۆی‌ دورودرێژ له‌م باره‌یه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ سه‌رنج بخرێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ زاووزێیان كارێكی‌ سروشتیه‌ و پێویست به‌شه‌رمكردن ناكات. 
به‌ ڕای‌ بیرمان  پێویسته‌ ئه‌وه‌یان بۆ ڕوونبكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ كه‌ جه‌سته‌یان به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌بینێت به‌ نێر و مێ‌ كارێكی‌ سروشتیه‌‌و هیچ نه‌نگیه‌كی‌ تێدا نیه‌ هه‌ستكردنی منداڵ به‌ڕازیبوون له‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ جه‌سته‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بڕواو متمانه‌ به‌خۆبوونیان زیاتر ده‌كات.
شاره‌زایانی‌ بواری‌ ده‌روونی‌ باس له‌ شێوازی‌ زانستی‌ و ده‌روونی‌ ده‌كه‌ن بۆ پێدانی‌ زانیاری‌ سێكسی‌ منداڵ.
عومه‌ر ئه‌نوه‌ر  ـ توێژه‌ری‌ ده‌روونی‌ بۆ كوردستانی‌ نوێ‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ شاردنه‌وه‌ی‌ زانیاریه‌ سێكسیه‌كان له‌ منداڵان وایان لێده‌كات به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بێت هه‌وڵی‌ گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامه‌كان ده‌ده‌ن، ڕه‌نگه‌ په‌نا به‌رنه‌ به‌ر هاوڕێی‌ خراپ، یان سه‌یركردنی‌ فیلمی‌ سێكسی‌ و وێنه‌ی‌ جۆراوجۆر وه‌ دوور نیه‌ كه‌ خۆیانیش هه‌وڵی‌ لاساییكردنه‌وه‌و به‌ پراكتیك كردنی‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ بده‌ن كه‌ده‌یبینن .. 
 گرنگیه‌كی‌ تری‌ ئه‌م په‌روه‌رده‌ جنسیه‌ له‌ لای‌ ئه‌و توێژه‌ره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئاینده‌ی‌ تاك له‌توشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان له‌ ڕێگه‌ی‌ سێكسه‌وه‌ پارێزراو ده‌بێت.  

كه‌ی‌ منداڵ پرسیاره‌ ئیحراجه‌كه‌ ده‌كات؟!!
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و توێژه‌ره‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ سێ‌ ساڵیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و كاتانه‌ی‌ منداڵێكی‌ تر له‌دایكده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ منداڵان له‌ڕووی‌ ده‌روونیه‌وه‌ له‌لایه‌ن دایكان و باوكانه‌وه‌ ئاماده‌ بكرێن له‌م كاره‌دا تێبگه‌یه‌نرێن به‌وه‌ی‌ كه‌سێكی‌ تر به‌ڕێوه‌یه‌ دوای‌ ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ هاوبه‌شی‌ ژیانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و منداڵه‌ دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ئیره‌یی‌ و هه‌ر توندوتیژیه‌ك.
وتیشی‌: پێویسته‌ دووربكه‌وینه‌وه‌ له‌وه‌ڵامه‌ هه‌ڵه‌و نه‌گونجاوه‌كان بۆ نمونه‌ به‌منداڵه‌كانتان بڵێن: برا بچووكه‌كه‌تمان له‌سوپه‌رماكێت هێناوه‌، یان له‌لای‌ سه‌وزه‌ فرۆشێك كڕیومانه‌‌و  دۆزیومانه‌وه‌ یان له‌به‌رده‌م مزگه‌تێكدادۆزیمانه‌وه‌ یان ...هتد . ئه‌م وه‌ڵامانه‌ ناواقیعین و به‌واتای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ تۆ به‌چاوی‌ سوكه‌وه‌ سه‌یری‌ تواناو ئاستی‌ زیره‌كی‌ منداڵه‌كه‌ت ده‌كه‌یت. 
وه‌ڵامه‌ زانستیه‌كه‌ بۆ منداڵ چیه‌؟
ئه‌و توێژه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دا ڕه‌نگه‌ منداڵ له‌دوای‌ له‌دوای‌ له‌دایكبوونی‌ منداڵێكی‌ تره‌وه‌ بپرسێت ئه‌و كۆرپه‌له‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌سكی‌ دایكدابێت له‌كوێدا بوو؟ ئه‌وه‌نده‌ وه‌ڵام به‌سه‌ كه‌ بوترێ‌ به‌شێكی‌ زۆر بچووك له‌باوك نووسا به‌به‌شێكی‌ زۆر بچووك له‌دایك، پاشان چووه‌ ناو سكی‌ دایكه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ منداڵ و ئنجا له‌دایكبوو، ده‌كرێ‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامه‌كان پشت به‌هه‌ندێ‌ وێنه‌ی‌ پێكه‌وه‌ نووسانی‌ هێلكه‌و تۆو قۆناغه‌كانی‌ سكپڕی‌ ببه‌ستیت.  
بۆچی‌ منداڵ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ بۆ دروست ده‌بێ
له‌منداڵاندا جۆرێك له‌ خۆهه‌ڵقورتان له‌بابه‌تی‌ سێكس ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی‌ به‌دواداچوونی‌ بۆ جه‌سته‌ی‌ خوشك و براو هاورێكانی‌ دێت وه‌ ئه‌و تێبینیانه‌ش كه‌ بۆ جیاوازیه‌كانی‌ نێوان جه‌سته‌ی‌ كوڕان و كچان كردوویه‌تی‌، هه‌روه‌ها ئاره‌زووی‌ سه‌یركردنی‌ جه‌سته‌ی‌ گه‌وره‌كان ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌كاته‌كانی‌ خۆگۆڕیندا گه‌ر بۆی‌ بڕه‌خسێ‌. 
مامۆستایانی‌ ئاینیش به‌لایه‌نه‌وه‌ گونجاوه‌ به‌ شێوه‌ی‌ زانستی‌ و په‌روه‌رده‌یی منداڵ فێر بكرێن. به‌ ڕه‌چاوكردنی‌ به‌ها ئاینی‌ و ڕه‌وشتیه‌كان..
دوور له‌ وروژان بێت...
د. ناسیح فه‌تاح ئارووزه‌ری‌، پێشنوێژو وتارخوێن به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت:  
په‌روه‌رده‌ی‌ جنسی‌ یه‌كێكه‌ له‌و به‌شانه‌ كه‌ منداڵ پێویستی‌ پێیه‌تی‌‌و ده‌بێت ئاڕاسته‌ی‌ بكرێ‌ و له‌سه‌ر ڕێی‌ دایك و باوك و خێزان كۆمه‌ڵگه‌ و ڕاگه‌یاندن به‌ شێوازی‌ زانستی‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی‌ به‌های‌ ئاینی‌ و ڕه‌وشتی‌ به‌ دوور له‌ وروژاندن. 
هه‌روه‌ها وتی‌: 
هه‌ڵه‌كردن له‌م به‌شه‌دا ده‌بێته‌  هۆی‌ فه‌راهه‌مكردنی‌ تاكێكی‌ ناته‌ندروست‌و دواتر كێشه‌ی‌ خێزانی‌ گرفتی‌ ده‌روونی‌ و لاوازی‌ كه‌سایه‌تی‌ لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌
به‌ وته‌ی‌ ناوبراو سه‌ر ئه‌نجام منداڵ له‌ یه‌ك دۆخدا نامێنێته‌وه‌  ده‌یه‌وێ‌ له‌ خۆی‌ تێبگات و خۆی‌ بناسێت، پرسیار ده‌كات  چۆن هاتۆته‌ دنیاوه‌ و چۆن جیاوازه‌؟ لێره‌وه‌ ده‌بێت  دایك‌و باوك و سه‌رپه‌رشتیاران وه‌ڵامی‌ ته‌ندروستی‌ به‌نه‌وه‌. 
ده‌رباره‌ی‌ ته‌مه‌نێكی‌ دیاریكراو بۆ پێدانی‌ زانیاری‌ جنسی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ته‌مه‌نێك دیاری نه‌كراوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌. به‌ڵام به‌ ته‌نیا و به‌ كۆمه‌ڵ به‌ شێوه‌ی‌ زانستی‌ په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی‌ ئاینی‌ ده‌كرێت وانه‌ی‌ گونجاو به‌ پێی‌ ته‌مه‌ن بوترێته‌وه‌  هه‌ر ڕه‌گه‌زه‌و به‌ جیا. تا بتوانرێت سوود بگه‌یه‌نرێت‌و  به‌دووربێت له‌ نه‌ساغیه‌كانی‌ جه‌سته‌ و نه‌خۆشیه‌ جنسیه‌كان.
وتیشی‌: «وشه‌ی‌ گونجاو شێوازی‌ شیاو له‌ كه‌ش‌و هه‌وای‌ زانستیدا له‌ لایه‌ن كه‌سانی‌ پسپۆڕو شاره‌زاوه‌ ده‌بێت زانیاری‌ گونجاو بۆ ته‌مه‌نه‌كان ئاماده‌ بكرێت‌و بوترێته‌وه‌ ئامانج له‌ زانیاریه‌كه‌یش پاراستنیان بێت له‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌و خۆدوورگرتن بێت له‌ نه‌خۆشیه‌كان و ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ته‌ندروست». 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP