ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ له‌ نێوان زانست‌و قسه‌ی‌ كورده‌واریدا
گه‌لاوێژ كه‌ی‌ ده‌كه‌وێ‌؟! ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ له‌ نێوان زانست‌و قسه‌ی‌ كورده‌واریدا ‌ 8/9/2017
ئازاد جه‌لال

له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئابدا له‌ كورده‌واریدا ده‌ڵێن گه‌لاوێژ كه‌وتووه‌. 
ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ چیه‌‌و كاریگه‌ری‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ له‌سه‌ر گۆڕانی‌ كه‌ش‌و هه‌وا هه‌یه‌؟ هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ خاوه‌ن ئه‌زموونن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ كه‌وتنی‌ گه‌لاوێژ ته‌نیا ته‌جروبه‌ی‌ قه‌ییمه‌كانه‌. شاره‌زایانی‌ بواری‌ فه‌له‌كیش بۆچوونی‌ خۆیان ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌  هه‌یه‌‌و پێیان وایه‌ ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كه‌ش‌و هه‌واوه‌ نیه‌. شوێنه‌وارناسانیش باس له‌ گرنگی‌ هه‌ڵاتنی‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ ده‌كه‌ن له‌ دیاریكردنی‌ ڕێره‌وه‌ی‌ كه‌شتی‌ ده‌ریادا.
 
دوو جار ده‌كه‌وێ‌
«گه‌لاوێژ كه‌وتن به‌واتای‌ درێژبوونی‌ شه‌و و كورتبوونی‌ ڕۆژ دێت»،  ئه‌مه‌ وته‌ی‌  مالیك عومه‌ر 50 ساڵ بوو بۆ كوردستانی‌ دوا. ئه‌و وتی‌: له‌ كورده‌واریدا  دوو گه‌لاوێژ كه‌وتن هه‌یه‌. یه‌كیان كورت‌و یه‌كیان درێژ، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كورته‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ 8 ده‌كه‌وێ‌ و دونیا له‌ كاتی‌ به‌ره‌به‌یان فێنك ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌یه‌كه‌ له‌ كۆتایی مانگی‌ ئابدایه‌‌و  به‌ وته‌ی‌ ئه‌و ته‌لیسمی‌ سه‌رما ده‌شكێ‌ و له‌ كوێستان ده‌بێت شه‌و دوو به‌تانی‌ بده‌یت به‌خۆتا. 
كه‌وتنی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ ته‌نیا له‌ناو كوردا نیه‌، به‌ڵكو له‌ نێو عه‌ره‌به‌كانیش هه‌یه‌. به‌ وته‌ی‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ شوێنه‌وارناسی‌ لای‌ ئاژانسی‌ ناسای‌ ئه‌مریكی‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ گرنگی‌ هه‌بووه‌ بۆ دیاریكردنی‌  ئاڕاسته‌ی‌ كه‌شتیه‌ ده‌ریاییه‌كان و مانگی‌ ده‌ستكرد و ڕۆكێت  هه‌روه‌ها بۆ زانینی‌ ڕێڕه‌وی‌ ده‌رچوونیان له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆر.

 له‌مانگی‌ 9 ده‌كه‌وێ‌
شێخ كه‌مال گڵه‌ زه‌رده‌یی،  شاره‌زا له‌ بواری‌ شوێنه‌وارناسی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ هه‌ڵاتنی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ مژده‌ به‌خش بووه‌ بۆ كه‌ش‌و هه‌وای‌ له‌بار. هه‌روه‌ها وتی‌: گه‌لاوێژ ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاحه‌ هه‌زاره‌ جار له‌ خۆر گه‌وره‌تره‌.
 ده‌رباره‌ی‌ هه‌ڵاتنی‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت:  له‌ كورده‌واریدا وا باوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ هه‌شت ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ هه‌ڵدێ‌، به‌ڵام  به‌هۆی‌ پێگه‌ی‌ جوگرافیای‌ كوردستانه‌وه‌ سیماكانی‌ هه‌ڵاتنی‌ گه‌لاوێژ ڕه‌نگه‌ له‌ كوردستان دوا بكه‌وێ‌ بۆ مانگی‌ 9 ئه‌ویش به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ باكووری‌ گۆی‌ زه‌وی‌. له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵاتن، یان به‌ زمانی‌ كورده‌واری‌ خۆمان گه‌لاوێژ له‌ 4/9 تا 10/9 ده‌كه‌وێت و سیماكانی‌ ده‌رده‌كه‌ون. ده‌رباره‌ری‌ سیماكانی‌ هه‌ڵاتن‌و كه‌وتنی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ  شێخ كه‌مال گڵه‌زه‌رده‌یی  وتی‌: 
نیشانه‌كانی‌ كه‌وتنی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك ڕوو ئه‌دات له‌وانه‌: درێژبوونی‌ شه‌و و گۆڕینی‌ ئاڕاسته‌ی‌ باو زیادبوونی‌ ڕێژه‌ی‌ شێ‌‌و دابه‌زینی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما. 
زیاتر وتی‌: بۆ بینینی‌ ئه‌ستێری‌ گه‌لاوێژیش  پێویستمان به‌ چوار قۆناغ گه‌لاوێژ هه‌یه‌ تا به‌ته‌واوی‌ ده‌ركه‌وێ‌. وتیشی‌:  هه‌ر قۆناغێك 13 ڕۆژه‌ و له‌ هه‌ر قۆناغێكدا ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌بینرێ‌ دواین كاتی‌ ته‌واوبونی‌ ئه‌ستێره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ 10، به‌ڵام له‌ وڵاتانی‌  یه‌مه‌ن و كه‌نداو ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌  زووتر ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ هه‌ڵدێ‌.وتیشی‌: گرنگیدان به‌م بابه‌ته‌ ته‌نیا له‌ نێو كورده‌واریدا نیه‌، به‌ڵكو گه‌لانی‌ تریش گرنگی‌ پێده‌ده‌ن و ئه‌مریكییه‌كان ئاڕاسته‌ و ڕێڕه‌وی‌ كه‌شتی‌ و ڕۆكێته‌كانیانی‌ پێ‌ دیاری‌ ده‌كه‌ن.  

ته‌جره‌به‌یه‌
به‌شداربوانی‌ ئه‌م ڕاپۆرته‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جاران خوێنده‌واری‌ نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك  له‌ لادێكان مه‌لایش نه‌بوون.  په‌یامنێری‌ كوردستانی‌ نوێ‌ چووه‌ نێو مه‌جلیسێكی‌ به‌ساڵاچووانه‌وه‌‌و دوای‌ سه‌لام له‌ حازری‌ حاجی‌ ڕه‌شید عه‌لی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ 80 ساڵه‌ به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت:  كه‌وتنی‌ گه‌لاوێژ  ته‌جره‌به‌یه‌  بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ته‌جره‌به‌مان كردووه‌ كاتێك شه‌و كه‌ڵه‌شێر یه‌كجار خوێندویه‌تی‌  نیوه‌ی‌ شه‌وه‌، دووه‌مجار كه‌ ده‌خوێنێت ده‌بێت به‌ نوێژی‌ به‌یانی‌.  وتیشی‌: ئه‌م گه‌لاوێژ كه‌وتنه‌یش ته‌جره‌به‌یه‌كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ گه‌شی‌ پرشنگداره‌، به‌یانیان پێش خۆر كه‌وتن ده‌بینرێ‌، ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ مانگی‌  8 ه‌وه‌ ده‌بینرێ‌، كه‌ بینرا دونیا فێنك ده‌بێت.

له‌ 15/8 هه‌ڵدێ‌ 
له‌كاتی‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ حاجی‌ عه‌لیدا، حاجی‌ محه‌مه‌د  قسه‌كه‌ی‌ له‌ په‌یامنێری‌ كوردستانی‌ نوێ‌ وه‌رگرت‌و وتی‌: تۆ له‌ من ببپرسه‌ قسه‌ت بۆ بكه‌م، چونكه‌ من له‌هه‌موویان به‌ ته‌مه‌نترم تا بزانیت  گه‌لاوێژ كه‌وتن چیه‌؟!
حاجی‌ وتی‌: هه‌موو ساڵێك 5/8  گه‌لاوێژ له‌ بنج ئه‌كنێ‌‌و له‌ 15/8  له‌ كورده‌واریدا به‌ ته‌واوی‌ هه‌ڵیه‌ت  ئیتر دوای‌ ئه‌مه‌ هه‌وا خۆش ده‌بێت‌و تۆوی‌ گه‌نم سه‌وز ئه‌بێت و به‌ ڕۆژ گه‌رم ده‌بێت و به‌ شه‌ویش فێنك.

 بنه‌مای‌ زانستی‌ نیه‌
شاره‌زایانی‌ بواری‌ فه‌له‌كی‌ هه‌ڵاتنی‌ ئه‌ستێره‌ی‌  گه‌لاوێژ  به‌و شێوه‌ی‌ له‌ نێو كورده‌واری‌ هه‌یه‌  وه‌ك بنه‌مای‌ زانستی‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. پێیانوایه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ  نزمی‌ پله‌ی‌ گه‌رمی‌ نیه‌. 
ئه‌ژی‌ چه‌تۆ، سه‌رۆكی‌ ڕێكخراوی‌ فه‌له‌كناسی‌ كوردستان به‌ كوردستانی‌ نوێی‌ وت: 
  ئه‌ستێره‌ی‌ گه‌لاوێژ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ دراوسێیه‌كانی‌  كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆر و به‌ مه‌ودای‌ 8.60 ساڵی‌ ڕووناكی‌ له‌ خۆره‌وه‌ دووره‌  بارستاییه‌كه‌ی‌ 2.2 ئه‌وه‌نده‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆره‌  25 جار له‌ خۆر گه‌شتره‌‌و ڕه‌نگی‌ سپیه‌كی‌ شین باوه‌ له‌به‌ر نزیكی‌‌و گه‌شیه‌كه‌ی‌ به‌ گه‌شترین ئه‌ستێره‌ی‌ ئاسمان داده‌نرێ‌، دوای‌ خۆرو مانگ و ئه‌ستێره‌ی‌ زوهره‌ به‌ سێیه‌م ئه‌ستێره‌ داده‌نرێ‌ له‌ گه‌شیدا.
هه‌روه‌ها فه‌له‌كی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌ستێره‌ی‌ له‌و گه‌شترمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دوورن له‌ ئێمه‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی‌ خاڵی‌ بچووك ده‌یانبینین‌و  ده‌رناكه‌ون. هه‌روه‌ها وتی‌: هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌و نزمبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رمادا نیه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌ستێره‌كان جگه‌ له‌ خۆر هیچ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌ش‌و هه‌وا نیه‌. 
وتیشی‌:  ته‌نیا هاوتابوونی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئابدایه‌ و پله‌ی‌ گه‌رما خۆی‌ ئۆتۆماتیكی‌ داده‌به‌زێت. 
له‌ كۆندا شوێنه‌وارناسانی‌ كورد گرنگیان به‌ كاتی‌  هه‌ڵاتنی‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ داوه‌، شێخ حه‌سه‌نی‌ گڵه‌زه‌رده‌ له‌ مزگه‌وتی‌ گڵه‌زه‌رده‌ شوێنی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بووه‌ بۆ  ده‌ستنیشانكردن و هه‌ڵاتنی‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌‌و مژده‌ی‌ به‌خشیوه‌ته‌وه‌ كه‌ دونیا فێنك ده‌بێت و گه‌رما نامێنێت.    


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP