باوكان قاره‌مانی‌ ژیانی‌ كوڕه‌كانیانن
باوكان قاره‌مانی‌ ژیانی‌ كوڕه‌كانیانن ‌ 29/9/2017
ئا: لاپه‌ڕه‌ی‌ ژیانداری‌
خاڵی هاوبه‌شی‌ نێوان خۆت‌و منداڵه‌كه‌ت بدۆزه‌ره‌‌وه‌و به‌هێزی بكه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و جیاوازیه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌نێوانتاندا هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی به‌هێز دووچاری‌ كێشه‌ ببیت.
یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و ڕۆڵانه‌ی‌ كه‌ پیاو له‌ژیاندا ده‌یبینێت، ڕۆڵی‌ باوك بوونه‌. 
باوك له‌ژیانی‌ منداڵدا ڕۆڵی‌ زۆر گرنگ ده‌بینێت  واته‌ كوڕ سه‌یری‌ ڕه‌فتار و گوفتاری‌ باوكی‌ ده‌كات‌و لاسایی‌ ده‌كاته‌وه‌  ڕێزی‌ باوكیان له‌به‌رچاو ده‌گرن هه‌ڵسوكه‌وتی‌ باوكی‌ ده‌كاته‌ پێوه‌ر بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر باش‌و خراپ‌و ده‌یكه‌ن به‌ نموونه‌.
به‌واتایه‌كی‌ تر كوڕان له‌ گوفتار‌و ڕه‌فتاری باوكیان وانه‌ی‌ ژیان‌و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ پیاوانه‌، هاوسه‌رداری‌، شێوه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی‌ تر، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان، ڕێزدانان بۆ ئه‌ندامانی‌ خێزان‌و كۆمه‌ڵگا، ڕێ‌و ڕه‌سمی‌ ژیان فێرده‌بن.
ئایا ده‌زانیت كه‌ ڕه‌فتار و گوفتاری‌ تۆ به‌ ناونیشانی‌ باوك كاریگه‌ری‌ داده‌نێت له‌سه‌ر ڕه‌فتار و گوفتاری‌ كوڕه‌كه‌ت؟ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ باش‌و به‌هێز سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌خۆته‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ت سه‌یری‌ ڕه‌فتار و گوفتاری‌ تۆ ده‌كات‌و ده‌یانكات به‌ نموونه‌ بۆ خۆی‌.
كوڕانی‌ هه‌رزه‌كار سه‌رنجی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دایك‌و باوكیان ده‌ده‌ن.
 له‌ باوكیه‌وه‌ فێر ده‌بێت چۆن ڕێزی‌ دایكی‌ بگرێت‌و له‌ئاینده‌دا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌كات، ئه‌وی‌ خۆش بوێت‌و هه‌روه‌ها میهره‌بانیش بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌، چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی‌ تر په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دروستی‌ هه‌بێت. له‌گه‌ڵ كێ هاوڕێیه‌تی‌ نه‌كات‌و به‌ چ پێشنیارێك «نا» بڵێت‌و خه‌جاڵه‌ت نه‌بێت.
هه‌روه‌ها فێر ده‌بێت كه‌ چۆن به‌ره‌نگاری‌ كێشه‌كانی‌ ژیان بێته‌وه‌، به‌سه‌بر و ئارامگری‌ چاره‌سه‌ریان بكات، كه‌واته‌ تۆ به‌ ناونیشانی‌ باوك پێویسته‌ زیاتر ئاگاداری‌ وته‌‌و كرداره‌كانت بیت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ت، چونكه‌ باوكان قاره‌مانی‌ ژیانی‌ كوڕه‌كانیانن، كه‌واته‌ قاره‌مانی‌ ژیانی‌ كوڕه‌كه‌ت به‌. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت په‌یوه‌ندیه‌كی‌ باشت له‌گه‌ڵی‌ هه‌بێت پێویسته‌ نموونه‌یه‌كی‌ جوان بیت بۆی‌.
 
 دۆزینه‌وه‌ی‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش 
خاڵی‌ هاوبه‌ش بدۆزه‌ره‌وه‌ له‌نێوان خۆت‌و كوڕه‌كه‌تدا و به‌هێزی‌ بكه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌ هۆی‌ جیاوازی‌ زۆر له‌ نێوانتان له‌زۆر ڕووه‌وه‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌هێز كێشه‌ت بۆ دروست بێت.
له‌مباره‌دا به‌دوای‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كاندا بگه‌ڕێ له‌نێوانتاندا. بۆ نمونه‌: كوڕێك ده‌یوت: باوكم حه‌زی‌ له‌وه‌رزشكردن بوو، به‌ڵام من زیاتر حه‌زم له‌ كتێب خوێندنه‌وه‌ بوو تا وه‌رزش. باوكم زۆر هه‌وڵیدا تاوه‌كو منیش وه‌كو خۆی‌ حه‌زم له‌وه‌رزش بێت. حه‌زیده‌كرد پێكه‌وه‌ تۆپی‌ سه‌به‌ته‌ بكه‌ین، به‌ڵام من حه‌زم ده‌كرد پێكه‌وه‌ له‌ژێر سێبه‌ری‌ دره‌ختێك دابنیشین‌و كتێب بخوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ردووكمان حه‌زمان لێی بوو له‌سه‌یراندا دار كۆبكه‌ینه‌وه‌‌و ئاگر بكه‌ینه‌وه‌‌و خێمه‌ هه‌ڵده‌ین. زۆر چێژی‌ هه‌بوو ئه‌مكاره‌مان ده‌كرد. كه‌واته‌ كاتێك له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ت كات به‌سه‌ر ده‌به‌یت گرنگی‌ پێبده‌‌و ڕێزی‌ ئاره‌زووه‌كانی‌ بگره‌‌و له‌گه‌ڵیدا میهره‌بان به‌.
 
وه‌رزشكردن
زۆربه‌ی‌ كوڕان له‌قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاریدا حه‌زیان له‌یاریه‌ وه‌رزشیه‌كانه‌ وه‌كو: دووگۆڵی‌، باسكه‌، باله‌، مه‌له‌وانی‌، كاراتی‌...هتد. ڕێگه‌ی‌ بده‌ تا ئه‌و وه‌رزشه‌ی‌ ئاره‌زووی ده‌كات پێی هه‌ستێت به‌رهه‌ڵستی‌ مه‌كه‌‌و قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاری‌ خۆتت له‌یاد بێت.
هه‌وڵبده‌ كاره‌كانت كه‌مبكه‌یته‌وه‌‌و كاته‌كانت هه‌رچه‌نده‌ كه‌میش بێت ته‌رخانی‌ بكه‌ بۆ كوڕه‌كه‌ت‌و له‌گه‌ڵی‌ بچۆ بۆ یاریكردن‌و مه‌له‌كردن هه‌وڵبده‌ هانیبده‌ی‌ له‌سه‌ر یاریكردن‌و له‌پێشبڕكێكاندا به‌شداریبكات‌و پله‌ به‌ده‌ست بهێنێت.
 
به‌های‌ پێكه‌وه‌ بوون
خاڵێكی‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ت پێكه‌وه‌بن‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و كات به‌سه‌ر به‌ریت. نانی‌ به‌یانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك بخۆن. پێكه‌وه‌ بچن بۆ ده‌شت‌و ده‌ر و چالاكی‌ ئه‌نجامبده‌ن میهره‌بان به‌ له‌گه‌ڵی‌‌و به‌سۆزه‌وه‌ له‌ ئامێزی‌ بگره‌‌و ماچی‌ بكه‌‌و له‌باره‌ی‌ خه‌ونه‌كانتان بدوێن‌و پێبكه‌نن.
به‌رنامه‌ دابنێن كه‌ هه‌فتانه‌ بچن بۆ ڕیستۆرانت، یان قاوه‌خانه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ كوڕه‌كه‌ت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، تا له‌كه‌سایه‌تیان شاره‌زا بیت له‌ نزیكه‌وه‌. پێكه‌وه‌ پاسكیلسواری‌ بكه‌ن. به‌كورتی‌ هه‌وڵبده‌ كاته‌ خۆشه‌كانتان پێكه‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رن، نرخی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوون بزانه‌‌و ڕێزی‌ یه‌كتر بگرن.
 
یارمه‌تی‌ یه‌كتر بده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوانتان به‌هێزتر بێت باشتره‌ پێكه‌وه‌ كارێكی‌ هاوبه‌ش ئه‌نجامبده‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ پێویسته‌ كارێك بێت كه‌ كوڕه‌كه‌ت به‌لایه‌وه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بێت‌و بتوانێت ئه‌نجامیبدات‌و یارمه‌تیت بدات. بۆنمونه‌: پێكه‌وه‌ باخچه‌یه‌كی‌ بچووك دروستبكه‌ن له‌حه‌وشه‌ی‌ ماڵه‌وه‌، گوڵی تیادا بچێنن‌و دیمه‌نێكی‌ جوان بده‌ن به‌ماڵه‌كه‌.
هه‌ندێك كات له‌م باخچه‌ جوانه‌دا دابنیشن‌و پێكه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانتان بدوێن، باسی‌ قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاری‌‌و یادگاریه‌كانی‌ ئه‌و قۆناغه‌ كه‌ چۆن بیرتكردۆته‌وه‌‌و ئاره‌زووت چی بووه‌ قسه‌ی‌ بۆ بكه‌.
 
گوێ بگره‌ بۆ قسه‌كانی‌  
كوڕان زۆر حه‌زیان له‌قسه‌كردن‌و ده‌رده‌ دڵكردن نیه‌، به‌ڵام باوكان حه‌ز ده‌كه‌ن كوڕه‌كانیان قسه‌ی‌ خۆیان لایان بكه‌ن ئاگاداری‌ كێشه‌كانیان بن. داوای‌ لێبكه‌ تا له‌باره‌ی‌ بیر و هه‌سته‌كانیه‌وه‌ قسه‌ت بۆ بكات، ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی‌ ئه‌و وه‌رزشانه‌وه‌ پرسیار بكه‌ كه‌ ئه‌و حه‌زی لێیه‌تی‌، گوێگرێكی‌ باش به‌ بۆی‌.
به‌ وردی‌ گوێگرتن بۆ قسه‌كانی‌ كوڕه‌كه‌ت ئه‌و په‌یامه‌ ده‌چرپێنێت به‌گوێیدا كه‌ ئه‌و زۆر به‌ ئه‌رزشه‌وه‌ ڕێزی‌ زۆره‌ لای‌ تۆ كه‌ ئاماده‌ی‌ گوێ بگریت بۆ هه‌موو قسه‌كانی‌‌و له‌هه‌مانكاتدا ده‌توانیت بگه‌یته‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاگاداری‌ كێشه‌و ده‌رده‌سه‌ریه‌كانی‌ بیت‌و له‌ جێگای‌ خۆیدا یارمه‌تی‌ بده‌یت. ڕێزی‌ هه‌ست‌و سۆز و ئامانجه‌كانی‌ بگره‌‌و هه‌میشه‌ پێی بڵێ كه‌ چه‌ند خۆشت ده‌وێت.
 
له‌باره‌ی‌ ئه‌مانه‌وه‌ بدوێ
هه‌وڵبده‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دۆستانه‌ دروستبكه‌یت، تا بتوانیت زۆر به‌ سانایی‌ له‌باره‌ی‌ دونیای‌ جیاوازیه‌كانی‌ نێوان كوڕان‌و كچان قسه‌ی‌ بۆ  بكه‌یت‌و زانیاری‌ به‌سوود له‌ باره‌ی‌ پێگه‌یشتن‌و په‌یوه‌ندی‌ سێكسی‌ پێ ببه‌خشیت‌و  پێی بڵێ: كه‌ باشترین ڕێگا بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ سێكسی‌ هاوسه‌رگیریه‌.
زۆر گرنگه‌ كه‌ دڵنیا بیت له‌وه‌ی‌ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كچانی‌ خزم‌و  نزیكه‌كان‌و كۆمه‌ڵگه‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌ندروست ببه‌ستێت‌و ڕێزیان بگرێت. له‌به‌رده‌م كوڕه‌كه‌تدا ڕێزی‌ دایكی‌ بگره‌‌و هیچ كات له‌به‌رده‌م ئه‌و ڕه‌خنه‌ی‌ لێ مه‌گره‌.
 
په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ته‌ندروستتان هه‌بێت
ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوویت له‌دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌هێز له‌نێوانتاندا، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ بكه‌وێته‌ داوی‌ كه‌سانی‌ خراپ‌و هاوڕێی‌ به‌دڕه‌وشت. فێری‌ بكه‌ له‌و دانیشتنانه‌دا به‌شداری‌ نه‌كات كه‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی‌ جگه‌ره‌ی‌ تێدا ده‌كێشن، یان كاتێك جگه‌ره‌شیان پێدا وه‌رینه‌گرێت.
تێیبگه‌یه‌نه‌ په‌سه‌ندنه‌كردنی‌ داواكه‌ به‌واتای‌ ترسانی‌ نیه‌، به‌ڵكو به‌واتای‌ زیره‌كیه‌تی‌ ده‌رئه‌نجامی‌ تێگه‌شتنیه‌تی‌ له‌ زیانه‌كانی‌.
 به‌ناونیشانی‌ باوك ڕۆڵت ئه‌وه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ زیانه‌كانی‌ جگه‌ره‌ قسه‌ی‌ بۆ بكه‌ی‌‌و له‌م ڕوه‌وه‌ باوه‌شی‌ خۆشه‌ویستی‌ بۆ بكه‌ره‌وه‌‌و ڕێگه‌ بده‌ هه‌ست به‌و خۆشه‌ویستیه‌ بكات.
یه‌كێك له‌ ڕۆڵه‌ گرنگه‌كانی‌ باوك په‌روه‌رده‌كردنی‌ ڕاست‌و دروستی‌ لایه‌نی‌ مه‌عنه‌وی‌ كوڕه‌كه‌یه‌تی‌. باوكی‌ هۆشیار به‌به‌رنامه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی‌.
 
ئاشنا بوون به‌ ڕێوڕه‌سمی‌ ژیان
جگه‌ له‌دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ باوك ده‌بێت كوڕانی‌ هه‌رزه‌كار فێری‌ ڕێوڕه‌سمی‌ ژیان ببن. ئایا تۆ ڕێوڕه‌سمی‌ ژیانت فێری‌ كوڕه‌كه‌ت كردووه‌؟ به‌ڕاستی‌ یارمه‌تیبده‌ كه‌ واتا‌و واقیعی‌ ژیان تێبگات‌و ته‌مه‌ن‌و گه‌نجی‌ خۆی‌ بێسود به‌با نه‌دات. سه‌ره‌تا باوك  پاشان براده‌ری‌ كوڕه‌كه‌ت به‌.
فێری‌ بكه‌ سه‌رپێی سه‌یری‌ هه‌موو شتێك نه‌كات، به‌ڵكو بیر بكاته‌وه‌‌و بچێته‌ قووڵی‌ شته‌كان‌و كێشه‌كان. له‌باره‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ بكه‌ كه‌ ئه‌و پێی سه‌رسامه‌‌و كردوویه‌تی‌ به‌ نموونه‌ له‌ژیانی‌ خۆیدا ڕایبێنه‌ كه‌ پیاو بێت واته‌ كوڕێك كه‌ له‌ئاینده‌دا ده‌بێته‌ باوكی‌ كه‌سانی‌ تر.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP