ئەلێكساندەر سمس
ئەزموون و ناوبانگ ئەلێكساندەر سمس ‌ 2/10/2017
(دانیشتم و لە ناكاو دەستم كرد بە نووسین، دەستم كرد بە نووسینی كورتە چیرۆكی ژنێك بە ناوی ریشمۆند راموتسۆی. لێرە لە ئاژانسێكی لێكۆڵینەوەم، ئەوەش تەنها سەرەتایەك بوو و دواجار خۆم لە بوارەكەدا دۆزییەوە و بوومە نووسەری زنجیرە چیرۆك ‌و بڕیارمدا لەو زنجیرە كتێبەدا هەشت كتێب بنووسم).
ئەلێكساندەر سمس رۆماننووسێكی بەناوبانگە لە سەرتاسەری جیهاندا. لە وڵاتی زیمبابۆی لە ئەفریقیا لەدایكبووە، هەر لەوێش خوێندویەتی، بەڵام لە سكۆتلەندا بڕوانامەی بەدەستهێناوە و بۆتە مامۆستای یاسا.
لە سكۆتلەندا جێگیر بووە و پاشان كۆلێژی یاسای لە زانكۆی بۆتسوانا دامەزراندووە و چەند ساڵێك لەوێ كاریكردووە.
ساڵی 2005 خانەنشین بوو، دوایین كاریشی مامۆستای یاسای تەندروستی بووە لە زانكۆی ئەدنبرە. لەو كاتەشەوە زیاتر كار لەسەر نووسین و دانانی كتێب دەكات.
كتێبەكانی زۆرن، جۆراوجۆر و فرە بوارن. كتێبی هەیە لە بارەی یاساوە، بە چەند كتێبێك باسی فۆلكلۆری ئەفریقی بۆ منداڵان دەكات. رۆمانیش بۆ گەورەكان دەنووسێت. بەڵام ئەلێكساندەر سمس بەو زنجیرە چیرۆكە بەیەكەوە بەستراوە ناسرا كە ساڵی 1998 دەستی بەنووسینی كرد.
(بوومە خاوەنی ئەزموونێك كاتێك سەردانی هەندێك لە هاوڕێكانم كرد لە موتشودی. لەوێ ژنێكی جوانم بینی كە لە حەوشی ماڵەكەیدا بە دوای مریشكێكدا رایدەكرد. ئەو ژنە كۆمەڵێك میوانی هەبوو دەیویست ئەم مریشكە بكاتە خوانێكی تایبەتی بۆیان. ئەو ژنە جلێكی سووری لە بەردا بوو، بە دەم پێكەنینەوە دەیویست ئەو مریشكە بگرێت ‌و سەری بڕێت.. هەندێكجار هەوڵی دەدا بە قسەی خۆش مریشكەكە بگرێت.. دواجار مریشكەكەی گرت و سەری بڕی. چیرۆكی ئەم ژنە و مریشكەكەی سەرنجی راكێشام. بیركردەوە كارێكی زۆر جوان دەبێت شتێك لەو بارەیەوە بنووسم. باسی رابردووی ئەو ژنە و هۆكار و پاڵنەرەكانی هەوڵدانی بۆ گرتن‌و سەربڕینی مریشكەكە بكەم).
ئەم ژنەی بۆتسوانا بووە پاڵنەی ئەلێكساندەر سمس بۆ ئەوەی دەست بكات بە نووسینی زنجیرە چیرۆكەكەی. باسی ریچیس رامۆسو وەی دەكات. كە چۆن لە ژنێكی بەردەم هەڕەشەی كوشتنەوە وەردەچەرخێت بەرەو بوون بە لێكۆڵەرەوە لە تاوانەكانی كوشتن لە ئەفریقا... ئەو ژنە دەبێتە یەكەمین خانم كە ببێتە لێكۆڵەرەوە لەو وڵاتەدا.
ئەو زنجیرە چیرۆكە بە شێوەیەكی ئیجابی باسی ژیانی ئەفریقا و ئەفریقییەكان دەكات، بە بێ‌ ئەوەی زیادەڕۆیی بكات ‌و یان خۆی لە هەقیقەتەكان بدزێتەوە. رەنگە هۆكاری ئەوەش ئەوەبێت ئەلێكساندەر سمس سەرەتاكانی تەمەنی لەو كیشوەرەوە دەستپێكردبێت.
(بەزەییم بەو كەسانەدا دێتەوە كە پشت دەكەنە ئەفریقیا، زۆر كەس لە باكووری ئەمریكا و خۆرئاوای ئەوروپا ئەوە دەكەن، چونكە تەنها كێشە و گرفتەكانی ئەفریقیا دەبینن. بە دڵنیاییەوە گرفتی زۆر لە بیابان ‌و ناوچەكانی خوار بیابانیش هەیە، بەڵام تۆ ناتوانیت لەو هەقیقەتانە رابكەیت. دەبێت هەموو كەس بزانێت، ئەمە لایەنێكی هەقیقەتە نەك هەمووی. لایەنەكەی تریشی ئەوەیە كە ئەفریقیا كۆمەڵێك خەڵكی تێدا دەژی كە خاوەنی هەندێك تایبەتمەندی ‌و لایەنی بەهێزی مەزنن. ئەمە پوختەی ناوەرۆكی كتێبەكانمە).
كتێبەكانی هێز و هاندانێكی زۆریان تێدایە، تەنانەت وای لە هەندێك خانمی ئەفریقی كردووە هاوشێوەی چیرۆكەكە نووسینگەی تایبەتی لێكۆڵینەوە دابنێن.
ئەم كتێبانە تەنها بۆ تەرفیه نین، بەڵكو لایەنی رووناكبیرییشیان تێدایە. خوێنەر ئاشنای بۆتسوانا دەكات. كارێكی وا دەكات خوێنەران تێڕوانینێكی ئیجابیانە تریان هەبێت بۆ ئەفریقیا.
(من حەزم لە خوێندنەوە نییە.. بەڵام بە راستی خوێندنەوەی ئەو چیرۆكانە زۆر خۆش بوو. زۆر خۆش و سەرنج راكێشە و زۆر خۆشە لە لام كەباسی بۆتسوانا دەكات). ئەو زنجیرە چیرۆكە نزیكەی پێنج ملیۆن دانەی لێفرۆشراو بۆ 31 زمانیش وەرگێڕدرا.
(نووسینگەی لێكۆڵینەوە)ی ئەلێكساندەر سمس بووە یەكەمین كتێبی لیستی تایبەتی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بۆ ریزبەندیی كتێب. بەو هۆیەشەوە بووە یەكێك لە بەناوبانگترین و باشترین كتێبەكان.. ئەمانەش هەموویان پێكەوە بوونە پاڵنەری بەرهەمهێنانی زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنی بە ناوی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی ژمارە یەك بۆ خانمان.
(شتێك تۆ دەیزانیت؟ تۆ ژمارە یەكیت! ..... وەرن وەرن...... وەرن بۆ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی ژمارە یەك بۆ خانمان).
شێوازی نووسینی، شێوازێكی روون‌و ساكارە، بەڵام پشتی بە ئاماژە ‌و درككردنی شتەكان بەستووە.
هێزی نووسینی چیرۆكەكە، خوێنەر دەكات خاوەنی هێزو جەسووری بۆ بەردەوام بوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP