ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی‌ جیهان كامانه‌ن؟
ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی‌ جیهان كامانه‌ن؟ ‌ ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د‌ 31/12/2016
ده‌وڵه‌مه‌ندیی هه‌ر وڵاتێك، وه‌ك پسپۆڕانی‌ بواری‌ ئابووری‌ ده‌ڵێن، به‌ داهاتی‌ گشتی‌ وڵاته‌كه‌‌و ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌‌و داهاتی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵێكدا ده‌ستنیشان ده‌كرێت. ئابووریناسان پێیان وایه‌ هه‌ر وڵاتێك سه‌رجه‌م ته‌كه‌كانی‌ توانیان هه‌موو پێداویستییه‌كی‌ ژیانیان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا ئه‌و وڵاته‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌زانرێت. سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵات بۆ ساڵی‌ 2016 گۆڤاری‌ (ۆرڵد ئه‌تڵه‌س) لیستێكی‌ بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تیایدا سێ وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ وڵاته‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهانن.
1- قه‌ته‌ر: پله‌ی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی‌ جیهاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ته‌نها دوو ملیۆن‌و 169 هه‌زار كه‌سه‌‌و داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ئه‌و وڵاته‌ 140 هه‌زار‌و 649 دۆلاره‌. ئه‌وه‌ش وای‌ كردووه‌ به‌ ده‌وله‌مه‌ندترین وڵاتی‌ جیهان دابنرێت. قه‌ته‌ر خاوه‌نی‌ پیشه‌سازییه‌كی‌ پێشكه‌وتووه‌ له‌ بواری‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ داهاتی‌ كه‌رتی‌ نه‌وت 70%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ داهاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێك ده‌هێنێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌‌و بوونی‌ سامانێكی‌ سروشتی‌ زۆر‌و زه‌وه‌ند، قه‌ته‌ر ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ جامی‌ جیهانی‌ تۆپی‌ پێی 2022 تیایدا، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ی‌ تێدا ئه‌نجام بدرێت. جگه‌ له‌وه‌ش قه‌ته‌ر یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ مشتومڕی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ كاری‌ زۆره‌ملێ‌و سه‌پاندنی‌ زۆر به‌سه‌ر كرێكارانی‌ بیانی‌ له‌ وڵاتانی‌ ئاسیاوه‌.
2- لۆكسه‌مبۆرگ: هه‌ر خۆی‌ نیشانه‌ی‌ سامانی‌ زۆر‌و زه‌نگینییه‌‌و له‌ لیسته‌كه‌دا له‌ پله‌ی‌ دووه‌مدایه‌، چونكه‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك له‌و وڵاته‌دا 97 هه‌زار‌و 662 دۆلاره‌، كه‌ نۆ هێنده‌ی‌ نێوه‌نجی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ ناوخۆییه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان. بڕبڕه‌ پشتی‌ ئابووری‌ لۆكسه‌مبۆرگ كه‌رته‌ داراییه‌ به‌هێزه‌كه‌یه‌تی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ دارایی پته‌وو به‌هێزی‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ به‌هێزی‌ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی‌ پیشه‌سازی‌ ئاسن‌و پۆڵا، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری‌ بانك له‌و وڵاته‌دا پێشكه‌وتوترینه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌رته‌كانی‌ تردا، جگه‌ له‌وه‌ش بنكه‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ هه‌یه‌‌و خاوه‌نی‌ یه‌ك تریلیۆن‌و 240 ملیار دۆلاره‌.
3- سه‌نگافۆره‌: ئه‌م وڵاته‌ بچكۆله‌یه‌ له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ بازێكی‌ گه‌وره‌ی‌ داو له‌ پله‌ی‌ پێنجه‌مه‌وه‌ هاته‌ پله‌ی‌ سێیه‌م له‌ ریزی‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهاندا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك تیایدا ده‌گاته‌ 82 هه‌زار‌و 763 دۆلار، كه‌ پێنج هێنده‌ی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ئاساییه‌ له‌ جیهاندا. بناغه‌ی‌ ئابووری‌ ئه‌م وڵاته‌ خزمه‌تگوزارییه‌ داراییه‌كانیه‌تی‌ له‌گه‌ڵ پیشه‌سازی‌ داوو ده‌رمان كه‌ بڕێكی‌ زۆری‌ لێ هه‌نارده‌ ده‌كات بۆ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها سیاسه‌تێكی‌ ئابووری‌ لیبراڵ پیاده‌ ده‌كات، كه‌ هانده‌ره‌ بۆ داهێنان‌و گه‌شه‌كردن. له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا سه‌نگافۆره‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌، قه‌ره‌باڵغترین فڕۆكه‌خانه‌ن‌و ته‌نها له‌ ساڵی‌ 2011دا به‌ به‌های‌ 414 ملیار دۆلار هه‌نارده‌ی‌ هه‌بووه‌.
4- كوێت: ئابووری‌ كوێت ئابوورییه‌كی‌ بچووكه‌، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك كراوه‌یه‌، هاووڵاتیانی‌ ئه‌و وڵاته‌ خاوه‌نی‌ داهاتێكی‌ باشن‌و داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك تیایدا ده‌گاته‌ 73 هه‌زار‌و 246 دۆلار، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا پله‌ی‌ چواره‌می‌ به‌ده‌ست هێناوه‌. دراوه‌ نیشتمانییه‌كه‌ی‌ كه‌ پێی‌ ده‌وترێ دیناری‌ كوێتی‌، به‌رزترین پاره‌یه‌ له‌ جیهاندا‌و 10%ی‌ نه‌وتی‌ یه‌ده‌كی‌ جیهانیش هه‌ر له‌و وڵاته‌یه‌. هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ داهاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێك ده‌هێنێ‌و 95%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ بابه‌ته‌ هه‌نارده‌ كراوه‌كانیشیه‌تی‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌م ساڵانه‌ی‌  دواییدا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ زۆری‌ نه‌داوه‌ ئابوورییه‌كه‌ی‌ فره‌ سه‌رچاوه‌ بكات، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ رووی‌ داراییه‌وه‌ بوژاوه‌ته‌وه‌‌و به‌ پێویستی‌ نه‌زانیوه‌ ئه‌وه‌ بكات.
5- برۆنای‌: ئه‌م وڵاته‌ش له‌ وڵاته‌ بچووكه‌كانه‌، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ئاسیا، له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌دا پله‌ی‌ پێنجه‌می‌ هه‌یه‌‌و ئابوورییه‌كه‌ی‌ پشت به‌ پڕۆژه‌‌و به‌ڵێنده‌ره‌ ناوخۆیی‌و بیانییه‌كان ده‌به‌ستێ، له‌گه‌ڵ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ خا‌و‌و غازی‌ سروشتی‌، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نه‌ریتی‌ گوندنیشینیان هه‌یه‌‌و حكومه‌تیش سیستمێكی‌ تۆكمه‌ به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ وای‌ كردووه‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوورییه‌كه‌ی‌‌و داهاتی‌ به‌رز بێت. برۆنای‌ راسته‌ نه‌وت‌و غاز هه‌نارده‌ ده‌كات، به‌ڵام گرنگی‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ته‌نها پشتی‌ به‌‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ نه‌به‌ستووه‌‌و ئابوورییه‌كی‌ فره‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌یه‌. ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 500 هه‌زار كه‌س نابێت‌و له‌و وڵاتانه‌شه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان كه‌مترین چڕی‌ دانیشتوانی‌ هه‌یه‌.
6- ئیمارات: ئیماراتی‌ یه‌كگرتووی‌ عه‌ره‌ب له‌ حه‌وت میرنشین پێكهاتووه‌‌و له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاری‌ كه‌نداودا دووه‌م ئابووری‌ گه‌وره‌یه‌، له‌ دوای‌ سعودیه‌‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستیش یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ به‌رزه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر پشت به‌ هه‌نارده‌ كردنی‌ نه‌وت‌و غاز ده‌به‌ستێ، به‌ڵام ئابوورییه‌كی‌ فره‌ سه‌رچاوه‌شی‌ هه‌یه‌. جگه‌ له‌وه‌ش ژێرخانێكی‌ پێشكه‌وتوو پته‌وی‌ ئه‌وتۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ جیهان تا ئێستا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. له‌و حه‌وت میرنشینه‌، دوبه‌ی‌ به‌ناوبانگترینیانه‌‌و ساڵانه‌ زۆرترین بیانی‌ سه‌ردانی‌ ده‌كات، فڕۆكه‌خانه‌كه‌شی‌ یه‌كێكه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ داهاتێكی‌ زۆر بۆ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. دوای‌ ئه‌و ئه‌بو زه‌بی‌ دێت، پاشان شاریقه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و پڕۆژه‌ بیناسازییه‌ زه‌به‌لاحانه‌ی‌ تیایاندا كراوه‌ بۆ هۆی‌ یه‌كێك له‌ سه‌رنجڕاكێشترین وڵاتانی‌ جیهان‌و ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باشه‌ بۆ داهات‌و ده‌ست خستنی‌ دراوی‌ قورس.
7- نه‌رویج: له‌گه‌ڵ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ پێنج ملیۆن كه‌سه‌، تێكڕای‌ داهاتی‌ گشتییه‌كه‌ی‌ به‌رزه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌ بۆته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی‌ ئه‌وروپا، له‌ڕووی‌ نرخی‌ دراوه‌كه‌شیه‌وه‌ به‌ دووه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی‌ جیهان ئه‌ژمار ده‌كرێت، پاشه‌كه‌وت‌و پاره‌ی‌ یه‌ده‌كی‌ تاك له‌و وڵاته‌، له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان له‌ هه‌موو وڵاتان به‌رزتره‌. ئابوورییه‌كه‌ی‌ پشت به‌ سامانی‌ سروشتی‌ وه‌ك نه‌وت، غاز، كانزاكان، ته‌خته‌، وزه‌ی‌ به‌رهه‌مهاتوو له‌ ئاو، خواردنه‌ ده‌ریاییه‌كان. ئه‌مانه‌ وای‌ كردووه‌ ئابوورییه‌كی‌ تێكه‌ڵاو‌و فره‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌بێت. وه‌ك سیستمی‌ ئابووری‌، نه‌رویج بازاڕی‌ ئازاد په‌یڕه‌و ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌ت موڵكی‌ زۆر له‌ كه‌رته‌ جۆراوجۆره‌كاندا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ئاستێكی‌ گوزه‌رانی‌ به‌رزیان هه‌بێت له‌ جیهاندا. ئه‌وی‌ جێی‌ سه‌رنجیشه‌ دراوسێی‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ پێشكه‌وتووی‌ وه‌ك فنله‌ندا‌و روسیا‌و سوید.
8- سویسرا: یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانی‌ ئه‌وروپا، له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیش به‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ زۆر گه‌شه‌كردووه‌كان داده‌نرێت. ئابوورییه‌كی‌ فره‌ سه‌رچاوه‌‌و جێگیر‌و تۆكمه‌ی‌ هه‌یه‌‌و پلانیشی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ به‌رزترین ئاست‌و پله‌ی‌ جیهانیدا بمێنێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ رووی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ گشتییه‌وه‌. سویسرا وڵاتێكی‌ شاخاوییه‌‌و ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌وروپاوه‌، خاوه‌نی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ده‌ریاچه‌‌و سه‌وزاییه‌كی‌ زۆر‌و به‌رزترین لوتكه‌ی‌ چیای‌ ئه‌ڵپ-یش له‌و وڵاته‌دایه‌. كاروباری‌ دارایی‌و خزمه‌تگوزارییه‌ فراوانه‌كانی‌ بانك وای‌ كردووه‌ سویسرا له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ پشت به‌خۆی‌ ببه‌ستێ، هه‌روه‌ها سامانێكی‌ سروشتی‌ زۆر‌و هه‌مه‌جۆری‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ یه‌كێك بێت له‌ وڵاته‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهان. ئابوورییه‌كی‌ فره‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌یه‌‌و كه‌رته‌كانی‌ كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار‌و كه‌رتی‌ بانكیی زۆر پێشكه‌وتووه‌، به‌ جۆرێك خه‌ڵكیی له‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهانه‌وه‌ پاره‌‌و موڵك‌و ماڵی‌ گوازراوه‌یان له‌ بانكه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌سپارده‌ ده‌كه‌ن، كه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ جیهان هه‌یه‌ ئه‌كاونتی‌ له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌كانی‌ سویسرا نه‌بێت، چونكه‌ دڵنیایی بانكه‌كانی‌ له‌ ئاستێكی‌ زۆر به‌رزدایه‌، ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ سامانێكی‌ زۆر له‌و وڵاته‌ كۆبێته‌وه‌‌و زێده‌بایی ئه‌وه‌نده‌ زیاده‌ كه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنێت له‌ بواری‌ وه‌به‌رهێناندا. سه‌رباری‌ ئه‌وانه‌ش سویسرا به‌ناوبانگترین وڵاته‌ له‌ دروست كردنی‌ سه‌عاتدا‌و باشترین جۆری‌ سه‌عات دروست ده‌كات. زیورخ‌و جنێڤ له‌ به‌ناوبانگترین شاره‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ن‌و هه‌میشه‌ دوو شارن كه‌ ئاستی‌ گوزه‌ره‌ان تیایدا زۆر به‌رزه‌.
9- ئه‌مریكا: ئه‌م وڵاته‌ له‌ 50 ویلایه‌ت پێكهاتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا كاره‌ساتی‌ سروشتی‌ زۆر‌و قه‌یرانی‌ دارایی‌و كێشه‌ی‌ سیاسیشی‌ به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ ده‌سه‌ڵاترین وڵاتی‌ جیهانه‌. له‌ رووی‌ چڕی‌ دانیشتوانه‌وه‌ سێیه‌م وڵاتی‌ جیهانه‌‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ فره‌ ره‌گه‌زن‌و كه‌لتووری‌ جۆراوجۆریان هه‌یه‌. دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاته‌ له‌ رووی‌ هه‌نارده‌ كردنی‌ كاڵا‌و شمه‌كه‌وه‌‌و گه‌وره‌ترین هاورده‌ش هه‌ر خۆیه‌تی‌. گه‌وره‌ترین هێزی‌ سه‌ربازی‌ هه‌یه‌. له‌ بواری‌ ته‌كنه‌لۆژیا‌و داهێنانی‌ نوێشدا زۆر له‌ پێشه‌‌و سیسمی‌ دیموكراتی‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، كه‌ تیایدا مافی‌ موڵكداریی تایبه‌ت پارێزراوه‌. 
10- هۆنگ كۆنگ: به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئاسۆیه‌كی‌ سورشتی‌ زۆر قوڵ‌و جوارن‌و به‌نده‌ری‌ زۆر‌و زه‌وه‌ندیشی‌ هه‌یه‌. یه‌كێكه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ دارایی نێوده‌وڵه‌تی‌. ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌وێته‌ كه‌ناراوه‌كانی‌ باشووری‌ چین‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ جیهان رووی‌ تێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنان. له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ خزمه‌تگوزاریی بانكی‌‌و دارایی زۆر باشه‌‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ رێژه‌ی‌ باج تیایدا زۆر كه‌مه‌‌و سه‌نته‌رێكی‌ پڕ جموجۆڵی‌ بازرگانییه‌، ئه‌وه‌ش وای‌ كردووه‌ 44مین وڵات بێت له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌، هه‌روه‌ها حه‌وته‌مین بازاڕی‌ دراو له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان له‌و وڵاته‌یه‌. هۆنگ كۆنگ له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی‌ زۆر پێشكه‌وتووه‌ له‌ بواری‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ زانیاری‌، دارایی، ئیداری‌، راوێژكاریی. دۆلاری‌ هۆنگ كۆنگ یه‌كێكه‌ له‌و دراوانه‌ی‌ زۆرترین ئاڵوگۆڕی‌ پێ ده‌كرێت‌و ساڵانه‌ش ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن بۆ گه‌شتیاریی.
11- ئایرله‌ندا: به‌ هۆی‌ زۆریی دراستانه‌ سه‌وزه‌كانییه‌وه‌ به‌ دوورگه‌ی‌ زومرد ناسراوه‌. ئاستی‌ ئابووری‌ زۆر به‌رزه‌‌و داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك تیایدا 49 هه‌زار دۆلاره‌، له‌ كاتێكدا ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ته‌نها چوار ملیۆن‌و 800 هه‌زار كه‌سه‌. یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی‌ ئابووری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌هێز كردووه‌، پیشه‌سازی‌ چنین‌و جلوبه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ پیشه‌سازی‌ كانزا‌و پیشه‌سازی‌ به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌كان كه‌ بنه‌مایه‌كی‌ زۆر به‌هێزه‌ له‌ هه‌ر ئابوورییه‌كدا. ئایرله‌ندا ئه‌ندامی‌ چواره‌مه‌ له‌ رێكخراوی‌ هاریكاری‌ ئابووری‌‌و گه‌شه‌پیدانی‌ جیهانی‌ كه‌ به‌ (OECD) ناسراوه‌.
12- هۆڵه‌ندا: ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ 16 ملیۆن كه‌سه‌‌و تێكڕای‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك ده‌گاته‌ 47 هه‌زار‌و 633 دۆلار. هۆڵه‌ندا به‌ ته‌نها وڵاتی‌ گوڵی‌ تولیپ نییه‌، به‌ڵكو له‌ سێ كه‌رتی‌ ئابووری‌ گرنگدا سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌وانیش: پیشه‌سازی‌ كانزا، كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌ گۆڕین. له‌وانه‌یه‌ كه‌م كه‌س بزانێت، كه‌ هۆڵه‌ندا وڵاتێكی‌ شانشینه‌‌و له‌ چوار پارچه‌ش پێك دێت، ئه‌وانیش ئه‌وروپا، كوراساو، هۆڵه‌ندا، سانت مارتن، به‌ڵام به‌ ته‌نها هۆڵه‌ندا خۆی‌ 98%ی‌ هه‌موو خاكه‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م وڵاته‌ زۆربه‌ی‌ خاكه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ رووی‌ ده‌ریاوه‌ نزمه‌‌و به‌ درێژایی مێژوو چه‌ندان جار رووبه‌ڕووی‌ لافاو بۆته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ به‌هێزه‌كانی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌.
13- نه‌مسا: وڵاتی‌ چیاكانی‌ ئه‌ڵپ، ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌شت ملیۆن‌و 500 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، تێكڕای‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ی‌ تاك تیایدا ده‌گاته‌ 46 هه‌زار‌و 223 دۆلار، واته‌ چوار هێنده‌ی‌ داهاتی‌ كه‌سێكی‌ ئاساییه‌ له‌ سه‌ر ئاستی‌ هه‌موو جیهان. نزیكه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا‌و كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌ ئاسن‌و پۆڵا، له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌‌و خزمه‌تگوزاریی دارایی باش وای‌ كردووه‌ ئابوورییه‌كی‌ زۆر به‌هێزی‌ هه‌بێت. ڤیه‌ننا پایته‌خته‌كه‌یه‌تی‌‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ شاره‌كانی‌ ئه‌وروپا پێنجه‌م شاری‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ دوای‌ ئه‌یش هامبۆرگ، له‌نده‌ن، لۆكسامبۆرگ‌و برۆكسله‌. نه‌مسا، گه‌رتی‌ گه‌شتوگوزاریشی‌ زۆر به‌هێزه‌‌و به‌هۆی‌ چیاكانی‌ ئه‌ڵپ‌و دارستانه‌ فراوانه‌كانی‌‌و رووبار‌و ده‌ریاچه‌و سروشتی‌ جوانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر گه‌شتیار له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ جیهانه‌وه‌ رووی‌ تێ ده‌كه‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7172
19/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP