ئارێز عەبدوڵڵا بۆ کوردستانی نوێ: عیراق‌ و كوردستان پێویستیان بە رێڕەوی تری هەناردەكردنی نەوتە
«داهاتی نەوت دادپەروەرانە دابەش بكرێت» ئارێز عەبدوڵڵا بۆ کوردستانی نوێ: عیراق‌ و كوردستان پێویستیان بە رێڕەوی تری هەناردەكردنی نەوتە ‌ 9/5/2017
سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت‌و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات، تاكە رێڕەوی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی دەرەوە مەترسیدارەو پێویستە عیراق‌و هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەیان رێڕەوەی نوێ بدۆزنەوەو رێگەی هەناردەكردن زیاد بكەن.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت‌و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی سەوز تیشك دەخاتە سەر پرسی وزە لە عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و روونیدەكاتەوە، تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نییە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگەی ئێرانەوە.
یەکەی ئابووری
دۆزینەوەی رێڕەوی نوێ
سەبارەت بە كێشەی كەمی رێڕەوی ناردنەدەرەوەی نەوتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا لە عیراقدا لە دوو رێگاوە نەوت هەناردەی دەرەوە دەكرێ‌، یەكەم كەنداو و دووەمیش توركیا. یان بەشێوەیەكی تر هەرێمی كوردستان تاكە یەك رێگەی هەناردەكردنی هەیە ئەوەیش توركیا‌و عیراقیش لە باشوور كەنداوی هەیە، كاتێكیش تەنیا یەك رێڕەوی هەناردەكردن هەبێ‌، گۆڕانكارییە سیاسی‌و سەربازی‌و كەش‌و هەوا كاریگەرییان بەسەرەوە دەبێ‌‌و لەبەر هەر هۆكارێك بێت رێڕەوەكە دابخرێت، ئەوا وڵات توشی گەورەترین زیان دەبێ‌.
وتیشی: «ئەگەر هاتوو چەندین رێڕەوەی هەناردەكردن هەبووایە، ئەوا ئەو وڵاتانەی نەوتیان بەناودا تێدەپەڕێ‌ نەیاندەتوانی مەرجی قورس بۆ عیراق یان هەرێمی كوردستان دابنێن‌و لە ئەنجامیشدا تێچوونی هەناردەكردنی كەمتر دەبێ‌. ئێستا هەرێمی كوردستان تەنیا رێگای توركیای هەیە، بۆیە توركیا هەوڵ دەدات مەرجەكانی خۆی بسەپێنێ‌‌و نەك تەنیا لە بواری ئابووریدا، بەڵكو دەیەوێ‌ لە بواری سەربازی‌و سیاسیشدا كاریگەری هەبێت».
سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت‌و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر لە دواڕۆژدا هەرێمی كوردستان بتوانێ‌ رێڕەوی تر بۆ هەناردەكردن بدۆزێتەوە بۆ نموونە ئێران یان سوریا، عیراقیش لە رێگای ئوردن‌و سعودیەو ئێران نەوت هەناردە بكات، ئەوا پێگەی عیراق‌و هەرێمی كوردستانیش لە هەموو روویەكەوە بەهێزتر دەبێت. لەو روانگەیەوە حكومەتی عیراق هەوڵ دەدات رێڕەوی تریش بدۆزیتەوە، چونكە یەك رێڕەو و دوو رێڕەو بەس نین‌و هەمیشە جێگەی مەترسین، بەتایبەت ئەگەر یەك تاكە رێڕەوە هەبێ‌ زۆر مەترسیدارە.

هیچ رێكەوتنێك نییە
دەربارەی ئەوەی ئایا تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك هەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگەی ئێرانەوە، ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێ: «عیراق هەوڵ دەدات رێڕەوەكانی هەناردەكردن زیاد بكات، بۆ ئەوەی پێگە سیاسی‌و ئابوورییەكەی خۆی بەهێز بكات. پێویستە هەرێمی كوردستانیش لەو بارەیەوە شوێن پێی عیراق هەڵبگرێ‌. رێڕەوی ئێران ئۆپشنێكەو دەمێكە كاری لەسەر دەكرێ‌. بۆ نمونە لە ساڵانی (2007 - 2008) رێككەوتن كراوە كە بۆری نەوت‌و بەرهەمە نەوتیەكانی (بەسرا - ئابادان - بەسرا) بكێشرێ‌، بەڵام لەبەر زۆر هۆكار جێبەجێ‌ نەكراوەو لە شوباتی ئەمساڵیش جارێكی تر رێككەوتن كراوە بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكانی پێشوو».
ئاشكراشیكرد، لەلایەكی ترەوە رێككەوتنێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق‌و ئێران كراوە لەسەر كۆمەڵێك بابەت لەوانەش: راكێشانی بۆری نەوتی (كەركوك - رۆژئاوای ئێران) واتا راكێشانی بۆرییەكی نەوت لە نێوان كەركوك‌و كرماشان، بەڵام ئەوە تا ئێستا پێشنیازەو داوا لە ئێران كراوە ئەو بابەتە هەڵسەنگێنێ‌‌و بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی هاوبەش پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو رێگایەی بۆرییەكەی پیادا تێدەپەڕێ‌‌و دیاری كردنی كوالێتی‌و بڕی نەوتەكە، ئەو كارەش لە رێگەی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی راوێژكاری نێودەوڵەتی بەناوبانگ دەكرێ‌ ئەویش بۆ هەڵسەنگاندنی سودی ئابووریی‌و پلانی بنچینەیی‌و دابەشكردنی تێچوونەكەی لە نێوان هەردوولادا. واتا تەنیا رێككەوتنی لێكتێگەیشتن هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە. ئەگەر هاتوو هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامی كە راكێشانی بۆرییەكە لە بەرژەوەندی هەردوولایەو سوودی ئابووری بۆ هەردوولا دەبێت، ئەوكات لەسەری رێكدەكەون.

دەستوەردانی حزب، تاونێكی گەورەیە
سەبارەت بە دەستوەردانەكانی حزب لە نێو سێكتەری نەوت‌و ئەنجامدانی بازرگانیی نەوت، سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت‌و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی سەوز پێیوایە، عیراق‌و هەرێمی كوردستانیش سیاسەتێكی نەوتی دیاریكراویان هەیەو بەپێی دەستوور دەبێ‌ هەموو داهاتی نەوت بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت‌و لەوێشەوە دادپەروەرانە دابەش بكرێتەوە، بەڵام وەكو خۆتان دەزانن ئێستا كێشەیەكی قوڵ لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی‌و هەرێم لەسەر نەوت هەیەو ئەو كێشەیەش كاری كردۆتە سەر پەیوەندییەكانی تریش. بەهەرحاڵ چ حكومەتی فیدراڵی‌و چ حكومەتی هەرێمیش دەتوانن سیاسەتە نەوتیەكانیان بۆ بەرژەوەندی گشتی داڕێژن‌و پێویستە دەرهێنان‌و هەناردكردن‌و فرۆشتن‌و هێنانەوەی داهاتیش تەنیا لە دەستی حكومەت بێ‌.
وتیشی: «هەر حزبێك یان هەركەسێك بەدەر لە یاسا بازرگانی بەنەوتەوە بكات یان بیەوێ‌ سیاسەتی نەوتی بە ئاراستەی بەرژەوەندییە حزبیەكانی خۆی ببات، ئەوە تاوانێكی گەورەیەو پێویستە چاوی لێ نەپۆشرێ‌، چونكە لەبەرژەوەندی میللەت نییەو مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. حزب لە رێگەی فراكسیۆنی پەرلەمانی یان لە راگەیاندن یان بە گفتوگۆ بۆی هەیە بۆچوونی خۆی روونبكاتەوە یاخود پێشنیاز بۆ حكومەت بكات یان رەخنەی لێبگرێ‌، بەڵام هیچ حزبێك بۆی نییە خۆی بەخاوەنی ئەو مەسەلەیە بزانێ‌‌و خۆی لەو كاروبارە هەڵقورتێنێ».ص


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP