پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟
پاشەكەوتی ناچاری یان ناچاركردنی پاشەكەوت؟ ‌ 10/5/2017
د.ئەیوب ئەنوەر حەمەد سماقەیی*
ئەلقەی حەوتەم
ئەگەر خوێندنەوەیەكی ئابووری بۆ خشتەی پاشەكەوتی مووچە بكەین، ئەم راستییە ئابوورییانەی خوارەوەمان بۆ دەردەكەوێت:
1- رێژەیەكی زۆر لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بە ناوی پاشەكەوتەوە كە لە (15%) دەست پێدەكات بۆ (75%)، كە ئەمەش زۆر زیاترە لە یەك لەسەر پێنجی مووچەی فەرمانبەران، كە ناكرێت لە هیچ بارودۆخێكدا زیاتر لە یەك لەسەر پێنجی مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت یان پاشەكەوت بكرێت لەلایەن حكومەت یان كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە.
2- هەموو فەرمانبەرێك (7%)ی مووچەكەی وەك لێبڕینی یان وەك پاشەكەوتی خانەنشینی لێدەبڕدرێت لە مووچە بنەڕەتیەكەی، كەواتە فەرمانبەرێكی پلە (10) كە نزمترین پلەبەندییە لە خشتەی مووچەی فەرمانبەران لە (22%) لە مووچەكەی دەبڕدرێت وەك پاشەكەوت‌و فەرمانبەرێكی پلە یەك بۆ نموونە لە (82%)ی مووچەكەی دەبڕدرێت وەك پاشەكەتی خانەنشینی‌و پاشەكەوتی زۆرەملێ كە لە (18%)ی مووچەكەی وەردەگرێت كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمەو دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی ژیانی ئەو فەرمانبەرانە، واتە زۆر بە خێرایی لە پلەیەكی مامناوەندی چینایەتی دایدەبەزێنێت بۆ چینی هەژاران.
3- زۆربەی هەرە زۆری فەرمانبەران بە تایبەتی لە پلە (10 بۆ 4) توانای پاشەكەوتكردنیان نییە لە بەركەمی مووچەكانیان بە بەراورد بە ئاستی گشتی نرخ لە بازاڕەكانی كوردستاندا.
4- زۆربەی هەرە زۆری فەرمانبەران لە پلە (10 تا 1) ئارەزووی پاشەكەوتیان نییە، لەبەر نەبوونی هۆشیاری پاشەكەوتكردن‌و نەبوونی متمانە بە حكومەت‌و نا ئارامی بارودۆخی ئابووری‌و سیاسی‌و نەبوونی بانك وەك نێوەندگیرێك لە نێوان حكومەت‌و فەرمانبەراندا، بە مانایەكی تر نەبوونی ژمارەی حیسابی تایبەت بە فەرمانبەران لە بانكە حكومیەكان یان تایبەتەكان.
5- ئەم لێبڕینە، واتا كەمكردنەوەی توانای كڕینی چینی فەرمانبەران‌و كەمبوونەوەی توانای كڕین واتە سستبوونی كڕین‌و فرۆشتن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش واتە كەمبوونەوەی بەكارهێنان، كە بەكارهێنان بزوێنەرو ئامانجی كۆتایی ئابوورییە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە لێبڕینی (22% تا 82%) واتا هەژارەكان بەڕێژەی (22%) هەژارتر دەبن‌و چینی مامناوەندی كۆمەڵگە كە فەرمانبەرانی پلە یەكەكانن دەبێت لە (82%) نزیكببنەوە لە چینی هەژاران‌و لە (82%) دووربكەونەوە لە چینی مامناوەندی كۆمەڵگە، بە تایبەتی ئەو فەرمانبەرانەی كە تاكە سەرچاوەی بژێوییان مووچەكەیانەو سەرچاوەی تریان نییە.
پوختەی قسە، ئەم خشتەی پاشەكەوتە هەژاركردنێكی خێرای فەرمانبەرانەو ئەو پاشەكەوتەی كە هەیە (زۆرەملێ) كاریگەری خراپی هەیە لەسەر توانای كڕینی زۆربەی هەرە زۆری خەڵك، بە تایبەتی ئەوانەی ژیانیان بەندە بە مووچەكەیانەوەو هەندێ مووچە خۆی لە بنەڕەتا لە سنووری نان‌و زگدایە، واتە خۆی لە بنەڕەتا بەشی دابینكردنی كەمترین پێداویستی ژیان ناكات.
6- ئەم خشتەی لێبڕینە بە شێوەیەكی هەڵكشاو دانراوە، واتا هەرچەندە مووچەی فەرمانبەر زیاد بێت زیاتری لێ دەبڕدرێت، واتە پەیوەندیەكی راستەوخۆ لەنێوان رێژەی مووچەو رێژەی لێبڕین بە ناوی پاشەكەوت هەیە. 
7- جاری واهەیە زیادبوونی مووچەی فەرمانبەر بە یەك هەزار دینار دەبێتە هۆی بڕینی مووچەكە بە بڕی (11 هەزار دینار تا 151 هەزار دینار)، بۆ نموونە مووچەی 200 هەزار دینار دەبێتە 170 هەزار دینار، واتا رێژەی پاشەكەوت (15%) بەڵام 201 هەزار دینار دەبێتە 160 هەزار دینار، واتە رێژەی پاشەكەوت (20%) و مووچەی سێ ملیۆن دینار دەبێتە 900 هەزاردینار، واتە رێژەی پاشەكەوت لە (70%)یە، بەڵام سێ ملیۆن‌و یەك هەزار دینار دەبێتە 750 هەزار دینار، واتا رێژەی پاشەكەوت (75%)ە، كەواتە بە زیادبوونی مووچە بەبڕی یەك هەزار دینار دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی پاشەكەوتی زۆرەملێ بەڕێژەی (5%)، كە ئەمەش جۆرێكی ترە لە نادادپەروەری لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران وەك لەخشتەی ژمارە(2)دا دەردەكەوێت.
8- ئەم لێبڕینە پشت بەهیچ دەقێكی دەستووری‌و یاسایی‌و ئابووری‌و كارگێڕی نابەستێت‌و بەهیچ شێوەیەك تواناو ئارەزووی پاشەكەوتكردنی فەرمانبەران لە بەرچاو نەگیراوە.
9- خشتەكە ئاماژەی بەهیچ زەمانەتێكی یاسایی‌و ئابووری ناكات، بەتایبەتی لەكاتی زیادبوونی هەڵاوسان‌و كەمبوونەوەی توانای كڕینی پارە پاشەكەوت كراوەكە. 
10- ئارەزووی بەكارهێنانی زۆربەی هەرە زۆری فەرمانبەران زۆر بەرزەو ئارەزووی پاشەكەوتیان كەمە لەبەر كەمی مووچەكانیان بە بەراورد بەئاستی گشتی نرخ‌و گرانی بژێوی ژیان لە هەرێمی كوردستان، كەواتە توانای پاشەكەوتكردنیان لاوازە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP