پۆپۆلیستی هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی جیهان
پۆپۆلیستی هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی جیهان ‌ فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 10/5/2017
قسەكردن لەسەر پۆپۆلیستیی ئابووریی پانتاییەكی فراوانی گفتوگۆكانی سیاسی داگیرگردووە، بەجۆرێك وەك پەتای لێهاتووەو بەشێوەیەكی خێرا لە هەموو شوێنەكان بڵاودەبێتەوەو بە كەسیش ناگیرێتەوە.

دەركردنی كۆچەرییەكان
هەر لەكەوتنی یەكەم بەردی دۆمینۆی دەنگدانی بریتانییەكان بۆ دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا، سیاسییە پۆپۆلیستییە ئەوروپی‌و ئەمریكاییەكان هێرشیان دەستپێكرد بۆ پێشكەشكردنی چارەسەری تەقلیدی‌و یاریكردن بە هەست‌و سۆزی ناڕازیی‌و پەرواێزخراوەكان، بەڵام بەبێ ئەوەی رەوڕەوەی ئابوورییان لەبەرچاو گرتبێت كە بەهیچ جۆرێك بەرەو دوا ناگەڕێتەوە.
دەركردنی كۆچەرییەكان كارەساتی ئابووری قورستر لە پێشوازیكردنیانی لێدەكەوێتەوە، ئابووریی جیهان ناتوانێ تەنانەت بەرگەی پاشەكشێی سەفەرو گەشتیاری بگرێت كە دەشێ دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی پارێزگاریی هەندێك لە دەوڵەتان بێت.
ناونیشانی ئەو دڵەڕاوكێ گەورەیەی جیهانی گرتۆتەوە، ئەو پشێوییەیە كە سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ناویەتییەوە، ئێستا ترسەكە لەوەدایە ئەگەرهاتوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فرەنساش مارین لۆپین كاندیدی راستڕەو دەربچێت، كە بانگەشە بۆ دەرچوونی وڵاتەكەی لە ناوچەی یۆرۆ دەكات، ئەمەش زەبرێكی گورچكبڕی ترە بەر یەكێتیی ئەوروپا دەكەوێت، دەشێ ئەمە بۆ دەوڵەتانی تری ئەوروپاش پەل بهاوێژێت.

دەرفەت بۆ هەلپەرست‌و راستڕەوەكان
ناواخنی ترسەكە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو سیاسەتی خۆپارێزییەی پۆپۆلیستەكان پەیڕەوی لێدەكەن دژی ئابووریی بەجیهانیبووە، ئەمەش ئابووریی جیهان رووبەڕووی داكشان دەكات، لەكاتێكدا جیهان لەكێبڕكێی كرانەوەو بەهێزكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و خێراكردنی رەوتی گەشەی ئابووری‌و زیادكردنی وەبەرهێنانە.
بەدیاركەوتنی ئەو دیاردە نوێیە، نابێت ئەوە بشارێتەوە، كە ئەم فەوزەوییە نوێیانەی بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە پشتیوانی جەماوەری بۆ بۆچوونەكانیان دەبەستن، بێزاری‌و ناڕەزاییەكانی خەڵكی لەو سیاسەتانەی حكومەتەكانیان پەیڕەوی دەكەن ئیستغلال دەكەن، بەڵام دروشمەكانیان چەندین خەوشی گەورە لەخۆدەگرێت كە پەیوەندییان بە كەمی شارەزایی‌و لێهاتوویی لە ئیدارەدانی قەیرانەكاندا هەیە.
هەندێك لەو بڕوایەدان كە ئەو سیاسەتەی ئەمانە بانگەشەی بۆ دەكەن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان گونجاوە، دەرفەت بۆ هەلپەرست‌و راستڕەوەكان دەڕەخسێنیت تا بچنە نێو بازنەی داڕێژەرانی بڕیاری ئابووری، ئەمەش سەرلێشێواویی بۆ بازاڕو كۆمپانیاكان دروست دەكات كە پێویستییەكی زۆریان بە سەقامگیرییە تا پلانی درێژخایەن بۆ وەبەرهێنان‌و بازرگانی‌و گەشەی ئابووری دابڕێژن.
لە كۆتاییدا پۆپۆلیستی ئابووری چارەنوسی هەر شكستهێنانە، چونكە رەوڕەوەی ئابووریی جیهان بەهیچ جۆرێك بەرەو دوا ناگەڕێتەوە.

هەڵكشانی رێژەی هەڵئاوسان
دیاردەی پۆپۆلیستی ئابووری ناوەڕۆكێكی رۆشنی نییە، دروشم‌و بەڵێنی بریقەدار بەكاردەهێنیت، وەك پارێزگاری لەدەرفەتی كارو گێڕانەوەی سەروەری‌و دووبارە بەشینەوەی داهات، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەو دروشمانە سیاسەت‌و ئامرازی لەبەردەست نییە، بەڵكو سیاسەتە دابڕانەكەی پێچەوانەی ئەو دروشمانەی لێدەكەوێتەوە.
ئەو هۆكارانەی وایكرد پۆپۆلیستەكان لەژێری ناوی خۆپارێزی پێداگیری لەسەر ئەو هۆكارانە بكەن، لەسەرەتادا وەك شوێنیكی ئارام بۆ ئابوورییەكانیان دەردەكەوێت، بەڵام لەكۆتاییدا شكست دەهێنیت چونكە ئابووریی جیهان دووچاری ئیفلیجی دەكات بەهۆی پاشەكشێی پڕۆسەی بازرگانیی نێودەوڵەتی‌و هەڵكشانی رێژەی هەڵئاوسان بەهۆی رەسمی گومرگی‌و كۆتوبەندەكانی سەر بزاوتی شمەك‌و وەبەرهێنانەوە.
لەمەودای كورتدا، هێشتا ئەو ئاگاداركردنەوانە بەدی نەهاتوون لەوەی كە سیاسەتەكانی ترامپ كارەساتێكی ئابووریی گەورە بۆ ئابووریی ئەمریكای لێدەكەوێتەوە، ئابووریی ئەمریكا هێشتا پێچەوانەی ئەو ئاگاداركردنەوانە بەڕێوەدەچێت.
لەبریتانیاش كارەسات نەكەوتەوە، وەك ئەوەی ناڕازیانی جیابوونەوە لە یەكێتیی ئەوروپا باسیان لێوە دەكرد، بەوەی هەر بە دەنگدانی بریتانییەكان بۆ جیابوونەوە ئابووریی بریتانیان دووچاری كارەساتی گەورە دەبێت، ئەوەتا ئابووریی ئەو دەوڵەتە بەرگری لە دەرهاویشتەكانی بریكست دەكات. راڤەی ئەمە ئەوەیە كە ئاكامی سیاسەتەكانی ترامپ لە شەو و رۆژێكدا دەرناكەوێت، هەروەها هێشتا بریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا دەرنەچووەو لانیكەم دوو ساڵێكی دەوێت، وێڕای ئەوەی بەشێكی باجی ئەو دەرچوونەی دا بەوەی ئستەرلینی (٢٠%) بەهاكەی لەدەستدا.

بازاڕی كارو پەرەسەندنی تەكنەلۆجیا
دیاردەی سیاسەتی پۆپۆلیستی ئابووری پرنسیپەكانی بەجیهانیبوون ئەشكێنێ‌و دابڕانی ئابووری ئەچەسپێنێت، دەشێ ئەو سیاسەتانە ئابووریی جیهانی بەرەو تونێلێكی تاریك ببات، رەنگە دەرچوونیش لێ ئاسان نەبێت ئەگەر هاتوو ریشەكەی رۆچێتە ناو پەراوێزخراوان‌و ناڕازییەكانی ناو كۆمەڵگەوە.
دیارترین بنەماكانی پۆپۆلیستی پەیوەندیی بەو گۆڕانكارییە خێرایانەی بازاڕی كارو پەرەسەندنی تەكنەلۆجیاوە هەیە كە ئەستەمە خەڵكی بە ئاسانی بتوانێ لەگەڵیدا بڕوات، لەبەرئەوە پێیان وایە دەوڵەتان پێویستییان بە گرێبەستێكی نوێی كۆمەڵایەتی‌و رێگەیەكی نوێی ئاسانكارو بازاڕێكی نوێی كار تا بتوانرێت لەڕێیانەوەی ئیستیعابی ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت.
سیاسەتی پۆپۆلیستی وەبەرهێنەران‌و پیاوانی كار ناچار دەكات كە خەرجییەكانیان لەبری ئایندە بە ئێستاوە ببەستنەوە، ئەمەش بەشێوەیەكی كاتی دەبێتە هاندەری ئابووری، ئەمەش هەستێكی خۆش‌و لێڵ بۆ گەشەكردن دروست دەكات، سەركردە پۆپۆلیستییەكان هەست بە دڵنیایی دەكەن كاتێك دەبینین سیاسەتەكانیان لەسەر ئەرز سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو دڵنیاییە كاتییە.

خنكاندنی بزاوتی ئابووری‌و بازرگانیی
بە تێپەڕبوونی كات بە هۆكاری كۆتوبەندەكانی سەر بزاوتی شمەك‌و سەرمایەگوزاری گوشاری هەڵئاوسان هەڵدەكشێت، زیانێكی گەورە بە زۆربەی چالاكییە ئابوورییەكان دەگەیەنێت، هەروەها هەڵكشانی دژایەتیكردنی كۆچەریان كاریگەریی لەسەر بزاوتی گەشتیاری دەبێت كە ئێستا ئەو كەرتە بۆتە یەك لە كەرتە سەرەكییەكانی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان.
ترسێكی گەورە ئەوروپای داگرتووە لەوەی پەتاكە ئەو پەراوێزخراوانە بگرێتەوە، بەتایبەتی كە هەندێك لە دەوڵەتانی ئەوروپا لە هەڵبژاردن نزیك بوونەتەوە، ئەوەش زەبرێكی گورچك بڕە بۆ سەقامگیریی ئابووریی جیهان.
لە هۆڵەندە، كۆمپانیاكان لەوانە كۆمپانیای رۆیاڵ دەچ چل هەوڵەكانیان چركردۆتەوە بۆ ئەوەی بەر بەو هەڵكشانی پۆپۆلیستییە بگرن، هەروەها دەوڵەتی چینیش لای خۆیەوە هەوڵەكانی بۆ هەمان مەبەست چركردۆتەوە، لە فراوانكردنی هاوبەشی ستراتجیی‌و بەهێزكردنی وەبەرهێنان‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپاو كەنەدا هەنگاوەكانی خێراتر كردووە.
لەكۆتاییدا ئازادیی ئابووری گونجاوترین ئەگەرە لەبەرامبەر داخران‌و كۆتوبەندو دابڕان كە پۆپۆلیستەكان دەیانەوێ لێوەی بزاوتی ئابووری‌و بازرگانیی پێ بخنكێنن.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP