عیراق 900 ملیار دۆلاری‌ له‌ 12 ساڵدا خه‌رج كردووه‌
عیراق 900 ملیار دۆلاری‌ له‌ 12 ساڵدا خه‌رج كردووه‌ ‌ 13/5/2017
صحیفه‌ الحیاه‌
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

ماجیده‌ ئه‌لته‌میمی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ مێزگردێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پسپۆڕی‌ ئابووری‌ ئاماده‌ی‌ بوو رایگه‌یاند، خه‌رجی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ نێوان ساڵه‌كانی‌ 2004 تا 2016 گه‌یشتۆته‌ هه‌زار تریلیۆن‌و 21 ملیار دینار، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 900 ملیار دۆلار، ژماره‌كانیش له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ساڵێكی‌ تر جیاوازییان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ده‌ستپێكه‌وه‌ ساڵی‌ 2004 خه‌رجی‌ عیراق 33 تریلیۆن دینار بووه‌، به‌ڵام ساڵی‌ 2012 به‌رزترین ئاستی‌ تۆمار كردووه‌‌و 119 تریلیۆن دینار بووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر كۆی‌ داهاته‌كه‌ی‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ گه‌یشتۆته‌ 952 تریلیۆن‌و 300 ملیار دینار. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ كێشه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ رێگه‌ی‌ كارا كردنی‌ كه‌رته‌كانی‌ پیشه‌سازی‌‌و كشتوكاڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت پاره‌ی‌ به‌ڵێنده‌ران بدات كه‌ تا ئێستا لایه‌تی‌‌و نزیكه‌ی‌ 6,7 ملیار دۆلاره‌‌و پاره‌ی‌ جوترایانیش كه‌ لای‌ حكومه‌ته‌ ده‌گاته‌ 8,2 ملیار دۆلار. 
له‌و مێزگرده‌دا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قسه‌ كردن له‌باره‌ی‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ عیراقه‌وه‌، خاتو ماجیده‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ چه‌ند جومگه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ئابووری‌ پڕ له‌ قه‌یرانی‌ عیراق كرد، له‌وانه‌ش كورتهێنانی‌ بودجه‌‌و میكانیزمه‌كانی‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌، له‌گه‌ڵ زیادبوونی‌ ژماره‌ی‌ خانه‌نشین كراوه‌كان، كه‌ شانبه‌شانی‌ زیادبوونی‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ژماره‌یان زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی‌ فرۆشتنی‌ دراو به‌ شێوه‌ی‌ زیاد كردن له‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌‌و راشی‌ گه‌یاند كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ هه‌ڵوێسته‌ كردن له‌سه‌ریان‌و پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ پاره‌ی‌ له‌وه‌ زیاتر پاره‌ی‌ ده‌وڵه‌ت به‌فیڕۆ نه‌درێت‌و به‌و جۆره‌ خه‌رج نه‌كرێت كه‌ ئامانجه‌كان نه‌پێكێت. جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ دۆسێكانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌ په‌له‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ كۆنترۆڵ بكرێت، كه‌ ئابووری‌ عیراقی‌ ته‌واو ماندوو كردووه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ كاریی، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ به‌كارهێنانی‌ میكانیزمی‌ نوێ هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ كردن‌و كاركردن له‌م جومگه‌ گرنگه‌ی‌ ژیانی‌ ئابووریدا.
هه‌ر له‌و مێزگرده‌دا باسم ئیبراهیم پسپۆڕی‌ ئابووری‌ رایگه‌یاند، كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ دیاری‌ سیاسه‌تی‌ دارایی بریتییه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنێكی‌ خراپ له‌گه‌ڵ نه‌بوونی‌ ئامانج، ئه‌مانه‌ش وایان كردووه‌، كارا كردنی‌ ئابووری‌ لانیكه‌م له‌ بارودۆخه‌ی‌ ئێستادا ئاسان نه‌بێت. دواتر مه‌یسه‌م ئه‌للعێبی‌، كه‌ ئه‌ویش هه‌ر پسپۆڕه‌‌و به‌شدار بوو له‌ مێزگرده‌كه‌دا، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌ ئابووریدا زۆر گرنگه‌، عیراق توانیویه‌تی‌ ئاسته‌كانی‌ هه‌ڵاوسان رابگرێت، به‌ڵام زۆر كه‌وتووه‌ له‌سه‌ری‌‌و تێچوونێكی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوئاهه‌نگی‌ هه‌بێت له‌ نێوان هه‌ردوو سیاسه‌تی‌ دارایی‌و بازرگانیدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ قازانجی‌ عیراقه‌.
جه‌عفه‌ر یاسین ئه‌ندامی‌ یانه‌ی‌ ئابووری‌ به‌غدا، پێی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت، كه‌ ئه‌و قه‌باڵانه‌ی‌ حكومه‌ت به‌ نیازه‌ چاپی‌ بكات زۆر گرنكن، چونكه‌ رۆڵی‌ ده‌بێت له‌ دابین كردنی‌ نه‌ختدا بۆ حكومه‌ت، جگه‌ له‌وه‌ قه‌باڵه‌ش ئامرازێكی‌ تره‌ له‌ ئامرازه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌، به‌ڵام ئێستا هاووڵاتیان ئه‌و قه‌باڵه‌یه‌ به‌كار ناهێنن‌و به‌كار هێنانی‌ ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌ بانكه‌كای‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ نه‌بوونی‌ هۆشیاری‌ داراییه‌ لای‌ هاووڵاتیان. ئه‌و پسپۆڕه‌ داوای‌ كرد ئامرازه‌كانی‌ زیاد كردنی‌ نه‌خت له‌به‌رده‌ستی‌ حكومه‌تدا جۆرا‌وجۆر بن، چونكه‌ ئێستا شێوازێكی‌ گونجاوه‌ له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌.
پێشتر بانكی‌ ناوه‌ندی‌ رایگه‌یاندبوو، كه‌ به‌ نیازه‌ قه‌باڵه‌یه‌كی‌ نیشتمانی‌ بخاته‌ بازاڕه‌وه‌ به‌ به‌های‌ یه‌ك تریلیۆن دینار‌و به‌ سوودی‌ 8% قه‌باڵه‌كانیش دابه‌ش ده‌بن بۆ پێنج قه‌باره‌ی‌ جیاجیا كه‌ بریتین له‌ 125 هه‌زار دیناری‌، 500 هه‌زار دیناری‌، یه‌ك ملیۆنی‌‌و پێنج ملیۆنی‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسای‌ قه‌رزی‌ گشتی‌ ده‌بێت كه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی بانكی‌ سه‌رپشك كردووه‌، بانكی‌ ناوه‌ندیش له‌بری‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی قه‌باڵه‌ی‌ گره‌نتی‌ كراو ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌ نه‌خت بۆ حكومه‌ت. بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ قه‌باڵه‌كان ده‌خرێنه‌ بازاڕه‌وه‌، هاووڵاتیان‌و هه‌موو بانكه‌كانیش بۆیان هه‌یه‌ داواكاری‌ كڕین پێشكه‌ش بكه‌ن‌و دوای‌ كڕینیشی‌ ده‌توانین بۆ دانانی‌ بارمته‌‌و گره‌نتی‌‌و هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك كه‌ پێویستی‌ به‌ گره‌نتی‌ هه‌بێت به‌كاری‌ بهێنن، له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2019 مافی‌ ساغ كردنه‌وه‌ی‌ قه‌باڵه‌كه‌یان ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ قه‌باڵه‌كان ده‌توانرێ له‌ بازاڕی‌ دراویشدا كڕین‌و فرۆشیان پێوه‌ بكرێت. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌‌و فرۆشتنی‌ قه‌باڵه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خه‌زێنه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌، كه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌ شێوه‌ی‌ كاتی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ لێشاوی‌ نه‌خت به‌كاری‌ ده‌هێنێت، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌به‌رهێنانێكه‌ هیچ مه‌ترسی‌ تێدا نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ ده‌بێت.
پسپۆڕانی‌ ئابووری‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ رایانگه‌یاند، ئه‌م جۆره‌ له‌ خستنه‌ بازاڕی‌ قه‌باڵه‌ بۆ دابین كردنی‌ نه‌خته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌، له‌ كاتێكدا قه‌باڵه‌كانی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق درێژ مه‌ودان‌و چه‌ندان ساڵ به‌كار ده‌هێنرێن. عه‌لی‌ ئه‌لعه‌لاق سه‌رۆكی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق پێشتر‌و له‌ كۆڕێكدا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ رۆڵی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ چاكسازی‌ ئابووریدا رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ ئابووری‌ له‌ عیراق، هێشتا له‌ قۆناغه‌كانی‌ سه‌ره‌تایدایه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین دامه‌زراوه‌كان بنیات ده‌نرێن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سیاسی‌‌و ئه‌و ئامانجانه‌ ناپێكن كه‌ بۆیان داڕێژراوه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، كه‌ عیراق پێویستی‌ به‌ چاكسازی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌ی‌ سیاسی‌‌و داراییدا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7280
30/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ كیربیر ماڵئاوایی كرد 30/5/2017
‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ ده‌باته‌ سه‌ر 30/5/2017
زانست
‌ خواردنه‌وه‌ی دوو كوپ قاوه‌ له‌ ڕۆژێكدا به‌سووده‌ 30/5/2017
‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی بۆنخۆشكه‌ری هه‌وا ده‌بێت ئه‌م ڕاپۆرته‌ بخوێنینه‌وه‌ 30/5/2017
‌ كیوكن هۆف، سه‌رچاوه‌ی نان به‌ گوڵ 28/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP