عیراق لە نێوان بەروبوومی زۆر‌و هەژاریی راستەقینەدا
عیراق لە نێوان بەروبوومی زۆر‌و هەژاریی راستەقینەدا ‌ 16/5/2017
ئا: ئەركان جەبار
هاووڵاتیانی وڵاتانی تازە گەشەكردوو بەتایبەت ئەوانەی كە زێڕی رەش لەژێر خاكەكەیاندا بەختی یاوەریان نەبوو، ژیانی مەمرەو مەژی دەگوزەرێنن‌و هەژاری‌و كەمدەرامەتی تەنگی پێ هەڵچنیون. بەڵام ئەمە حاڵەتێكی سروشتییە.

ئەم هەموو نیعمەتەش هەیە..!؟
ئەوەی جێگەی سەمەرەو تێڕامانە ئەوەیە، كە عیراقییەكان بەهەمان شێوە بەشێكی زۆریان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن‌و خاوەن داهاتێكی كەمن‌و بەدەست كەمی خزمەتگوزاری‌و وێرانبوونی ژێرخانی ئابوورییەوە دەناڵێنن. لەكاتێكدا خاكی وڵاتەكەیان پڕە لە نەوت‌و غازو چەندین جۆری دیكەی كانزای بە بەها. ئەمە جگە لەوەی لە خاكی ئەم وڵاتەدا ئاوی دوو رووباری گەورە تیادا دەڕژێ(دیجلەو فورات) كە نیعمەتێكی مەزنە بۆ ئەوەی لەكاروباری كشتوكاڵیدا سوودی لێ ببینرێ. بەڵام ئەی خەڵكەكەی بۆ لە كۆژاندان..؟ چونكە ئەوەی ناوی پلان بێت لەم وڵاتەدا بوونی نییەو هاوكات گەندەڵی دارایی‌و كارگێڕی باڵی بەسەر هەموو جومگە سەرەكییەكانی عیراق كێشاوە. ئەو عیراقەی كە لەجیهاندا پێی دەوترێت: «وڵاتی نەوتی»!.
د.هومام شەماع پسپۆڕی دارایی‌و ئابووری پێیوایە، «هیچ تاكێكی عیراق بڕوا بەوە ناكات كە عیراقی دەوڵەمەند، هەژارو دەستكورتی راستەقینەی تیایە. چونكە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كار دەكات بۆ هاوكاریكردنی تەواوی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەڵام لاوازیی توانای دارایی لەبەر كاریگەریی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا هەیە. هاوكات بوونی گەندەڵی دارایی‌و كارگێڕی‌و كەمبوونەوەی بەردەوامی پارەی یەدەك‌و زۆر بوونی تێچووی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بووە هۆی ئەوەی كە نەتوانرێت كەموكوڕییەكانی كۆمەڵگە چارەسەر بكرێت.

گەیشتۆتە (52,5%)
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق لەڕێگەی سێ قۆناغەوە هێڵی هەژاری لە وڵات دیاری دەكات، یەكەم: ئامادەكردنی داتای تایبەت بە رووپێوی كۆمەڵایەتی‌و ئابووری لەعیراق. دووەم: ئامادەكردنی هەڵسەنگاندنی هەژاری‌و شیكردنەوەی داتاكان‌و كاردانەوە كۆمەڵایەتیەكان. سێیەم: ئامادەكردنی ستراتیژیەتی كەمكردنەوەی هەژاری‌و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێكاران.
لەو سۆنگەیەوەو بەپێی رووپێوی كۆمەڵایەتی‌و ئابووریی ئەو وەزارەتە كە لەساڵی 2012دا ئەنجامیداوە دەركەوتووە، پارێزگای موسەنا هەژارترین پارێزگایە لەعیراقدا كە رێژەی هەژاری تیادا لەو ساڵەدا گەیشتۆتە (52,5%)، بەدوایدا پارێزگای قادسیە دێت كە (44,1%)، پاشان پارێزگای میسان كە رێژەكەی (42,3%). ئەمەش بۆ وڵاتێكی خاوەن شارستانییەتێكی دێرین‌و پڕ لە سامانی سروشتی، كارەساتە.

خوێندن‌و هەژاری‌و بازاڕی كار
هەمیشە هەژاری‌و خوێندەواری پەیوەندییەكی دانەبڕاویان هەیە، چونكە كاتێك هەژاری بڵاودەبێتەوە، رێژەی نەخوێندەواری‌و خۆدزینەوە لە پڕۆسەی فێربوون روو دەدات. بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانستیش، پەیوەندییەكی پێچەوانە هەیە لە نێوان ئاستی داهات‌و ئاستی دزەكردن، بەشێویەك تا ئاستی داهات دابەزێت، ئاستی خۆدزینەوەی خەڵك لەسێكتەری پەروەردەو خوێندن بەرز دەبێتەوە.
بۆ نمونە، بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی كە لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بەسەر عیراق سەپێنرا، زۆربەی ئەو دەستكەوتانەی لەناوبرد كە لەساڵانی حەفتاو هەشتاكانی سەدەی رابردوو تایبەت بە خوێندەواری‌و رووكردنە خوێندن‌و فێربوون هاتبوونەدی. بەجۆرێك بەگوێرەی داتاكانی رێكخراوی یونسكۆ، تێكڕای ئەو كەسانەی كە لەساڵی 1990دا خۆیان لەخوێندن دزیووەتەوە بریتی بووە لە 95 هەزارو 692 كەس. هاوكات ئەو ژمارەیە لەساڵی 1999دا گەیشتۆتە 131 هەزارو 658 كەس. ئەمە جگە لە دووركەوتنەوەی 26 هەزارو 394 مامۆستاو فەرمانبەر لەكارەكانیان.


کادری لێنەهاتوو
هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، ئێستاش كەمی ژمارەی خوێندنگەی نوێ یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە حكومەتی عیراق لاواز بووە لەچارەسەركردنی. ئەمە جگە لە نەبوونی تەكنەلۆجیای نوێ لە پڕۆسەی خوێندندا، هەموو ئەمانەش رەوشی خوێندنی لە عیراق گەیاندۆتە كەنارێكی مەترسیدار كە هیچ وڵاتێك ئیرەیی پێ نابات. سەرەنجام تادێت ئاستی پێشكەوتنی خوێندن لە دابەزیندایەو تێكڕای رێژەی دەرنەچوون لەنێو خوێندكارانیشدا لە بەرزبوونەوەدایە. هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نزمی كوالێتی خوێندن لە عیراقدا.
بۆیە هەمیشە لاوازیی كەرتی خوێندن‌و پەروەردە لە عیراقدا بۆتە ئەوەی ئەوەی كە دەرچووی بێ بەرهەم پێبگەیەنێت. ئێستا بەڕوونی دەبینرێت كە ساڵانە هەزاران خوێندكار لە زانكۆكانی عیراقدا دەبنە خاوەن بڕوانامە، بەبێ ئەوەی بتوانرێت لەبازاڕی كاردا سوودیان لێ ببینرێت‌و بەرهەم‌و داهێنانیان هەبێت‌و كۆمەڵگە بەرەوپێشەوە بەرن.

هەمیشە هەژاری‌و بێكاری
بازاڕی كار لە عیراق بەدەست كادری لێنەهاتوەوە دەناڵێنێت، كادرێك كە بەپێی پێشكەوتنەكانی جیهان بتوانێت مواكەبەی كارەكەی بكات. هۆكارەكەشی تەنیا ئەوەیە كە پڕۆسەی خوێندن لە عیراق كلاسیكییەو نەتوانراوە بەپێی پێشكەوتنە مەعریفیەكان بگونجێنرێت. بۆیە بەردەوام هەژاری‌و بێكاری لەم وڵاتەدا بوونی هەیە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی زێڕی رەش‌و غازو چەندین نیعمەتی دیكەیە.
* ئەم بابەتە لەلایەن شەزا خەلیل لە سەنتەری (رەوابت)ەوە نووسراوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7325
27/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی كچان دوا هه‌نگاوی یه‌كه‌م قۆناغی ده‌نێت 27/7/2017
‌ مباپی له‌ مه‌دریده‌ 27/7/2017
زانست
‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بوتڵی ئاو مه‌ترسیداره‌ 27/7/2017
‌ شه‌قامی چه‌تره‌كان 27/7/2017
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مانگی له‌ دایك بوونت، ته‌ندروستیت دیاری ده‌كات 27/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP