د.یوسف گۆران: شەڕو ململانێ لەسەر ئاو، لە شەڕی نەوت‌و دەسەڵات كەمتر نابێ
لە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو و وزەدا د.یوسف گۆران: شەڕو ململانێ لەسەر ئاو، لە شەڕی نەوت‌و دەسەڵات كەمتر نابێ ‌ 17/5/2017
یەکەی ئابووری
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، گۆڕانكاری كەشوهەواو كەمبوونەوەی بڕی ئاو دەبنە هۆكارێكی سەرەكی گۆڕانكاری لە بونیادی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە.
ئەو راگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رۆژی یەكشەممەی رێكەوتی (١٤/٥/٢٠١٧) لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارێكیدا هات، كە لە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو و وزەی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەددین پێشكەشیكرد.

گرنگی كۆنفرانسەكە
لەوتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: «ئەم كۆنفرانسە لەدۆخی تایبەت دەبەسترێ‌و پەیوەستە بە یەكێك لە بابەتە گرنگانی جیهان‌و ناوچەكەو ناوخۆ، بۆیە دەستخۆشی لەزانكۆی سەڵاحەددین دەكەم كە ئەمساڵ لەڕێگەی چەند كۆنفرانسێكی گرنگ بەشێوەیەكی ئەكادیمیانە تاوتوێی كێشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردی دەكات‌و چاەسەری گونجاویان بۆ دەستنیشان دەكات».
 دواتر تیشكی خستەسەر باردۆخی كەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان‌و رایگەیاند، لە سەر ئاستی جیهان گۆی زەوی بەرەو گەرمبوونی بەردەوام دەڕوات، ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر ئاو دروست كردوەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەكێك لەو چوار ناوچە جیهانییەی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری گەرمبوونی زەوی.
وتیشی: «پێشبینی دەكرێ لەداهاتوودا كاریگەرییەكانی گەرمبوونی زەوی زیاتر بێ، بۆیە وڵاتانی جیهان كەوتوونەتەخۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان». راشیگەیاند، گۆڕانكاری كەشوهەواو كەمبوونەوەی بڕی ئاو دەبنە هۆكارێكی سەرەكی گۆڕانكاری لە بونیادی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە، بۆیە شەڕو ململانێكان لەسەر ئاو، لە شەڕەكانی نەوت‌و دەسەڵات كەمتر نابن.
 
دۆزینەوەی رێگەچارەی هاوبەش
د.یوسف گۆران بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بارودۆخی ئاو لەسەر ئاستی ئیقلیمی‌و رایگەیاند، سەرچاوەكانی ئاو لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیقلیم گۆڕانكاری نەرێنی زۆریان بەسەردا هاتووە، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو وڵاتانەی گیرۆدەی كەمی ئاو بۆتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێ لەگەڵ گەشەكردنی بەردەوامی رێژەی دانیشتووان‌و گەشەكردنی ئابووری‌و تەكنەلۆژی، كێشەكانی كەمبوونەوەی ئاو زیاتر بێت، ئەو كێشەیە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو كێشەیەكی هەرێمییە، لەبەرئەوەش دەبێ لەهەوڵدا بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەرێمی بۆ كێشەكان‌و پێویستیشە رێگەچارەی كیشەكان دوولایەن‌و سێ لایەنە بێ، بە پێچەوانەوە چارەسەرنەكردنی كێشەی كەمبوونەوەی ئاو ئەگەری بوونی كێشەی دیكەی لێ دەكەوێتەوەو دووریش نییە بابەتی كۆچ‌و رەوكردن سەرهەڵبداتەوەو ناجێگیری سیاسی‌و ئەمنی لە ناوچەكەدا دروست بێت.

كشتوكاڵ‌و دۆخی ئاو لە هەرێم 
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە بارودۆخی ئاو لە هەرێمی كوردستان كردو وتی: «لەگەڵ ئەوەی هەرێمەكەمان پێشتر كێشەی كەمی ئاوی نەبووە، بەڵام ئێستا ئەگەر كاری جدی لەسەر نەكرێ دۆخی ئاو خراپ دەبێ، چونكە ئێستا لە بازنەی مەترسیدایە».
راشیگەیاند، بۆ شێوازی گلدانەوەو مامەڵەكردن‌و بەڕێوەبردن‌و بەكارهێنانی ئاو لەكوردستان دەبێ توێژینەوەی جیا لە ناوەندە ئەكادیمیەكان پێشنیاز بكرێ، بۆ نمونە ئێمە دەبێ كشتوكاڵ‌و بەروبوومێك بڕوێنین كە لەگەڵ بارودۆخی ئاوی هەرێمی كوردستاندا بگونجێ‌و ئاوی كەم بوێت، چونكە چاندنی هەندێ كشتوكاڵ پێویستی بە ئاودانی زۆرە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێ رووپێوی تەواو لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان بكرێ‌و نەخشەی ئاوی (اگلس مائی) لەسەر كانی‌و كانیاو و رووبارەكان دروست بكرێ.

چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشی كۆتای وتارەكەی تەرخانكرد بۆ خستنەڕووی چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو لەكوردستان‌و وتی: «بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەرچاوەكانی ئاوی (رووبارەكان) لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن‌و ئەو رووبارانەی بە هەرێمی كوردستاندا تێپەڕ دەبن بە (رووباری نێوەدەوڵەتی) دەناسرێن، بۆیە دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بكرێ بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو رووبارانە مامەڵە لەگەڵ رووبارە نێودەوڵەتییەكاندا بكەن، بەڵام دەبینین جێبەجێكردنی پڕۆژەی (گاپ) لە توركیاو دورستكردنی بەنداوەكان لەسەر رووباری ئەڵوەند، كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئاوی هەرێمی كوردستان بەجێهێشتووە، بۆیە دەبێ پەیوەندی دوو قۆڵی‌و سێ قوڵی لەسەر ئاستی هەرێمی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە هەبێ».
پێشنازیشی كرد، دەستنیشانی پێداویستیەكانی ئاو بۆ چەند ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستان بكرێ تا لەڕێگەی پلانێكی ستراتیژییەوە بەرنامە بۆ چۆنێتی خەرجكردن‌و مامەڵەكردن لەگەڵ ئاو دابڕێژرێ، هەروەك پێشنیازیشی كرد پلانی گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان بەپێداویستی‌و سەرچاوەكانی ئاو ببەسترێتەوەو لەهەمان كاتدا تەكنەلۆژیای تازە بەتایبەت تەكنەلۆژییەكانی ئەوەی پێیی دەوترێ دۆستی ژینگە بێنە كوردستان تا بەشێوەیەكی باشتر مامەڵە لەگەڵ ئاوی كوردستان بكرێ.
پاشان وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هیوای خواست ئەم جۆرە چالاكییە زانستیە گرنگانە‌ زیاتر پەرەپێبدەن‌و وتی: «زانكۆكان دەتوانن رۆڵێكی گرنگ لەو بوارەدا ببین‌و چاوەڕێ دەكەین پێشنیازەكانی كۆنفرانس بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان‌و مامۆستایان‌و پسپۆڕان‌و خوێندكاران سودبەخش بێ».
هەر لە كۆنفرانسەكەدا، هەریەك لە د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین‌و  نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتاریان پێشكەشكردو باسیان لە گرنگی پرسی ئاو لەهەرێمی كوردستان كرد.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7325
27/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی كچان دوا هه‌نگاوی یه‌كه‌م قۆناغی ده‌نێت 27/7/2017
‌ مباپی له‌ مه‌دریده‌ 27/7/2017
زانست
‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی بوتڵی ئاو مه‌ترسیداره‌ 27/7/2017
‌ شه‌قامی چه‌تره‌كان 27/7/2017
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مانگی له‌ دایك بوونت، ته‌ندروستیت دیاری ده‌كات 27/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP