قه‌یرانی دارایی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له‌ كوردستان
«سه‌ندیكاو ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه‌كان له‌ چاره‌سه‌ری‌ بێكاری‌دا، تا ئاستێكی‌ زۆر لاوازن» قه‌یرانی دارایی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له‌ كوردستان ‌ 19/5/2017
ئا: شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
فه‌رمانگه‌ی‌ ئامار له‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند، له‌  14%ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم بێكارن، رۆژنامه‌نوسێكی‌ ئابوری‌ و سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ كاسبكاران، بێكاری‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ پلان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان و رۆژنامه‌نووسێكی‌ تر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاماری‌ بێكاری‌ «رێژه‌یه‌كی راسته‌قینه نییه‌ «‌هاوكات له‌ به‌دواداچونێكی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ ده‌ركه‌وت» زیاتر له‌ 18 هه‌زار ده‌رچووی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان بێكارن «
بێكار، ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كارێكی نییه‌ ببێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی بژێو و لانیكه‌می پێویستییه‌كانی ژیانی و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان  15 بۆ 65 ساڵ ده‌بێت، به‌پێی‌ ئامارێك كه‌ له‌سه‌ر زاری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌ وه‌رگیراوه‌، ڕێژه‌ی‌ ئێستای‌ دانیشتووانی‌ هه‌رێم له‌ پێنج ملیۆن و 614 هه‌زار و حه‌فتا كه‌س پێكهاتووه‌،كه‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ش له‌  14%ی‌ دانیشتووان بێكارن»
به‌پێی‌ ئاماره‌كان له ساڵی‌‌ 2013 دا، بێكاری‌ له‌ هه‌رێم به‌ رێژه‌ی‌ له‌ 7% بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ڕێژه‌كه‌ به‌رز بووەته‌وه‌ بۆ 14% «.
 به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئامار له‌ سلێمانی‌ تایبه‌ت به‌ كوردستانی‌ نوێ وتی‌» زۆربه‌ی بێكاران ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكانن، كه‌ ساڵانه‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و له‌ سێ ساڵی‌ ڕابردوودا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ كه‌س دابمه‌زرێنێت، له‌ ساڵی‌ 2014 تا 2017 هیچ فۆڕمێكی‌ دامه‌زراندن پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌.
مه‌حمود عوسمان، له‌ درێژه‌ی‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتیشی‌» كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ وه‌به‌رهێنان لاوازه‌و  له‌ زۆر ناوچه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ سفر، به‌رێژه‌ی‌ له‌ 50% موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌می‌ كردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌رفه‌تی‌ كاركردن نییه‌»
 ئاودێر شێخ عومه‌ر، رۆژنامه‌نووس، پێیوایه‌ یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی بێكاری بێ سه‌روبه‌ره‌یی حكومه‌ته‌، له‌ ده‌ستبه‌ر كردنی كار به‌ یه‌كسانی بۆ هه‌مووان، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت» ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌وانه‌ی چانسی دامه‌زراندن له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانیان پیێ بڕاوه‌، شوێنی خه‌ڵكانی دیكه‌ی بێكاریش ده‌گرن، له‌ چه‌ندین كاری دیكه‌دا. وه‌ك ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ میكانیزمێكی نییه‌ بۆ پێدانی مۆڵه‌تی شوفێری گشتی به‌ خه‌ڵك. ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌وانه‌ی مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌تین مۆڵه‌تی شوفێری گشتییان هه‌یه‌ و كاری شوفێری تاكسی و پاس و ئۆتۆمبیلی گواستنه‌وه‌ی گشتی ده‌كه‌ن. كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات یه‌ك كه‌س زیاتر له‌ یه‌ك چانسی كاركردنی هه‌بێت و خه‌ڵكانی دیكه‌ش بێكاری ته‌نگیان پێ هه‌ڵبچنێت. یان كه‌سانێك گرێبه‌ستی زه‌وی كشتوكاڵین له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كردووه‌ و سیفه‌تی جووتیاریان وه‌رگرتووه‌ و هاوشێوه‌ی مووچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌تی كاری دیكه‌یان هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ پێناو چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بێكاری و ده‌سته‌به‌ركردنی داتایه‌كی دروست «پێویسته‌ حكومه‌ت رێكاری نوێ بگرێته‌ به‌ر بۆ پێدانی مۆڵه‌تی شوفێری گشتی به‌ مووچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌تی به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیشه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ جوتیارن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی حكومه‌ت به‌ گرێبه‌ست زه‌وی كشتوكاڵی پێداون».
ئارا ئیبراهیم، رۆژنامه‌نوسی‌ ئابوری‌ له‌مباره‌وه‌، ده‌ڵێ: كه‌رتی‌ تایبه‌ت و حكومی‌ به‌ هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌ كار كه‌وتووه‌،كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ پڕۆژه‌كان ڕاگیراون به‌م هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 200 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێم بێكاربوون» ناوبراو پێیوایه‌ كه‌» نه‌بوونی‌ پلانی‌ درێژخانه‌یه‌ن له‌ لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ماوه‌ی‌ 10 ساڵ تا 30 ساڵ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان كه‌ تا ئێستا كاریگه‌یه‌ك نییه‌ دوو هه‌زار كه‌س كاری‌ تێدا بكات.» ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ داهاتی‌ تاك بۆ یه‌ك مانگ ناگاته‌ 400 دۆلار، كه‌ له‌ پێش قه‌یرانی‌ دارایدا ڕێژه‌كه‌ له‌ 700- 800 دۆلاردا بوو « له‌لایه‌كی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ كاسبكارانیش ،پێی‌ وایه‌ كێشه‌ی‌ بێكاری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ» بێ به‌رنامه‌یی‌ و نه‌بونی‌ پلان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وایكردووه‌ كه‌ كاسبكاران توشی‌ گرفتێك ببن كه‌ نه‌توانن بۆ په‌یدابوونی‌ ژیوار هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتوبێت .»
ئاودێر شێخ عومه‌ر، كه‌ وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا له‌ پاڵ كاری رۆژنامه‌نووسی دا، كاری هێنانی ده‌ستی كاری بیانی كردوو، پێی وایه‌ ته‌نیا بێ به‌رنامه‌یی حكومه‌ت هۆكار نییه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی بێكاری و له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێ: به‌ گوێره‌ی ئه‌زموونی كار كردنم، له‌ كایه‌ی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی بۆ كوردستان و عیراق، ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌كارخستنم كردووه‌، له‌وێ ئه‌و كات كه‌ من كاری هێنانی ده‌ستی كاری بیانیم ده‌كرد، نزیكه‌ی 35 هه‌زار كه‌س وه‌ك بێكار ناویان تۆمار كردبوو. رێ و شوێنی هێنانی ده‌ستی كاری بیانی به‌و جۆره‌یه‌ هه‌ر كارێك ئه‌گه‌ر ده‌ستی كاری ناوخۆ وه‌ریبگرێت ناكرێ بدرێت به‌ كه‌سێكی بیانی. له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تی كاركردنانه‌ی داوای ده‌ستی كاریان ده‌كرد، ته‌نیا یه‌ك كه‌سی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ نه‌بوو به‌ كارێك رازی ببێت و بیكات. هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانرا ده‌ستی كاری بێگانه‌ بهێنرێته‌ كوردستانه‌وه‌. «هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ وه‌رگرتنی كار په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كرا، كه‌ ده‌یانزانی كاره‌كه‌ دامه‌زراندن نییه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومی كاركردنیان ڕه‌تده‌كرده‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان وه‌ك بێكار تۆمار كردووه‌، كاری دیكه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام خۆ تۆماركردنه‌كه‌یان زۆرتر به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان.»
 ئارا ئیبراهیم، پێی وایه‌: دۆخه‌ قه‌یراناویه‌ ئابووریه‌كه‌ی هه‌رێم چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوایخۆیدا هێناوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ئاماری‌ دادگاكان ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن له‌ 60%ی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ نێوان هاوسه‌ران به‌ هۆی‌  ئابورییه‌وه‌ بووه‌.
 قایمقامی‌ سلێمانی‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی‌ نوێ وتی‌» ڕێژه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ هه‌رێم زیادی‌ كردووه‌و به‌ ته‌نها ئێمه‌ ناتوانین چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین»
ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی‌ قه‌زای‌ مه‌ركه‌زی‌ سلێمانی‌ ، له‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ په‌یوه‌ندار به‌ بێكاری‌ كاسبكاران و هاوڵاتیان، وتیشی‌» پاش وه‌رگرتنی‌ به‌ڵێننامه‌ لای‌ داد نوس به‌ مه‌به‌ستی‌ نه‌بوونی‌ موچه‌و مامه‌ڵه‌نه‌كردن به‌ شوێنی‌ كار  توانیومانه‌ بۆ 134 ده‌ستگێڕی‌  ناوبازاڕ شوێن دابین بكه‌ین، كه‌ له‌ نهۆمی‌ دووه‌می‌ بازاڕی‌ ده‌بۆكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ یه‌، هه‌ر وه‌ها له‌م هه‌فته‌یه‌دا شوێنی‌ كار بۆ 230 كه‌سی‌ تر دابین ده‌كه‌ین كه‌ به‌هۆی‌ بڕیاری‌ لیژنه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنی‌ هاتوچۆی‌ هاوڵاتیان دوور خراونه‌ته‌وه‌.
مه‌حمود عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌، سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی‌ سه‌ندیكاو ڕێكخراو كۆمه‌ڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری‌ بێكاری‌ پێیوایه‌» تا ئاستێكی‌ زۆر ڕێكخراوه‌كان له‌م پێناوه‌دا لاوازن و چاویان له‌ ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌ت بووه‌ تا هاوكارییان بكات، نه‌یانتوانیووه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان په‌یوه‌ندیان هه‌بێت تا بتوانن هه‌لی‌ كار بڕه‌خسێنن.»
كۆمه‌ڵه‌ی‌ كاسبكارانی‌ كوردستان كه‌ له‌ دوایی‌ ساڵی‌ 1991 دروست بووه‌ خاوه‌ن 12 هه‌زار ئه‌ندامه‌، به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ «هیچ ئامارێكی‌ له‌سه‌ر بێكاری‌ كاسبكاران و له‌ كاركه‌وتنی‌ خاوه‌ن پرۆژه‌و داخستنی‌ دوكانه‌كان له‌لای‌ ئه‌وان نییه.‌»
قادر جه‌لال، سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ كاسبكاران،وتیشی‌» كاری‌ ئێمه‌ داكۆكی‌ كردنه‌ له‌ كاسبكاران و خاوه‌ن پرۆژه‌و دوكانداره‌كان كه‌ له‌ ڕابردودا به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ 5هه‌زار زه‌وی‌ بۆ كاسبكاران له‌ سلێمانی‌ وه‌ربگرین.»
یه‌كێك له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ مه‌ترسیداره‌كانی قه‌یرانی دارایی په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی كۆچی گه‌نجانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.  كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌ستی كاری ئه‌م وڵاته‌ له‌ ده‌ست ده‌چن و روو له‌ وڵاتانی دیكه‌ ده‌كه‌ن.
به‌پێی‌ ئامارێك كه‌ له‌ فیدراسیۆنی‌ په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌ست كوردستانی‌ نوێ كه‌وتووه‌، له‌ ساڵی‌ 2013 تاكو مانگی‌ ئازاری‌ 2016 كۆی‌ گشتی‌ كۆچ كردووان له‌ عێراق 200 هه‌زار كه‌سی‌ تێپه‌ڕ كردووه‌، كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 45 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كۆچیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كردووه‌، كه‌ له‌ 80% له‌ توێژی‌ گه‌نجان بوون.
ئه‌م دۆخه‌ قه‌یراناویه‌ی هه‌رێم بووته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین دیارده‌ و كێشه‌ و قه‌یرانی سه‌خت بۆ دانیشتووانی هه‌رێم، خه‌ڵكی به‌هه‌ر حاڵێك بێت سێ ساڵیان له‌ گوزه‌رانی دژوار تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هیوای خه‌ڵك كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ره‌وشه‌كه‌ مه‌ترسیدارتر ده‌رده‌خات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رووناكییه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ له‌ ئاسۆی نزیكدا به‌دی ناكرێت وحكومه‌تیش هیچ به‌ڵێن و واده‌یه‌كی بۆ كۆتایی هێنان به‌ دۆخه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌ و كوردستانیان نازانن ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ تاكه‌ی درێژه‌ ده‌كێشێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7371
24/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP