بۆ دەبێ برسێتی هەبێت؟
لەكاتێكدا جیهان خۆراكی زێدەی هەیە بۆ دەبێ برسێتی هەبێت؟ ‌ فه‌یسه‌ڵ عه‌لی‌ 12/7/2017
جیهان هیچ كاتێك هێندەی ئێستا خۆراكی زۆری بەخۆیەوە نەدیوە. ساڵی رابردوو (٢٠١٦) جووتیاران زیاد لەوەی ئێمەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی (حەوت ملیار كەس) بەكاریببات خۆراكیان بەرهەمهێنا، لەبەر ئەوە شاخێكی گەورەی خۆراك لە چەندین دەوڵەتی جیهان كەڵەكە بووە، لەوانە كەنەدا. نرخی ئەو خۆراكانە بەخێرای دادەبەزن. لەگەڵ ئەوەشدا برسێتی هەیە.

یەك ملیۆن كەس لە برسێتییدان
جیهان هیچ كات ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی بەخۆیەوە نەدیوە، كە دووچاری برسێتی بوونە. بۆ یەكەم جار، هەر لەساڵی ٢٠١١وە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم عیبارەتە بەكاردهێنێت (مردن لە برسان)، بۆ ئەوەی لێوەی رەوشی هەندێك دەوڵەت بكات كە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.
نەتەوە یەكگرتووەكان پێش دوو مانگ ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە ئەفریقیاو یەمەن لەكەناری برسێتییدان، ٢٠ ملیۆن كەس لەو ناوچانەدا دەژین كە وەرزی دروێنەیان شكستی هێناوەو رووبەڕووی حاڵەتی بەدخۆراكی بوونەتەوە. چۆن دەبێ ئەو دوو راستییە دژ بەیەكە (زۆری خۆراك‌و برسێتی) راست‌و دروست بن؟ ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی ١١/٤/٢٠١٧ دوو هەواڵی بڵاوكردەوە كە چەند سەعاتێكیان نێوان بوو، دوو ناونیشانی جیاوازییان هەبوو، یەكەمیان، دانەوێڵە لە مەدرەجی فڕۆكەخانەو مەوقیفی ئۆتۆمبێل‌و كێڵگەكان سیخناخ كردووە. دووەمیان، مەترسیی برسێتی لە ئەفریقیاو یەمەن گەورەتر دەبێت.

كۆگاكردنیان نییە
برسێتی بەهۆی كەمی خۆراك‌و زۆربوونی بێ ئەندازەی مرۆڤەوە دروست نابێت. خۆراكیكی ئێجگار زۆر هەیە بەشی پێداویستییەكانی تەواوی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی دەكات. لەڕاستییدا دەكرێ بە هەندێك هەوڵ‌و ماندووبونی زیاتر ئەو خۆراكەی هەیە دوو هێندە بكرێت. حكومەتەكان پارە بە جووتیارەكان دەدەن تا ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە، چونكە شوێنی تەواویان بۆ كۆگاكردنیان نییە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ برسێتی روونادات، چونكە خۆراك گرانە. ئەوە حاڵی 10 ساڵی بەر لەئێستا بوو، كە هەڵكشانی نرخی شمەك بەرزبوونی نرخی خۆراكی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای چوار دەیە لەداڕمانی نرخی خۆراك هات كە خەرجیی تەرخانكراو بۆ خۆراك لە بودجەی خێزان كەمترین بەخۆیەوە بینی.
وەك پەرچەكرداری ئەو بەرزی نرخی خۆراكە، وەبەرهێنانی كشتوكاڵی زۆر زیادیكردو پانتایی زەویی بەكارهێنراو ئێجگار فراوان بوو. ئەو هەنگاوەئاستی بەرهەمهێنانی خۆراكی گەیاندە ترۆپك‌و یەك لە دەرئەنجامەكانی ئەو زێدە بەرهەمە داشكاندنی نرخی خۆراك بوو بۆ ئاستی پێوانەیی.

خۆراكی ساڵێكی خەڵكی چین
لەمانگی ئازاری ٢٠١٧، رێكخراوی خۆراك‌و كشتوكاڵی (فاو) سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند، تەنیا لەماوەی مانگێكدا نرخی جیهانی خۆراك بەڕێژەی (٢.٨%) داشكا. نرخی رۆنی رووەكی بەڕێژەی (٦.٢%)و شیر بەڕێژەی (٢.٣%) دابەزی، (گۆشت تاكە بەرهەم بوو كە نرخەكەی بەرزبووەوە). ئێستا جیهان خاوەنی بڕێكی زۆری گەنم‌و برنجە كە سێ یەكی زیاترە لەوەی كە پێشبینی دەكرێت جیهان لەساڵی ٢٠١٧ بیفرۆشێت‌و بیخوات‌و بیكاتە زیندەوزە. لەم دوواییەدا ئاسی بەرهەمهێنانی جیهان لەگەنمەشامی‌و سۆیا ٦٧٠ ملیۆن تۆنی لەكۆی پێداویستییەكانی جیهان زیاتر بوو. ئەوە بەشی خۆراكی ساڵێكی خەڵكی چین دەكات. بۆچی كەس ئەو زێدە خۆراكە بۆ یەمەن‌و سۆماڵ‌و نەیجیریاو باشووری سودان نابات؟ ئەگەر ئەوە رووبدات، كاتێكە كە وشكەساڵی یان كارەساتێكی كشتوكاڵی رووبدات. بۆ نمونە سیریلانكا ئەم ساڵ دووچاری وشكەساڵی بوو و بەهۆیەوە رووبەڕووی توندترین كەم ئاویی بوو، كە لێوەی تەواوی بەرهەمی برنجی ئەو ساڵەی لە كیس چوو.
رووبەڕووی برسێتی بوونە
لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەسێكی سیریلانكی دووچاری برسێتی نەبوەوە لەكاتێكدا خەڵكی ئەو دەوڵەتە برنج خۆراكی سەرەكی خەڵكەكەیەتی. بەكورتی حكومەتی سیریلانكی بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ هاوردەكردنی برنج تەرخانكرد بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی. ئەوە زیانی بە دراوی سیریلانكی گەیاند، بەڵام ئابووریی ئەو دەوڵەتە لەگەشەكردنی بەردەوام بوو و خەڵكەكەیشی خۆراكی پێویستی خۆی هەبوو. ئەمە حاڵەتی سروستییە كاتێك وشكەساڵی لە دەوڵەتێك دەدات كە ئاشتی تێیدا بەرقەرار بێت، ئەتوانێ خۆراكی زیاتر هاوردە بكات. بەڵام ئەو دەوڵەتە ئەفریقی‌و ئاسیاوییانەی ئەم ساڵ رووبەڕووی برسێتی بوونە، هیچ كامیان ئاشتی تێیدا نییە. لەزۆر حاڵەتدا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان برسێتی‌و وشكەساڵی‌و كارەساتی كشتوكاڵییدا نییە.
خۆرهەڵاتی نەیجیریا‌و باشووری سودان
لەباكووری خۆرهەڵاتی نەیجیریا، جەنگی دژ بە (بۆكۆ حەرامی تیرۆریست) رێگری لەجووتیارەكان گرت تا كشتوكاڵ بكەن، شەڕ نەیهێشت لەمانگی مایۆ و یۆنیۆ سود لەوەرزی تۆكردن وەربگرن، حەوت ملیۆن كەس رووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە. لەسۆماڵ گروپی شەبابی تیرۆریستی هەموو دەرگاكانی بەردەم یارمەتییەكانی رێكخراوە مرۆییەكان داخستوەو هەروەها رێگری لە بەشكردنی بەسەر خەڵكیدا دەكەن‌و خۆیان تا بۆیان بكرێت دەستی بەسەردا دەگرن‌و بۆ بەرژوەندیی خۆیان دەیفرۆشنەوە.
لە باشووری سودان، حكومەت‌و دەزگا ئەمنییەكان رێگری لە یارمەتییە مرۆییەكان دەكەن‌و شەڕی ئەهلی باڵی بەسەر ژیانی خەڵكییدا گرتووە. لەساڵی ٢٠١٧ تەنیا جەنگ‌و توندڕەویی گەورەترین رێگری‌و كۆسپی بەردەم گەیشتنی خۆراكە بەوانەی پێویستییان پێی هەیە. دەبێ ئەولەویەتی هەر حكومەتێكی دەوڵەتانی پێشكەوتوو شكاندنی بەربەستەكانی بەردەوام گەیاندنی خۆراكە بەوانەی پێویستییان پێی هەیە، تا ئەوكاتەی قەیرانەكە تێ ئەپەڕێنن، پاشان كار بكرێت بۆ ئەوەی جارێكی تر دەوڵەتەكانیان بەبازاڕی كشتوكاڵی جیهانییەوە گرێ بدەنەوە. زۆربەی قوربانییەكانی برسێتی منداڵی جووتیارەكانە، ئەوان زیاتر لەوانیتر رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، دەكرێ جیهان بە هاوبەشی رێگری لەو كارەساتانە بكەن كە رووبەڕووی كۆمەڵگەی مرۆیی دەبێتەوە.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP