پێنج هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراوە
«پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە» پێنج هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراوە ‌ 13/7/2017
یەکەی ئابووری

قەیرانی دارایی، كارو كاسبی خەڵكی كوردستانی كەم كردۆتەوەو ئەوەش تا رادەیەك بۆتە هۆی بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، بێ پارەیی كە ژیانی لە شارەكانی كوردستان قورس كردووە، خەڵكانێك روویان كردۆتە پیشەی چاندن‌و بژێویان لە كشتوكاڵ بەدەست دەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش دروستكردنی خانووی پلاستیكی بەڕێژەیەكی بەرچاو لەزیادبووندایەو تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە پێنج هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراون.

چوار وەرزە بەرهەمیان هەیە
كەمال محەمەد رەسول بەڕێوەبەری خانووی پلاستیكی لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاندوە: ئێستا خەڵكێكی زۆر رووی لەكاری كشتوكاڵكردن كردوە، بەشێوەیەك تەنیا لەماوەی سێ ساڵدا، زیاتر لە پێنج هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراون‌و ژمارەشیان لە زیادبوونە.
سەبارەت بە گرنگی خانووە پلاستیكییەكان،  ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: «ئەو خانووانە چوار وەرزە بەرهەمیان هەیەو لەڕێگەیەوە دەتوانرێت كوردستان خۆی لە ساغكردنەوەی بەرهەمی دراوسێكانی قوتار بكات‌و بگاتە ئاستی خۆبژێوی».
وتیشی: «بەڵام لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو خانووە پلاستیكییانە، سیستمی گەرمی‌و ساردییان نییە، بۆیە تەنیا لە مانگی (3 تا 11) بەرهەمی خەیارو تەماتەو باینجانی هەیەو دواتر سەوزە لەو خانووە پلاستیكییانە جێی ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە».
خەیاری كوردی بۆ دوبەی
 سەبارەت بەوەی زۆربەی خانووە پلاستیكییەكان روویان لە چاندنی بەرهەمی خەیار كردووە، كەمال محەمەد رایگەیاند: خەیار زووتر پێ دەگات‌و بەرهەمیشی زیاترە. ئەو دەڵێ: «هەوڵمان داوە بۆ ساڵی داهاتوو، بەرهەمی خەیار رەوانەی وڵاتی دوبەی بكەین‌و لە ناوخۆش دەرفەت بۆ دروستكردنی كارگەی خەیاری سوێركراو بڕەخسێنرێت‌و هاوردەی رابگیرێت».
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ پێیوایە، ئەو هەوڵانە جووتیاران لە مایەپووچبوون‌و زیان دەپارێزێت.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، پێویستی ساڵانەی خەیار لەكوردستان زیاتر لە ١١٠ هەزار تۆنە، كە بەرهەمی ناوخۆ لەوەرزەكانی بەهارو پایز نزیكەی ٧٠ هەزار تۆنەو لە بەرهەمی تەماتەشدا كە لەو خانووە پلاستیكییانەدا دەچێنرێت، خۆبژێوی ٨٦ هەزار تۆنە، لەكاتێكدا پێویستی ١٨٨ هەزار تۆنە. 

بەرهەمی ناوخۆ زیاترە
بەبڕوای بەڕێوەبەری خانووی پلاستیكی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بەرهەمی ناوخۆ گەلێك زیاترن لەو ژمارانە، لەبەر ئەوەی هەموو بەرهەمەكان ناهێنرێنە عەلوەكان‌و زۆریان هەر لەڕەزەكانەوە دەفرۆشرێن.
خانووی پلاستێكی كشتوكاڵ، 51 مەترو 500 سانتیمەتر درێژەو نۆ مەتریش پانە، كە نزیكەی هەزارو ٢٥٠ شتڵی تێدا دەچێنرێت، بەوپێیە لەهەر وەرزێك، زیاتر لەهەشت تۆن بەرهەمی خانوویەكە. بڕی دوو هەزار دۆلار تێچۆكەیەتی‌و جگە لە باشی‌و رێكی بەربووم، بەرهەمیشی زیاترە.

سەرچاوە: ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7368
20/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ده‌ست به‌فرۆشتنی بلیته‌كانی مۆندیال كرا 20/9/2017
‌ 10 پاڵێوراوه‌كه‌ بۆ پێی زێڕین 20/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP