ئەگەری داخستنی سنوورەكان دوای ریفراندۆم
ئەگەری داخستنی سنوورەكان دوای ریفراندۆم ‌ 31/7/2017
یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان هاووڵاتیان دڵنیادەكاتەوە سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێ‌ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە داناخرێن، داوا لە هاوردەكارانیش كراوە بڕێكی زیاتری خۆراك و كاڵاكان هاوردەی هەرێم بكەن. 
مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە هەموو بۆنەیەكدا ئاگاداری ئەندامانمان دەكەین كاڵای باش بهێنن و بازاڕەكان پڕ بكەن لە كاڵا و كۆگاكانیان پڕ بكەن، چونكە لە بۆنەكاندا پێویستی و خواست لەسەر كاڵاكان زیاتر دەبێت.  مەبەستمان لەم لێدوانەی كە داوای هێنانی كاڵامان كردووە، ئەوەیە كاڵایەكی زیاتر بهێنرێنە بازاڕەوە، هەمووان دڵنیا دەكەمەوە كە هیچ كات گرژی لە سنوورەكان روونادات، ئەوەش لەبەر ئەوەی وڵاتانی دراوسێ‌ بەرژەوەندییان زیاترە لە ئێمە و ساڵانە كاڵایەكی زۆر رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن، وڵاتێكی وەك ئێران ئاستی هەناردەكردنی بۆ هەرێم دەگاتە پێنج ملیار دۆلار و توركیاش دەگاتە ١٠ ملیار دۆلار و زۆربەی كارگەكانیان لق و ئۆفیسیان هەیە لە هەرێم هەیە و گرێبەستیان كردووە. 
ئەوەشی وت: بازاڕی هەرێم لەم كاتەدا نزمترین نرخی هەیە و دڵنیابن كاڵایەكی زۆر بەڕێوەیە و پێش 20 رۆژ ئەندامانمان ئاگادار كردووە لەم دۆخەدا كاڵا و كەلوپەلی زیاتر بخەنە بازاڕەوە. 
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان داوای لە ئەندامانی رێكخراوەكەی كرد، بەهیچ شێوەیەك كاڵاكان هەڵنەگرن و نەبنە هۆكاری گرانبوونی كاڵا و كەلوپەل لە بازاڕەكاندا و ئاماژەی كرد بەوەی هەر كاڵایەك لە كۆگاكاندا هەڵبگیرێت لە لایەن لیژنەكانی قایمقامیەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. 
لە لایەكی ترەوە، مەهمەت ئۆغوتچو سەرۆكی یانەی گڵوباڵ ریسۆرس پارتنەرش و بۆسفۆر ئینەرجی توركی رایگەیاند، ئەگەر بێت باكووری عیراق سەربەخۆیی هەڵبژێرێت، ئەوا چاوەڕوان دەكرێت هەریەك لە بەغدا، تاران و ئەنقەرە هەڵوێستیان بە هەمان ئاراستەدا بێت و ئەمەش رەنگە كاریگەریی نەرێنیی بكاتە سەر هاوكارییكردنی سەرچاوەكانی وزە لە رووی داراییەوە لە ناوچەكە، كارپێكردنیان و گەیاندنیان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان. 
مەهمەت ئۆغوتچو هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد و ئاشكرای كرد دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولدا، ئەو بڕیارە توانای ئەوەی هەیە هاوسەنگییەكان كە ماوەی ١٥ ساڵە لە ناوچەكەدا لە نێوان هێزە سیاسییەكان، دراوسێیەكان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە ئارادان، سەراوبن بكات و رایگەیاند، ئەگەر لەو ناوچانەی كە لە دەستووری عیراقدا وەك ناوچەی ناكۆكی لەسەر دیارییكراون، ئەو ریفراندۆمە ئەنجامبدرێت، ئەوا مەترسیی پێكدادان دروست دەبێت. 
ناوبراو، باسی لەوەش كرد لە ئێستادا جگە لە ئیسرائیل هیچ دەوڵەتێك پشتیوانی لە هەوڵی ریفراندۆم ناكات، ئەوەیش لە قۆناغێكدا كە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش درێژەی هەیە، وابیردەكرێتەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست دەكات.
مەهمەت ئۆغوتچو ئاماژەی بەوە كرد، هێشتا هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا نەپچڕاوە، ئەو هەیبەتەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، حەیدەر عەبادی بە هۆی رزگاركردنی موسڵەوە بەدەستیهێناوە بە هۆی بڕیاری سەربەخۆیی باكوورەوە دەهەژێت و رێگا لە بەردەم جێگری سەركۆماری عیراق، نوری مالیكی دەكرێتەوە دووبارە بێتەوە سەر دەسەڵات، لەبەرئەوە واشنتۆن و لەندەن لە ئێستادا پشتیوانیان لەو بڕیارە نەكردووە.
مەهمەت ئۆغوتچو ئاماژە بەوە دەكات، هەوڵی هەرێمی كوردستانی عیراق بۆ سەربەخۆیی، كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر وزەی ناوچەكە لە گەیاندنیدا بە بازاڕەكانی جیهان. پێویستە لە مانگەكانی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەسەر وەبەرهێنان و گواستنەوە و پاككردنەوەی گازی سروشتی لە گۆگرد و پێكهاتەكانی بدرێت تاكو لە ٢٠٢٠دا یەكەم كاروانی گازی سروشتی بچێتە سنوورەكانی توركیا و دەڵێت، سەرەڕای كەمی نرخەكەی بەڵام بە هۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم گرەنتی سەروەری نییە و مەترسی ئاسایشی بەردەوامی هەیە، لەو دۆخەدا ئاستەمە پارە بەدەست بهێنێت، بەڵام بە پشتگیری توركیا دەكرێت ئەمە ئەنجام بدرێت.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستانی عیراق سەربەخۆیی خۆی هەڵبژارد، دەكرێت چاوەڕێی ئەوە بكرێت كە بەغدا و تاران و ئەنقەرە بە هەمان ئاراستە كار بكەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گەیاندنی بە بازاڕی نێودەوڵەتی و دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی. 
هاوكات، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، ریفراندۆم خێری بۆ هیچ كەس نابێت.
ئەو بەرپرسەی توركمانەكانی عیراق لەلێدوانێكدا دەڵێت، ئەو ریفراندۆمەی لە ناوخۆ و ناوچەكەدا كاردانەوەی لێكەوتۆتەوە، خێری بۆ هیچ كەس تێدا نابێت. ئەم ریفراندۆمە بە هەموو شێوەیەك وڵات بەرەو گێژاوێكی دیكە دەبات.
ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بەوەشدا، شاری كەركوك كێشە لەسەرە و شارێكە هەزار ساڵە توركمان، كورد، عەرەب و سریان پێكەوە تیایدا دەژین و وتی، ئایندەی كەركوك تەنها و تەنها لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دیاریی دەكرێت.
ناوبراو باسی لەوەشكرد، كارێكی ناژیرییانەیە هێشتا شەڕی داعش بەردەوامە و ریفراندۆم ئەنجامبدرێت.
ئەرشەد ساڵحی وتی، لەم ریفراندۆمەدا كە وڵاتێك بەرەو دابەشبوون دەبات، 10 ساڵە گرژی و شەڕ و تیرۆری لێنەبڕاوە، كوردەكان لە هەمووان زیاتر زەرەرمەند دەبن. كوردەكان كە دوای روخانی سەدام دەستكەوتی باشیان دەستخستوە، بەم ریفراندۆمە لە رووی سیاسی، ئابووری و نیشتمانییەوە زیانی زۆریان لێدەكەوێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP