گشتپرسی و دڵەڕاوكێی خەڵك..
گشتپرسی و دڵەڕاوكێی خەڵك.. ‌ عه‌بدوڵڵا حاجی سه‌عید‌ 1/8/2017
ئێستا بابەتی گەرمی شەقام‌و بازاڕ‌و شوێنە گشتێ‌ كانە بابەتی گشتپرسی بۆتە جێگەی باس‌و خواستی ناو كۆمەڵانی خەڵك‌و میدیاكان لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ ئەكرێت، بەبێ‌ ئەوەی ئەم لێكدانەوانە بنەمایەكی راست‌و دروستی هەبێت، جگە لەوەی هاووڵاتیانی كوردستانی پێ‌ ئەترسێنن ئەگەر گشتپرسی بكرێ‌ دەنگ بە نەخێر بدەن.

بازاڕەكانی هەرێمی شڵەژاندوە
بۆتە هۆكاری شڵەژاندنی بازاڕ‌و بازرگانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك خەڵك كەوتۆتە دڵەڕاوكێ‌ لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەقەیرانی ئابووریدایە بێ‌ مووچەیی‌و راوەستانی بازرگانی‌و كار‌و كەسابەت‌و بەرزبوونەوەی ریژەی بێكاری، لەولاشەوە پڕوپاگەندەی نا دروست بۆ دوای راپرسی هەژار‌و كەم دەرامەتەكان هەر لەئێستاوە لە دڵەڕاوكێدان كە ئەگەر گشتپرسی بكرێ، چۆن ژیان‌و گوزەرانی خۆیان‌و ماڵ‌و منداڵیان بەڕێوەبەرن وایكردووە شمەكی ناوماڵ ئەفرۆشن رێگەی مەرگ ئەگرنەبەر بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەم بۆچوون‌و بیرو را جیاوازانە لە میدیاكانەوە كە گشتپرسی بەمەترسیدار باس ئەكەن لەڕووی ئابوورییەوە هەروەها رای بێ‌ بنەمای هەندێ‌ رێكخرا‌وی ئابووری كە میدیاكان بڵاویدەكەنەوە‌و بنەمای نییە. بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی شڵەژاندوەو خەڵك كەوتۆتە فڕكان فڕكان بۆ كڕینی شمەك.

 واز لەم ئاڕاستەیە بێنن 
بازرگانە هەلپەرستەكان خۆراكیان گران كردووە، ئەم حاڵەتەش خەڵكی وا لێكردووە لە بارودۆخێكی دەروونی نالەباردا ژیان بەڕێبكەن، بۆیە پێویستە میدیاكان‌و لایەنە سیاسییەكان‌و یەكێتی هاوردە‌و هەناردەكاران‌و خەڵكە جۆراوجۆرەكان واز لەم ئاڕاستەیە بێنن كە گشتپرسیان كردۆتە دێوزمە بۆ گیانی خەڵك لەڕووی ئابووری‌و ژیان‌و گوزەرانەوە. لەجیاتی ئەوەی داوا دەكرێت پێش گشتپرسی پەرلەمان كارابكرێتەوە، ژیان‌و گوزەرانی خەڵك چاك بكرێت‌و مووچەی فەرمانبەران مووچەخۆران بەگشتی باشبكرێ‌‌و ئاشتەوایی‌و پێكەوەكاركردن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا رێكبخرێ‌‌و ژێرخانی ئابووری بژێنرێتەوە، نەك خەڵك بترسێنرێ‌ بەجۆرێ‌ واز لەمافی چارەی خۆنووسین بێنن، ئەركی حكومەتی هەرێم لەم قەیرانەدا ئەوەیە هەموو تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ چاككردنی بارودۆخی ئابووری‌و ژیان‌و گوزەرانی هاووڵاتیان. بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی كە باری ئابووریی شارەكان ئەشێوێنێ‌.

بەرژەوەندی ئابووریی
 وڵاتانی دراوسێ
هاوكات لایەنە پەیوەندیدارەكان رێگە بگرن لەگرانی شمەك لە بازاڕەكانداو رێگە بگرن لەهێنانی خۆراكی بەسەرچو و بازاڕ لەو شڵەژاوییە ئەهۆن بكەنەوە، كە ئەڵێم بۆچوونی بێ‌ بنەما‌و نادروست لەو روانگەیەوە، گشتپرسی بكرێ‌ ئێران وا ئەكات.. توركیا وا ئەكات. بۆ نموونە وەفدی باڵای (ی.ن.ك) كە سەردانی ئێرانی كردو چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە كردووە، راستە بەڕاشكاوی دژایەتی خۆیان بۆ گشتپرسی دەربڕیوە، بەڵام نەیان وتوە سنوورتان لێ‌ دادەخەین‌و گەمارۆی ئابووریتان دەخەینە سەر، توركیاش بەهەمان شێوە.
ئێران بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، ساڵانە بە بڕی (7) ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەیە. توركیا بەهەمان شێوە ساڵانە بەبڕی (20) ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و دەیان كۆمپانیای ئێرانی‌و توركی لەكوردستان كار ئەكەن.

گشتپرسی‌و ئەنجامەكەی 
دێوەزمە نەبێت
لەلایەكی ترەوە، كۆمپانیاكان‌و بازرگانان‌و سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی‌و ئەمریكی‌و ئاسیاوی‌و ئەفریقی‌و عەرەبیدا دروستكردووە‌و بەرژەوندییان لە كوردستاندا هەیە، هەروا زوو بەزوو ئەگەر گشتپرسی بكرێ‌، خەڵكی كوردستان ناكەوێتە ژیان‌و گوزەرانی سەخت‌و ناهەموارەوە.
بۆیە باشتروایە ململانێ سیاسییەكان تێكەڵ بە ژیان‌و گوزەرانی خەڵكی نەكرێت‌و هەموولایەك هەوڵ بدەن ئەم بارودۆخە ئارام بكەنەوە‌و خەڵكی لە دڵەڕاوكێ‌ رزگار بكەن. با خەڵكی كوردستان بە ئارامییەوە بژین‌و گشتپرسی‌و ئەنجامەكەی دێوەزمە نەبێت بۆیان، بەڵكو پێدەچێت گشتپرسی‌و سەربەخۆیی، ژیانی سەربەرزانە‌و ئابوورییەكی سەربەخۆ ‌و سەقامگیریی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بهێنێتە كایەوە.

* یاریدەدەری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) بۆ كاروباری بازرگانی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP