نەوت‌و غازی كوردستان وەك سەرچاوەی داهات
نەوت‌و غازی كوردستان وەك سەرچاوەی داهات ‌ 6/8/2017
پێشەوا شێخ رەئووف*
داهات‌و ئابوورییەكی بەهێزو تۆكمە، یەكێكە لەلایەنە بەهێزەكانی دەوڵەت، دەكرێ‌ بڵێین ئابووریی بەهێز سەرەكیترین لایەنی بەهێزیی دەوڵەت‌و هەر دامەزراوەیەكی ترە، كە بیەوێت لەسەر پێی خۆی رابوەستێت‌و بمێنێتەوە.
لەسەر ئاستی جیهانیش ئەو دەوڵەت‌و حكومەتانەی كە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزن، لە پێشەوەی وڵاتە پێشكەوتوو ‌و كاریگەرەكانن، تەنانەت بەپشتبەستن بە ئابوورییەكەیان بوونەتە خاوەنی بەهێزترین وڵاتانی سەربازی‌و پیشەسازی‌و تەكنەلۆژی.
هەریەكێك لەو وڵاتانە بۆ سەرچاوەی داهاتیان، پشتیان بە سەرچاوەیەك یان چەند سەرچاوەیەك بەستووە، بەهێزترین‌و بەرزترین داهات‌و ئابووری ئەو دەوڵەتانەن كە بەوڵاتە پیسەشازیی‌و خاوەنی سامانی سروشتی بەتایبەتی نەوت غاز ناسراون. وەك: (ئەمریكا، ژاپۆن، چین، روسیا‌و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی).

(30%)ی تەواوی نەوتی
 یەدەكی عیراق
هەرێمی كوردستانیش سەرەڕای بارودۆخە سیاسییە تایبەتەكەی كە هێشتا سەربەخۆ نییە‌و تاڕادەیەك پابەندە بە دەوڵەتی عیراقەوە، بەڵام ئەگەر سیاسەت‌و پلانی ستراتیژی ئابووریی ژیرانە هەبێت لەڕووی داهات‌و ئابوورییەوە، دەكرێت ببێتە یەكێك لەو شوێنانەی كە خاوەنی زۆرترین داهاتن، چونكە دەوڵەمەندە لەڕووی سامانی سروشتی نەوت‌و غازەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندە جیهانییەكانی تایبەت بە وزە، هەرێمی كوردستان خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكە، كە دەكاتە (30%)ی تەواوی نەوتی یەدەكی عیراق. بەو پێیە نەوتی كوردستان لە (4%)ی نەوتی یەدەكی جیهان پێكدەهێنێت، كە بڕی نەوتی یەدەكی هەموو جیهان بریتییە لە تریلیۆنێك‌و 118 ملیار بەرمیل نەوت. بۆیە هەندێك لەشارەزایانی بواری وزە پێیانوایە، زەوی ئەم هەرێمە لەڕووی دەوڵەمەندییەوە بەسامانی نەوت‌و غازی سروشتی وەكو پارچە ئیسفنجێكی پڕ لەنەوت وایە، كە هەر بستە خاكێكی بگوشیت، نەوتی لێ‌ دەچۆڕێت.

خاوەنی سامانێكی زۆری سروشتین
تا ساڵی 2008، سامانی سروشتیی هەرێم تەنیا بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنراو بڕێكی زۆر كەمی نەبێت لەڕێگەی تەنكەرەوە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ‌ دەكرا، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە نەوت‌و غازی هەرێم قۆناغێكی گەورەی بڕی‌و لەڕێگەی چەندین كۆمپانیای بیانی‌و ناوخۆییەوە بەرهەمهێنانی تێدا كرا‌و توانرا لەڕێگەی بۆرییەوە (pipeline) نەوت بنێردرێتە دەرەوە. بەمەش توانرا سەرچاوەیەكی تری داهاتی هەرێم لەو رێگەیەوە دابین بكرێت. 
حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهات‌و پارەی ئەو نەوت‌و غازە دەبەستێت كە دەیفرۆشێت. داهاتەكانی تری وەك داهاتەكانی ناوخۆو گومرگەكان‌و خاڵە سنوورییەكان بووە بە سەرچاوەی دووەم بۆ داهاتی كوردستان. 
هەرچەندە لەم هەرێمە خاوەنی سامانێكی زۆری سروشتین، بەڵام بە بەراورد بەوڵاتانی تری جیهان، درەنگ توانیومانە سوود لەم سەرچاوە سروشتییە وەربگرین‌و بتوانین بەرهەمی بهێنین‌و لەبازاڕەكانی وزەی جیهانیدا ساخی بكەینەوە. 
ئەگەر چاوێك بەمێژووی بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا (crude oil) بخشێنین، دەبینین لەساڵی 1859 بەدواوە ئەمریكا نەوتی بەشێوەی بازرگانی بەكارهێناوە‌و یەكەم بیری نەوتیش لەهەمان ساڵدا لە ویلایەتی پنسلڤانیا هەڵكەندراوە.

57 بلۆك
لەهەرێمی كوردستانیش خانەقین كۆنترین ناوچەیە كە نەوتی تێدا دۆزرابێتەوە‌و دەرهێنرابێت، كە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان‌و كۆمپانیاكانی سەر بەدەوڵەتی عوسمانی ئەوكات توانراوە بیر لەناوچەی خانەقین لێبدرێت‌و نەوتەكەی بەمەبەستی بازرگانی بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەوكات‌و دواتریش كە دەوڵەتی عیراق دروست دەبێت، نەتوانراوە كورد خۆی مامەڵە بە نەوتەكەیەوە بكات‌و بۆ كەڵكی خۆی بەكاری بهێنێت. تا ساڵانی دوای راپەڕین، توانرا بەشێوەیەكی سەرەتایی بەرهەمهێنان لەچەند كێڵگەیەكدا بكرێت وەك كێڵگەی شیواشۆك، دواتریش وەك باسمان كرد لەساڵانی دوای 2008 بە بەشداری كۆمپانیا جیهانییەكان توانرا بەرهەمهێنانی گەورە لە بواری نەوتدا بكرێت‌و نەوت رەوانەی دەرەوە بكرێت.
ئێستا، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆریدا بە بەرهەمهێنانی نەوت‌و بانگهێشتی چەندین كۆمپانیای بەناوبانگی بواری وزەی كردو دەیان گرێبەست لەو بوارەدا ئیمزاكرا‌و خاكی كوردستان دابەشی چەند بلۆكێك كرا كە بریتین لە 57 بلۆك لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێم كە لە 18 وڵاتی جیاجیای جیهانەوە زیاتر لە 55 كۆمپانیا لەبوارەكانی گەڕان‌و پشكنین‌و دۆزینەوە‌و هەڵكەندن‌و پاڵاوتن‌و بەرهەمهێنان كاری تێدا دەكەن، لەو رێژەیەش تەنیا 17 بلۆكیان دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، واتە 40 بلۆكی نەوتی دەكەونە سنوری ئێستای ئیدارەی هەرێمی كوردستانەوە. بەو پێیە شوێنەكانی دەرهێنانی نەوت (16%)ی كۆی رووبەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
سەبارەت بەژمارەی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری وزە كە هاتوونەتە هەرێم، هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كۆمپانیاكانی دەرهێنان‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌و كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكانی نەوت زیاتر لە 95 كۆمپانیان.

 بەدەرهێنان‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌
لەكۆی ئەو كێڵگە نەوتییانە (10 - 15) كیڵگەیان بەرهەمی بەردەوامی هەیەو لەكاری ئەزموونی دەرچوون‌و كێڵگەی بەرهەمهێنانن، هەروەك (15) كێڵگەی تر هەن كە نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوەو ئەزموونین، ئەمە جگە لەوەی (20) كیڵگەی تریش هەن لەو ناوچانەی نەوتیان تێدایە‌و گەڕان‌و پشكنین بۆ دەستنیشانكردنی بڕی بەرهەمی ئەو كێڵگانە بەردەوامە.
بوونی ئەم رێژە زۆرە لە سامانی سروشتی بەتایبەتی نەوتی خاو ‌و غازی سروشتی‌و هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت‌و وزە‌و خزمەتگوزارییەكانی بواری نەوت، گرنگی ئەم هەرێمە دەردەخات لەبواری وزەدا، ئەم بەرهەمە نەك بەشی بەكارهێنانی ناوخۆ دەكات، بەڵكو دەتوانێت وزەی وڵاتانی تری جیهانیش دابین بكات‌و ببێتە یەكێك لەسەرچاوەكانی دابینكردنی وزە بۆماوەیەكی دوورو درێژ لەسەر ئاستی جیهان. ئەمەش وایكردووە كوردستان ببێتە وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت‌و غازی سروشتی‌و بۆ داهات‌و ئابووری ئەم هەرێمەش ئەو سامانە سروشتییە بەنرخە ببێتە تاكە سەرچاوە‌و داهات، كە جێگەی هەموو سەرچاوەكانی تری پێشووی داهات بگرێتەوە‌و پێشیان بكەوێت، چونكە تائێستا هیچ یەكێك لەسەرچاوەكانی پێشووی داهات لەكوردستان كە سەرەكیترینیان خاڵە گومرگییەكان‌و داهاتەكانی ناوخۆ بووە نەیانتوانیوە بەو شێوەیە ئاستی داهات بەرزبكەنەوە‌و رۆڵیان هەبێت لەژیان‌و گوزەرانی خەڵكدا، هەرچەندە ئێستا لەڕووە سیاسییەكەوە قسەی زۆر هەیە لەسەر گرێبەستە نەوتییەكان‌و ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ وڵاتانی تری جیهان كە هەندێك پێیانوایە داهاتی ئەو زێڕە رەشە نەتوانراوە بۆ خزمەتی خەڵكی بەكاربهێنرێت.
بۆیە بەتێڕوانینێك بە قەبارەی سامانی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، پێویست دەكات بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بەدەرهێنان‌و بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز بدەن، تا هەرێمی كوردستان جێگەو پێگەی خۆی لە نەخشەی وزەی جیهانییدا بەباشی جێگیر بكات‌و جێ‌ پێی خۆی توندترو قایمتر بكات، بەمەش نەوت‌و غازەكەی ببنە سەرچاوە‌و بناغەیەكی تۆكمە لەدابینكردنی داهات‌و دروستكردنی ئابوورییەكی بەهێز.

*خوێندكاری پەیمانگای نەوت‌و غاز


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7346
21/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ وه‌رزی نوێی NBA -دا (1230) یاریی دەکرێت 21/8/2017
‌ شاراپۆڤا داوه‌تنامه‌ی‌ گراندسلامی ئه‌مریكای پێشكه‌ش كرا 20/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP