قەیرانی ئابووریی هەرێم لە مۆدێلی جۆن ماگۆفولیدا
قەیرانی ئابووریی هەرێم لە مۆدێلی جۆن ماگۆفولیدا ‌ 7/8/2017
سەردار حەمەغەفور ئاخجەلەری

ماوەیەكە سیاسەتمەداران‌و چاودێرانی سیاسی هەرێم لەهەمبەر پرسی ریفراندۆم سەرقاڵی بەراوردكارین لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و میللەتانی تری هاوشێوەی هەرێم.
كەیسی كیبك‌و كەتەلۆنیاو سكۆتلەنداو باشووری سۆدان‌و سۆماڵ‌و چەندانی تر، بوونەتە بابەتێكی گرنگی وتارو گفتوگۆ سیاسییەكانی هەردوو بەرەی بەڵی‌و نەیاری پرسی ریفراندۆم. بێگومان ئەمە مایەی دڵخۆشییە، چونكە جگەلەوەی ئەمە كارێكی زانستی واقیعیانەیە، دەكرێت یارمەتیدەریش بێت تا سەركردایەتی سیاسی كوردستان‌و هاووڵاتیانیش بابەتیانەتر بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدەن.

 هێندەی پرسی ریفراندۆم گرنگە
هیوادارم ئەم جۆرە بەراوردكارییانە بۆ پرسەكانی تریش بكرێت، تا بتوانین هاوشێوەی پرسی ریفراندۆم، سوود لە ئەزموون‌و كەیسی وڵاتانی تر وەربگرین.
پرسی قەیرانی دارایی كە چەند ساڵێكە بەرۆكی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە، یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی كە بەبڕوای هەندێك چاودێری سیاسی هێندەی پرسی ریفراندۆم گرنگە، تەنانەت هەندێك كەس‌و لایەنی سیاسی باوەڕیان وایە كە پرسی ریفراندۆم بەبێ چارەسەری قەیرانی دارایی كارێكی زۆر ئەستەمە. دەكرێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایش سوود لەمۆدێلی جۆن ماگۆفولی تەنزانیا وەربگرین كە تاڕادەیەكی زۆر سەركەوتوو بووە لە چارەسەری ئەم پرسەدا.
هاووڵاتیانی تەنزانیا هاوشێوەی خەڵكی كوردستان ماوەیەكی درێژ بوو گیرۆدەی قەیرانی دارایی بوون كە یەكێك لە هۆكارەكانی گەندەڵی‌و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوو. بەڵام سەرۆك جۆن ماگوفولی كە لەكۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٥ دا دەست بەكاربوو، توانی لەماوەیەكی كورتدا گەشەیەكی بەرچاو بە سێكتەرەكانی پەروەردەو تەندروستی‌و رێگاوبان بدات. ئیرادەی بەهێزو كاریگەری بڕیارەكانی ئەم سەرۆكە هەر زوو سنورەكانی تەنزانیاو تەنانەت ئەفریقاشی تێپەڕاندو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك باشترین سەرۆكی ساڵی ٢٠١٧ هەڵبژێردرا. ئێستا ناوەندە جیهانییەكان ناوی ئەم سەرۆكە لەگەڵ نیلسۆن ماندێلا دا دەهێنن.

بەگژداچوونەوەی گەندەڵی‌
دەكرێت بڵێین بەشێوەیەكی گشتی بڕیاڕەكانی ئەم سەرۆكە لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی‌و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكەكەی خۆی لە جێبەجێكردنی یاساو نەهێشتنی خەرجییە زیادەكانی حكومەتەكەیدا دەبینێتەوە. بەڵام ئەوەی بۆتە هۆكاری كاریگەری بڕیارەكانی، بەیەك چاو سەیركردنی سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگایە، بەشێوەیەك كە ئەم سەركردەیە سەركردەو پلەباڵاكان‌و هاووڵاتیانی ئاسایی وەك یەك تەماشا دەكات. بۆ نموونە، لەگەڵ دوورخستنەوەی هەزارەها بن دیوار، بە سەدان بەرپرس‌و كاربەدەستیش دوور دەخاتەوەو سزا دەدات.
لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجییە زیادەكانی حكومەتەكەی، ئەو ئۆتۆمبێلی زیادانەی بۆ بەرپرسەكان كڕدرابوون لە زیادكردنێكی ئاشكرادا فرۆشت‌و پارەكەی گێڕایەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت. گەشتی نا پێویست‌و تكتی (vip)ی بەرپرسەكانی قەدەغەكرد. 

كەیسی تەنزانیاو سەرۆكەكەی
هیوادارم بەرپرسانی ئێمەش چاوەڕێی هاتنەسەركاری جۆن ماگوفولییەك لە هەرێمی كوردستان نەكەن. هەریەكەیان ببنە ماگوفولیەك‌و دەست بكەن بە فرۆشتنی قافڵەی ئوتومبیلەكانیان لە زیادكردنێكی ئاشكراداو پارەكەی بخەنەوە خەزێنەی دەوڵەت. دەكرێت ئەو باخ‌و تەلارو پارەی ژێرزەمینانەش كە زۆربەتان باسی دەكەن بخەنەوە سەر خەزێنەی دەوڵەت. چونكە دڵنیام ئەگەر بەرپرسانی تەنزانیا ئەوەنەیان هەبوایە، ئەوا ماگوفولی لێی وەردەگرتنەوەو پارەكەی لە خزمەتی گشتیدا خەرج دەكرد. 
من دڵنیام ئەگەر ئازاو خۆنەویست بن، دەتوانن ئێوەش وەك ماگوفولی بن. ئەویش وەك بەشێك لە ئێوە كوڕی پیاوێكی هەژاری جووتیار بوو. بەڵام ئەو نەگۆڕاو هەر وەك خۆی مایەوە. سەرباری ئەوەی بەهۆی پۆستەكانی پێشووی لەكابینەكانی حكومەتدا دەیتوانی بە ئاسانی خۆی لەسەر حسابی میللەتەكەی دەوڵەمەند بكات. هیوادارم ئێوەش كەمێك وەك ماگوفولی بن.
بەو هیوایەی چاودێرانی سیاسی‌و سیاسەتمەدارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دیراسەكردنی كەیسەكانی تایبەت بە ریفراندۆم، كەیسی تەنزانیاو سەرۆكەكەی بەهەند وەربگرن كە كەیسێكی تازەو كاریگەرە. چونكە سەرباری ئەوەی كە چارەسەری پرسی دارایی‌و قوتی خەڵك هیچی كەمتر نییە لە پرسی ریفراندۆم، دەبێتە پاڵنەرێكی بە‌هێزی سەركەوتنی پرسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP