پارێزگاری كەركوك: چەندین پڕۆژی مۆدێرن لە شارەكە جێبەجێكراوە
پارێزگاری كەركوك: چەندین پڕۆژی مۆدێرن لە شارەكە جێبەجێكراوە ‌ 28/8/2017
یەکەی ئابووری
پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: وێڕای قەیران‌و بەربەستەكانی حكومەتی عیراق، بەڵام ئیدارەی شارەكە توانیویەتی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لەشارەكە جێبەجێبكات. روونیشیكردۆتەوە: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكین بێ هیچ كۆت‌و بەندێك.

14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری
د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لەمیانەی لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك لەپەیامنێرانی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن لەكەركوكدا وتی: «لەساڵی 2014ەوە شاری كەركوك هیچ بڕە پارەیەكی پترۆدۆلار یان لەبودجەی ئیتیحادی لە بەغداوە بەدەست نەگەیشتوەو ئیدارەی كەركوك پەنای بردۆتە بەر سوود وەرگرتن لەداهاتی ناوخۆ لەڕێگای وەرگرتنی بڕی سێ هەزار دینار بۆ هەڵگرتنی خاشاك‌و هەندێك رسومات بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكان».
وتیشی: «روبەڕووی كێشەی زۆر بوینەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی داڕێژرابوون‌و سەرەڕای ئەوەش توانراوە چەندین پڕۆژەی مۆدێرن جێبەجێبكرێت لەوانە: جێبەجێكردنی 14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەلایەن شارەوانییەوە لەچەندین گەڕەكی شارەكەدا».
پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ساڵی رابردوو 33 خوێندنگە بنیاتنراوەو بڕێكی كەم لەشایستە داراییەكانی بەڵێندەران سەرفكرا بۆ درێژەدان بە پڕۆژەكان‌و گەشەپێدانی كەرتی پەروەردە. تەئكیدیشكردەوە: كاركردن بەردەوامە لە بنیاتنانی 16 خوێندنگەی تر، جگە لە بنیاتنانی 10 خوێندنگەی مۆدێرن لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیتاڵییەوە بۆ خزمەتكردنی دانیشتووانی شارەكە.

پڕۆژەی ئاوی كەركوك
بەوتەی د.نەجمەدین كەریم، پڕۆژەی رێگای بازنەیی كەركوك یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی نیشتەجێكردنەوە رادەستی كۆمپانیایەك كرابوو بەبڕی 156 ملیار دینار، بەڵام پاش ئەوەی دەستبەكاربوین جارێكی تر وردبینیمان بۆ پڕۆژەكە كردو بەبڕی 76 ملیار دینار لەڕێگای دابەشكردنی پڕۆژەكەوە بۆ سێ قۆناغ‌و جێبەجێكردنییەوە لەلایەن سێ كۆمپانیاوە جێبەجێكرا.
سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی شارەكە، پارێزگاری كەركوك ئاشكرایكرد: پڕۆژەی ئاوی كەركوك لەقۆناغی دووەمیدا كاركردنە بەڕێژەی (87%) جێبەجێكراوە. بەهاوكاری ماددی وەزارەتەكانی نیشتەجێكردن‌و شارەوانییەكان كە كێشە دروست بوو بۆ جێبەجێكردنی، چونكە ئەو پارەیەی وەزارەتەكان تەرخانیان كردبوو لەڕێگای بانكی دیجلەی ئەهلیییەوە سەرفدەكراو لەلایەن كۆمپانیای فاوەوە جێبەجێكراو سەرەنجام دواكەوت.

 ریفراندۆم لەشاری كەركوك
وتیشی: «سەرەڕای پێویستی زۆری شارەكە لەم وەرزەی هاویندا بۆ ئاوی خواردنەوە، بە ئەزموون دەركەوت كە ئەو پڕۆژانەی لەلایەن كۆمپانیایەكی دەرەوەی كەركوكەوە جێبەجێبكرێت، پابەند نابێت بە كوالێتی‌و كاتی دیاری كراوەوە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی پڕۆژەكە».
پارێزگاری كەركوك روونیشیكردەوە: شاری كەركوك پێشوازی كردوە لە زیاتر لە 500 هەزار ئاوارە لەناویاندا 35 هەزار خێزانی ئاوارەی ناوچەكانی باشورو رۆژئاوای كەركوك هەن‌و ئیدارەی كەركوك هاوكاری كردون‌و دانیشتووانی كەركوكیش خۆراك‌و خزمەتگوزارییەكانیان لەگەڵیاندا دابەش كردوە.
وتیشی: «ئەگەر خۆڕاگری دانیشتووانی كەركوك‌و قوربانییەكانی هێزە ئەمنییەكان نەبوایە، شارەكە هاوشێوەی ئەنبارو موسڵ‌و سەڵاحەدین دەبوو و سامانەكەی دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش‌و هاووڵاتییانی دەكەوتنە كەمپی ئاوارەكانەوە».
پارێزگاری كەركوك راشیگەیاند: ریفراندۆم لەشاری كەركوك بەڕێوەدەچێت، چونكە كەركوك لەناوچە كێشە لەسەرەكانە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە چارەنوسی شارەكە دیاری ناكات، بەڵكو لەڕێگای قۆناغەكانی ماددەی 140ەوە دیاری دەكرێت.

نا دادپەروەری دەرهەق بەكەركوك
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، د.نەجمەدین كەریم وتی: «لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنداین‌ لەكەركوك بێ هیچ كۆت‌و بەندێك. پێكهاتەی عەرەبی شارەكەش زەرەرمەندترین پێكهاتەن لەحاڵەتی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن».
دەربارەی دواكەوتنی پڕۆسەی ئازادكردنەوەی حەویجەوە تەئكیدی كردەوە، لەگرنگی پەلەكردن لەپاككردنەوەی حەویجە لەتیرۆریستان بە بەشداری هێزی پێشمەرگەو سوپای ئیتیحادی‌و حەشدی شەعبی‌و حەشدی حەویجە، چونكە حەویجە بۆتە مۆڵگەیەك بۆ تیرۆریستان.
پارێزگاری كەركوك چەند نمونەیەكی خستەڕوو، سەبارەت بەو نا دادپەروەرییەی لەلایەن وەزارەتە ئیتیحادییەكانەوە دەرهەق بەكەركوك دەكرێت‌و وتی: «پڕۆژەی ئاوەڕۆی كەركوك بەبڕی 130 ملیار دینار دراوە بە كۆمپانیایەكی ئێرانی بێ ئەوەی هیچ كارێك لەو پڕۆژەیەدا ئەنجامدرابێت، هەروەها پڕۆژەی وێستگەی كارەبا لەقەزای دوبزو بنیاتنانی خوێندنگە لەسەردەمی وەزیری پێشوودا بێ ئەوەی لەشاری كەركوكدا جێبەجیبكرێت».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP