هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی‌ 800 ملیۆن دۆلار داهاتی‌ هەیە
300 ملیۆن دۆلار داهات لە خەرجی‌ زیاترە هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی‌ 800 ملیۆن دۆلار داهاتی‌ هەیە ‌ 28/8/2017
دیاری هەركی
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەت پلانی هەیە لە 1-1-2018ەوە بڕێك لە مووچەی فەرمانبەران چاك بكات و سیستەمی پاشەكەوتی مووچە ناهێڵێت.
د.عیزەت سابیر، سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە وێستگەی راگەیاند، بە هەموو پێوەرەكان دەبێت دۆخی‌ ئابووری‌ و بژێویی‌ خەڵك باشتر بكرێت، چونكە ئەو رۆژەی‌ سیستەمی‌ پاشەكەوتی مووچەیان پیادە كرد نرخی‌ نەوت هەرزان بوو، بەڵام ئیستا نەوت دوو ئەوەندەی‌ ئەو كاتەیە، هەروەها داهاتی‌ خاڵە سنوورییەكان و باج زۆر بووە.
وتیشی،‌ حكومەت مانگانە نزیكەی‌ 800 ملیۆن دۆلار داهاتی‌ هەیە و ئەوەی‌ خەرجی‌ دەكات نزیكەی‌ 450 بۆ 500 ملیۆن دۆلارە، بۆیە مانگانە نزیكەی‌ 300 ملیۆن دۆلار داهات لە خەرجی‌ زیاترە، بەداخەوە زۆربەی‌ بە قەرزی‌ ساڵانی‌ پێشوو دەداتەوە و بیری‌ لە باشكردنی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ خەڵك نەكردۆتەوە».
ئاماژەی‌ بەوەشكرد، ئەوەندەی‌ دەزانم حكومەت پلانی‌ هەیە لە 1-1-2018ەوە بڕێك لە مووچەی‌ فەرمانبەران چاك بكات و سیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ مووچە ناهێڵێت، ئەوەش نەك لە بەر خاتری‌ فەرمانبەران، بەڵكو لەبەرئەوەی‌ دەكەوێتە ژێر قەرزێكی‌ ئەوەندە گەورەوە كە هەرگیز پێی‌ نادرێتەوە، ئێستا بڕی‌ ئەو پاشەكەوتی‌ مووچەیەی‌ كە قەرزە لەسەر حكومەت لە نزیكەی‌ 7 ملیار دۆلار نزیك بۆتەوە.
د.عیزەت وردەكاری‌ پلانەكەی‌ ئاشكراكرد و وتی‌، پلانەكەش ئەوەیە لە 1-1-2018ەوە مووچەی‌ بنەڕەتی‌، دەرماڵەی‌ خێزان و منداڵ، بۆ پیشەییەكان دەرماڵەی‌ پیشەیی‌ بۆ نموونە ئەندازیاری‌ دەرماڵەی‌ ئەندازیاریی‌، پزیشكی‌ بەهەمان شێوە، بۆ هێزەكانی‌ ئاسایش دەرماڵەی‌ مەترسی‌، بۆ مامۆستای‌ زانكۆ دەرماڵەی‌ بڕوانامە، بەو شێوەیە سیستەمێك دادەڕێژن و شتێك بە ناوی‌ پاشەكەوتی‌ مووچەوە نامێنێت.
سەبارەت بەوەی‌ سیستەمی‌ مووچە بۆ پێش پاشەكەوتكردنی‌ مووچە دەگەڕێتەوە؟، ناوبراو وتی‌، هەرگیز بە تەمەنی‌ گەلی‌ كورد لە باشووری‌ كوردستان نابینێتەوە ئەوەی‌ لە 2013دا وەریدەگرت جارێكی‌ دیكە وەریبگرێتەوە، چونكە ئەگەر 100%ی‌ ئەوەی‌ پێشتریش پێبدات، بەڵام لەولاوە هەموو شتێكی‌ كردووە بە پارە و بە خۆڕایی‌ نەماوە، كەواتە وەكو ئەو كاتە ناژیت، بۆ نموونە منداڵەكەت دەنێریتە دایەنگە دەبێت بە پارە، دەڕۆیتە نەخۆشخانە بە پارەیە، منداڵەكەت دەنێریتە زانكۆ بە پارەیە، ئەو كاتە بەخۆڕایی‌ بوون.  
لە لایەكی ترەوە، بە پێی بەڵگەیەكی كۆمپانیای سۆمۆی عیراقی، لە ماوەی ئەمساڵدا هەرێمی كوردستان 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە داهاتەكەی دەكاتە پێنج ملیار دۆلار.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە فەیسبوك بەڵگەنامەیەكی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)ی بڵاوكردەوە كە تایبەتە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 1-1-2017 ەوە بۆ 22-8-2017.
بەپێی بەڵگەنامەكانی سۆمۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو 22ی ئاب، هەرێمی كوردستان زیاتر لە 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. نرخی نەوت بە تێكڕا 51 دۆلارە، هەرێمی كوردستان 40 دۆلاری بۆ ماوەتەوە، بەمەش كۆی داهاتی نەوت 5 ملیار و 24 ملیۆن دۆلارە.
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا شەش موچەی بە سیستمی پاشكەوت دابەشكردووە كە سێ ملیار دۆلار دەكات. بەمەش تەنیا لە نەوتی بۆری دوو ملیار و 24 ملیۆن دۆلار دیار نییە، جگە لە داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان‌و 170 ملیۆن دۆلاری مانگانەی داهاتی ناوخۆ، ئێستا ئەوانەی دەڵێن داهات بەشی موچە ناكات قسەیان چییە؟
هاوكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەل ئێنێرجی توركی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا، رێككەوتنێكی نوێ ئیمزا دەكەن و بەو هەنگاوەش دوو كۆمپانیاكە لە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم خۆش دەبن. رۆژی 24-8-2017 وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێی راگەیەندراوێكەوە ئاماژەی بە رێككەوتنەكە كردوە و دەڵێت، پشكی كۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ بۆ 75% زیاتر دەكرێت».
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، 20%ی پشكی قازانجی حكومەتی هەرێم لەو كێڵگەیە بۆ كۆمپانیا نەرویجییەكە دەبێت، لە بەرانبەردا لە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم خۆش دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئەوە رونكراوەتەوە، كە حكومەت لەگەڵ كۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی توركی-یش رێككەوتوە بۆئەوەی پشكێكی زیاتر لە داهاتی پێبدرێت كە بریتییە لە 4.5%ی ئەو نەوتەی لە كێڵگەی تاوكێ پێی دەفرۆشرێت. لە بەرانبەریشدا كۆمپانیا توركییەكە لە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم خۆش دەبێت.
پاش ئاشكرابوونی ئەو رێككەوتنەی حكومەتیش لەگەڵ هەردوو كۆمپانیاكە، بەهای پشكەكانی دی ئێن ئۆ و گەنەل ئێنێرجی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبونەتەوە، كە یەكەمیان بەرزبونەوەكەی دەگاتە 6.5% و دووەمیشیان دەگاتە 6.9%.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیكردۆتەوە زۆر خۆشحاڵە بەو رێككەوتنە، كە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوە و لە رۆژی 1-8-2017ەوە چۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP