ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017 - 2021)
ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان (2017 - 2021) ‌ 29/8/2017
بەشی یەکەم
یەکەی ئابووری

دوای دروستبوونی هەماهەنگیی لەنێوان رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌و دەستەی دەسپاكی لەهەرێمی كوردستان، بەباشزانرا بنەماكانی (ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2017 تا ساڵی 2021)، بڵاوبكرێتەوە، كە پێشترو لە ژمارە (211)ی رێكەوتی 31/5/2017 لە رۆژنامەی (وەقائیع كوردستان)یش بڵاوكراوەتەوە، وەك ستراتیژییەتێكی نیشتمانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەهەرێمی كوردستان‌و هەنگاوێك بۆ ئاشناكردنی خوێنەران بە ناوەڕۆكی ستراتیژییەكە، بەتایبەت كە لە قۆناغی ئێستادا زۆرترین قسە لەسەر چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەریی لەهەرێمی كوردستان دەكرێت و حكومەتیش هەرێمیش مەبەستێتی بە پلان پرسی گەندەڵی لەكوردستان بنەبڕ بكات.
 ئەمەش دەقی ستراتیژییەكەیە


سەرەتا‌و پاشخان
لەهەرێمی كوردستان پرسی گەندەڵی بەشێوەیەكی فەرمی‌و نافەرمی باسی لێوە دەكرێ، واتە لەسەر ئاستی مێدیایی، سیاسی‌و دامودەزگاكان، لەم چەند ساڵەی دواییدا، باسكردن لەپرس‌و پڕۆژەی چاكسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ئەجێندای پەرلەمان‌و حكومەت دابووە. دامەزراندنی دەستەی دەسپاكی لەساڵی 2013 ئاماژەیەكە بۆ بوونی گەندەڵی‌و رووبەڕووبوونەوەی، چونكە بەپێی ئەو یاسایەی كە دەستەی دەسپاكی لەسەر دامەزراوە (ژمارە 3 ساڵی 2011، هەمواری یەكەمی بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2014)، ئامانجی دروستكردنی دەزگاكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە.
بەپێی راپۆرتەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەخراپترین ئەو وڵاتانەیە كە گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو تیایە، دیارە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەعیراق‌و كەم تا زۆر ئاماژەكانی ئەو رێكخراوە بۆ هەرێمی كوردستانیش جێی هەڵوەستەیە. بەپێی ئیندێكسی ساڵی 2015ی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عیراق پلەبەندی (161)ی هەیە لەكۆی (167) وڵاتی جیهاندا، واتە تەنیا (6) وڵات لەعیراق خراپترن، هەروەها بەپێی پلەبەندی ساڵی 2016، عیراق لەپلەی (166)دایە لەكۆی (176) وڵاتدا، واتە تەنیا (10) دەوڵەت لەعیراق خراپترن. بەهەرحاڵ ئەگەر ئەو ئیندێكتە دەقاودەق بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەبێ، بەڵام ئێمە ئەم دەرەنجامانە بەهەند وەردەگرین. چونكە لەهەرێمی كوردستان، گەندەڵی یەكێكە لەهۆكارە سەرەكییەكانی بەردەم پێشكەوتنی دامودەزگاكان‌و كۆمەڵگە بەشێوەیەكی گشتی. لەلایەكی ترەوە گەندەڵی هۆكارێك بووە بۆ ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و تێكچوونی شیرازە‌و بەها كۆمەڵایەتی‌و مرۆڤایەتییەكان. رووبەرووبوونەوەی ئەو پەتایە پێویستی‌و ئەركێكی هەمەلایەنە.
لەهەرێمی كوردستان، لەساڵی 2006 حكومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژی حكومەتی داڕشت بۆ حوكمڕانی دروست‌و شەفافیەتێك كە مەبەست لێوەی بەشداری پێكردنی گشت لایەنەكان بێت لە پەیڕەوكردنی شەفافیەت‌و لێپرسینەوە لەكاركردندا. دواتر‌و لەساڵی 2008 لیژنەیەكی وەزاری «سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی» دەركرد، كە دروستكردنی چەند لیژنەیەكی چاكسازی‌و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لێكەوتەوە بۆ رێكخستنی سیستمی دادوەری، كارگێڕی، پڕۆژەكان‌و راگەیاندن. بۆ یەكەمجار لیژنەی دەسپاكی لەپەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2009 پێكهێنرا، لەساڵی 2010 لە ئەنجومەنی وەزیران نووسینگەی حوكمڕانی‌و دەسپاكی دەستبەكار بوو، ئەركەكەشی بریتی بوو لەكاركردن بۆ حكومەتێكی چالاك‌و شەفاف، ساڵێك دوای دروستبوونی ئەم نووسینگەیە دەستپێشخەریەك بەناوی ستراتیژی حوكمڕانی دروست‌و شەفافیەت دەرچوو. 
ساڵی 2011 پەرلەمانی كوردستان یاسای دەستەی گشتی دەسپاكی هەرێمی كوردستان پەسەند كرد، كە بەپێی ئەو یاسایە دەستەی دەسپاكی دەبێ دابمەزرێ كە بەپێی ماددەی سێهەمی یاساكە ئەركی سەرەكی ئەو دەستەیە بریتی دەبێت لەجێگیركردنی میكانیزمێكی كارا بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەری یاسا، نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی‌و پشتیوانیكردن لەشەفافیەت. بەڵام دەستەی دەسپاكی ساڵی 2013 دامەزرا. بەڵام ئەو چوارچێوە یاسایی‌و دامودەزگاییەی كە تائێستا هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەندەڵیی ناكارابوون، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی سیاسی، هۆكاری كارگێریی، گرفتی یاسایی‌و نەبوونی هۆشیاریی پێویست، هەروەها لەساڵی 2013 وەزارەتی پلاندانان دیدگای 2020 داڕشت كە لەقۆناغی یەكەمیدا دیاریكردنی ئەولەویاتەكانی حكومەتی هەرێمە تا ساڵی 2017. دواتریش تا ساڵی 2020 چوار بوار دانراون كە لە دیدگاكە كاریان بۆ دەكرێت. هەروەها وەزارەتی پلاندان راپۆرتێكی تایبەتی بەچاكسازی بەمەبەستی فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی‌و پاراستنی كەم دەرامەتەكان بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی Worid Bank.
ناكۆكی سیاسی نێوان حیزبەكان كاریگەری نێگەتیڤی هەبووە بۆ ئیرادەی سیاسی بۆ دژە گەندەڵی. نەبوونی پەیوەندیی‌و هەماهەنگی لەسەر بنەمای هاوكاری لەنێوان دامودەزگاكانی یاسادانان‌و چاودێریی، جێبەجێكردن‌و دادوەریی، هەروەها نەبوونی پەیوەندییەكی لەو شێوەیە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، زەمینەی خۆشكردووە بۆ پەرەسەندنی گەندەڵی، هەروەها نەبوونی پسپۆریی‌و شارەزایی، راهێنان‌و كەرەسەی پێویست هۆكاری بەهێزبوون بۆ ناكارایی پڕۆسەی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی.
ئەم ستراتیژە، كە بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان‌و لەژیر رۆشنایی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (UNCAC) بەپشتیوانی دامەزراوەی وێستمینیستەر بۆ دیموكراسی (WFD) نووسراوەتەوە، هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی ئەو هۆكار‌و كاریگەرە نێگەتیڤانەی كە باسكرا، هەوڵێكە بۆ داڕشتنی روئیایەكی نیشتمانیی بۆ دژە گەندەڵی، كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەژێر چەند ئامانج‌و بنەمای هاوبەش كۆبكاتەوە‌و وەك نەخشەرێگایەك بێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردە‌و كولتوری گەندەڵی. لەم ستراتیژە گەندەڵی وەك دیاردەیەكی بنەمایی‌و دامودەزگایی مامەڵی لەگەڵ دەكرێ، بەڵام لەهەمان كاتیشدا هۆشیاری‌و توانایی تاكەكان جەختی لەسەر دەكرێتەوە. لەم ستراتیژە میكانیزمەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەسەر چوار ئاستی سەرەكی داڕێژراوە، «خۆپاراستن یان رێگریكردن لەگەندەڵی، جێبەجێكردنی یاسا، هۆشیاری‌و راهێنان، هەروەها هەماهەنگی‌و هاوكاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان». هەماهەنگی نێوان دامودەزگاكان‌و كۆمەڵی مەدەنی.
ماوەی ئەم ستراتیژە پێنج ساڵە، سەرەتای 2017 بۆ كۆتایی 2021 كاری پێدەكرێت، جگە لەناوەڕۆكی ستراتیژەكە، دوو پاشكۆی هەیە كە رێكارەكانی جێبەجێكردن‌و چاودێریكردنی ستراتیژەكە دەستنیشان دەكەن، ئەمانیش بریتین لە پاشكۆی پلانی جێبەجێكردن‌و پاشكۆی چاودێریكردن‌و هەڵسەنگاندن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7367
19/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئایا شه‌ڕی ئه‌ستێره‌كان له‌ پاریس سانجێرمان ده‌ستیپێكرد؟ 19/9/2017
‌ نه‌فرەتی خیتافی به‌رده‌وامه‌ 19/9/2017
زانست
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017
‌ رۆبۆته‌كان ده‌بنه‌ جووتیار 19/9/2017
‌ لە هەر ١٠ كەسێك، یەكێكیان خواردنی پێویستی نییە 18/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP